٩\١٢\٢٠١٣
لۆردەکانی تیرۆر و
کۆنگرە شوومەکە.

ئاسۆ کەمال
دیاردەی تیرۆر لە ناوچەی سەوزدا لە دوای شکستی یەکێتی لەهەڵبژاردنەکان
و ڕاگەیاندنی کۆنگرەی داهاتووی ئەم حیزبەوە سەریهەڵداوە.تیرۆری کاوە
گەرمیانی لەسەر مەلەفەکانی گەندەڵیی سەرانی یەکێتی لە ناوچەی گەرمیان و
تیرۆری سەروەت حەمە ڕەشید جێگری سەرۆکی پاسەوانەکانی تاڵەبانی و
بریندارکردنی شاسوار عەبدولواحێدی بەرپرسی کۆمپانیای نالیا و ئێن ئار
تی ڤی نیشانی دەدەن کە لۆردەکانی تیرۆر لەناوچەی سەوزدا دەسەڵاتدارن.
دەستبردنی ئەم دەسەڵاتدارانەی ناو یەکێتی بۆ تیرۆر ئاکامی تێکچونی
هاوسەنگی ناوخۆیی باڵەکانی یەکێتی بەهۆی غیابی تاڵەبانی و گۆڕانی
هاوسەنگی هێزی یەکێتی لە مەیدانی سیاسی کوردستاندایە. بەتایبەت کۆنگرەی
مانگی داهاتووی یەکێتی مەیدانێکە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەم
حیزبە لەهەردوو مەیدانەکەدا و دیاردەی تیرۆر و هەڕەشەی کوشتن بەشێک لە
ئامادەکاریەکانە بۆ یەکلاکردنەوەی حسابات پێش لە کۆنگرە و سەپاندنی
ئەمری واقعی دەسەڵاتدارێتی سیاسی و مالی و عەسکەری ئەو باڵە عەسکەری و
ئەمنیەی ئەمڕۆ داهات و بڕیاری یەکێتی پاوانکردوە. بۆیە ئەم کۆنگرەیەی
یەکێتی کۆنگرەیەکی شوومە کە دۆخی ئەمنی و ژیانی ئەم بەشەی خەڵکی
کوردستانی تێکداوە و وەک پێشتر وتومە کۆنگرەی دەمامک دارە ڕەشەکانە.
هەڕەشەکانی مەحمود سەنگاوی لە کاوە گەرمیانی لەسەر ئاشکراکردنی مەلەفی
گەندەڵییەکانی ئەم ئەندام سەرکردایەتیەی یەکێتی و هەڕەشەکانی عەتا
سەراوی بۆ سەربڕینی ئەندامانی یەکێتی کە دەنگیان بە گۆڕان داوە و
هەڕەشەکانی لاهور لە نەوشیران مستەفا وهێز نیشاندانی شێخ جەعفەر بە
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەمانە بەڵگەکانی ئامادەیی ئەم باڵە
میلیشیایی و مافیایانەیە کە دەسەڵاتی سیاسی خۆیان لە ڕێگەی چەکەوە
دەپارێزن. کاوە گەرمیانی گۆشەیەکی ئەم پەیوەندیەی ئەندامانی
سەرکردایەتی یەکێتی بە بازاڕ و گەندەڵیی دەرخست و ئەو باندە مافیا
دەسەڵاتدارەی ناو یەکێتی کە ئەم تیرۆرەیان ئەنجام داوە ترسیان لەم
ڕاپۆرت و بەڵگەنامانەی کاوە بوو کە پێش کۆنگرەی یەکێتی ناوبانگیان
بزڕێنێ و بۆ لابردنیان لەپۆستەکانیان لەشەڕی باڵەکانی ناو یەکێتیدا
بەکاربهێنرێ . ترسێک کە ئەم دەسەڵاتدارانە لە کارەکانی کاوە هەیانە
ئەوەبوو کە ببێتە نمونە بۆ ئاشکراکردنی ئەو شێوە ئیدارەکردنە مافیایەی
لە نێوان دەسەڵاتی حکومی و گەندەڵیی ئابوری و داهات ئەندامانی
سەرکردایەتی یەکێتیدا هەیە. ئەمە هەمان ترسی پارتی بوو کە لە کوشتنی
سەردەشتدا هاتنە ژێرپرسیاری دەسەڵات و موقەدەساتی بنەماڵەی بارزانی
دەبینیەوە. ئەگەر لە ناوچەی سەوزدا دەیان ڕۆژنامەنوسی وەک کاوە
گەرمیانی بوێرانە مەلەفەکانی دزی و گەندەڵیی گرێبەستیە نەوتیەکان و
دابەشکردنی بودجە و زەوی و دامەزراندنی خزمەکانی ئەندامانی سەرکردایەتی
یەکێتی بەناوی شەخسەکان و بەڵگەی گەندەڵییەکان بڵاوبکاتەوە و دادگایان
لێبگرێت ئەوا ئەم دەسەڵاتە میلیشیا و گەندەڵە لەبەرچاوی خەڵک سوک دەبێ
و ناتوانێ تەبریری مانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی بکا. تیرۆری کاوە بۆ
بەرگرتنی ئەم لۆردە مافیایانەی ناو سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی
کوردستانە بە ڕەوەندی نەمانی کۆنترۆل و پاوانکردنە سیاسی و
ئابوریەکانیان چ لەناو حیزبەکەیاندا و چ لە دەسەڵاتی ناوچەی سەوزدا.
