په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٠\٢٠١٢

ماڵى راستەقینەى خوا نەخۆشخانەیە نەک مزگەوت.

- خوێندنەوەیەکى تر بۆ ڕۆمانى ''کۆلارە فڕێن'' -

بەنگین پیرۆت نورى    

''ئەمریکا رووبارێک بوو و بێ ئەوەى ئاوڕ لە دواوە بداتەوە بەرەو پێش دەڕۆى''. لە ناو ڕۆمانەکەوە.


کاتێک رۆِمانى "کۆلارە فڕێن" دەخوێنیتەوە ووتەى ئەو مرۆڤانە کە لە قسە ناچن بیرت دەکەوێتەوە،"سەعیدى شیرازى"یش ووتویەتى: "بیر بکەمەوە بۆ ئەوەى چى بڵێم زۆر باشترە لەوەى پەشیمانى ئەوەبم کە بۆ گووتم".هەر وەک خۆى کۆلارە فڕێن ئەمەى پێکاوە،چونکە ئەم زەمانەى ئێستامان مرۆڤى لەو چەشنە زۆرە.


لیرە هەر کە تێکەڵ بەڕوداو و کارەساتەکانى دەبیت،بۆت دەردەدەکەوێت تۆ،خۆت نازانى حەسەنى یان ڕەحیم خان،زۆرابى یان جەنەڕاڵ ئەمیرى یان باوکى ئەمیر،سورەیاى یان جەملەخان،عاسفى یان فەرید.هەر جارەى لەگەڵ کارەکتەرێکدا ڕەشەباى ڕوداوەکان وەکو کۆلارەکەى ئەمیر بەئاسمانى شارى وەزیر ئەکبەر خاندا لەگەڵ خۆیدا دەت هێنێت و دەت بات.


ڕۆمان نوسى ئەفغانى "خالید حسێنى" لەناو ئەم ڕۆمانەدا باس لەو مرۆڤانە دەکات لە پێناو ئەویتر یارى بەگیان و شەڕەفى خۆیان دەکەن، هەر چەند شەڕەف لەگیانیش گرنگترین شتێکە بەلاى مرۆڤى ئەفغانیەوە هەى بێت و نابێت لەدەستى بدات.لێرە مردن ئەوەندە ئاسانە هەرزانترین شتێک دەست بکەوێت مەرگى مرۆڤە.لێرە مرۆڤ لەنێو گێژاوى ڕوداوەکاندا بەئاسانى وون دەبێت و خۆى و کێشەکانى خۆى لەبیر دەکات،لێرە مەرگ لەجیاتى ژیان وەکو گەردەلول ڕۆح بۆ ئەبەد ڕادەماڵێت و ئاسەوارى مرۆڤ دەسڕیتەوە.هەر چەند کێشەو ڕوداوەکانى ناو ڕۆمانەکە لە کێشە و گرفتەکانى ئێمەى کورد گرنگ تر و قوڵتر نیە،بەڵام لەبەر ئەوەى ئێمە نەمان توانیوە "خود"ە بزرەکەى ناخمان وەکو تاکێکى بەرجەستە لەناو ژیاندا بدۆزینەوە،هەست دەکەین ئەوان لە ئێمە ئازاریان زیاتر چێشتوە. ئەمیر کە کارەکتەرى سەرەکى ڕۆمانەکەیە لە تەمەنى هەرزەکاریەوە لەگەڵ باوکى دواى کودەتاى کۆمۆنیستەکان لەساڵى 1973 بەسەر حوکمڕانى سیستمى چل ساڵەى پاشایەتى زاهیر شا،لەئەمریکا دەژیت بەڵام بەبیر و خەیاڵ و خودى ناخى لەئەفغانستانە،کە دەچێتەوە ئەفغانستان خۆى لەناو ڕوداو و کارەساتەکاندایە،بەڵام لەناخەوە لە ئەمریکا لەتەنیشت سورەیاى خێزانەکەیەتى و لەسەر گۆرەکەى باوکیەتى،بەبڕواى من ئەمە جۆرێکە لە وون بوونى مرۆڤ . ئەرێ بەڕاست تاکى ئێمەش لەمەنفا لەو جۆرە مرۆڤانەن؟


