١\٤\٢٠١٢
پهخشانه شیعر:
ماڵێک لە پەپوولە
و پیاسەیەک بە غوربەتدا...

شوان عوسمان
ماڵەکەم چەند
جوانە ،
کاتێک پەپوولەیەکی جوان ،
بە بێ روخسەت دێت و
ھەر لە حەوشەوە بەدەم فڕکەوە ،
باخێک دێنێ و
بۆنێک دێنێ...
رەنگ ئەبارێت و
گوڵ ئەبارێت...
ئەو دێت و
ماڵ پڕ لە پەپوولە ئەبێت...
بە گەیشتن باڵە تەنکەکانی لەیەک ئەدا ،
تا رەنگ داوەرێنێ..
ماچ بوەرێنێ...
تامێک بێنێ..
باخێک لە رەنگو تامو ماچ ،
لە مندا بچێنێ..
ئەو دێت و
تا تاقودیوارەکانی ماڵەکەم ،
لە رەنگێک بنەوشەو
بۆنێکی بنەوش ،
بسوێت..
تا وەکو باخێکی تەڕ لە مندا بڕوێت....
بەو رەنگە جوانانە ،
چەند لە پەریەکی ناسک ئەچیت ،
کاتێک رەنگ لە باڵەکانت دائەوەرێنی ،
تا ماڵەکەم بە رەنگ داماڵێنی ،
تا ماڵەکەم جوان ببێت ،
وەکو خۆت..
بۆنخۆش بێت وەکو خۆت...
باخێک لە نەخش و
نەزمێک لە نۆتەی مۆسیقا ،
بۆ حەوشەی ماڵەکەم دێنی..
تۆش ئەی گوڵ ،
بە لاولاوی کەدەکانت بلێ ،
با بە کۆڵانە تەنگەکانی دڵم لاسکەکانت ،
داگەڕێت ،
تا رەنگ بێت و رەنگ ببارێت..
گوڵەماچ بە سەریدا بوەرێ و
رۆحم بە سەر رۆحت داوەرێ...
دڵم بە باڵی نەشئەت ،
باڵ ببێت و
لە ھاوسەفەری ھەناسە دانت نەبم ،
من بەو سەفەرە بێ ئۆباڵەم ،
تازە رازیم ناچارم...
تا باڵم ھەبێت باڵ ئەگرم و
بە فرکەوە دێمەوە بۆ لات ،
تا بە ناو رۆحت فڕکەم بێت ،
تێر بفڕم...
تا بە سەر ماڵێک لە تۆۆ
رۆحێک لە تۆوە بنیشم..
لەوێ گەرای ماڵێک لە رێحان ،
بەیارێک لە ترێو شەراب ،
رووبارێک لە ماچ و
ئاوێکی رووت بە نیازی رووتبوونەوەیەک ،
تاڤگەیەک تام وتەزوو ولەزەت ،
دابێنین و
دائەنێین...
بۆنی ماچێک دەستی پیاسەیەکم ئەگرێت ،
بۆنی گوڵێک لە سەر باڵی پەپوولەیەک دێت...
لەو ناوە پەپوولە بە دوای رەنگ و
تام وبۆن وماچ ئەگەڕێت ،
من لە گەڕانم بە دوای تۆدا ،
شتێک ھەیە لە تۆ بۆ خۆت رامئەکیشێت ،
نازانم رەنگە یان بۆنە یان تامە ،
یاخود ماچێکی سەرشێتە بەرەوپیرم دێت..
یاخود ھەموو شتێکەو
ھەموو شتێکیش لە تۆ دەستم ئەگرێت..
تۆ چ گوڵێکی ،
بە ئاوی کام کەوسەر باڵات حەزرەتی گرتووە ،
بە رەنگی باڵی کام پەپوولە ،
باڵات رەنگی کردووە..
ئەوە ماچی تۆیە لەو ناوە بە پیاسەیەکەوە ،
بە دوای سۆراخی مندا ئەگەڕێت..
