په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١١\٢٠١١

''لۆیا جیرگە''ی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھۆڵەندا!


حەمە غەفور     

 

وەک لە ڕاپۆرتەکەیاندا ھاتووە، ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕۆژی ١٣ ئەم مانگە لە شاری دێڵفتی ھۆڵەندا کۆنفڕانسی دووھەمیان گرێداوە. سەرنجڕاکێشترین گۆشەی ئەم کۆنفڕانسە ڕاپۆرتە وێنەییەکەیەتی. چونکە لە کۆبوونەوەی نزیک بە ٤٠چل بۆ ٥٠پەنجا کەسیی ئەنجومەنی گۆڕان لە ھۆڵەندا بۆ سازکردنی کۆنفڕانس تەنھا یەک ڕوخساری ژنیش بۆ دەرمان بەرچاوناکەوێت. ئەمە نە بوختانەو نە ڕێکەوتێکە. دروست مێنتاڵێتی عەشایەری‌و پیاوسالارانەی بزووتنەوەی گۆڕان بەجوانترین شێوە نیشانئەدات. سەرباری ئەوانەش ئەنجومەنی تازە ھەڵبژێردراوی ھۆڵەندا لیستی ناوی ٧حەوت پیاوی بۆ سووڕی نوێ تۆمارکردووە. ئەم ئەنجومەنی پیاوانەی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھۆڵەندا ھەتا کۆنفڕانسێکی دیکە نوێنەرو زمانحاڵی گۆڕانخوازان ئەبن لە ھۆڵەندا بە ژنانیشیانەوە!

ئەمڕۆ لە گەشتی زیندوی ھەواڵەکانی (ئێن ئۆ ئێس)ی ھۆڵەندا لە کاناڵی یەکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئەو ووڵاتەوە، یەکێک لە ھەواڵەکانی باسی بەرپاکردنی "لۆیا جیرگە"ی ئەفغانستان بوو، کە بۆ پشتیوانی حەمید کارزای، سەرۆک وەزیرانی ئەفغانستان کۆبوونەوەی فراوانی زیاتر لە ٢٠٠٠دوو ھەزار سەرۆک عەشیرەو تیرەو قەبیلەی ووڵاتی لەخۆگرتبوو. "لۆیا جیرگە"ی ئەفغانستان وەکو سیای ئەمریکا نەخشەی بۆ کێشاوە بڕیارە ئوتوریتەی کارزای بە پشتگیری سەرۆکی ئەم ٢ھەزار سێکتە بەرامبەر تاڵیبان بەھێزتر بکرێت‌و تاڵیبانیش ھەڕەشە لە لۆیا جیرگە ئەکات.

مەبەستی من لە ھێنانی باسی "لۆیا جیرگە" بۆ بەراورد کردنێکە لەنێوان ئەنجوومەنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و پارلەمان یاخود ئەنجومەنی نوێنەرانی قەبیلەکانی ئەفغانستان. لە "لۆیا جیرگە"دا ژمارەیەک ژنی بێچارە وەکو بت دانیشتوون، بەڵام لە کۆنفڕانسی ئەنجومەنی بزووتنەوەی گۆڕاندا تەنانەت ژنێکیش نابینرێت. ھەر کەس بخوازێ ئەتوانێ لە گوگڵ سەیری ھەواڵەکانی (ئێن ئۆ ئێس)ی ھۆڵەندا بکات وە بە چاوی خۆی ببینێت کە لە کۆبوونەوەی ٢ھەزار سەرۆک تیرەی ئەفغانستانیشدا کۆمەڵێک ژنی بێچارەو بێ دەسەڵات لەژێر لەچک‌و پەچەو عاباوە بەشدار بوون تیایدا. بەڵام پرسیارێکیش لەخۆی بکات، بۆچی ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان، کە خۆیان بە ڕکابەری سەرەکی مۆدێرنیتەو پۆست مۆدێرنیزمیش لەقەڵەم ئەدەن تەنھا یەک ژنیش بوارو دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە بەشداری کۆنفڕانسەکەیان بکات! کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە بۆ بینینی ھەواڵەکەی (ئێن ئۆ ئێس)؛
http://nos.nl/video/313869-loya-jirga-van-start-in-kabul.html.  

