ماڵی نان بڕاوان..!!.
حه‌مید عه‌زیز
نان بڕین و برسی کردنی مرۆڤ تاوانێکی هێنده گه‌وره‌یه هه‌روه‌کو تاوانی کۆمه‌ڵ کووژی و ئه‌نفال و کاری تیرۆر وایه ته‌نانه‌ت ده‌توانم بڵێم زیاتریشه چونکه کووشتنی ئاده‌میزاد یه‌کجاره به‌ڵام برسێتی سه‌دجار کووشتنی مرۆڤه له‌ڕۆژێکدا . له‌یاسای نێوده‌وڵه‌تی نوێ دا کووشتنی مرۆڤ به‌پلان و به‌رنامه داڕێژراو بێت ده‌چێته خانه‌ی کاری تیرۆریستی یه‌وه بۆیه ئه‌مه ڕه‌شترین و ترسناکترین کووشتنه به‌رامبه‌ر به‌مرۆڤ ده‌کرێت.
نان بڕین له‌ووڵاتێکدا که‌ڕووده‌دات بێجگه له‌وه‌ی مرۆڤ بێ هیوا ده‌کات به‌ژیان و به‌ووڵات له‌لایه‌کی تریشه‌وه مافی هاووڵاتی بوونیش ده‌سڕێته‌وه له‌وه‌ش خراپتر کارێکی زۆر ده‌کاته سه‌ر باری ده‌روونیی ماڵ و منداڵ و لاپه‌ڕه‌یه‌کی ڕه‌شی تاوان و زووڵمی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و نیشتمانه‌ی له‌لا تۆمار ده‌بێت که‌هه‌رگیزاو هه‌رگیز بیری ناچێت و دڵسۆز نابێت بۆ ئه‌و خاکه‌ی که‌تێیدا برسی و ڕووت و ڕه‌جاڵ بووه . ده‌بێت ده‌سه‌ڵات یان حیزب که‌ئه‌وکاره ده‌کات و نانی خێزانێک ده‌بڕێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕاوبۆچوونی جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا به‌ڵام ده‌بێت بیر له‌وه بکاته‌وه که‌ئه‌و که‌سه‌ی تاوانباره له‌ڕوانگه‌ی حیزبه‌وه نابێت ماڵ و منداڵه‌که‌شی تاوانبار بکرێت و سزابدرێت ئه‌وه گه‌وره‌ترین تاوانه به‌مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی .. ئه‌ی که‌واته کوا بودجه‌و ماف و به‌شی هاووڵاتی له‌داهاتی نه‌وت و گومرگ و له‌سه‌دا حه‌ڤده‌که . ئه‌مانه‌ی که‌نان بڕاو ده‌بن هه‌موو ئاسایش و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ی دێرینن ئه‌ی ئه‌وانه‌ی که‌بێکارن بڵێن چی و چی بکه‌ن و چۆن بژین.
زۆرمان هاوار کرد بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی که‌نه‌که‌ن مرۆڤی کورد سه‌قه‌ت بکه‌ن و که‌سایه‌تی تێکبشکێنن چونکه له‌کۆتاییدا کاره‌سات ڕوده‌دات . برسی کردن و نان بڕین و ده‌رکردنی مرۆڤ له‌سه‌ر کاری خۆی پاڵه‌په‌ستۆیه‌کی گه‌وره‌ی ده‌روونی دروست ده‌کات که‌مرۆڤ هانده‌دات بۆ تاوان و کاری خراپ و هه‌ندێ جاریش بۆ دزی کردنیش که‌مرۆڤ زۆری برسی بێت یان ماڵ و منداڵی برسی بن ئاماده‌ی هه‌موو کارێکی خراپ ده‌بێت . به‌ڕاستی ئه‌وه هانده‌رێکه بۆتێکدانی کۆمه‌ڵگای کوردی و ده‌بێت ئه‌و ده‌سه‌ڵات و حوکمه‌ته‌ی که‌میلله‌تی خۆی برسی ده‌کات له‌به‌ر ڕای جیاواز به‌ڕای من ده‌بێت ئه‌و حیزب و ده‌سه‌ڵاته بدرێنه دادگا . به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌مافی مرۆڤی تێدایه که‌مرۆڤ تێیدا به‌رکه‌ماڵه له‌مافه‌کانی وه‌کو وه‌رگرتنی بیمه‌ی بێ‌کاری که‌بێکار ده‌بێت و یان یارمه‌تی موچه‌ی شاره‌وانی که‌مرۆڤ بۆماوه‌یه‌کی زیاتر بێکاربوو . ده‌با ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌راوردێک بکات له‌گه‌ڵ ئه‌و نان بڕینه‌ی لای خۆمان و ئه‌و بیمه‌ی بێ‌کاری یه‌ی لای ئه‌وان .. ! . ئه‌و حیزبه‌ی که‌خه‌ڵکیی خۆی نان بڕاوو برسی ده‌کات ئه‌و حیزبه هه‌تا سه‌رئێسقان دۆڕاوو قین له‌دڵ و زۆر منداڵانه ڕه‌فتار ده‌کات چونکه نازانێت ئه‌و کاره چه‌ند به‌زه‌ره‌ری خۆی ته‌واو ده‌بێت چونکه بادڵنیابێت سبه‌ینێی له‌ئه‌مڕۆ خراپتر ده‌بێت . جێی پێکه‌نینیشه هه‌ر هه‌مان حیزب که‌نانی خه‌ڵکیی ده‌بڕێت له‌شوێنێکی تردا به‌ناوی سۆسیال دیموکراسییه‌وه بانگێشه‌ی نان و ئازادی ده‌کات له‌وه ده‌چێت میلله‌تی کورد به‌گێل بزانێت.
