په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٤\٢٠٢٦

    ماڵئاوا!


تاڤگە سابیر

دەڕۆی و ئیتر ماڵئاوا!
لە پیاوی بەردەم پەنجەرە هەمیشەییەکان
ئەو پیاوەی دەستەکانی مشتێ باران ناگری
خەو بە ھیچ ژنێك نابینی
ئەو بێ گوناھەی نیشتمان نییە
ئەو پیاوەی خەونی زڕاوە بۆ هەمیشە!
دەڕۆی و لە نێوان شار و ھێمنییدا
لە نێوان نیاز و مردندا
سەیری ئەو کۆشکە بێ ڕێزانە کە پڕن لە بێزەوەریی نوستوو!!
سەیری ئەو باڵەخانە بێ پەنچەرانە کە
سەیری ئەو گوڵانە کە لە تەنیایی ئەڤینداران نوستوون
ئەو گووفەکانەش ببینە پڕن لە باڵندەی جێماو!
لە گەشتی ھەور بۆ دوورترین گوناهـ
تا چاو بڕدەکا ھەر پیاوەو ھیچ هەست و سۆزێک نابینی
تا چاو بڕدەکا ھەر دارستانەو ھیچ جریوەیەک نابیستی
تا چاو بڕدەکا ھەر ئاوێنەیەو کەس بە ڕوخسارێك ڕازی نییە
ئەڤینداران لە یەکدی ون دەبن
ھاوڕێیەکان لە یەکدی دەتورێن
کەچی کەس لەو گۆڕستانە خەستەدا
مردووی خۆی لەیاد ناکا و
کەسیش مردووی لێ ون نابێ
من لە تۆ و تۆ لە من
بە دوو باڵی شەڕفرۆش و بە دوو دەستی گوناھبارەوە
ئەو خانووەشـمان بەجێهێشت تاوێك هۆگریی تەنیاییمان بوو
ئەو پیاوە جاڕسە خەو بە دەریایەکەوە دەبینێ
دوورترین ئاو لە مەرگ، نزیکرین، ڕوونترین پەنجەرە لە دڵنیایی
ئێستا ماندوترین کەس لە من
ئەو ڕێبوارە تاقانەیە مانگی دەوێ بۆ ژوورەکەی
ماڵییکردنی ئەندێشەی ھەموو گیانلەبەرەکان و
گەشتکردن لەگەڵ ئاودا
تا کۆتایی ڕەشبینیی درەختە پیرەکان
ئێستا لە من ئەڤیندارتر ئەو کەسەیە
ھەموو چراکانی ھەڵکردبێ و سەروەریی باخچەکان بکا
میری کۆڵان و چرپەی بیابان و دوا وەنەوزی گەڵاکان بێ
ھەموو شەوێك بچێتە سەر بەرزترین لووتکەی ئومێد و ھاوار بکا
منم رۆشنترین پیاوی وێرانە
دەنگی ئاوەدانیی ئەم دارستانە بێ خاوەنە
منم ڕێی نیشتمانە هەمیشەییەکان دەزانم
دەرگای ئەندێشەکانی ئێوە دەکەمەوە
بە باوەش ڕووناکیی بەسەر منارە خامۆشەکاندا دابەشدەکەم
ئەڤیندارترین کەس لە من ئەو پیاوەیە
لە سێبەری گۆرانییەکاندا
گوڵی نووستوو، کاهینی تەنیا و ئاوی سەرھەڵگرتووە.

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک