٢١\١١\٢٠٢٤
ماڵئاوایی لە
کاغەز و کابڵ و کامیرا.
هاوڕێ نەهرۆ
لە سەرەتای هەشتاکان دا، رادیوی لەندەن نوکتەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت
بە دوو خەڵکی دیهاتی لەندەن، کێ بەر کێ لە نێوانیان دایە، ئاخۆ کامەیان
لەوی دی شارستانیترە، یەکێکیان دەڵێی، لە گوندەکەی ماڵی باپیرم چاڵیان
لێ دا، کۆمەڵی کابڵیان دۆزییەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، باوباپیرم بە
جیهازی تەلدار کونتاکیان گرتووە، لە وەڵامدا ئەوی دیکەیان دەڵێی، ئەمە
چی یە، لە گوندەکەی ماڵی باپیرم چاڵیان لێدا، هیچیان نەدۆزییەوە، ئەمەش
ئاماژەیە بۆ ئەوەی باو باپیرم بە جیهازی بێ تەل تەماسیان گرتووە،
کەواتە ئێمە لە ئێوە شارستانی ترین، یەکەم کەس کە تەلەفونی دۆزییەوە لە
ساڵی ١٨٧٦ ئەلکساندەر گراهام بیل بوو، لە ساڵی ١٩٠٠ توانی لە نێوان دوو
شار تەلەفون بکرێ، کەچی لە ساڵی ١٩١٥ پەرەی پێدا توانرا لە نێوان دوو
کیشوەر تەلەفون بکرێ، با بێنەوە سەر نیوتن، کاتێ نیوتن بینی سێوێک
لەداری کەوتە خوارەوە ئاکام یاسای کێشی دۆزییەوە کە پێناسەکەی ئەوەیە،
دوو هێز لە گەردوون دا، هەر یەکی ئەوی دیکەیان ڕائەکێشی بە ئەندازەیەکی
یەکسان و ئاراستەیەکی پێچەوانەوە، لەسەردەمێکی تر لە ساڵی ١٧٣٧ کالفان
پسپور بوو لە زانستی ئەتومی (تشریح) لەکاتێ پارچە، پارچە کردنی بۆقێک
بینی تەوژمی کارەبا لە نێو لاقەکانی دایە، زانایەکی دی بە نێوی فوڵتا
کاتێ بینی لاشەی بۆقێک لە نێوان میتاڵ و مسێک هەڵواسراوە، تێبینی ئەوەی
کرد گوشتی بۆقەکە لەلای مسەکەوە گرژ هەڵگەڕاوە، فوڵتا ئەوەی تێبینی کرد
کە ئەوە تەوژمی کارەبایە لە نێو لاشەی بۆقەکە لە میتاڵێکەوە بۆ
میتاڵێکی دی گۆڕانی بەسەر دێت، تا وەکو زانایەکی دانیمارکی لەسەر
بنەمای ئەم بیروکەیە باتری دۆزییەوە، کاتێ کە دوو میتاڵی وەک زیوو زەنگ
بە (توالي) بەست لە نێو شلەی ئاوو خوێی، کارتون لە نێوانیان دانا،
تەنانەت ئەوەشی دۆزییەوە کە تەوژمی کارەبا بەسەر کومپاسێک(قیبلەنوما)
تێپەری، دەرزی مو گناتیسی قیبلەنوماکە دەجوڵێنی، کەواتە پەیوەندی لە
نێوان تەوژمی کارەباو شەپۆلی کهروموگناتیسی هەیە، دواتر لەسەر ئەم
بنەمایە داینەمۆ لەسەر دەستوری دەستی چەپ و ماتۆر لەسەر بنەمای دەستوری
دەستی ڕاست دۆزراییەوە، تەنانەت لە ساڵی ١٨٠٩ زانایەکی بریتانی بە نێوی
توماس ئەدیسون گڵوپی کارەبایی داهێنا کە بریتی بوو لە مادەی تینگستن لە
نێو شوشەیەکی بەتاڵ لە هەوا، ئەمە پێشەکی یەکی کورت بوو دەربارەی
پەیدابوونی کارەباو شەپۆلی موگناتیسی، وە ئاشکرایە سەرەتای سەدەی
بیستەم بیروکەی کومپیوتەری سەرەتایی دۆزراییەوە بەتایبەتی لەساڵی ١٩٤٦
لە لایەن زانایەکی ئەڵمانی جیهازێکی سەرەتایی کومپیوتەر دۆزراییەوە بۆ
کاری ژماردن، زمانی پروگرامەکەی سادە بوو، دواتر لە شەستەکان لە
وەزارەتی داکۆکی ئەمریکا (بنتاگون) کومپیوتەر بەکارهات، قورساییەکەی
نزیکەی تونێک بوو، ئیدی کومپیوتەر ساڵ لە دوای ساڵ گۆڕانی بەسەر هات،
ژمارەی کابڵەکان کەم کرایەوە، قەبارەکەی بچووکتر بووەوە، تەنانەت لە
بواری تەلەفونیش دا هەر وابوو، جاران تەلەفون لە نێوان دوو شار دەبوایە
بە ستوونەوە تەل ڕایەڵ بکرێ، تا دواجار لە پایتەختەکان تاوەر دانرا
بەمەبەستی پەیوەندی لەگەڵ شارەکان، بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیستەم شوڕشی
تەکنولوژیا و جیهانی دیجیتاڵی رەقەمی تەقییەوە، لەسایەی ئەمەدا جیهان
بووە گوندێکی بچکوڵانە، تا دەهات کومپیوتەر بچووککرایەوە، تەنانەت
لاپتوپ هاتە کایەوە، دواتر قەبارەی لابتوپەکان تا دەهات بچوکتر دەبوەوە،