برسی کردن و نان بڕینی مرۆڤی کورد هیچی که‌متر نی یه له شێوه تاوانی ئه‌نفال و به‌کۆمه‌ڵ کووژیی ژن و منداڵ و فۆرمی تیرۆریزمیی که‌به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه ستایڵێکی ڕه‌شی زۆر ترسناکتره له‌وان . حیزبی به‌عس زۆر نادادپه‌روه‌رو نایه‌کسان و دیکتاتۆر بوو به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی کوڕی یان برای پێشمه‌رگه یان به‌رهه‌ڵستکاری حوکمه‌ت بوایه نان بڕاوی نه‌ده‌کرد . زۆر هه‌بوون پێشمه‌رگه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی بوون و باوکیان یان دایکیان موچه‌ی خانه‌نشینیان وه‌رده‌گرت و به‌وه گوزه‌رانیان ده‌کرد که‌چی ڕۆژێک له‌ڕۆژان به‌عس به‌و هه‌موو خراپه‌کاری یه‌ی خۆیه‌وه موچه‌ی هیچ خانه‌نشینێکی نه‌بڕی به‌بیانوی ئه‌وه‌ی کوڕی یان برای پێشمه‌رگه‌یه که‌چی مخابن ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌رامبه‌ر میلله‌ته‌که‌یی و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ڕۆژانی سه‌ختتدا به‌رگرییان لێکردووه برسی و ڕووت و هه‌ژاری کردن . پێم وایه له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیداو له‌سه‌رده‌می مۆسۆلۆنی ، شاوشیسکۆ ، ستالین ، مارکۆس ، کاسترۆو .. هتد که‌نمونه‌ی که‌سانی سه‌رسه‌ختی تۆتالیتاری جیهانن بڕیاری نان بڕینی گه‌لی خۆیانیان ده‌رنه‌کردووه.
ئه‌م حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌ی سلێمانی ئازابوایه پاره‌و کۆشک و موڵکی بێ شوماری فایلداره‌کانی ناو سه‌رکردایه‌تی خۆی ده‌ست به‌سه‌را بگرتایه یان موچه‌و معاشی ئه‌و تاوانبارانه‌ی ببڕیایه که‌خیانه‌تیان له‌گه‌ل و نیشتمان کردوه ئاخر مامۆستایه‌ک یان فه‌رمانبه‌رێک له‌به‌ر ڕای جیاواز ده‌یکووژی له‌برسا که ڕاوو بۆچوونی جیاواز له‌هه‌موو ووڵاتێکی پێشکه‌وتوودا کارێکی زۆر ئاسایی یه‌و ئه‌گه‌ر ئاسایی نه‌بێت له‌لای ئێوه جارێ له‌وواتای ئازادی نه‌گه‌یشتون بۆیه . کارێکی تری ناشارستانی له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌یه که‌ئابوری و موچه‌و گوزه‌ران و ژیانی خه‌ڵکیی په‌یوه‌ندی به‌حوکمه‌ته‌وه هه‌یه نه‌ک به‌حیزب به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌کوردستان خه‌ریکه هه‌واو هه‌ناسه‌دانیش ده‌بێت مۆڵه‌تی حیزبی بۆ وه‌ربگریت هه‌رچۆن که‌له‌ماوه‌ی 18 ساڵی حوکومڕانی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا ئیشوکارو دامه‌زراندن به‌تواناو بڕوانامه‌و لێهاتوویی نی یه به‌ڵکو به‌ته‌زکییه‌ی حیزبه که‌ئه‌مه‌ش شێوازێکی زۆر کۆنی حیزب و ده‌سه‌ڵاته تاکڕه‌وی و دیکتاتۆریه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و ووڵاته عاره‌بی یه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌یه.
ماڵی نان بڕاوانیش ده‌بێت ڕ‌نگی که‌ش و هه‌وای ناو ماڵ و برسێتی ماڵ و منداڵیان چۆن بێت .؟. که‌خۆی پێش نان بڕینه‌که‌ی ژیانی کوله‌مه‌رگی بووبێت و هه‌زارو یه‌ک که‌موکوڕی و ده‌ردی سه‌ری هه‌بووبێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه بێن موچه‌که‌یشی ببڕن . زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌پێستی مرۆڤدان به‌ڵام له‌ناوه‌وه دڕنده‌و که‌ڵبه‌دارو که‌متیارو داڵه‌که‌رخۆره‌و بێ هه‌ستن مخابن هه‌موو که‌سێک بریتی نی یه له‌خوێن و هه‌ست و سۆزی مرۆیی جوان .. !!.
ئه‌وه‌ی له‌م ووڵاته‌ی ئیمه‌دا ڕوده‌دات باوه‌ڕناکه‌م له‌هیچ شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا ڕویدابێت .. !!.
ئاخر له‌کوێ و له‌چ سه‌رده‌مێکدا بووه که تاوانبار‌و خیانه‌تکاری نیشتمان ڕێزی لێبگیرێت و پله‌و پایه‌ی پێ بدرێت و هێزو سامان و ده‌ووڵه‌تی پێ بدرێت به‌ڵام خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووتی خه‌باتگێڕ نان بڕاوو برسی بکرێت بۆئه‌وه‌ی سه‌ری پێ نه‌وی بکه‌ن و که‌سایه‌تی بشکێنن و که‌م و بچووکی بکه‌نه‌وه به‌ڕاستی پاداشت و دادپه‌روه‌ری له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ میلله‌تی خۆی هه‌رئاوا ده‌بێت.
ئێمه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئێمه سه‌یرو سه‌مه‌ره‌مان دروست کردووه بۆ مرۆڤایه‌تی بۆیه له‌دروست بوونمانه‌وه هه‌تا ئێستا داهێنانێکی باشمان نه‌بووه که‌چی مۆدێلی کاری هه‌مه‌ڕه‌نگمان هه‌یه که‌هه‌رکه‌س چاومان لێبکات زه‌ره‌رمه‌ندو دۆڕاو ده‌بێت . له‌هه‌موو جیهاندا حوکمه‌ت به‌رپرسیاری میلله‌ته له‌هه‌موو کاره‌کانیدا به‌تایبه‌ت دامه‌زراندن و ده‌رکردن هه‌ردوکیان به‌ده‌ست حوکمه‌ته به‌ڵام له‌لای ئێمه نان و ژیان و چاره‌نوست به‌ده‌ست حیزبه . له‌هه‌موو جیهاندا له‌سه‌ر بنه‌مای توانا‌و بڕوانامه‌و لێهاتوویی کار به‌مرۆڤ و هاووڵاتی خۆیان ده‌ده‌ن له‌لای ئێمه به‌خزم خزمێنه‌و هۆزو تیره‌و ناسینه ئاخر چۆن مرۆڤی هۆشمه‌ند سه‌ری نائاوسێت له‌م کاره .؟. له‌هه‌موو ووڵاتانی پێشکه‌وتووی جیهاندا دوو خاڵی یاسایی و ده‌ستوریی هه‌یه که‌هاووڵاتی له‌سه‌ری ده‌ژی یه‌که‌م ئه‌رک و دووه‌م مافه که‌ده‌سه‌ڵات یان ده‌ستوری ووڵات ده‌ستنیشانی ده‌کات بۆ هاووڵاتی به‌ڵام له‌لای ئێمه ماف بوونی نی یه‌و چینێکی هه‌ره‌زۆری میلله‌ت که‌چه‌وساوه‌که‌یه ته‌نها ئه‌رکی له‌سه‌ره‌و هیلاکبوون و شه‌ونخوونی ده‌کات بۆ پارویه‌ک نان . له‌م ده‌ڤه‌ره سه‌یره‌ی ئێمه‌دا ژیان زۆر خێڵه‌کیانه‌و کۆن و نامه‌ده‌نیانه‌یه له‌سایه‌ی سه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌ڕاستیدا نه‌ک ماف نی یه به‌ڵکو هه‌قی هاووڵاتی بوونیش نی یه . کێشه‌یه‌کی تری ئه‌م ووڵاته ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵات و حیزب دوورن له‌سیستمی دیموکراسی و به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رده‌میانه ته‌نها به‌شێوه‌ی جوانی کارتۆنی خۆیان پیشانی خه‌ڵکی ده‌ده‌ن که مه‌ده‌نی و دیموکراسین.
