١٩\٤\٢٠١٤
مافەکانی خەڵک و
گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردن!

دەشتی جەمال
هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی پێشوو بۆ پەرلەمانی کوردستان، نەک هەر
بە ئەنجامێک نەگەیشتووە، بەڵکو دابەشکردنی پۆستەکانی دەسەڵات سەراپا
مافەکانی خەڵکی کوردستانی خستۆتە نێو گێژاوی
بەرژەوەندییەکانی چەند
حیزبێکی کۆنەپەرستی قەومی و
ئیسلامییەوە. کەچی وا بۆ جارێکیتر هەر ئەم
حیزبانە خەریکی سەپاندنی گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنن و کەوتونەتە پەخشانەوەی
بەڵێنی درۆ بەخەڵکی، گوایە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
نیشتمانی عێراق و ئەنجومەنی پاریزگاکانی هەرێمدا مافەکانی خەڵکی
کوردستان بۆ نان و ئازادی و خۆشگوزەرانی مسۆگەر دەکات. سەرجەم
هێز و
قەوارە سیاسیەکانی بەشداریش بێ شەرمانە، بەدوای ٢٣ ساڵ لەسەرکوت و کوشتنی
هاوڵاتیان و نانبرین و پەرەدان بە بێکاری و هەژاری، پروپاگەندەی باشبوونی
ژیانی هاوڵاتیان و گۆڕانکاری دەبەخشنەوە.
لەم بارەوە پارتی دەڵیت "دەنگ بدە بە پارتی، دەنگ بدە بە
ئارامیی
و سەقامگیری کوردستان".
یەکێتی باس لە"جیبەجێکردنی
دەستوور و
کۆنفیدرالی"دەکا و گۆرانیش دەڵیت "دەچینە بەغدا بۆ
بەرژەوەندیی خەڵک نەک
بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی".
ئیسلامییەکانیش درۆی چاکسازی و باشبوونی
ژیانی خەڵک دەبەخشنەوە و دەم لە دەوڵەتی سەربەخۆ دەکوتن... بەڵام ئەگەر
هەر هاوڵاتیەکی کۆمەڵگا بە هۆشیاریەکی سادەوە لەم دروشم و قسانە بڕوانێ
و بەراوردی بکات لەگەڵ کارنامەی سیاسی ئەم
حیزب و لایەنانە، جگەلە
درۆیەکی ڕۆشن شتێکی دیکەی لێ سەوز نابێت. ئایە پارتی دیموکراتی کوردستان
لە ماوەی ٢٣ سال دەسەڵاتدارێتیدا و بەو هەموو دەسەڵات و
توانستە ئابوورییەی لەبەردەستیدا بووە چ شتێکی لە مافەکانی خەڵک جێبەجێکردووە، جگە
لە داسەپاندنی دەسەلات و سیستەمیک کە هیچی لە دەسەلاتە دیکتاتۆری
و تۆتالیتارەکان و مشەخۆرانی ناوچەکە کەمتر نەبووە؟
هەڵگیرساندنی شەری ناوخۆ کە نزیک بە ١٠ هەزار گەنج و لاوی کوردستانی کردە
قوربانی و سەدان کەس و خێزانی بێ خانەولانە و ئاوارە و دەربەدەرکرد، پارتی
لایەنێکی سەرەکی بوو تێێدا. هەر لە سایەی دەسەڵاتی پارتیدا بوو چەندین
نەیار و هەڵسوراوی سیاسی و کۆمۆنیست و رۆژنامەنووس تیرۆر کران. تەنانەت
هەر دەنگێکی ئازادیخواز لە ژنان و نووسەران و میدیاکاران و هەڵسوراوی سیاسی و
مەدەنی کە کوشتاری ژنان و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیان پێ قەبوڵ ناکرێ
ڕووبەڕووی هێزی میلیشیاو دادگای کڵێشەیی و سەرکوتی ئێوە بوونەوە. کەچی
لەولاشەوە خۆتان و سەرکردەو دەست و پیوەندەکانتان وەک نۆینەری چینی
سەرمایەدارن و دەوڵهمهند و خاوەن کۆمپانیاکان ژیانێکی شاهانەتان بۆ
خۆتان دروستکردوە. بازاری نەوتی کوردستانتان بۆ خۆتان و نەوەکانتان
بە خاتری مسۆگەرکردنی ژیانێکی فیرعەونانە قۆرغ کردووە، ئەمەشتان لەسەر
حسابی بێکارکردنی گەنجان و نەبوونی خزمەتگوزاری و نەدانی
مووچە و سەرکوت
و و گەندەڵی بردۆتە پێشەوە.
