په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٧\٢٠١٣

    (لۆسیۆ*)ى پاش کارەساتە گەورەکان!


گۆران رەئوف


ئێستا زەمەنى دواى کارەساتە گەورەکانە - زەمەنێکە... من دەمەوێت تێیدا کۆشکێکم هەبێ - کۆشکێک بۆنى ئەو ئازارانەى لێبێ کە دالیا بە هۆى شەیدابوونە شێتانەکانییەوە وشک ببوو - کۆشکێک بەلووعەکانی فرمێسکەکانى دالیا! - سیفۆنى تەوالێتەکەى دڵى دالیا! - کۆشکێک رووناکییەکەى لە تارمایى خەونە حیزەکانى دالیا!

ئێستا...
زەمەنى پاش چاوەڕوانییە
گریاوەکانە!
هەنووکە...
دەسپێکى سەرەتاکانى
یەئس و
ڕشانەوە قەتیسبوەکانە!
هەڵدانەوەى
ئەو برینانەیە
کە دەمزانى هێزێک نییە
بۆ ساڕێژبوون و
کاڵبوونەوەیان!
دەمزانى هەموو نیگا شەرمن و
تیژەکان
درۆیەکى جوان و
فریودەربوون!

ئێستاى من..
ئێستاى خۆتەکاندنە
لە سەرابەکانى شێتیی!
دروستکردنەوەى
هەستى پاڵەوانبوونە لە ناخەوە!
ئێستا بۆ من
پەڕینەوەیە لەو رێگایانەى
هەرگیز نایانبینمەوە.
خۆدەربازکردنە لە
سێبەرە هاروهاجەکان!

ئێستا دۆخى پێکەنینە..
دڵنیابوونە لە گومانى پاڵەوانبوون!
تێگەیشتنە لە خودى خۆم.
هەڵدانەوەى رۆژگارەکانى بێدەنگییە
وەک چێژدارترین بیرەوەریی!
تووڕەکردنى کارەکتەرى حیکایەتەکانە
بە دزینى قارەمانێتى بۆ خۆم!

ئێستا رۆژى بردنەوە گەورەکانە!
کاتى کردنى خەندەیەکە
کە بە هەمووان بڵێى
منم پاڵەوانى چیرۆکەکان
من بووم جەنگاوەرە تووڕەکەى
نێو حیکایەتە دۆزەخییەکان!

ئێستا تەوقیتى
ئەو چرکانەیە
کە لەبەردەم خەونە خواروخێچەکانى
خاتوونەوە
بۆ هەمووانى بسەلمێنى
تۆ بووى منداڵە پاکیزەکەى گەردوون!
تۆ بووى پاش چەند سەدەیەک
وەک (هەللاج)ێکى منداڵ
بوویتە کوڕى (انا الحق).

ئێستا سەرەتاى گەشتە راستەقینەکانە
سەرەتاى فڕینە بە ئەزموونە تاریکەکان!
چۆڵکردنى ئەو شارانەیە
ئیدى هیچ پێغەمبەرێک
تاقەتى وڕێنەى نەماوە بۆیان.
وێرانکردنى مەملەکەتەکانى عەشق و
بیابانە دوورەکانى درۆى شەیدابوونە.

ئێستا..
ئێستا مردنە بە تەنهایى و
هەڵواسینى وێنەیەکى شکستە
بە پشت سەرى ئەزموونەوە!
داڕووخانى خەونە کرچوکاڵەکانى
هەرزەکارییە بە دزیى
بیرۆکەکانى منداڵییەوە!
چێژوەرگرتنە لە تلیقانەوەى
خەیاڵەکانى ئەم سەدەیە.

ئێستاى رەشپۆش..
ئێستاى تیژبوونەوە و
بەراوردە هیوابەخشەکانى خۆت و
خۆیان.
گڕگرتنى هێزە هێمنەکانى
جەستەیە، کە زەمەنێکە
بەکارنەهاتوون.
ئێستا کاتى هەڵمژینى هەناسەیەکە
بە تەنها و لە نزیک دارستانەکانى قەراغ شار.
کاتى گۆڕینى پێستە ژەنگگرتووەکانى
رۆحە بە بێ ئازاردانى دڵ.
کاتى ماچکردنێکى
میهرەبانانەى قەدەرە
کە وەک داهۆڵەکانى تر
تووشى وەستانى نەکردى!

ئێستا...
ئێستاى ئێستا تێگەیم..
هێشتا مردن دووربوو..
هێشتا ئەڤین دووربوو..
هێشتا تەنەکەى زبڵى هاوسێکەمان
نەڕژابوو..
هێشتا بڵندگۆى خەیاڵەکانم
زەنگى تەقینەوە گەورەکانی نەبیستبوو..
هێشتا بیرکردنەوە لە ژیان
وەک دواى کارەساتە گەورەکە
بێزارى نەدەکردم..
هێشتا بۆنى هەناسەى پەیڤەکانى
شەیتان لە گەروومەوە دەردەچوو..
هێشتا گومانەکانى مرۆڤبوون
لە زوڵمەتى دڵمدا دەنگەدەنگیان بوو..
من تێگەیشتم پاڵەوانم..
پاڵەوانى تەواوى حیکایەتەکان!
پاڵەوانى ئەو چیرۆک و رووداوانەش
کە زەمەنەکانى دیکە دێن.

ئێستاى پاش پاڵەوانبوون..
ئێستاى کوڕى وێنایەکى وەستاو..
ئێستاى بێقەدەریی و
بێ چیرۆکیی.
هەنووکەیەکى داڕووخاو.
ئێوارانێکیش
بەسەر هەورەبانی نهۆمى دووەمەوە
بە تەنها و بێ خەبەر لە جەنگەکان،
سیگار دەکێشێ!
سبەینێیانیش
دەچێتە نانەوا و بەر لە گەڕانەوەى
بۆ ماڵە تەنهاکەى چەند پێکێک
شەرابى پاش پاڵەوانبوون دەنۆشێ.

___________________________
* ''لۆسیۆ'' کاراکتەرى ڕۆمانى ١٩٣٤ى ئەلبەرتۆ مۆراڤیا.

 

ماڵپەڕی گۆران رەئوف

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک