٢٥\٢\٢٠١١
بە پەلە لە کەرکوکەوە:
لیوا جەمال هەڕەشە
دەکا و خالید شوانى قەوانى کۆن لێدهداتەوە.
کارزان
مهحمود
ماوەى چەند رۆژێکە حیزبە کوردییەکانى کەرکوک (یەکێتى و پارتى) لەترسى
تەقینەوەى توڕەیى هاووڵاتیان نیگەرانى و دڵەراوکێیەکى زۆریان تێکەوتووە،
ئەوەبوو لە چەند رۆژى رابردوودا لیوا جەمال بەڕێوەبەرى پۆلیسى کەرکوک
کە پیاوى ئەو 2 حیزبەیە رایگەیاند، ئەوەى خۆپیشاندان دەکات دەبێت
تەحەموولى ئەنجامەکەشى بکات ، ئەمەیش هەڕەشەیەکى ئاشکرایە لە
دانیشتوانى بەشەرەفى شارەکە کە لە گەندەڵیى و ناهەقییەکانى یەکێتى و
پارتى بێزاربوونە و ئێستا گەیشتووەتە ئەوەى کە چیتر رازى نەبن لەوە
زیاتر بچەوسێنرێنەوە و بە بەڵێنە دۆوینەکانیان فریو بخۆن، دواى ئەو
هەڕەشە دڕندانەیەى جەمال تاهیر کە مەکەر تەنها خۆیان بزانن چى ئەگەرێکى
ترسناکیان بەرامبەر بە دانیشتوانى شارەکە هەڵگرتووە لە کاتێکدا ئەگەر
بێنە سەر شەقامەکان و دەنگى ناڕزاییان لێ بەرزبێتەوە ، ئێوارەى ئەمڕۆیش
(23/2/2010) جارێکى تر جەمال تاهیر هاتە سەر شاشەى تەلەفزیۆنەکان
کەرکوکییەکانى لەوە ئاکادارکردەوە کە گوایە زانیاریان لە بەردەستدایە
تیرۆریستان لە هەوڵى ئەوەدان لە خۆپیشاندانە چاوەڕوانکراوەکەى رۆژى 25ى
مانگ هەوڵى تیرۆریستى ئەنجامبدەن..
لە راستیدا بە دوورى نازانم هەوڵى لەو جۆرە ئەنجامبدرێت ، بەڵام لە
هەمانکاتیشدا ئەگەر کارى لەو جۆرە روویدا ئەوا پەنجەى تۆمەت بۆ لیوا
جەمال و ئیدارەى شارەکە و هەردوو حیزبە (زل)ـەکە درێژ دەکەم ،چونکە وەک
پێشتر ئاماژەم پێکرد ئەو پێشوەخت هەڕەشەى لەکەرکوکییەکان کردووە کە
خۆپیشاندان نەکەن ،، بە دوورى نازانم هەر خودى خۆیان لە رێى خەڵکى
تێکدەرەوە ئاراستەى خۆپیشاندانەکان بگۆڕن ، بۆ ئەوەى خۆپیشاندەران
گوللەباران بکەن ، یاخود بەبیانووى گومان لە بوونى تیرۆریست لە ریزى
خۆپیشاندەران بکەونە دەستگیرکردنى خۆپیشاندەران .ئەمە زەنگێکى
مەترسیدارە و پێویستە لە ئێستاوە هەموو کەرکوکییەکان لێى بە ئاگابن و
تا ئەتوانن کامێراى مۆبایلەکانیان کراوەبێت ، بۆ ئەوەى ئەگەر هەر
دەستدرێژییەک کرایە سەر خۆپیشاندانەکان لانى کەم بۆ راى گشتى بەڵگەى
پێویست لە بەردەستدابێت .. هەر سەبارەت بە خۆپیشاندانە چاوەڕوانکراوەکە
،ئێوارەى ئەمڕۆ خالد شوانى پەرلەمانتارى یەکێتى لە پەرلەمانى عێڕاق لە
بەرنامەیەکى راستەوخۆى تەلەفزیۆنى کەرکوک قەوانە کۆنەکەى خستە سەرى و
دەستى کردەوە بە بەڵێندان وەک ئەوەى بیەوێت جارێکى تر دڵى کەرکوکییەکان
نەرمبکاتەوە لە هەمووى مەترسیدارتر لە قسەکانیدا شوانى باسى لەوەکرد "کە
عەرەب و تورکمانەکانى کەرکوک هەوڵى تێکدانى رەوشى ئەمنى شارەکە ئەدەن "
خالید شوانى لە رێى قسەکانییەوە ئەیەوێت بە نانەوەى ئاشووپ لە نێوان
نەتەوەکانى شارەکە ، داخوازییە سەرەتاییەکان لە بیرى هاووڵاتیان
بەرێتەوە و مەترسى لەسەر یەکێتى وپارتى نەمێنێت کە بەردەوام لە
چەوساندنەوەى کەرکووکییەکانن ، بە کورد و تورکمان و عەرەب و
مەسیحییەوە، نەتەوەکانى ئەم شارە لە کەموڕى وناهەقییەکان هاوبەشن،
کاتێک کە ناڕەزایى دەردەبڕن هەموو پێکەوە تەعبیر لە نەهامەتییەکانیان
دەکەن و بەبێ جیاوازیى، من پرسیارى ئەوە ئەکەم ئەگەر ئەوان لەمى خەمى
کەرکوکییەکان ئەى بۆچى لە کاتى خۆپیشاندانەکەى تایبەت بە ماددەى23
کەسیان لەو پەلامارە خوێناوییە ئاگادرنەکردەوە ، ئەى کاتێک کە هەر خودى
خۆیان (یەکێتى و پارتى) ئەنجامدەرانى پەلامارى سەر خۆپیشاندەرانیان
دەستگیرکر د بۆ رەوانەى دادگایان نەکردن نەک هەر ئەمە بەڵکو رەوانەى
تورکیایان کردن و ئازادکران..
بۆیە چیتر کەرکوکییەکان لە پیلانى حیزبە کوردییەکان بێ ئاگانین ، چیتر
بڕوایان بە قسەى زل زل نەماوە و زۆر بە باشى ئەزانن کە خالید و جەمال
تاهیر و تەواوى مەسئولەکانى ئەو شارە نەک لە گەڵ خواستى هاووڵاتیان نین
، بەڵکو لە رێى ورووژاندنى هەستى نەتەوایەتى و ماددەى 140ــەوە کە
ماددەیەکى تاقەت بڕوکێن و تا ئێستا بێ ئەنجامە ، لەتەقەلاى ئەوەدان
خواستەکان بکوژن.
sarhanga56@yahoo.com
|