٢٠\١\٢٠١٠
لوولەی چەکەکان دابگرن، نووکی خامەکان بەرز بکەنەوە؟!

ستار محەمەد قادر
کاتێک کە خامەو نووسین دەکرێن بە ئامراز لە پێناو ئامانجێکی شاراوەدا،
دڵنیابن لەوەی رۆحی هێزێکی شەڕانگێز بە وردی ئیش بۆ خۆشکردنی ئاگرێک
دەکات، تا تەڕو وشک پێکەوە بسووتێنێت!
ئەگەر سیاسەت بۆ زۆرێک لە گەلان بریتی بێت لەو کایەی کە ئاراستەی بە
ئاقارێکدا دەڕوات کە هەرگیز لە بارتەقایدا نییە تا تخووبی ئەو
هێڵکارییانە ببەزێنێت کە بە سەروەری نیشتیمانیی و ئاسایشی نەتەوەیی ناو
زەد دەکرێت، ئەوا بە پێچەوانەوە سیاسەت و سیاسەت کردن لە رۆژهەڵاتی
ناوین بە گشتیی و لە کوردستان بە تایبەتی لە دووای راپەڕینی بەهاری
نەوەدو یەکەوە بە دیوە شاراوەکەیدا بریتییە لە کووشتنی بەرژەوەندی
گشتیی و سەربڕینی لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەکاندا! ئەگەر لە
وڵاتە پێشکەوتووەکان، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەوڵی خۆیان بە بێ
موزایەداتی سیاسیی لە پێناو باشکردن و پێشخستنی وڵاتەکەیاندا خەرج
دەکەن، ئەوا بە داخەوە لە کەتوواری ئێمەدا، ئەوەی دەسەڵات دەیکات،
ئۆپۆزسیۆن رەتی دەکاتەوە، ئەوەی ئەو دەیڵێت ئەم رەخنەی دەکات، هەروەها
بە پێچەوانەشەوە. لێرە لەم پانتاییەدا ئەگەر روویەکی سیاسەت گوزارشت لە
دیمۆکراسیی و یەکتری قبووڵکردن و خوێندنەوەی بەرامبەر بکات، ئەوا رووە
شارراوەکانی گوزارشت لە سڕینەوەو گیانی تۆڵە کردنەوەو تووندو تیژیی و
شەڕێکی بێ ئاکام دەکات!
ئەمڕۆ لەم پانتاییەی ئێمەدا ئەگەر پرسیاری ئەوە لە کۆمەڵانی خەڵک بکەین
کە راو سەرنجی خۆیان دەربارەی سیاسەت بڵێن، ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە
کە سیاسەت چ وێنەیەکی قێزەونی لە ناخی تاکەکاندا درووستکردووە، ئەمەش
بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو شتەی کە لێرە بووە بە هەڵگری نازناوی سیاسەت،
تەنانەت ناتوانێت بەرگری لە خودی سیاسەتیش بکات تا وێنەیەکی جووان
پێشان بە دەرەوەی خۆی بدات، لە بەر ئەوەی؛ ئەوەی لە حەقیقەتدا دەبینرێت،
سیاسەت نییە، بەڵکو ستەمکارییە لە فۆرمی سیاسەتدا! بۆیە دەبینین لە
ئاستی کۆمەڵایەتیی و ئیدارییدا بە دەستی کۆمەڵێک قەیرانی هەمە جۆرەوە
دەناڵێنین، چونکە " السیاسە" بە واتای بەڕێوەبردن، هەڵسوڕاندن و
بەڕێوەبردنی کارو باری هەر شتێک و خۆشگوزەرانکردنی کارو باری خەڵک و
رێنماییان بۆ رێگایەکی رزگاریدەر چ بۆ ئێستاو چ بۆ پاشە رۆژ دێت. یەکێک
لە ئەرکە سەرەکییەکانی سیاسەت بەڕێوە بردنی ئەخلاقییانەی کۆمەڵگەو
درووستکردنی خودێکی کۆمەڵایەتییە، خودێک کە بە سینەیەکی فراوانەوە
تێکەڵ بە ململانێکان دەبێ و هەمیشە رەچاوی بەرژەوەندییە گشتییەکان
دەکاو بەرژەوەندییەکانی خۆیشی وەکو تاکێک لە ناو ئەو گشتەدا مسۆگەر
دەکات! لێ بە داخێکی زۆرەوە لە بەر ئەوەی لە سەر دەستی ئەو کاراکتەرە
بە نێو سیاسییانەی کە لە حەقیقەتدا لە ماهییەتی سیاسەت نەگەیشتوون،
سیاسەت وێنەیەکی لە زیهنی تاکەکاندا درووستکردووە، کە تەنها ئاماژەن بۆ
شتێلێکی زۆر ناشیرین! بۆیە هەر کاتێک کە گوێمان لە ناوی بەعس دەبێت،
راستەو خۆ ئەوە دەکەوێتەوە بیرمان کە چ رژێمێکی خوێناویی و چ مرۆڤێلێکی
بێ ئاوەزو بێ مۆراڵ سەر مەشقی ئەو حیزبەیان دەکرد کە تەنها کاریان "کوێر
کردنەوەی ژیان بوو نەک ژیاندنەوە" ئەوەی بەعس لە سەردەمی دەسەڵاتیدا
لەم وڵاتەدا پیادەی دەکرد، هەموو شتێک بوو تەنها سیاسەت نەبێت!
