په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

ماهیـەتى هۆشــیارکردنەوەى تاک بۆ پاراســتنى ئـاو.

 

هۆنیا


لە بنچینەدا هۆشیارکردنەوەى تاک بۆ پاراستنى ئاو، بریتییە لە رێگایەک بۆ راگەیاندن و رۆشەنبیر کردنى بەکارهێنەرانى ئاو ( کە هەموو مرۆڤێک بەکارهێنەرى ئاوە ... کەواتە هەموو مرۆڤێک پەیوەستە بە کارى هۆشیارکردنەوەکە) کە ئەوە هەولێکە بۆ گەیاندنى تاک بە ئاستى هەستکردن بە لێپرسینەوە بۆ بەکارهێنانى ئابووریانەى ئاو و گرنگیدان بە بەرژەوەندى گشتى بۆ گرنگترین سەرچاوەى ژیانیان کە ئاوە، بە شێوەیەک کە تاک لە نێو کۆمەڵگادا هەست بەوە بکات کە (پاسەوان) ێکە لەسەر جۆرێتى و چەندێتى ئاو، واتا رێگرتن لە پیسبوون و بەفیڕۆدانى ئاو، هەروەها دەبێ بۆ مەبەستى هۆشیارکردنەوەى تاک چوارچێوەیەکى دەزگایى هەبێ کە جێبەجێ کردنى پرۆسەى هۆشیارکردنەوەى تاک دەبێ لە چوارچێوەیەکى رێکخراودا بێ و بودجەیەکى پێویستى بۆ دابندرێت.


گرنگیەتى جێبەجێ کردنى پرۆگرامى هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتى بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە: بە شێوەیەکى گشتى جەماوەر لە گرنگیەتى نرخى ئاو تێدەگات. کە پڕۆگرامى پاراستنى ئاو لەلایەن دەزگاکانى حکومەت یان رێکخراوەکانى (NGO) یاخود هەر دەزگایەکى مەدەنى پێویستى بە هاوکارى و بەشداربوونى جەماوەر هەیە، هەروەها سروشتى پرۆگرامى هۆشیارکردنەوەى جەماوەر بۆ پاراستنى ئاو بانگهێشتى جەماوەر دەکات بۆ پارێزگارى کردن لە ئاو لە رێگاى تێگەیاندنى بارى ئاو و کێشەکانى کە تایبەتن بە ئاو لە نێوان دوو دوورى شوێن و کاتدا، هەروەها تێگەیاندنى تاکەکانى کۆمەڵگا بۆ بەرەو پێشەوەبردنى سیاسەتى تازەى پاراستنى ئاو و قەبوڵ کردنى لەلایەن تاکەوە (کە مەبەستمان لە سیاسەتى تازە، بریتییە لە دارشتنى سیاسەتێکى گونجاوى ئاو کە لە خزمەتى ئاسایشى وڵات و هاوڵاتیدا بێت) ئەویش لە رێگاى پێدانى زانیارى بە کەسى بەشداربووى پرۆگرامى هۆشیارکردنەوەکە کە ئەم زانیاریانە ببێتە هۆى فراوان کردنى رادەى هۆشیارى تایبەت بە پاراستنى ئاو بە لەبەرچاوگرتنى کێشە هەنوکەییەکان و ئەگەرى ئەو کێشانەى کە لە دوا رۆژدا سەرهەڵدەدەن، هەروەک پێویستە پرۆگرامەکە هێندە فراوان بێت کە کەسانى خاوەن بڕیاریش لە دەزگاکانى حکومەتدا بگرێتەوە بۆ تێگەیشتن لە کێشە هەنوکەیى و داهاتووەکانى ئاو، بە هەبوونى پێشینەیەکى باش لەبارەى بارى ئاو و کێشەکانى.
کاتێک ئێمە باس لە هۆشیارى بەکارهێنانى ئاو دەکەین، ئەوا ئێمە ئامانجمانە کە گرنگى بە ئاستى هۆشیارى تاک بدرێت بۆ تێگەیشتن لە گرنگیەتى ئاو، کەوا ئاو بنچینەى ژیانە و سیاسەتى گەشەپێدانى سامانى ئاو کە بووەتە پێویستیەکى خێراى هاتنەدى گەشەى بەردەوام لە هەموو بوارەکانى پیشەسازى و گەشت و گوزارى و کشتوکاڵى و ...هتد. ئەمەش لە رێگاى گۆڕاندنى شێوازى بەکارهێنانى رۆژانەى ئاو بە جۆرێک کە شێوازى بەکارهێنانى ئاو لەلایەن تاک و لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا بە پرۆگرام و بە شێوەیەکى هاوسەنگ جێبەجێ بکرێت و رۆلێکى گرنگى لە چاکردنى بنەماى ئابوورى وڵاتدا هەبێت.


