په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٤\٢٠١٨

لۆلا سەرۆکی ھەژاران.


عەلی مەحمود محەمەد  


لویس ئیناشیۆ لۆلا دا سێلڤا ناسراو بە لۆلا, لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٩٤٥ لە گوندی فارجیم کۆمبریدای شاری سیتیس لە ھەرێمی برنامبۆکۆ لە رۆژھەڵاتی بەرازیل لە دایک بووە, ئاواتی دانیشتووانی گوندەکەیان ئەوە بووە لە ھەژاری رزگاریان بێت و بۆ شار کۆچ بکەن, باوکی ئەمیش رێگایە دەگرێتە بەر, بە دوایدا پاش چەند مانگێک دایک و ٧ منداڵەکەی ھەمان رێگا دەگرنە بەر , لۆلا تەمەنی ٧ ساڵان دەبێت, رێگا دورو درێژەکە شار بە پێ دەبڕێت, بۆ یەکەمجار لە شار سواری ئۆتۆمۆبێل دەبێت,لۆلاپانتۆڵەکەی بە پەت دەبەستا پشدێنی لە پشت نەبوو تا عەیامێکی زۆر, ئەوباوکەی وا دەزانرا چووە کار بدۆزێتەوە لە شار, باوەژنێک بۆ لۆلا دێنێت و لە گەڵ ئامۆزایەکی خۆی زەماوەند دەکات, بۆیە بەناچاری لە ژورێکی کولانەیەکی پشت یانەیەکەوە ھەر ھەشتیان نیشتەجێ دەبن, لە باوک بێ ئومێد دەبن, لەناو رشانەوەی سەرخۆشەکان و ھات و ھاواریان, شەڕو گوڵمەزیان ژیان بەسەر دەبەن, لە بۆیە کردنی پێڵاوەوە بۆ پاقلە فرۆشی وسەوزە فرۆشی و بۆ فیتەری تا کرێکاری کانەکان بۆ دەیان جۆری دیکەی کارکردن لە منداڵی و ھەرزەیی نسیبی لۆلا دەبێت لە بری خوێندن و یاریکردن, تا ئامۆژگاریەکەی دایکی بەرێتە سەر سەربەرزانە ژیان بکات, بۆیە لۆلا ھەرگیز دایکی و ھەژاری لەیاد نەکرد.

لە ١٢ ساڵی واز لە قوتابخانە دەھێنێت, لە شەقامەکانی ساوپاوڵۆی پڕ لە تاوان بە پێڵاو بۆیە کردن و فرۆشتنی لەیمون و کارکردن لە بەنزینخانەکان و ...... خەریکی بەخێو کردنی خێزانەکەی دەبێت,دوای پەنجە بڕینەکەی لە کار لە ساڵی ١٩٦٨ تێکەڵاو بە سیاسەت دەبێت دژ بە سستەمی سەرمایەداری و ئەمپریالیزم دەچێتە ریزی ساندیکای کرێکارانی کانەکانەوە,بڕانی پەنجە توتەی چەپی, ھاوکار بوو بچێتە ریزی چەپی سیاسییەوە, بیر لەوە بکاتەوە, بۆچی بەشی جەستەی کرێکاران لە دەست بچێ و قەرەبو نەکرێنەوە, بۆچی منداڵان بە نەخوێندەواری ژیان بەرنە سەر؟؟, بۆچی منداڵانی ھەژار کورتە باڵان بە زۆری و تەمەنیان کورتترەو لە خۆشی یاری و واەی قوتابخانە بێبەرین , زۆر پرسیاری دیکە, پێی وابوو وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە لای چەپی سیاسەتە, لای بنەبڕکردنی جیاوازی چینایەتی و یەکسانی ئابورییە, کە تەنھا بیری چەپ دەتوانێت بۆ کۆمەڵگای بھێنێت.