وەرە ئەی دڵپەپوولە ،
بە پەریزادی دڵت بلێ ،
من لێرەم لەو شوێنەی دڵو گوڵ و
پەپوولە بەیەکەوە ئەگەن ،
من چاوەرێتم...
تا مردن لە ژوانی سەر رێتم...
وەرە ئەی دڵرێزان ،
بە رێزانی دڵی خۆت بڵێ ،
تا رەنگت ھەبێت ،
تا دەنگت ھەبێت ،
من دەست لە بۆن و
دەست لە ماچ ودەست لە باخ و
دەست لەتامت ھەڵناگرم ...
من بە تینێک لە ھەناسەتەوە ،
تین ئەگرم...
من بە فوویەک لە زەردەخەنەتەوە ،
فێ ئەگرم ،
باڵئەگرم...
کوو ئەتوانم دەست لە ھەناسەو
دەم لە ماچ و
ماچ لە دەمی تۆ نەدەم...
من تازە ئەوە نیم لە دەست خۆم بم ،
من ئەوەم لە دەست پیاسەی ھەناسەی ،
تۆدام...
ئاسان نیە دەست لە گوڵێک بەردەم ،
کە ئینجانەیەک بێت لە بۆن و
لە رەنگ ولە ماچ ولە تامی تەڕ...
ژیان لای من ھەر ئەوەندە خۆشە ،
تا دەستم لە دەفێک گیر ئەبێت ،
بۆ ژەنین..
ئیتر ژانەکانی خۆم رائەژەنم ،
تا ژیان بە بێ گۆرانی نەڕوات...
کە گۆرانی نەما ،
ئیتر ژیانیش تەواو ئەبێت ،
دەست لە خۆت بەرمەدە ،
گۆرانیەک بلێ...
تا پیاسەیەک بۆنی ئێوارەیەکی خەمگینی ،
پێوە مابێت ،
تا شنەبا حەز بکات چاوبازی ،
لەگەل چاوە جوانەکان بکات و
بە ھەناسە دەست لە کەزیەکانت وەردات ،
تا منیش وەکو گەریدەیەکی سەراسیمە ،
بەر لە بەربانگی ئێوارەیەکی غوربەت ،
کە میلی کاتژمێر حەز لە سەر بڕینی ،
ھەناسەم ئەکات...
لە ئەوەل سەحەریەکی خەواڵوو ،
بە مەنزلێک لە عیشقی رووتی مەنفادا ،
کە بە سەرفترەی ماچی رێبوارێکی ھەمیشە ،
سەرخۆشم....
من بە ناو رارەوەکانی ماڵی تۆدا ،
پیاسەیەک ئەکەم ،
تا لەگەلتدا شۆڕ ببمەوە ،
تا لەگەلمدا شۆڕ ببیەوە..
تا بۆن ھەبێت ،
تا ماچ ھەبێت و
تاشەکرە بزەو مۆسیقای تاری دەنگێکت مابێت ،
من دێم وفڕکە ئەکەم...
تۆش بە ناو ژوورەکانی ماڵی مندا ،
فڕکە بکەو بۆن ببارێنە ،
پیاسە بکەو رۆحم بە رۆحت دابارێنە...
ماچ ببارێنە ،
تا ماچێک دێت ولە ئێوارەیەکی وەرانی پەلکەکانماندا ،
پیاسەیەکمان پێ ئەکات...
بۆنی پەلکێک جاترەی رابردوو و
لەگەل رەنگی لالنگیە نارنجیەکانی بەر ،
ئاسۆی غوربەتی ئەمڕۆکە ،
خەواڵوویی خەونێکی مەنفامان لە بیر ئەباتەوە...
با لە ماڵێک بگەڕێین کە بۆنی پەلکی رێحان و
لاسکی نێرگز سەرخۆشمان ئەکات...
بارانێک لە گوڵ ،
بارانێک لە عەتر ،
بارانێک لە رەنگ ،
بارانێک لە ماچ ،
تەڕمان ئەکاتەوە...
تا تەم ودوکەڵی بۆنسۆی ماڵی دوێنێکەمان ،
راپێچێت...