بارزانی و حیزبەکەی سیاسهت و ستراتیژێکیان بەدەستەوە گرتوە کە پەلی
خەڵکی کوردستانیان کێشکردوە بۆ زۆر ڕووداوی مەترسیداری ناوخۆ و ناوچەیی.
ئەوەتا لە رووداوەکانی سوریا و هەروەها کێشەکانیان لەگەل مالکی دا پاڵی
داوە بە بەرژەوەندییە سیاسی و
ئابوورییەکانی دەولەتی تورکیاوە و بەخاتری
پێگە و داهاتووی خۆیی و ڕاگرتنی پلەو پایەو قازانج و ئاودیوکردنی نەوت،
ئامادەیە لە دژی هاوزمانانی خۆی لە سوریا و
ئێران دەست بۆ دژە
مرۆییترین
سیاسەت و هەڵوێست بەرێ. ئەمە لە کاتێک دایە کەخودی گرێدانەوەی کوردستان بە
دەسەڵاتێکی قەومی
ئیسلامییەوە لە عێراقدا بۆتە مایەی نائارامیی
و ناسەقامگیریی و مەترسی سەرهەڵدانی فتیلی شەڕ
و دووبەرەکی قەومی کە بەوپەری
دڵنیایەوە بە رووداو کارەساتی گەورە لەسەر خەڵکی کوردستان تەواو بووە
ودەبێت.
دەستوور و کۆنفیدرالیەکەی
یەکێتیی نیشتیمانی کە کردویەتیە کەرەستەی
بانگەشەکانی، دەبێ بپرسین کامە
دەستوور؟ دەستوورێک کە لەسەر بنەمای
جیاوازی چینایەتی و زمانو رەگەز و ئاین و ئەتنیکی و
ژێرپێنانی مافەکانی
ژنان و بە فەرمیی نەناسینی مافی هاولاتیان دامەزراوە،
دەستووریک کە
سەرچاوەکەی دینی ئیسلام و دژ بە مافە مەدەنی و
مرۆییەکانی خەڵکی عێراق
و کوردستانەو لەسەر بناغەی پیشلکردنی مافە
جیهانییە وەدەستهاتووەکانی مرۆڤ و بەرژەوەندییەکانیان دامەزراوە؟ فیدرالیزم و کۆنفیدرالیزمێک کە وەک
پێشنیارێکی کۆنەپەرستانە لە لایەن بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردەوە
بەرزکراوەتەوە و هۆکارێکە بۆ ڕاگرتنی خەڵکی کوردستان لە گێژاوی سیاسیدا.
هۆکاریکە بۆ دەیان لەمپەر و گرفتی گەورە لەبەردەم خەلکی کوردستان و
هەڕەشەی شەر و پیکدادانی قەومی. پرۆژەی کۆنفیدارالی پرۆژەیەک بۆ بەشداری
ناسیونالیزمی کورد و دەسەلاتەکەی لە پیناو بەشکردنی دەسەلات و سەروت و
سامان و راگرتنی
هێز و میلیشیا سەرکوتگەرەکانیان بەسەر سەری خەڵکی
کوردستانەوە کە سیاسەتێکە بۆ دەستمایە و ساتوسەودا لەگەل دەسەڵاتی
ناوەند و دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە.