مردنی ئاسایی یه‌کجاره به‌ڵام نان بڕین و برسی کردن تاوانێکی گه‌وره‌یه‌و کووشتنی مرۆڤه‌کانه نه‌ک یه‌ک جار به‌ڵکو له‌ڕۆژێکدا سه‌دجار ئه‌مه‌ش تاوانێکی گه‌وره‌یه ده‌رهه‌ق به‌مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی ده‌کرێت و به‌کاری تیرۆریزمیی دێته هه‌ژمار کرن و جارێکی‌تر ده‌سه‌ڵاتی کوردی ناوی خۆی له‌لیستێکی ڕه‌شی تردا مسۆگه‌ر کرد . ئه‌وه‌ی جێی داخه سه‌رۆک وه‌زیرانمان هه‌یه کارتۆنی یه‌و نقه‌ی لێوه نایه‌ت و بڵێت نابێت حیزب ڕێگه به‌خۆی بدات و خه‌ڵکیی نان بڕاوو بکات و له‌برسا بیکووژێت له‌وه‌ش سه‌یرو سه‌مه‌ره‌تر ئه‌وه‌یه که‌سه‌رۆکی هه‌رێمیشمان هه‌یه به‌ڵام ئه‌ویش خۆی به‌سه‌رۆکی ناوچه‌ی ئێمه نازانێت و ورته ناکات و ده‌ڵێی هیچ ڕوونادات له‌و ووڵاته‌دا.
له‌کوێی ئه‌م زه‌مینه‌دا ئه‌م هاوکیشه لاسه‌نگه هه‌یه .؟. که دۆڕاوو ناپاک و موسته‌شارو کۆنه فایلدار له‌کۆشک و باخی هه‌ره جوان و گرانبه‌هادا بژین و خاوه‌نی کارگه‌و پاره‌ی نوستوو پاسه‌وان و .. هتد .؟. که‌چی خه‌ڵکی هه‌ژاری پاک و بێگه‌ردی خاوه‌ن شه‌هیدو پێشمه‌رگه‌ی دێرین برسی و بێ موچه‌بن و هیچ حیسابێکی ماندوبوون و خه‌باتیان بۆ نه‌کرێت و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زووڵمیان لێبکرێت.
نان بڕاوان به‌تایبه‌ت کارمه‌ندو مامۆستا‌و پێشمه‌رگه‌ی ساده ماڵه‌کانیان ساردوسڕو بێ ئاگرو بێ سفره‌و خوانه گه‌وره‌و بچووک له‌و ماڵانه‌دا باری ده‌روونیان نه‌سازو خراپ و جێگه‌ی زامێکی قوڵ له‌گیانیاندا دروست بووه هه‌تاهه‌تایه دڵیان به‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆش نابێت و ئه‌نجامه‌که‌ی به‌خراپ ده‌شکێته‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتدا . ئه‌مه یه‌که‌مین جاره له‌مێژوودا ووڵاتێک خۆی به‌ده‌ستی خۆی هاونیشتمانانی برسی بکات به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر بکاته‌وه له‌ئه‌نجامه‌که‌ی که‌چۆن به‌بارێکی زۆر خراپ‌دا ده‌شکێته‌وه . بۆیه پێویسته بۆهه‌ر ده‌سه‌ڵات و حوکمه‌تێک له‌هه‌ر ووڵاتێکدابن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانی لێ ئاگادار بکرێته‌وه‌و وه‌کو چاو‌دێر به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌وه کاربکه‌ن و ئاگایان له‌خه‌ڵک بێت چونکه ئه‌م جۆره بڕیار‌و ڕه‌فتاره له‌مرۆڤه هه‌ره دڵ ڕه‌ق و دیکتاتۆره‌کانه‌وه ده‌رده‌چێت که‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ک سۆز‌و هه‌ستی مرۆییان تێدا نی یه چونکه سزای نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌نان بڕین و برسی کردنی ژن و منداڵی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا نین کاره‌ساته‌و له‌ڕاستیشدا زووڵمێکی گه‌وره‌یه چونکه گریمان ئه‌و که‌سانه تاوانبارن به‌ڵام خێزان و ژن و منداڵیان تاوانبارنین و له‌وانه‌یشه پییان خۆش نه‌بێت که‌پیاوه‌که‌شیان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی هه‌یه که‌واته ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌سه‌دام خراپتره‌و ته‌ڕو وشک به‌یه‌که‌وه ده‌سوتێنێت و له‌ڕاستیشدا هه‌ڵه‌یه‌کی تری گه‌وره له‌م بابه‌ته‌دا هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که حوکمه‌ت به‌رپرسیاره له‌تێری و برسێتی خه‌ڵک نه‌ک حیزب و سه‌رکرده‌ی حیزبێک.
زۆر به‌داخه‌وه ئه‌و به‌ناو سه‌رکرده‌و دیارانه‌ی له‌کوردستاندا هه‌ن نه‌ک ته‌نها به‌ته‌مه‌ن پیرن و پێویسته خانه‌نشین بکرێن به‌ڵکو به‌عه‌قڵیش کۆن و ڕزیوون بۆیه ئه‌گه‌ر به‌ری ئه‌م خراپه کاریانه‌یان پێ نه‌گیرێت کۆمه‌ڵگای کوردی زیاتر به‌ره‌و سه‌قه‌تبوون ده‌به‌ن چونکه ئه‌و به‌ناو سه‌رکردانه خۆیان وه‌کو سه‌رۆک هۆزو گه‌وره‌ی تیره‌و بنه‌ماڵه ده‌زانن و هه‌رده‌بێت خۆیان گه‌وره‌بن هه‌تا ده‌مرن و لاناچن هه‌تا کوده‌تایان به‌سه‌ردا ده‌کرێت وه‌کو سه‌ره‌ک هۆزو شێخه‌کانی که‌نداو مامه‌ڵه ده‌که‌ن و هیچێک له‌ژیان و سیستمی نوێ ئاگادارنین بۆیه باسی حکومه‌تی سێبه‌ریان کردبوو بۆ سه‌رکرده‌یه‌ک که‌چی زۆر به‌جدی ووتبووی حکومه‌تی سێبه‌ر چی یه .؟. ئاخر ئه‌مه‌یه ده‌ڵێن ئاشی نه‌زان خوا ده‌یگێڕێت .. !!.
سه‌قه‌تیی و خوارو خێچی ژیانی ئه‌م ووڵاته زۆر‌و زه‌وه‌ندو بێشووماره گه‌لێکن و مرۆڤ ته‌واو نابێت له‌باس کردنیان بۆ نمونه له‌فه‌ڕاشێکه‌وه هه‌تا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و وه‌زیریش حیزب دایانده‌نێت و هه‌رئه‌ویش لایان ده‌بات هه‌ر ئه‌ویش خانه‌نشینیان ده‌کات به‌ڵام وه‌زیرێک که‌دووساڵه کارده‌کات و گوێڕایه‌ڵی حیزبه‌که‌یه‌تی که‌خانه‌نشین ده‌کرێت موچه‌که‌ی سی و پێنج ئه‌وه‌نده‌ی فه‌رمانبه‌رێکه که بیست و پێنج ساڵه خزمه‌تی هه‌یه سه‌یری ئه‌م نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریه به‌ڕاستی ئه‌م جۆره نایه‌کسانی یه له‌هیج سوچێکی ئه‌م جیهانه‌دا نییه.
Hamid773@hotmail.com
|