مادەی 140 و پارە !
پێم سەیر بوو پەرلەمانی کوردستان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی مادەی 140کۆبۆوە! وەک ئەوەی تۆپەکە لەگۆڕەپانی بەغدا نەبێت و هەولێر بووبێتە کۆسپ و تەگەرە لەسەر دواکەوتنی جێبەجێکردنی مادەی 140!کە دەبوو پەرلەمانی بەغدا بانگهێشتی لێژنەی جێبەجێکردنی ئەم مادەیە بکاو لێیان بپێچێتەوە کە بۆ چی دواکەوت؟ ئینجا لێژنەکەش راشکاوانە هۆکارەکانی بخستایەتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران ، ئەم مامەڵە هەڵەیەشمان وەک فیدراڵیەکە وایە، کە تەنیا کورد و بەشێکی کەمی پێکهاتەکانی تری عێراق ناوی عێراق بە فیدراڵی دەهێنن!!
راستیەکەی تەنیا و تەنیا لە ناوچەی خانەقین جوان رەفتار کرا لە کاتی ئازادکردنی ، ئەگەر لە کەرکوک و ناوچەکانیتریش واکرابایە ئێستا وەزع بە شێوەیەکیتربوو، بەهەر حاڵ کە ئەوەش نەکرا و لە مادەی(58) وە کورد کەوتە دوای تاگەیاندیە مادەی (140) وئەویش بەم دەردەی ئێستا چووە! بەرای من هەموو مەسەلەکە و هەموو ئاستەنگەکان مەسەلەی دیاریکردن وسەرفکردنی پارەبوو، هەم بۆ هاوردەکان هەم بۆ ئەوانەی دەگەڕێنەوە ، کە بەراستی سەرکردایەتی کورد هەر لە سەرەتاوە لەزەمەنی (عەلاوی)یەوە تا ( مالیکی)کە ئەیزانی پارەی بۆ سەرف ناکەن وپارە هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی ئاساییکردنەوەو ریفراندۆمە ،دەبوو کورد خۆی پارەکە دابین بکا و چاوەڕوانی موماتەلەی بەغدا و ،بێنە و بگرەی حکومەتەکانی بەغدا نەکا ، یەکێتی و پارتی ئەیانتوانی هەر یەکەیان نیوملیار دۆلار ببەخشێتە ئەو کەرکوکەی وەک دەڵێن (شۆڕشی ئەیلولی لەسەرتووشی هەرەس بووە) ئەو کەرکوکەی کە خاوەنی دەیانی وەک مامە ریشە و عەبدولرەزاقە ، ئەوەندەی ئەهێنا کە ملیارێک دۆلاری پێشکەش بکرێ، کە هەموو ئەم مەبلەغە دەکاتە دەسکەوتی 15رۆژی کۆڕەک تلیکۆم و ئاسیا سێڵ ، کە ئەم دوو کۆمپانیایە یەکێکیان هی پارتیەوئەویتریشیان هی یەکێتیە ، ئەگەر واش نیە موڵکی ئەهلی و سەرمایەداری سەربەخۆیە، لە رێگەی ئەم نووسینەوە داوا لەم دوو کۆمپانیا بەڕێزە دەکەم ، کە وەک ئەرکێکی مێژوویی و مەسئولیەتێکی نەتەوەیی، بڕی پارەی خەمڵێنراو بۆ ئاساییکردنەوەی کەرکوک و ناوچەکانیتر دابین بکەن ، لەبەرامبەریشدا نرخی قسەکردن بکەنە دوو قات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ، بەم پێیەش بێ واتا هەموومان بەشداری ئەکەین لە پارە بەخشین بۆ ئەو شارەی لەسەر دەریای نەوتدایە کەچی رۆڵەکانی چاوەڕوانی دەست و رەحمەتی بەغدان!!!
fhirany@hotmail.com |