ژەنراڵەکان و گەندەڵیی.
گەندەڵیی بەشێکی جیانەکراوە لە سیستەمی بەڕیوەبردنی سەرمایەدارانەی
کۆمەڵگەیە کە لەسەر تاڵانی کار و ڕەنجی بەشی زۆری خەڵک بۆ کەمایەتیەک
دامەزراوە،بەڵام لە دەوڵەتێکی دیموکراتی وەک بەریتانیا کە ئەندامێکی
سەرکردایەتی حیزبی دەسەڵاتدار تێوەدەگلێ ناچارە زوو دەست لەکاربکشێتەوە
تا هەموو حکومەتەکە نەکەوتۆتە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵک و
نەڕوخێنراو. ئەگەر ئەندام پەرلەمانەکان تێوەبگڵین دەبێ بەهەڵایەکی
گەورە و لیژنەی لیکۆڵینەوەی لەدەرەوەی حکومەت و لەڕێگەی دادگاوە
بەڕیوەدەبرێ و لە میدیاکاندا بەناوی (ناو و شەرم) ناویان بڵاودەکرێتەوە
تاکو سومعەی سیستەمی نوێنەرایەتی پەرلەمانی نەفرەتی لێنەکرێ. بەڵام لە
کوردستان لەسەر گەندەڵیی ئابوری و سیاسی ئەندامانی سەرکردایەتی حکومەت
و پەرلەمان و دادگا ئەرکیان دەرکردنی بەیاننامەیەکە بۆ ئیدانەکردنی
کوشتنی ئەو کەسانەی کە جورئەتیان کردوە ناوی سەرکردایەتی یەکێتی و
پارتی بێنن و دزی و گەدەڵیەکانیان ئاشکرا بکەن، ئەم کارەش تەنیا بۆ
ئەوە دەکەن کە ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵک حکومەت و پەرلەمان و
دادگاکەیان نەڕوخێنێ. ئەگەر بڕیاربدەن بە پێوەری دیموکراسی ڕۆژئاواش
سزای تاوانبارانی لۆردەکانی تیرۆر و هەڕەشە لە نوسەران و خەڵکی ناڕازی
بەگەندەڵیی بدەن ئەوا ئەندامێکی سەرکردایەتی و وەزیر و پەرلەمانتار و
دادوەرێک پەیدا ناکەن کە حیزب و حکومەت و پەرلەمان و دادگایان بۆ
بەڕیوەببات. ئەگەر بڕیاربدەن ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی نەوت و بودجە و
داهات و دابەشکردنی زەوی و دامەزراندن و پۆستەکان ئازادە ئەوا دەستە
میلیشیا و مافیا سەربازی و ئەمنیەکان سیستەمی بەڕیوەبردنی کوردستانیان
لەدەست دەردەچێ. ئەگەر دەسەڵاتی کۆمپانیاکان و بازاڕ وموچە لەم بنەماڵە
وئەندام سەرکردایەتیانە بسەنیتەوە ئەوا سەرخانی مانەوەی سەرکوتی سیاسی
وهێزی میلیشیاییان دادەڕمێ.
نموونەی ئەم سیستەمە عەسکەریانە لەسەدەی بیستدا لە ئەمریکای لاتیندا
زۆربوو کە لە ڕێگەی ناڕەزایەتی و شۆڕشە جەماوەریەکانەوە لابران.ژەنرال
بینوشی گەرمیانی و ژەنرال باتیستا بارزانی یەک مۆدێلن لە سیستەمی
لیبرالی ئابوری کە دەتوانن ئارامی وەبەرهێنانی کۆمپانیا نەوتی و
ئابوریەکانی ڕۆژئاوا و تورکیا و ئێران بپاریزن وبیسەلمێنن کە سیستەمی
میلیشیایی و گەندەڵیی حیزبی باشتر دەتوانێ لە لیبرالیزمی سیاسی و
دیموکراسی شەریکی سروشتی ئەو تاڵان و بڕۆیە بێت کە لە چەوسانەوە و
هەژارڕاگرتنی خەڵکی کرێکار و کارمەند و هاوڵاتیانی کەم دەرامەتی
کوردستاندا بەدی دێنن. بێدەنگی ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر پێشێلکاریەمانی
مافی مرۆڤ و ئەم تیرۆرانە و خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات دەرخەری ئەو
ڕاستیەن کە ئەم دەوڵەتانە چاویان لە داهات و بەرژەوەندیەکە کە
میلیشیاکانی یەکێتی و پارتی لە کوردستان و عێراقدا بۆیان دەپارێزن .
گرنگ بەلای ئەو کونسوڵگەریانەوە ئەوەنیە کە داهات لە کوردستان چۆن
دابەش دەکرێ و خەڵکی ناڕازی لەسەر دەکوژرێ بەڵکو ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە
ئەوەیە ئەم میلیشیایانە چۆن وەک چینێکی سەرمایەدار دەتوانن بازاڕی
کوردستان بۆ سەرمایەی ئەوان ئازادبکەن و تیرۆر و کوشتن نائارامی ئەم
بازاڕە تێک نەدا. ئەمە پەیامی هاوبەشی سەرمایەدارانی ناوخۆشە کەلە
ژووری بازگانیەوە کێشەیان لە کوشتنی کاوەدا تەنیا نائارامی بازاڕی
سەرمایە و وەبەرهێنانە ونە ئیدانەی ئەو کوشتنە دەکەن نە کێشەی ئازادی
ڕادەربڕینیان هەیە.
پێویستە چی بکرێ؟
ئەمە پرسیارێکە کە خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی دژ بە تیرۆری کاوە
گەرمیانی لە کوردستان و لەدەرەوەی ووڵات دەیکەن.راستیەکانی سەرەوە
پێمان دەڵێ تیرۆر بەشی جیانەکراوەی سەرکوتی دەسەڵاتی میلیشیایی و
گەندەڵە لە کوردستان. هەربۆیە نە لیژنەی لیکۆڵینەوە و نەدادگا ناتوانێ
تاوانبارانی سەردەشتەکان و سۆرانی مامە حەمەکان و کاوە گەرمیانیەکان و
خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات بدۆزێتەوە و سزا بدات. جگە لە گۆڕینی ئەم
دەسەڵاتدارە میلیشیایی و مافیایانە ڕێگەیەکی تر لەبەردەم خەڵکی ناڕازی
بەگەندەڵیی و ناڕازی لە سەرکوتی ئازادی نیە. ئامادەیی و هاتنە مەیدانی
جەماوەری دژ بەم دەسەڵاتە ڕێگایەکە کە ئەم دۆخە نائارام وپڕ لە ستەمە
دەگۆڕێ. شێوازەکانی خۆپیشاندانی سەراسەری و مانگرتنی گشتی و بەڕێخستنی
پیکیتی گرتنی ڕێگاوبان و لەکارخستنی ئەو دامودەزگایانەی بەرپرسی ئەمنی
و دادوەرین و گوشاری نێودەوڵەتی ، هەرکامەیان هەنگاوێک دەبێت ئەم
بزوتنەوە سەراسەریە بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و مافیایی
لە کوردستان بباتە پێش ، ئەمە کارێکە کە شۆڕشەکان و ڕاپەڕینە
جەماوەریەکانی لە مێژووی هاوچەرخدا وەک ڕێگای ڕزگاربون لەم سیستەم و
دەسەڵاتە سەرکوتگەر و عەسکەریانە نیشانی داوین..گوشارێک کە ئێستا لەسەر
یەکێتی نیشتمانیە بۆ لیکۆڵینەوە و ناساندنی بکوژانی کاوە پێویستە بە
هەموو شێواز و ڕێگایەک زیادبکرێ تاکولیژنەیەکی سەربەخۆ لە ئیدارەی
یەکێتی وپێکهاتوو بێ لە نوێنەری خانەوادەی کاوە گەرمیانی و ڕێکخراوە
نێودەوڵەتیەکان و ڕۆژنامەنوسان و ڕیکخراوە مەدەنیەکانی دەرەوەی دەسەڵات.
.ئەگەر دەمانەوێ تا یەکلایی کردنەوەی شەڕی باڵەکانی یەکێتی و هاوسەنگی
هێز لەناوچەی سەوز لەسەری خەڵکی ئازادیخوازدا نەشکێتەوە و دەسەڵاتدارە
مافیاییەکانی ناو یەکێتی بۆ سەپاندنی خۆیان دۆخی کوردستان نائارامتر
نەکەن و تیرۆر گیانی ئازادیخوازانمان نەپێکێ ،نابێت ڕێگە بە تێپەڕبوونی
یەکێتی بدرێ لەژێر ئەم گوشارەدا وبە ڕشتنی فرمێسکێکی تیمساحیانە
خاترجەم بێ.
ماڵپهڕی ئاسۆ کهمال
|