په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٢\٢٠١٠

''مافی چارەی خۆنووسین'' و ''یەکگرتوویی عێراق''

لە ووتارەکەی سەرۆکی پارتیدا دوو ستراتییجی دژ بە یەکن!


سەردار عەبدوڵا حەمە


لەم رۆژانەدا زۆربەی میدیاکان گرنگیان دا بە ووتارەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشکەشی کرد لە کۆنگرەی سیانزەی پارتی دا. ئەم کۆنگرە کە لە ھەولێر ساز درا خەرجەکەی بە دەیان ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێ کە دیارە لە داتەکەندنی گیرفانی خەلکی ھەژار ئەم برە پارە بە دەست ھاتووە. لەم کۆنگرەدا سەرۆکی پارتی ووتارێکی پێشکەش کرد . لەووتارەکەیدا وتی: مافی چارەی خۆ نوسین بۆ کورد ھەوێنی ئەم کۆنگرەیەی دەبێ . ئەگەر مانای چارەی خۆنوسینی ھەوێنی کۆنگرە مانای ئەوە بێ مافی دیاری کردنی چارەنوسی خەلکی کوردستان بە رەسمی بناسڕێ ئەوا مانای ئەوەیە دەبێ خەلکی کوردستان لە دەنگدانی ئازادانەدا دەتوانێ بریار بدات جیا بێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ھەبێ . بەڵام پێ ناچێ سەرۆکی پارتی ئەم مەبەستەی ھەبێ . چونکە لە ھەمان وتاردا باس لە کارکردن دەکات بۆ یەکگرتوویی و یەک پارچەیی خاکی عێڕاق وە باس لەفیدرالیزم دەکا کە ھۆکارە بۆ مانەوەی عێراق بە یەکگرتویی و پێشکەوتوویی.


لە دەستوری ئەو عێراقەی سەرۆکی پارتی دەیەوێ یەکگرتوو بێ بە ھیچ جۆرێک مافی جیابوونەوی کوردستان لە ڕێگای راپرسیەوە " ریفراندۆمەوە " بە رەسمی نەناسراوە ، لە کاتێکا ئەم مافە لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە لەلایەن دەوڵەتانی تری سەرمایەداری جیھانی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە رەسمی ناسراوە . وە زۆر دەوڵەتی سەربەخۆش بەم ھۆیەوە پێک ھاتووە . ئەگەر سەرۆکی پارتی بیەوێ ئەم عێراقە ی ئێستا یەکگرتوو بکا ئیتر چۆن دەکرێ کار بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆ نوسین بکات. یەکگرتوو کردنی عێراق ستراتیجێکی سیاسیە بۆ لایەنێ خۆی بە عێراقی بزانێ ھەتایە ھەتایە و لە ھەموو سەردمێک و لە ھەر ھەلومەرجێکابێ . مافی چارەی خۆنوسین یا مافی جیابوونەوەش ، ستراتیجی لایەنێکە کە لە بەرژوەوندی خەلکێکی بن دەست و دەرەجە دووە . لێردە پارتی لە کامیانە ؟ سەرۆکی پارتی دەیەوێ بڵێ ھەردووکیانە . ئەم دوو ستراتیجە ناکۆکن لە یەگەڵ یەکتر و ھاو تەریبن ، ئەگەر بتەوێ عێراق یەکگرتوو و یەک پارچە بێ ،نابێ جیابوونەوەی تیا روو بدات.


رابووردوی پارتی ئەم راستیەی نیشان داوە لە کاتێکا لە چەندین شوێنی جیا جیای کوردستان راپرسی کرا بۆ جیابوونەوەی کوردستان زیاتر لە سەدا نەوەدی خەلکی کوردستان دەنگیان بە جیا بوونەوە دا کەچی پارتی نەک ھەر حسابی بۆ ئەم راپرسیە نەکرد بەلکو دژایەتیشی کرد . یا ئەو حیزب لایەنانەی خواستی جیابوونەوەیان ھەیە پارتی و حکومەتی ھەرێم لە بەر ئەم خواستە مۆڵەتی کارکردنیان پێ نادەن . کەوایە پارتی و سەرۆکەی بۆچی ئەم ئیدیعایە دەکەن ؟ قسە لە سەر مافی چارە خۆنوسین دەکەن لە بەر ئەوەیە زۆربەی خەلکی کوردستان ئەم مافەی دەوێ ، پارتییش بە ھۆی کارە سەرکوتگەریەکانەوە لە بەرچاوی ئەو خەلکە تاڵ بووە دەیەوێ خۆی شیرین بکاتەوە ، وە بۆچی باس لە سەر فیدرالی و یەکگرووتی دەکات چونکە بەرژەوەندیەکانی بورژوازی کورد لەم کەناڵەوەیە و ناتوانێ دەست بەرداری بێ . دەبێ خۆی ھاو ئامانج بکات لەگەڵ ھێزە ناسیونالیست و دینی و تایفیە کۆنەپەرستەکانی عێراق ، تەنانەت لە گەڵ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە وەک تورکیا و ئێران و سوریا وە خۆی بە دۆستیان نیشان بدات . کە ئەمەش نیشاندانی ھەلپەرستی ناسیونالیزمی کوردو حیزبەکانیەتی بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان.


ئەمڕۆ تەنھا کۆمۆنیزمی کرێکاری و ئازادیخوازانی کوردستانن دەتوانن مافی جیابوونەوەی کوردستان بە دەست بھێنن و بە سەر بورژوازی عەرەب و ھێزە قەومی و دینی یەکاندا دایسەپێنن ، مێژووی ١٩ ساڵی رابووردوش شاھیدی ئەو ڕاستیەیە کە تەنھا ئەمانە بوون لەم مەیدانەدا زۆر بە جیدیی و لێبراوانە خەبات و تێکۆشنیان ئەنجام داوە . وە ئەمە بەشیک بووە لە ستراتیجییان بە تایبەت ستراتیجی سەرەکی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق بووە.


١٤
\١٢\٢٠١٠

ماڵپه‌ڕی سه‌ردار عهبدوڵا حهمه