لە ساڵی ١٩٧٣ دەبێتە سەرۆکی ساندیکای کانەکانی بەرازیل,لە ١٠ی شوباتی ١٩٨٠ لەگەڵ ھاوڕێکانی پارتی کرێکارانی دامەزراند, ئیتر قۆناغێکی دیکە لە خەباتی لۆلا بۆ خەونە مێژوییەکەی دەستی پێکرد.

چەندین جار بەھۆی چالاکی سیاسییەوە لە سەردەمی حکومەتی دکتاتۆری زیندانی دەکرێت, ە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ٨٣ لە زیندان دەمێنێتەوە, دوای دەرچوونی سەرەتا بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی ساوپاولۆ خۆی کاندید دەکات و دەرناچێت,وەلێ کۆڵ نادات, بە پشو درێژی کرێکاریانە بەردەوام دەبێت, دواجار لە پەرلەمانی ھەرێمەکە کورسیەک مسۆگەرە کات, بە دوایدا ٣ جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری پاڵاوت و ھەموو جارەکان دۆڕا" ١٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٨٩ توانی ١٧,٢٪ , ٣ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٤ توانبی ١٧,١١٪ و لە ٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨ توانی ٢١,٤٪ی دەنگەکن بەدەست بھێنێت ", لە کۆتادا بۆ چوارەم جار سەرکەوت " ٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٢ لە خولی یەکەم ٣٩,٤٪ و خولی دووەم ٢٧ی ئۆکتۆبەر توانی ٦١,٢٧٪ی دەنگەکان و لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ بۆ دووەم جار ھەڵبژێردرایەوە لە خولی یەکەم ٤٦,٦٪ و لە خولی دووەم ٢٩ی ئۆکتۆبەر ٦٠,٨٣٪ی دەنگەکانی ھێنایەوە " .

ھەرچی پارتی کرێکارانی بەرازیلییە, لە ساڵی ١٩٨٢ تەنھا ٣,٢٪ی دەنگەکانی ھێنایەوە, ھەڵبژاردن لە دوای ھەڵبژاردن کێرڤی رو لە بان بوو, لە ساڵی رێژەی دەنگەکانی ١٩٨٦ بووە ٦,٩٪ و لە ساڵی ١٩٩٠ گەیشتە ١٠,٢٪ و لە ساڵی ٢٠١٠ کە لۆلا دەسەڵاتی بەجێھێشت گەیشتە ١٦,٩٪, واتا جەماوەری لۆلا زۆر زیاتر بوو لە جەماوەری پارتەکەی.

لۆلا خەباتی کرد بۆ بنیاد نانی سستەمی سەرۆکایەتی لە وڵات,گۆڕینی سستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی, نەک پەرلەمان سەرۆک دیاری بکات, پاش بردنەوەی بووە یەکەم سەرۆک کۆماری چەپگەرای وڵات و یەکەم سەرۆک کۆماری لە چینی کرێکارەوە ھاتبێت لە بەرازیل دوای دامەزراندنی کۆمار لە ساڵی ١٨٨٩ .

لۆلا و ئابووری بەرازیل.


لۆلا دەرچووی زانکۆکانی سۆربۆن و ھارڤارد نەبوو,وەلێ توانی لەماوەی حوکمڕانیدا ئابووری وڵاتەکەی بەرەو پێش ببات ببێتە جێی ئیرەیی سیاسەتمەدارانی دی.

لۆلا لە ساڵی ٢٠٠٢ کە گەیشتە دەسەڵات, کە لە سییەکانەوە بەرازیل قەرزار بوو, لەو ساڵەدا بەرازیل ٢٦٠ ملیار دۆلار قەرزار بوو, لێ ئەوکاتەی کورسی دەسەڵاتی جێھێشت بووە خاوەند ٣٧٥ ملیار دۆلاری یەدەک.