"لۆیا جیرگە" بە زمانی پەشتووی ئەفغانی بەواتای کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنەکان یاخود نوێنەرانی تیرەو قەبیلەو خێڵ‌و عەشیرەتەکان دێت، ھەتا سەرۆک یان دەمڕاستی ھەزاران جۆر خێڵ‌و عەشیرەو تیرەو تایەفە لەسەر پانتایی دیموکراسیە قێزەونەکەی ئەمریکا دوای شێرپەنجەی بزووتنەوەی تاڵیبان، وەکو پارلەمانی ئەفغانستان لە میدیاکانی ڕۆژئاواوە نیشانبدرێ‌و پانی‌و درێژی ھەمواربوونی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ لە کۆمەڵگایەکی ھەرە سەرەتایی وەکو ئەفغانستاندا، کە دانیشتوانەکەی بە چنگەکڕێ لەسەر زەوی ڕەقەن خواردنی ڕۆژانەیان پەیدائەکەن، لەگەڵ باقی مۆدێلەکانی تری پرۆسێسی دیموکراسی لە جیھاندا بەراورد بکرێت!

دۆگماترین ئاغاو مێشکپوچترین سەرۆک تیرەو قەبیلە لەدەوری نوێنەرانی سیای ئەمریکاو وەزارەتی بەرگری ئەو ووڵاتە وانەی دیموکراسی ئەخوێنن سابەڵکو ئەم ھەزاران تیرەو تایەفەیە لە ھەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەدا مافی دەنگدانیان پیادەکەن‌و دەسەڵاتی سیاسی ئەو ووڵاتە داغانە بەسەر ئەم گشتە ئیتنیک‌و سێکتانەدا دابەش‌و ھەموار بکرێت! ئەمە چی چارەنووسێکە دیموکراسی ڕۆژئاوایی ئەیکاتە نسیبی خەڵکی ئەفغانستان! یاخود ئەمەی ئەیبینین پاداشتێکە بۆ ئەو سەرۆک تیرانەی وا لەپشتی حەمید کارزایەوە ڕاوەستاون‌و ملکەچی بۆ ئەمریکا بە سەربەرزانەتر دائەنێن لە قبوڵکردنی دەسەڵاتی دڕندانەی ئیسلامیانەی بزووتنەوەی تاڵیبان!

بزووتنەوەی گۆڕانیش پێویستە چاوێک بەخۆیدا بخشێنێتەوەو ئەندازەی بانگەشە بریقەدارەکانی خۆی سەبارەت بە دیموکراسی‌و کرانەوەو قبووڵکردنی بەرامبەرو ململانێی دیموکراسیانە لەسەر ئەرزی واقع لەگەڵ "لۆیا جیرگە"ی ئەفغانستان بەراورد بکات! ئینجا ئەنجومەنی ٧حەوت کەسیی تازە ھەڵبژێردراوی ھۆڵەندا بخاتە ژێر پرسیارەوە کە ھۆکار چیە وا لە کۆنفڕانسەکەیاندا ژنان نەیانتوانیەوە بەشدار ببن! وەڵامەکانی ئەوانیش لێبڕاوانە لە ماڵپەڕی سبەی وە کۆمپانیای ووشەوە بڵاوبکەنەوە.

من پێموایە مێنتاڵێتی جووڵانەوەی کوردایەتی بە سەرجەمی لق‌و پۆپەکانیەوە دوای بیست ساڵ ئەزموونی حوکمڕانی خۆماڵی لە ھەرێمی کوردستانداو لە شار نەک لە شاخ، ھێشتا تێڕوانین‌و تێگەیشتنیان بۆ ژنان چوارچێوەی دواکەوتوانەی تەماشاکردنیان بۆ ژنان، لە کاراکتەری گۆرەوی‌و پوزەوانە چینین بۆ پێشمەرگەوە تا کابانی ماڵی تێنەپەڕاندوە!

جێگای خۆیەتی لێرەدا بیریبێنینەوە کە سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا پێیوایە کێشەیەک نیە لە کوردستان ناوی کێشەی ژنان بێت! لەکاتێکدا قوربانیەکانی دەستی مێنتاڵێتی جوڵانەوەی کوردایەتی، یانی پیاوسالاری‌و عەقڵیەت‌و سوننەتی ناموسپەرستانە زیاتر لە ١٠ھەزار ژن‌و کیژی تێپەڕاندووە. پێئەچێت ئەنجومەنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ھۆڵەندا وەفاداریی خۆیان بۆ ئەم دیدگاو تێڕوانینەی سەرۆکی بزوتنەوەکەیان لە کۆنفڕانسەکەیاندا پراتیک کردبێ‌و ھیچ بایەخێکیشیان بۆ ژنان‌و کێشەو مەسەلەکەیان ڕەوانەزانیبێت! ژنانی کوردستان پێویستە ووشیار بن‌و بەکەم سەیری ئەم نائامادەییەی ژنانی کوردی گۆڕانخواز نەکەن لە کۆنفڕانسی ئەنجومەنی ھۆڵەندایاندا!


١٦
\١١\٢٠١١
ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک