په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

لوولەى تفەنگەکانتان ئاراستەى سینەى کورد بکەنەوە .

 


محەمەدى مشیر        


ئەوە چ قەدەرێکى گەندەڵە کە هەموو قۆناغێک لە سەر دەستى سیاسەتوانە عەیار بیست و یەکەکانى کورد خەریکە خۆى لە مێژووى ئەم گەلە ستەمدیدەیەدا دووبارە بکاتەوە؟ ئەوە چ رێککەوتنێکە کە لە یەک ساتدا هەموو تێیدا کۆکن و هەمووش دەمتیژ و شمشێر بەدەست؟ لەو نێوانەشدا تەنها ئێمەین خەریکە سەرلەنوێ بەنێو تونێڵە تاریکەکانى مێژووماندا دەبارەو سەدبارە گوزەرکەینەوە. هەرچى راست دەبێتەوە لوولەى تفەنگەکەى ئاراستەى سینەى ئەو میللەتە ستەملێکراوە دەکاو پێیوایە هەرچى لەمڕۆى عێراق و ناوچەکەدا دەگوزەرێ خەتاى کوردە و دەستى کوردى تێدایە، ئەوەتا سوپاى تورکیا لە هێرشە سەربازییە دڕندەکانى بەردەوامە و ئێمەش بە چاوى زەقەوە سەیرى کوشتارى خەڵکى بێ دەرەتان و کاولبوونى دیهاتەکان و ئاوارەبوونى گوندنشینەکانمان دەکەین و مافى ئەوەشمان نییە سەردانى ناوچە ئابلۆقەدراوەکان بکەین و لە نزیکەوە بزانین لە قەندیل چ باسە!، چونکە وەک (باباجان) گوتەنى حکومەتەکەى ئێمە لاوازە و ناتوانێ تورکیا لە ((خراپەکارییەکانى)) ((تیرۆریستانى)) پەکەپەکە رزگاربکات بۆیە بەدەست و قامەتى خۆیان هەردوولامان لە ((تیرۆریستان)) رزگاردەکەن!، ئەوەتا (مامەسام) ى ((دۆست)) لە خۆشەویستیا ئامۆژگاریمان دەکا و پێمان دەڵێ نەکەن تاکڕەوانە بیر لە دەرهێنانى نەوت بکەنەوە و لەبەر خاترى تورکیاى کۆنە دۆستیش باسى کەرکوک هەرمەکەن!، لە نێو ئەو گێژەنگەشدا لایەنێکى ئەلقە لەگوێى وەک بەرەى ناتورکمانى رایدەگەیەنێت گەر لە راپرسیدا کەرکوک نەبێتە شارێکى تورکمانى ئەوا ئێمە راپرسییەکە هەڵدەوەشێنینەوە و قەبوڵى ناکەین. سەربارى ئەوانەش مرۆ گەر لێى بقەومێ هەر ئاوایە و ساڵح موتڵەگ و هاوبیچمەکانى پێمان دەڵێن کورد بە تەمایە عروبەى عێراق بشێوێنێ و نابێ لە ئاڵاکەى بەعسدا دەستکارى هێماکانى عروبەى عێراق بکرێت ، لەولاشەوە عەلاوى و سەدرییەکان و نازانم کێى دیکەش خەریکن بەرەیەکى سیاسی رادەگەیەنن و دەشڵێن بەپێى دەستوورى عێراق وادەى ماددەى 140 لە گەڵ کۆتایى ساڵى 2007 دا فینیشت بوو ئیدى رازى نابین درێژبکرێتەوە!


هەر مەپرسە لەم عێراقە فیدڕاڵەدا چ هەرا و زەنایەکە دۆستێکمان هەیە و هەزار نەیار، لە نێوخۆشماندا ئاخرول عەیار!


ئەمە واقعى ئەمڕۆکەى کوردە لەو عێراقەى کورد دەیەوێ ئارەزوومەندانە لە گەڵ براکانیدا بە شێوەیەکى ئاشتیانە بژیت، کەچى لەبەر نەزانى و کورتبینى خۆمان خەریکە لە هەموو لایەکەوە ئابلۆقەمان بدەن. بۆیە باشتر وایە وردتر لە رووداوەکان بڕوانین و تا ئاوەکە لێڵترنەبووە بزانین چى دەکەین، ئەگینا کار ئاوا بڕوا ئۆباڵى هەموو تەقینەوەکانى ناوەراست و باشوورى عێراقیش دەخەنە ئەستۆى ئێمە و داواى قەرەبووى رووخانى بەعسیشمان لێدەکەن!!