لە ساڵی ١٩٩٩ بەرازیل ٣٠ میار دۆلاری قەرز کرد لە بانکی دراوی نێودەوڵەتی, پێش وادەی دیاریکراو بە ٢ ساڵ لۆلا قەرزەکانی ھەموو دایەوە , تەنانەت لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕی ١٠ ملیار دۆلاری قەرزی دا بە سندوقی دراوی جیھانی.

کە گەیشت بە دەسەڵات, ئابووری بەرازیل لە ریزی یانزەھەمینی ئابووری جیھانی بوو, داھاتی نەتەوەیی وڵات ٥٥٢,٢٨٨ ملیارد دۆلار بوو, کە کورسی سەرۆکایەتی جێھێشت, بەرازیل ببوە ٧ەمین ئابووری جیھان و داھاتی نەتەوەیی وڵات ٤٠٠٪ زیادی کردبوو, گەیشتبووە ٢,٠٨٧,٨٨٩ ترلیۆن دۆلار.

پێش لۆلا داھاتی نەتەوەیی وڵات ساڵانە بەڕێژەی ١,٧٪ گەشەیکردبوو, وەلێ لە ماوەی حوکمڕانی ئەودا بەڕێژەی ٤,٨٪ گەشەی کرد.

ھەرچی داھاتی تاکە لە ساڵێکدا لە ماوەی حوکمڕانی ئەودا, لە ٣٦٩٦ دۆلارەوە بەرز بوەوە بۆ ٨٣٩٥ دۆلار.

لە سەردەمی حوکمڕانی لۆلا ٢٠٠ ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری بێگانە کرا لە بەرازیل, ١,٥ ملیۆن بێگانە لە وڵات نیشتەجێ بوون,٢ ملیۆن بەرازیلیش گەڕانەوە وڵات, ھەمووی بەھۆی ئەو گەشەو سەقامگیرییەی وڵات لە روی سیاسی , ئابووری, ئاسایشەوە بەخۆوەی بینیبوو.

لۆلا و ھەژاریی.

لە ژیانیاندا ھەژاران و رەشپێستەکان و دورەگەکانی بەرازیل وەک سەردەمی لۆلا ژیانیان باش نەبوووەو کەرامەتیان نەپارێزراوە, لەو وڵاتەی جیاوازی داھات لە ترۆپکی جیھاندا بووە,لۆلا خزمەتی پڕ بەھای کرد بە ھەژارانی وڵاتەکەی لە بواری پرۆژەی کۆمەڵایەتی, ھاوکاری دارایی و کرێی باشتر و پێشکەوتنی کەرتی پەروەردە,٤٤ ملیۆن ھاووڵاتی لە ھەژاری و نەخوێندەواری رزگارکرد,کۆی گشتی ٣٣٪ی ھاووڵاتیانی بەرازیلی کەڵکیان لە بەرنامەی کۆمەڵایەتی لۆلا وەرگرت.

٢ ملیۆن خانوی بۆیان دروستکرد, پڕۆژەی بە سفر کردنی ھەژاری, ھەژارانی بەرازیلی رزگارکرد لەو دەردەی لەوەتەی بەرازیلی نوێ ھەیە ھاووڵاتیان بەدەستیەوە دەتلانەوە.

بۆلسا فاملی ناوی پڕۆژەکەی لۆلا بوو بۆ بنەبڕکردنی ھەژاری, ١١ ملیۆن خێزان کەڵکی لێوەرگرت, تاکە مەرج ناردنی منداڵکانیان بوو بۆ خوێندن, بە پێی پڕۆژەکە مانگانە ٨٧ دۆلار کۆمەکی ھەژاران دەکرا, نەخت کۆمەکەکە مانگانە دەچوە سەر ژمارەی ئەو بانکەی بۆیان کرابوەوە,کە دەیکردە ٤٠٪ی لانی کەمی کرێ, ھاوکات لانی کەمی کرێ بە سستەم چووە سەر بە تایبەت کرێکارانی بەرگ شین,سەرەتا لانی کەمی کرێی دانا بە ١٦٠ دۆلار لە مانگێک, لە شوباتی ٢٠٠٩ لانی کەمی کرێ گەیشتە ٢٣٠ دۆلار لە مانگێکدا.

داھاتی خێزانەکان لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٢ نەگۆڕابوو, وەلێ لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە زیادی کرد, ئاستی نا یەکسانی بە پێی پێوەری جینی بۆ نایەکسانی لە ٠,٦٤ ەوە دابەزی بۆ ٠,٥٥, کە ئەم ژمارەیەش ھێشتا زۆر زۆر بوو " پێوەری جینی کە دەبێتە سفر یانی کۆمەڵگا تەواو یەکسانە, ئەوەی پێی دەوترێت کۆمەڵگای کۆمۆنیستی, کە دەکاتە ١ یانی تەواوی سەروەت و سامان لە دەستی یەک کەسدا کۆبۆتەوە" .

تا ئەوکاتەی لۆلا دەسەڵاتی جێھێشت,١٠٪ی ھەژارترینی وڵات داھاتی بەرێژەی ٩٪ چووە سەر, بەڵام ١٠٪ی ھەرە دەوڵەمەندەکان داھاتیان ٢-٤ ٪ زیادی کرد, بەمەش لاسەنگی لە قازانجی ھەژاران پێک ھات.

٥٠٪ی ھاووڵاتیانی بەرازیلی لە ھەژاران لە سەردەمی حوکمڕانی لۆلا داھاتیان بەرێژەی ٦٨٪ چووە سەر,ھاوکات ٢٣ ملیۆن کەس داھاتیان لە ٤٥٧ دۆلار مانگانەوە بۆ ٧٥٣ دۆلار بەرز بوەوە, بودجەی کەرتی پەروەردە لە رێژەی ٢,٧٪ ی بودجەی وڵاتەوە بەرز کرایەوە بۆ ٤,٥٪.

لە نا یەکسانی داھاتدا بەرازیل ئێستا لە ریزبەندی ٧٠ ەمین وڵاتی جیھانە, لە کۆی ١٣٩ وڵات کە ئامار کراوە,بە پێی راپۆرتی ٢٠١٨ی تاقیگای نایەکسانی, ١٠٪ی ھەرە دەوڵەمەندەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ٦١٪ی داھاتی نەتەوەیی بۆ ئەوانە, دوای ئەوان بەرازیل دێت ٥٥٪, چین ٤١٪ و ئەوروپا ٣٧٪ و ئەمەریکاو کەنەدا ٤٤٪ە.

لە سەردەمی لۆلا ھەژاری بنەبڕ نەکرا وەلێ کەمکرایەوە, بەڵام بەرازیل بە یەکێک لە وڵاتە ھەرە نا یەکاسانەکانی جیھان مایەوە, بۆیە ئەو نازناوەی بۆی بڕایەوە سەرۆکی ھەژاران شایانی لۆلا بوو.

ئەمانەش وایکرد لای گەلی بەرازیلی خۆشەویست بێت, بووە جەماوەریترین سەرۆکی بەرازیل بو لە مێژوودا, ئۆباما سەرۆکی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وتی"لۆلا بەناوبانگترین و پڕ جەماوەرترین سەرۆکە لە جیھاندا".ھەرچی رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسییە لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک کەسایەتی ساڵ و گۆڤاری تایمزی ئەمەریکیش وەک کاریگەرترین سەرۆکی جیھانی دیارییانکرد.

شایی راستگەراکان.