گۆران لە هێنانی دروشمی "دەچینە بەغدا بۆ
بەرژەوەندیی خەڵک نەک
بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی" مەبەستان لە
بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان چیە؟
بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان لەسەر نان و ئازادی و خزمەگوزاری و دابەشکردنی
عادلانەی داهاتی نەوت بەسەر هاولاتیان و
سنووردانان بۆ گەندەڵی و پاراستنی
ئەمنیت و ژیان داهاتووی خەلکی کوردستانە؟ یان بۆ بەشداری پیکردن
وەرگرتنی بەش و کورسی دەسەلاتی ئێوەیه؟ دەتوانن
مووچە و داهاتی مانگێکی
نۆێنەرەکانتان ببەخشن بە رۆژیکی
منداڵانی دەستەنگی سەرشەقامەکانی بەغدا؟
دەتوانن لە بەرامبەر قانوونی جەعفەری و دژ بە بە شوودانی
منداڵانی ٩ سال
رابوەستن ؟ دەتوانن داوای هەلوەشاندنەوەی
هێزی میلیشیای حیزبەکان بکەن
؟ دەتوانن بەربگرن بە
پاڵپشتیی و هاوکاریی حکومەتی عێراقی بۆ ولاتانی
ئەوروپا دژ بە ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران؟ بەهێزکردنی پیگەی کورد
و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان نەک هەر لە بەغدا
نییە بەلکو
خۆبەستنەوە بە حکومەتی
ناوەندەوە بەربەستی سەرەکییە لە سەر ڕێگای
هەر ئالوگۆرێکی ریشەیی
و و پێشڕەوی کۆمەلایەتی بە قازانجی خەڵکی کوردستان و نقومکردنی کۆمەڵگایە لە
شەوەزەنگ. ڕێگای دروست ئەوەیە کە فیدراڵیزمی
نەتەوەیی بە زبڵدانی مێژوو بسپێدرێت و کۆمەڵگای کوردستان بە ئاقاری
دەوڵەتێکی مۆدێرنی سێکیولاردا ببرێت کە هەمووان تیایدا ئازاد و یەکسان
بژین.
حیزبه ئیسلامییەکان کە گەرەکیانە بە پێی بەرنامەی ڕەشی کۆنەپەرستی
ئیسلام و شەریعەتەکەی مافی ژنان جێگیر بکەن و هەژاری و دەولەمەندی وەک
(نیعمەتی خوایی!) بەسەر هاوڵاتیانەوە ڕابگرێ، چۆن دەتوانن باشبژێوی
و خۆشگوزەرانی خەڵکی لێ رەچاو بکرێ. ئەم
حیزبانە کە دژی مۆدێرنیزم و مافی
هاولاتی یەکسانن بە بەرزکردنەوەی دروشمی دەوڵەتی سەربەخۆ دەیانەوێ سۆزی
خەڵی سادەی کوردستان بکەنە ژماریەك دەنگ بۆ زیادکردنی کورسیەکانی خۆیان و
هیچی تر. ئەگەر لەوەش گەرێین و ئەم دورشمەیان بە
راستیی و راشکاویی لێوەربگرین و دەوڵەتی کوردستان دروست بکەن، ئەوان جۆرە سیستەم و دەسەلاتێک پێکدەهێنن
جگە لە دەوڵەتێکی
ئیسلامیی کە لەسەر ستەم و سەرکوت و سێدارە و ڕاگرتنی
هەژاری زیاتر ڕاوەستابێت!
کۆماری ئیسلامیی ئیڕان باشترین نموونەی دەوڵەتی
ئیسلامییە کە چۆن بە حوکمی
سێدارە و جیاکاری کۆمەڵایەتی ژیانی ملیۆنان
مرۆڤی لە قاڵب داوە. ئایا دەولەتێکی سەربەخۆ کە
ئیسلامییەکان لەم
هەڵبژاردنەدا وادەی بۆ دەدەن ئەتوانێ لەمە باشتر بێت؟
بۆیە هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردندا تەنها قازانج و
بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان و بەشداربوون لە
بەتالانبردنی سەروت و سامانی کۆمەڵگا نوێنەرایەتی دەکەنو ئامانجی
هەموویان توندکردنەوەی
بار و کەشی کۆنەپەرستی و دژ بە شارستانیەت و
مودرینیزمی کۆمەڵگا و ڕاوەستانە بە دژی مافەکانی ژنان وگەشەکردنی
کۆمەڵگا. بە دیاریکراویش هەموو ئەم
حیزبانە دەیانەوێت دەنگی خەڵک بکەنە
پەنجەمۆری شەرعیەتدانەوە بە دەسەڵات و کارنامەی ڕەشی سیاسیان. کارنامە و
دەسەڵاتێک کە نەک هیچ
بەرژەوەندییەکی خەڵکی تیا نییە، بەڵکو ماف
و ئازادیەکانی هاوڵاتیانی کوردستان بۆ چوارساڵی تر ڕادەکێشێتەوە بۆ
نێو
هەمان سیاسەت و دەسەڵاتێک کە ٢٣ ساڵە قوربانی لە خەڵکی کوردستان دەسێنێ.