بە بۆنی بخوردێک ورەنگێک کافوری ،
تەمێک لە ھەناسەی چلەپونگێکی تەڕ ،
ھەناسەمان بتەنێت و...
گەروومان بتەزێنێت...
ھەورازمان لێ بگۆرێت...
تێکوپێک دە ئەی شەدەلاری مەنفای من ،
ئەو ماڵە مەنفا ساردو
کۆن ومیراتە سەر بەکەسەرەم....
با ئاساری لە سەر پاسار نەمێنێ...
بە توولەرێی ھەندرێنی خەونەکانم ،
سەرکەوە تا رۆحت سەرکەوێت ،
تا رۆحی منیش سەرکەوێت...
ئەی مەزەداری من....
تا من بتگەمێ و
رۆحم بتگاتێ ،
دەستم بتگاتێ ،
ھەستم بتگاتێ..
جەستەم لە بۆنێکت گیر بێت ،
تامێکم لە تامی تۆ بەرکەوێ...
تۆ ئەی تۆ چەند سەرسامم بە تۆ ،
تاوێک بۆنم پێ ئەدەی ،
تاوێک بۆنم لێ ئەبەی ،
تاوێکیش تێکوپێکم ئەدەی ...
ھەموو شتێکم لە بیر ئەبەیەوە...
بۆنی رێحانت بە ئاوی سەراب ئاو نادرێ ،
وەرە تا زووە سەری شوشەی عەترت فڕێدە ،
بامن تاوێک سەرخەوێک لەناو ئەو شوشەیە بشکێنم...
تا ھەناسەم تەڕ کەمەوە ،
تا خۆمی پێ تەڕ کەمەوە...
بنەوشی تەمەنت سەمایەکی دەروێشانەی ئەوێ...
ئەگەر خەندە نەبێت لێو بە بۆیە نارازێتەوە..
رێ لە کزەبایەک مەگرە ،
کە لە ژوانی ئێوارەی غەریبی دوورەوڵاتیم ،
پیاسەیەک بە رۆحت ئەکات...
مینای پەنجەرەکانی رۆحت ،
لە باڵی پەپوولە ناسکترن ،
لەبەردەم ھەناسەی سارددا خۆیان راناگرن ،
سەری پڕ لە شێرو رێویم ،
سەرسنگی تۆی ئەوێ تا بە سەرخەوێک ،
ھەموو ئەو سەینو بەینانەی ،
بێم یان نێم ،
داڕمێنێت....
بە شیلەی پێکەنینێک ،
جامێک لە مرەبای گێلاسی تریفەم ،
لە پێش دائەنێی...
بە لیکی شامی بەتووی (رێھەند)ێکت ،
بارانێک لە موحیبەتی تەڕم ئەوێ...
گەڵارێزانێک لە رەنگی پەلکی کەسکی چاوت ،
داوەرێنە...
بە شانەی سۆرومۆری پەنجەکانت ،
پەڵکەزێرێنەیەک لە خەونەکان دابەزێنە ،
با رەنگ ببێتە ئاوو بە ھەموو کەلەبەرەکاندا ،
بڕوات...
بەستە ببێتە پەپوولەو
پەپوولەش بەستە بۆ بێدەنگی بلێت....
بە سەر دڵ وماڵم شنەبای رۆحێک دابارێنە ،
لەو سوبحی نەسیمی وادەی من و
بادەی مەنفا نەڕژاوەدا ،
کەی وادەی کۆچ وسەر ھەڵگرتنە ،
بۆ مەفتەنێک کە دوور بێت ،
لە چاوی غەریبی من..
ماڵەکەم چەند جوانە کاتێک مەلی ماڵی ئەوینی تۆ ،
لە دەرکەی ماڵی من ئەدات و
بە دەم سروەی جریوەیەکی تەڕ ،
ماڵەکەم پڕ لە سیمفۆنیای ئاوازی عیشقت ئەبێت...
ماڵی دڵم چەند خۆش وچەند نەرم ،
بەسەر ئەکەیەوە..