سیستەمی بلوتوث دۆزراییەوە لەسایەی بلوتوث دا، تەماسی نێوان لابتوپ و
پرنتەر بەبێ کابڵ ڕایی دەکرێ، لێرەدا ئەگەر بگەڕێنەوە سەرەتای سەدەی
بێستەم، کاتێ سەردەمی ڕادیو و تەلەفزیون و ئیزگە بوو، ئەو دەمە
پێویستیان بە لامپ بوو بۆ ئیش پێکردنی ئەم دەزگایانە، لامپی دووگانگی،
بە واتایەکی دی دوو جەمسەری کە روڵی سویچی گێڕا، بەکارهێنانی ئەم
لامپانە کاتی دەخایاند بۆ پێکردن و کوژاندنەوەی ئەم دەزگایانە بەڵام
دواتر ترانسستەر دۆزرایەوە، دۆزینەوەی ترانسستەر شوڕشێکی گەورە بوو لە
دونیای ئەلکترونێک دا، ترانسستەر هەم بە پەلە ئیش دەکا، هەم قەبارەی
بچووکە، هەم تێچووی کەمە، هەروا لە بواری تەلەفون ئەوەندە گەشەی
بەخۆیەوە بینی چی دی پیویستی بە تەڵ و کابڵ و ستوون و تاوەر نەبوو، تا
دەهات قەبارەی تەلەفون بچووک بووەوە، چی دیکە خەڵک پیویستی بە تەلەفونی
سەر مێز نەبوو، تێکرای خەڵک بە هەژارو دەوڵەمەندەوە توانیان تەلەفون و
موبایل لە گیرفانەکانیان هەڵگرن و بەکاری بهێنن، نهێنی بچووک بوونەوەی
قەبارەی موبایل بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئایسی و پروسیسوری موبایل لە
توێژاڵی لەشێوەی گەیەنەر (رقائق من اشباە الموصلات) وەک سلیکۆن دروست
دەکرا، ئەمە وێرای بچووک بوونەوەی دایود و کەپاستی و ترانسستەرو ئایسی،
ئیدی گەشەکردن لە بواری موبایل بەوەوە ڕانەوەستا بەڵکو سیستەمی Touch
هاتەکایەوە لە رێگای Screen شارمەوە ئیدی بە نوکی پەنجە مروڤ دەتوانی
کێبورد بە کاربهێنی بۆ نووسینی پیت و ژمارەو، لێرەدا دەتوانین بڵین
گەشە کردنی بەرچاو پەیدا بوو لە بواری هارد وێر و سوفت وێر، بۆ بەرچاو
روونی هارد وێر مەبەست خۆدی جیهازی کومپیوتەرو موبایلە لە رووی
پێکهاتەی ئەلکترونی و ماتریاڵی یەوە، دەکرێ دەسکاری بکرێ و پارچەی
بگۆڕدرێ و چاک بکرێتەوەو (صیانة) بکرێ بەڵام سوفت وێر لایەنی پروگرام و
ئاپ دەگرێتەوە، وەک ئاشکرایە لابتوپ یان موبایل لەسەر بنەمای سیستەمی
کوانتومی ئیش دەکا کە سیستەمێکە لە نێوان یەک و سیفر دایە، کەواتە
جیهازی ئەلکترونی لە کاتی ئیش کردن بە پێ سیستەمی کوانتومی پێ دەبێ و
دەکوژێتەوە، لێدانی دڵی مرۆڤ بە پێ سیستەمی کوانتومی لێ ئەدا، بەم
شێوەیە ئەتوانین گوزارشت لە سیستەمی کوانتومی بکەین، هەم هەیە ، هەم
نییە، ئەمە زمانی بنەڕەتی جیهازەکەیە، لێرەدا ژمارە سیفر وەک سیمبولی
بێدەنگی یە لە زمانی نوتەی موسیقادا، لێرەدا ئەگەر بتەوێ لەگەڵ جیهازی
کومپیوتەر یان موبایل بدوی پیویستت بە پروگرامی زمانە وەک PHP, Ruby,
C#, C++, Javascript, Java,Python ئەم زمانانە بریتی ین لە سیمبول و
فەرمان لەو رێگایەوە دەتوانین فەرمان بە جیهازەکە بکەین لە رێگای
زانستی Algorithms کە لەسەدەی نویەم لە لایەن زانایەک وەک محەمەد کوڕی
موسای خوارزمی هاتەکایەوە، هەرچەندە پێشتر بنەمایەکەی لای زانایانی
یونانی یەوە هەبوو وەک ئەقلیدس و ئەرخەمیدس، زانست خوارزمی بریتی یە لە
Input and output و دووبارەبوونەوەو سەرەتاو کۆتایی، کەواتە هەموو
پروسەیەکی خوارزمی بە شێوەی لۆژیکی بەرێوە دەچێ، بریتی یە لە سەرەتاو
کۆتایی، بریتی یە لە تێخستن و دەرخستن، بریتی یە لە دووبارەبوونەوە،
سیستەمی خوارزمی بە واتای هەنگاوی یەک بەدوای یەکدا، سیستەمی خوارزمی
سەرەتا لە نێو یەکەی سروشت دا بوونی هەبووە دواتر پەریوەتەوە بۆ نێو
یەکەی بایلۆژی مێشکی مروڤ، ڕەنگی داوەتەوە لە سیستەمی بیرکردنەوەی مرۆڤ
دا، مێشکی مرۆڤ بە پێ سیستەمی خوارزمی، خود ئاگاە و ناخود ئاگای ئیش
دەکا.