ئەم حیزبانە کە داوامان لیدەکەن بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بچین و
دەنگیان پێ بدەین، تەنها ئەوەندە ژیانی خەڵکیان بەلاوە گرنگە کە شەرعیەت
بە کارنامەی ڕەش و کۆنەپەرستانەی خۆیان بدەنەوە، دەنا هەر چەند
کاتژمێر
دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکەیان هەر ئەو کارە دەکەن کە کردوویانە.
خەڵکی کوردستان نابێ بڕوا بەم
حیزبانە و هەڵبژاردنەکەیان بکات.. ئەم
گاڵتەجاڕییەی هەڵبژاردن نەک تەنها شایەنی بەشداری
نییە، بەڵکو شایەنی
ریسواکردنە. کە وایە ئەگەر دەمانەوێت دەسەڵاتی دەستە و تاقمێک
بەسەر خۆمانەوە نەهێڵێنەوە کە سەرچاوەی دەیان
کارەسات و دەردەسەری
و ڕاپێچانی کۆمەڵگان بۆ
نێو شەری قەومی و تایفی و کۆنەپەرستی زیاتر، دەبێ
یەکگرتوانە و
هەموومان بە یەکەوە ئەم سینارێویەی کە ناویان لێناوە هەڵبژاردن
بەشکست بکێشین و ڕیگا نەدەین دەنگی خەڵک بۆ دووبارە دریژەدان بە دەسەڵاتی
نەگریسیان بەکاربهێنن. گاڵتەکردن بەم هەڵبژاردنە و بەشداری نەکردن و
دوورکەوتنەوە لە درۆ و بەڵینەکانیان، بەشێکە لە هەڵویستی هوشیارانەی
جەماوەر لە ڕاستای خەباتێکی شۆڕشگێرانە و کوبوونەوە لە دەوری خواستی نان و
ئازادی و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری. ئەم
حیزبانە ئەزموونی خۆیان نیشانداوە
و لەوە زیاتریان لێ چاوەڕوان ناکرێ. ڕێگای خەڵکی کوردستان بۆ ئالۆگۆری
ریشەی و خۆشگوزەرانی رێگای ئەم هەڵبژاردنە و پەرلەمان
نییە. با لە
پەنجەمۆری ئێمە سوود وهرنهگرن بۆ شەرعێتدانەوە بە حکومەت
پەرلەمانەکەیان.. با بۆ یەک جار ویژدانی خۆمان ئاسوودە بکەین. بە
راستیی
بەشێک لەمانە کە دەستیان بە تاوان سوورە شایانی ئهوهن بچنه نێو
پهرلهمانهوه یان لهسهر كارنامهی نامرۆڤانهیان بدرێن به دادگا و لێپێچینهوهیان لهگهڵ بكرێ. گۆرینی ژیانی خەڵکی کوردستان بە ئۆمید
بە هاتنەمەیدانی ئیرادەی ڕاستەوخۆ و ئامادەکارییە بۆ بەرپاکردنی ١٧ی شوباتێکی تر، با نەک هەر
بەشداریی نەکەین بەڵکو بەربەستی سەر ڕێگای ئەم
سیناریۆیە گاڵتەجارییە بین.
١٧\٤\٢٠١٤
ماڵپهڕی دهشتی جهمال
|