بە ھاتنت ماڵم چەند خۆشەو
دڵم چەند خۆشە ،
بە نەزمی عەزفی مەراسیمێک لە خوڕە ،
خوڕەیەک لە ئاو تەڕتر ،
ماڵەکەم تەڕو پڕ مۆسیقا ئەکەیەوە..
بە سەر ماڵی حەزینی پێکەوەژیانی باوبارانم ،
ئاوازێکی حەزین بە باو
سۆزێکی سەرخۆش بە باران ،
سەرخۆشتر ئەکات ھەناسەو
گۆرانی ناو گەرووی مەنفامان...
ماڵەکەم چەند جوانە کاتێک منو تۆ ،
بە سەمایەکی سەرشێتانەی دوور لە چاوی ،
پاییزو بروسکەو ھەور ،
بە دوای بارانێکی عاشق لە بەھاردا ،
سەر ھەڵئەگرین ،
تا خۆمان لە عەبەسیەتی خۆمان ،
لە یاخی بوونی خۆمان ،
بە دوور بگرین..
بەرەو عیشقێکی ئەبەدی بفڕین و
دوور بفڕین.....
بەو بەزمەش ئەگەر تا بەیانی لەگەل یەک بین ،
نە ترێمان ئەوێت ،
بۆنی شەرابیشمان ناوێت ،
بە بۆنی ماڵەکەمان سەرخۆش ئەبین...
ماڵەکەمان بەوە جوانە ،
کە لەگەل یەک بین....
ماڵەکەم چەند جوانە کاتێک ،
پەپوولەکانی من وتۆ لە بن ئەو بنمیچەدا ،
گەمە بە رەنگەکانی سەر باڵی یەکتر ئەکەن و
ماڵمان پڕ رەنگ و
رەنگمان بە بارانێکی تەڕ ،
رەنگاورەنگ ئەکەن...
بەو بارانە بۆنخۆشە ،
نەسیمی کزی بەر پەلکە وەراوەکانی غوربەت ،
بە پەلکێک زێڕینی ناسک بە عیشق ،
بۆ ماڵەکەم دێنی...
ماڵێک پڕ لە بزەو تریقە ئەکەی و
ئامێزێک ئاوەدان ئەکەیەوە...
ھێشووەماچ لە ساپیتەی ماڵ و
باخی نائاوەدانی ماڵەکەم ،
دائەچێنی....
دەبا پەپوولەکان بێن و
رێیان لێ نەگرین..
تا ماڵەکەمان پڕ لە شیلەو
پڕ لە بۆن وپڕ لە ماچ وبزەو
پڕ لە شیعرو پڕ لە ژەنینی تار ئەکەن....
چیتر لە ئێوارانێکی غەریبدا ،
سەرھەڵنەگرین و
جادە غەریبەکان پێمان دانەگەڕێن..
با پیرەژنە پیرەکانی بەر دەرگاکان ،
بە خێسە بە دوامان نەگەڕێن ،
ئەوانیش تاقەتیان لەوە چووە ،
ئەوەندە لێمان بڕوانن...
با بە ئارەزووی سۆزێکی رەقوتەق ،
خۆمان نەدەینە دەست جادەیەکی رەقوتەقی ،
مەنفا...
با وسلێکی تەڕ بە ئارەزوومان ھەڵگرین ،
تا پەپوولەکان بە بەرماڵێک بگەڕێنەوە ئەو ماڵە ،
تا نوێژێک بۆ جەمعی یەکتر ،
بە جەماعی بەیەکەوە بکەین...
دەبا چیترلە غوربەتێکی غوربەتدا ،
گۆرانیەکی خەمگین بۆ غوربەتی یەکتر ،
نەلێین...
خۆ ئێمە لە سەرکانی خەلوەتێک داین ،
بۆ لە سەرچاوەی ئاوی خەڵوەتێک ،
بگەڕێین....
ئەو ماڵەی جارێک پەپوولە پیاسەی تێدا بکات ،
جارێکی دیکەش دەرکەی حەوشەکەی ،
بۆ پیاسەیەک داناخرێت...
٢٦\١٢\٢٠١١
- ئەلمانیا - بۆن
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|