وەک گوتمان ئەم گۆڕانکاریانە لە بواری قەبارەو چلونایەتی و شێوەی ئیش
کردن و نرخ و تێچوونی رادیوو تەلەفزیون و کومپیوتەرو موبایل و یاری
مناڵان هاتە کایەوە، ماڵئاوایی بوو لە دام و دەزگای گەورەو زەبەللاح،
ماڵئاوایی بوو لە کابڵ، ماڵئاوایی بوو لە کاغەز، ئەم گۆرانکاریانە
هەنگاوی عەمەلی و سەرکەوتووانە بوو لە کەمکردنەوەی پانتایی شوێن، لە
قەرەباڵغی کابڵ، لە کەمکردنەوەی کاغەز، ئەم هەنگاوە خۆی لە خۆی دا
یارمەتی دانی پاقژی ژینگەیە، بۆ نموونە چەند ساڵێک پێش ئێستا لە شاری
ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کە دەچووی بۆ کتیبخانە دەبوایە پاڵ بنەیتە
دەرگای سەرەکی و بچیتە ژوورەوە، چەندین فەرمانبەر دانیشتبوون ئیشی (صادرة
و واردة) یان دەکرد سەبارەت بە قەرز کردنی پەرتووک و گەڕاندنەوەی، بە
قەلەم و کاغەز دەیاننووسی و ئیمزایان دەکرد بەڵام ساڵانی دوایی وای
لێهات بە چەند شارمێک ئیشەکە ڕایی دەکرێ، پروگرامیان لە سەر ئەو
شارمانە داناوە لە رێگای تاچەوە توماری ئەو پەرتووکانە دەکا کە دەبرێنە
دەرەوە هەروا ئەوانە کە دەگەرێنڕەوە تەنانەت دەرگای سەرەکی بە ئاپی
موبایل دەکرێتەوە، لە بواری پاسی نێو ئۆسلۆ جاران کارتی کاغەز هەبوو،
جیهازێک بەشێوەی میکانیکی ئیشی دەکرد سەعاتەکەی دەنووسی هەتا ئەم
ساڵانەی دوایی جیهازەکان بوونە تاچ، کارەتەکانیش بوونە کارتی هەمیشەیی
ئەلکترونی، کە هەموو جارێ پارەی تێ ئەکرێ و بەکار دەهێنرێ، بەبێ ئەوەی
ژینکە بە کاغەزو کارت پیس بێ، لە کۆتایی ئەم بابەتەدا دەبێ بڵێین
ماڵئاوایی لە کامیراش کرا، لە رۆژگاری ئەمرۆ دا کامیراکان لە
مۆزەخانەکان دانراون، مەبەستم کامیرای مۆدیلی کۆنە، بوونەتە بەشێک لە
یادەوەری ڕابوردوو، ئێستا هەموو جیهازێکی تەلەفونی مۆبایل دوو کامیرای
تیایە، پاش و پێش، پێوانەی وێنەکە بە مێگا پکسل دەپێورێ، هەر میگا
پکسلێک ملیونێک پکسلە، هەرچەندە ژمارەی پکسلەکان زۆرتر بێت وێنەکە
زیاتر وردترو جوانترە، ئەمەو هەستیاری کامیرای رەقمی چ لە کومپیوتەری
هەوری دا یان لە مۆبایلی ئایفۆندا.
١٩\١١\٢٠٢٤
- ئۆسلۆ
ماڵپەڕی
هاوڕێ نەهرۆ
|