٢\٩\٢٠١٣
ماچ.

یوسف خەلیل
وا چراخانە و
مۆمەکانم دەسوتێن
شەوە و نمەى باران و شەونمى سەرچڵەکان
دەپشکوێن
شەوچەرەیە و بەرکوڵی کوڵمى میوانم
لە دەرکەى گۆنام دەدا و هەوێنى خامەم
پێ ئاشنا دەکەن
ئێدی لە نێو پریاسکەیەک لە پێکى مەستبووندا
شەرابی خەونەکانم
لە پیاسەى ئێوارەیەکى پەمەیی رێ و نۆش دەکرد.
* * * * *
هاوڕێ کاتێ لە دەرکەى بنەوشەکاندا
ئێشکگری خەون و هەستە پەرییەکانى
یەکدى دەبین
ماڵئاوایی لە دوێنێ دەکەین و
سڵاو لە سبەینێی سپێدەیەکى پێش پێشبینییەکان
میوان دەکەین
ئەزیزم رێبوارەکەى سەرەڕێ
لەگەڵ چەپکێک شەوبۆی هەڵووژەیی تۆدا
لە نێو زەردەپەڕی ئەم (تارە) پاییزییەدا
گڵکۆکانى یەکتر دەکرۆژین و
لە توولەڕێیەکى مەستبووندا
لەگەڵ ماچدا رێ دەکەین
فەرامۆشی ژان و
بیمارى ئەندێشە دەکەین و
دەبینە هەنارێکى هەناسە و
هەوێنێکى نوێ پیادە دەکەین
شەربەتى ژووان و
سۆزى ژیان
بۆ زێدە شیرینیی پەراوە دەکەین.
ماڵپەڕی یوسف
خەلیل
|