لەم بارەیەوە ئەوەى تایبەتە بە چوارچێوەى پرۆگرامى هۆشیارکردنەوەى تاکى کورد لە کێشەکانى ئاوى خواردنەوە، تایبەتى خۆى هەیە کە جیاوازە لە سروشتى پرۆگرامى هۆشیارکردنەوەى تاک لە کۆمەڵگایەکى دیکەدا.


کە سنوورى پانتایى کێشەى ئاو و جۆرەکانى پیسبوونى و رۆڵى تاک لە چۆنیەتى کارلێکى لەگەڵ ئاودا سروشتى هۆشیارکردنەوەى تاک بۆ پاراستنى ئاو دیارى دەکات.


ئەوەى ئەمڕۆ پێویستە کارى بۆ بکرێت بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجە زێدە گرنگە، زۆر جیاوازە لەو کارەى کە پێویست بوو لە (10 ساڵ) لەمەو پێش بۆ ئەم مەبەستە ئەنجام بدرابایە، هەروەها ئەوەى کە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە بکرێت لە دواى (10 ساڵ) ى داهاتوودا زۆر جیاوازە وەک لەوەى کە لە کاتى ئێستا ئەنجام دەدرێت.


کەواتە شوێن و کات زۆر گرنگن بۆ دیارى کردنى سروشتى پرۆگرامى هۆشیارکردنەوەى تاک بۆ پاراستنى ئاو.

هۆشیاریى ئابووریی ئاو:
ئایا ستراتیژیەتى ئابوورى ئاو چى دەگەیەنێ ...؟
ئەوەى لەسەر هاوڵاتى پێویستە ئەنجامى بدات چى یە ...؟


پیادەکردنى ئابووریانە لە بەکارهێنانى ئاو، بێ بەش کردنى خەڵک لە بەکارهێنانى ئاو ناگەیەنێ، بەڵکو بریتییە لە پەروەردەکردنى دەروونى تاک لە زیادەرۆیى نەکردن لە بەکارهێنانى ئاو کە ئەمەش رێگایەکى زۆر گرنگى بە ئامانج گەیاندنى مەبەستێکى ئێجگار گرنگە (کە بریتییە لە پاراستنى یەکەم هۆکارى ژیان و گرنگترین سامانى نەتەوەیى)، لەم بارەیەوە ئەوەى ئێجگار گرنگە تیشکى بخرێتە سەر، سروشتى هاوکێشەى ئاوە، لەبەر ئەوەى پێویستى ئەمرۆى مرۆڤایەتى بۆ ئاو زۆر زیاترە لەو بڕە ئاوەى کە لە سروشتدا بۆمان دابین دەبێت لە ئاوى نێو چینەکانى زەوى و ئاوى سەر زەوى، بۆیە ئێستا کێشەى ئاوى خواردنەوە لەسەر ئاستى جیهاندا لە خەمە گەورەکانى دانیشتوانى گۆى زەویە، کە 5/1 ى دانیشتوانى هەسارەى زەوى لە نێو بازنەى گرفتى بێ بەشى لە ئاوى شیرین و پاکدا ژیان بەسەر دەبەن، هەروەها کردارى بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى تاک بۆ ئەنجام نەدانى کردارى بەفیڕۆدانى ئاو لە کارە زۆر گرنگەکانى پرۆگرامى ئامانجى هۆشیارکردنەوەى تاکە بۆ پاراستنى ئاو.


دەبێ پرۆگرامى هۆشیارکردنەوەى تاک بۆ کردارى ئاو پارێزى فراوان و درێژ خایەن بێت، بە جۆرێک کە پەل بۆ نێو پانتایى قەبارەى کۆمەڵگا بهاوێژێت و بەشێکى دەزگا راگەیاندنەکانى حکومەت لە خزمەتى ئەم کارە دابێت.


سەربارى دابینکردنى ئاو بۆ هاولاتیان و بەرێوەبردنى کارى دابەش کردنى ئاو بە پێى سیستەمێکى ئابووریانە لەلایەن حکومەت، کە لەلایەکەوە لە خزمەتى گەیشتنى ئاوى خواردنەوە بۆ دانیشتوان و لەلایەکى دیکەوە پەیڕەوکردنى پرۆگرامى ئابوورى ئاوى لێ بێتە دى، چاودێرى کردن لە سەرپێچیەکانى کە لەلایەن هەندێک تاکەوە ئەنجام دەدرێت کە بریتیین لە کردارى بفیڕۆدان و پیسکردنى ئاو، لە ئەرکە زۆر گرنگەکانى دەزگاى حکومى تایبەت بەم مەبەستەیە.


بەو پێیەى کە لێنەپێچینەوە لە سەرپێچیەکانى کە بەرامبەر ئاوى خواردنەوە ئەنجام دەدرێت لەلایەن هەندێک تاکەوە، بریتییە لە هەوڵدان بۆ تێکدانى ئاسایشى ئاوى خواردنەوەى هاوڵاتیان.