ئەگەر بشمانەوێت قسە لە مەڕ سیاسەتی خۆماڵی خۆمان بکەین، ئەوە دەبێت
پشوومان درێژ بکەین و بە ئارامییەوە چاوێک بەو برینانەدا بخشێنین کە بە
بێ تیمار کردن لە بەرنامەماندایە لە دوو توێی لاپەڕە نەنووسراوەکانی
مێژووماندا هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی و هەر لایەنە بە پاساوی جۆراو
جۆرەوە پاکانە بۆ خۆی بکاو بیکات بە چەپکە گوڵێکی ژەهراوی و لە گەردنی
بەرامبەرەکەی بئاڵێنێت!
بە داخێکی زۆرەوە بە هۆی نێزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنە
پەرلەمانییەکەی عێراق، ماوەیەکە بار گرژی ئاسمانی کوردستانی بە گشتی و
شاری سلێمانی بە تایبەتی گرتووەو ئەگەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوە
بە دڵنیاییەوە خوێندنەوەی باشی بۆ ناکرێت، ئەوەی ئەم شەڕە لە شەڕەکانی
دیکە جیا دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر لە رابردوودا شەڕێک رووی دابێت،
ئەوە خامەکان ئیشیان بۆ خامۆشکردنی دەکرد، لێ ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین
خامەکانن ئیش بۆ گەشکردنەوەی پشکۆی ئاگرێک دەکەن، کە هەر هەموومان
پێکەوە بە بێ جیاوازی تێیدا زەرەرمەند دەبین! من پێم وا نییە هەموو
کاتێک ئەوە دوژمنانمانن ستەممان دەرهەق دەکەن، چونکە ئەگەر خودی خۆمان
لە حەقیقەتدا ستەم کار نەبین، بە دڵنیاییەوە بەرگەی هیچ جۆرە ستەمێک
ناگرین، نەک تەنها ستەم لە خۆمان دەکەین، بەڵکو بە هۆی ستەمکاریی و بە
هونەر کردنی ستەمکارییەوە، گەورەترین ستەم بەر لەوەی لە خۆمانی بکەین،
لە نووسینی دەکەین! ئەمڕۆ زۆرێک لە نووسینەکان دەمامکدارن، هەڵگری
زیاتر لە ناوێکن، نووسینێلێک کە بە جوانە مەرگی دێنە دونیاوەو بە بێ
خاوەنی سەر دەنێنەوە!
من پێم وایە ئەگەر بەو شێوەیە ئیش بە خامە بکرێت و نووسین بکرێت بەو
ماشێنەی کە لە هەناویدا تەنها تووندو تیژی ببینرێت، ئەگەر وەزیفەی
خامەو تفەنگ لە دەرەنجامدا گوزارشت لە کووشتنی جوانیی و ناشیرینکردنی
وێنەی سیاسەت بکات، ئەوە لەو باوەڕەدام ناتوانین بە هیچ شێوەیەک
جیاوازیی لە نێوان خامەو چەکدا بکەین، بۆیە چ ئەم بەرز بکرێتەوە،یان
ئەو، هیچ لە واقیعەکە ناگۆڕێت، چونکە هەردووکیان بریتی دەبن لە شتێک کە
خاڵین لە ئەقڵ؟!
star_qadr@yahoo.com
|