لۆلا بە تاوانی گەندەڵی وەرگرتنی شوقەیەک بەھاکەی ٥٩٠ ھەزار دۆلارە دەستگیرکراوە, لە گەڵ ٧٨ سیاسی دیکەی بەرازیل تۆمەتبارن بە دۆسیەکی گەندەڵی بەناوی شوشتنەوەی ئۆتۆمۆبیل,بە پێی دۆسیەکە بێت لۆلا خاوەند ١٩٠ ھەزار دۆلار و دوو ژمارەی بانکی و دوو خانوو و پارچەیەک زەوییە, بە ١٢ ساڵ و مانگێک سزا دراوە, لە ٧ی نیسانەوە لە زیندانە, لە کاتێکدا ئەو دەستگیر دەکەن, کەچی ٧٨ کەسی دیکە گلاونەتە دۆسیەکەوە ھەموو ئازادن و ئەویش پلەو پۆستی لە سەروی ھەمووانەوە بووە, بۆیە چەپەکانی بەرازیل پێیان وایە ئەمە چەوساندنەوەی سیاسییەو درێژەی کودەتاکەیە بەسەر سەرۆک دیلما رۆسیف کرا لە ١٤ی ئازاری ساڵی ٢٠١٦, ھاوکات پێیان وایە تاوانی تیرۆرکردنی ماریلا فرانکۆ ئەندامی پارتی ئازادی و سۆسیالیزم کە لە ١٤ی ئازار لە شاری ریۆ دی جانیرۆو تەقە کردن لە کاروانی لۆلا لە شاری بارنا ھەموو دەچنە چوارچێوەی یەک سیناریۆوە دژ بە چەپەکانی بەرزیل رێکخراوە.

سوپا پێش بڕیاری دادگا پشتیوانی لە بڕیاری دەستگیر کردنەکەی لۆلا کرد, جەنەراڵ ئیدواردۆ فیلاس ٣ رۆژ پێش بڕیاری دادگا وتبوی : سوپاو ھاووڵاتیانی شەرافەتمەند ئیدانەی رزگار بوونی تۆمەتباران لە سزا دەکەن, رێزی دەستور و ئاشتەوایی و دیموکراسیەت دەگرن,ھەرچی ژەنەراڵ لویس شرۆیدەرە لەمە زیاتر رۆیی و رایگەیاند " ئەگەر لۆلا لە ھەڵبژاردنەکان بردیەوە , ئەرکی ھێزە چەکدارەکانە سستەم بگەڕێنێتەوە,ھەردوو ژەنەراڵەکە رایان گەیاند بەشداری لۆلا لە ھەڵبژاردنەکان مەترسییە بۆ سەر ئەو جەنگەی بەرازیل دژ بە گەندەڵی ئەنجامی دەدا, لە راستیدا لۆلا مەترسی بوو بۆ سەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە.

پارتی سۆسیال دیموکراتی راستگەراش رایگەیاند سزا نەدانی لۆلا گەڕانەوەیە بۆ دواوە, وەلێ چەپەکان پێیان وایە قانون بۆ ئامانجی سیاسی بەکار ھاتووە,ئەوان پێیان وایە ئەمە کودەتای راستگەراکانە, ٧٨ بەرپرس و پەرلەمانتاری دیکە لە لیستەکەدان, تەنھا لۆلا دەستگیر کرا, بە خێرایی دۆسیەی لۆلا چووە پێش لە کاتێک زۆر سیاسی راستەوخۆ گلابونە گەندەڵییەوە و تا ھەنووکە دۆسیەکانیان بە داخراوەیی ماوەتەوە.

ئەفسەری خانەنشین جائیر بۆلسۆنارۆ,ناسیۆنالستی راستگەرا قازانجکەری یەکەمە لە دور خستنەوەی لۆلا لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار, چونکە لە ریزبەندی دووەمی راپرسییەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییە, ئەو داوای گەڕاندەوەی دەسەڵاتی دکتاتۆری دەکات لە وڵات, بۆیە دیارە دەیانەوێت وڵات بەکام ئاراستە ببەن.

لۆلا و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی بەرازیل.

ئامانج لە دەستگیر کردنی لۆلا, رێگە گرتنی بوو لە گەڕانەوە بۆ دەسەڵات, لە رێگای ھەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ ەوە, ئەگەر بوار بە لۆلا بدرێت بۆ بەشداریکردن, ئەوا ھەڵبژاردنەکە دەبێتە راپرسی لەسەر زیندانی کردنەکەی, ئەویش لە کۆتادا دادگای ھەڵبژاردن بڕیاری یەکلا کەرەوەی لەسەر دەدات.

پێش دەستگیر کردنەکەی لۆلا وتی" دەستگیر کردنی باشترین کاندیدی ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر, داڕوخانی نەرێتی دیموکراسییە لە بەرازیل".

راپرسیەکان دوای دەستگیر کردنەکەی کە لە ١١ و ١٥ ی ئەپرێل ئەنجام دراوە دەریدەخەن , پشتیوانیەکەی لۆلا بۆ ٤٧٪ بەرز بۆتەوە, بەمەش جیاوازی لە گەڵ دووەم کاندیدی ھەڵبژاردنەکان بۆ زیاتر لە ٣٠ خاڵ چۆتە سەر.

ھاوکات ٤١٪ی ھاووڵاتیان پێیان وایە لۆلا بێ بەڵگە سزا دراوە, ٤٤٪ ی ھاووڵاتیانیش پێیان وایە زیندانیکردنی غەدرە لێی کراوە, ٥٨٪یش پێیان وایە مافی خۆیەتی بەشداری ھەڵبژاردن بکات.

رێگا نەدان بە لۆلا لە بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردنەکان کۆتایی کایەی سیاسی بەناو دیموکراسییە لە وڵات.

لۆلا و چەپ.


لۆلا سەرکردەیەکی قاڵبوی ناو جەرگەی خەباتە, بۆیە بە تۆمەتەکان ورەی نەروخاو لە بانگەشە نەکەوت, داوای کرد دەمەوێت سەیری ناو چاوی ئەوانە بکەم تۆمەتم بۆ ھەڵە بەستن, وتی : ئەمە کۆتاییم نییە, من بوومە بە بیرێکی سیاسی .

لۆلا لە ساڵی ١٩٩٠ دوای روخانی بەرلین ,کۆڕبەندی ساوپاولۆی دامەزراند, بۆ کۆکردنەوەی پارت و ھێزە چەپەکانی ئەمەریکای لاتین, کە دواتر لە ١٥ وڵات گەیشتن بە دەسەڵات, بۆیە ئەو شۆرشگێڕی پاش قەیرانەکانە, رەشەبا ھەڵی ناتەکێنێت, لۆلا ئەوکاتی لە دەسەڵات بوو نوێنەرایەتی چەپی میانەڕەوی ریفۆرمیستی بەرازیلی دەکرد نەک چەپی شۆڕشگێڕ , لێ لە چەپی رادیکاڵەوە ھاتبوو,لۆلا نەک تەنھا کاریگەری لەسەر چەپی بەرازیل ھەیە, بەڵکە کاریگەری لەسەر چەپی تەواوی ئەمەریکای لاتینیش داناوە بە زۆرینەی بۆچونەکانەوە.

دەستگیر کردنی قەیرانە بۆ چەپەکانی بەرازیل پاش کودەتاکە, بەھۆی نەبوونی کارێزمایەکی بەھێزی چەپ وەک لۆلا کە ھەمووی کۆبکاتەوە لە ژێر باڵی خۆی, لە کاتێکدا راستەکان بەھۆی پشتیوانی دکتاتۆرەکانی پێشوی وڵاتانی ئەمەریکای لاتینەوە بەھێزتر بوونە, وەلێ چەپی ئەمەریکای لاتین پارتە شیوعیە مۆزەکانی ئەوروپای رۆژھەڵات نین, بەڵکە چەپێکن لە ھەناوی کۆمەڵگاوە ھاتوونەو پاش شکستەکان ھەمیشە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات ھەڵساونەتەوە, ئەوان چەپی نان و کارو ئازادین.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک