|
١٣\٨\٢٠٢٦
لۆڤەر
بەناوبانگترین
مۆزەخانەی جیهان.
|

لوئەی ئەمین |

وەرگێرانی لە
عەرەبییەوە: فەرھاد
ئەحمەد |
هەر
کە باسی پاریسی پایتەختی فڕەنسا دەکرێت، یەکسەر تاوەرە بەناوبانگەکەی (ئایفل)
و بەناوبانگترین مۆزەخانەکەی (لۆڤەر) دێنە یاد،لێرەدا ئەوەی مەبەستە
بیخەمەڕوو چەند زانیارییەکە دەربارەی مێژوو وپێکهاتەی مۆزەخانەی لۆڤەرە
لەفەڕەنسا.
دروستکردن و گەشەکردن: مۆزەخانەی لۆڤەر لە ساڵی ١٢٠٤ز لەلایەن (فیلیپ
ئۆگست)ـەوە وەک کۆشکێکی شاهانە دروستکرا، و دواتر بوو بە بەناوبانگترین
مۆزەخانەی جیهان. ئەم مۆزەخانەیە ساڵانە لەلایەن (پێنج ملیۆن
سەردانکەر)ـەوە بەسەردەکرێتەوە، جگە لە سەردانکەرانی هێڵی ئینتەرنێت کە
ژمارەیان دەگاتە یەک ملیۆن کەس.
ڕووبەر: ڕووبەری مۆزەخانەکە لە ئێستادا (شەست هەزار مەتری چوارگۆشەیە)،
جگە لە باخچەکەی کە ڕووبەرەکەی دەگاتە سی هەزار مەتری چوارگۆشە.
شاکارە هونەرییەکان: هۆڵەکانی مۆزەخانەکە ٣٦,٠٠٠ بەرهەمی هونەری گرنگ و
مێژوویی لەخۆدەگرن. سەرەتای ئەم مۆزەخانەیە لەسەر دەستی (فرانسوای
یەکەم) بوو، کە بیری لە کۆکردنەوەی دوازدە تابلۆی ئیتالی کردەوە بۆ
هونەرمەندان (تیتیان)، (ڕافایل) و (لیۆناردۆ داڤینچی) بۆ ئەوەی لە
مۆزەخانەکەدا نمایش بکرێن. دوای ئەویش پاشا و نەجیبزادەکان
بەردەوامبوون لە زیادکردنی تابلۆکان تا ساڵی ١٧١٥ز کە ژمارەیان گەیشتە
(٢٥٠٠) پارچەی هونەری.
خاوەندارێتی: دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی فڕەنسا لە ٦ی مایسی ساڵی ١٧٩٣ز،
ئەم مۆزەخانەیە بوو بە موڵکی دەوڵەتی فڕەنسا.
بەشەکان و پاراستنی کەلوپەلەکان.
مۆزەخانەی لۆڤەر دابەش دەبێت بەسەر سێ باڵدا (باڵەخانە)، تێیدا جگە لە
تابلۆ زەیتییەکان، کۆمەڵێک شتومەک و کەلوپەلی کۆنی شاهانە و مێژوویی
هەمەجۆر نمایش دەکرێن؛ لەوانە زۆرێک لە شوێنەوارە (ئاشوورییەکان)، (بابلییەکان)،
یۆنانییەکان، فیرعەونییەکان و شارستانێتییەکانی تری جیهان.
مۆزەخانەکە بە نوێترین ڕێگا پێشکەوتووەکانی جیهان ئەم شوێنەوارانە
نمایش دەکات و چاودێرییان دەکات، بە شێوەیەک کە بە شێوەیەکی خولی
پشکنیین و چارەسەری پێویست بۆ پارچەکان دەکرێت بۆ پاراستنیان. تەنانەت
ڕێگا بە سەردانکەرانی مۆزەخانەکە نادرێت فلۆشی کامێرا (ڕووناکی کامێرا)
بەکاربهێنن لەکاتی وێنەگرتندا لەناو مۆزەخانەکەدا، ئەمەش لەپێناو
پاراستنی ئەم کەلوپەلە بەنرخانەدا.
جگە لەم نمایشکراوانە، شانۆیەکی تایبەت بە مۆزەخانەکەوە لکێنراوە بۆ
پێشکەشکردنی شانۆگەری، سازکردنی کۆنسێرتی مۆسیقی، ئۆپێرا و چالاکییە
جۆراوجۆرەکانی تر. بۆیە هەر کەسێک باسی پاریس بکات، دەبێت باسی تاوەری
ئایفل و مۆزەخانەی لۆڤەریش بکات وەک هێمایەکی دیار و شارستانی بۆ
پێشکەوتنی مرۆڤایەتی.
rahanddrwd@gmail.com
|