کاتێک دەست بەخوێندنەوەى ڕۆمانێک دەکەین،پڕەلەکێشەى یەک لاى نەکراوە کەدەچینە ناو ڕوداوەکانى،دوبارە بەرەو جیهانى ڕاستەقینە و کێشەکانى ژیانى خۆمان ڕا دەکەینەوە،چونکە ئێمە مرۆڤ ئەوەندە قەلەقین هەست دەکەین جارێک لەدەرەوەى واقع جارێکیش لە ناوەوەى واقعداین.پێش هەر شتێک دەبێ مرۆڤ لەپێناو خودى خۆى مرۆڤانە بیر لە مرۆڤ بونى خۆى بکاتەوە تا بیر لە مرۆڤ بونى خۆى نەکاتەوە ناتوانێت بیر لەوە بکاتەوە لەکوێیى بوندایە و بیر لەژیان و مرۆڤ بونى مرۆڤەکانى تر بکاتەوە. مرۆڤ تا بیر لەڕابردو نەکاتەوە ناتوانێت ئایندەیەکى روون بەدەست بهێنێت.کاتێک دەبیتە خوێنەرى ئەم کتێبە و دەیخوێنیتەوە بیر دەکەیتەوە،بیرێکى قوڵ،چۆن بیر لە ڕابردوە بکەیتەوە و چۆن بۆ ئایندە خۆ ئامادە بکەیت.بەڵام ئەوەى زیاتر خوێنەر سەرقاڵ دەکات ئەو پرسیارانەن لەساتى خوێندنەوە دا ختۆکەى بیرمان دەدەن،ئایا مرۆڤ دەتوانێت ئایندەیەکى ڕوون بەدەرونێکى واسواسەوە بەدەست بهێنێت؟ ئەى ئەگەر مرۆڤ هەر بەبیرى گەڕانەوە بۆ ڕابردو بژیت ئایا ئایندەى لەڕابردو ڕونتر دەبێت؟.بۆ هەمیشە مرۆڤ وابیر دەکاتەوە ڕابردو لە ئێستا خۆشترە ئایا ڕابردوش هەروەک "ئێستامان" ئەو ئێستایە نەبو ئێستا بوە بەڕابردو؟ کەواتە ئایا ئایندەى مرۆڤ لەکوێیى بوندایە ئەگەر بیرى ئایندەى نەبێت؟


ئەگەر مرۆڤ بەمنداڵى لەگەڵ هاوڕێیەکى گەڕەک ژیابێت،ئایا ئێستا ئەو هاوڕێیە هەمان کەسەى ڕابردوە؟ ئایا هەمان شوێن و گەڕەک لەئێستاماندا تام و چێژى جاران دەبەخشێت؟


ئایا ئەو ڕابردوە هەمان ڕابردوەکەى جارانە و وەک خۆى ماوەتەوە؟ ئەگەر وایە ئەى گۆڕانکارى لە کوێیى ژیاندا بوونى هەیە؟!


لەبەر ئەوەى سەرەتاى منداڵى مرۆڤ سەرەتا و دەسپێکى ئەزمونى ژیانە،ئێستاشمان لەناو پرۆسەى ژیانێکى قوڵدایە ناتوانین ئایندە ببینین،بۆیە هەمیشە ڕابردو لاى مرۆڤ گەڕانەوەیە بۆ سەرتا.


لێرە لەناو ئەم ڕۆمانەدا ماڵى ڕاستەقینەى خوا نەخۆشخانەیە نەک مزگەوت.خودا ئەوەندەى لەنێو دڵى مرۆڤى دڵ بەخەم و مرۆڤى ستەم لێکراو بونى هەیە،ئەوەندەى لەنێو دڵى مرۆڤى دەست و قاچ پەڕیو و نەخۆشەکان بونى هەیە ئەوەندە لەنێو دڵى مرۆڤێکى ساغڵەم و بێ کێشەى جەستەیى بونى نیە،چونکە هەر ئەو مرۆڤانە پەنا بۆ خودا دەبەنەوە کە هەست دەکەن جگە لەخودا کەسى تر نیە بۆ پەناگیرى و بچێت بەهانایەوە،هەندێک لە مرۆڤەکان کە بەخت یاوەریەتى و چانسى ژیانى باشە،وا نازانێت دەستى خودا لەپشت بەخت و چانسیەتى،هەروەک چۆن مرۆڤى بەدبەختیش وا نازانێت خودا لەپشت چارە ڕەشى و بەدبەختى ئەوە و هەموان وا دەزانن ئەوە چارەنوسە بەختى ئەوى بەسەر کردۆتەوە،بۆ نمونە زامدار بونى زۆراب بو بەهۆى ئەوەى ئەمیر نوێژ بکات،لەبەر ئەوەى نا ئیماندارە،لەبەر ئەوەى چارەسەر کردنى کێشەیەک بۆتە ئیمانى،ئەمیر لەباوکیەوە فێر ببو ژیان بەشى ئەو هەمو ئیمانە ناکات بەڵام هەندێک ئیمان بەشى هەمو ژیانى مرۆڤ دەکات.مرۆڤ لەنێو ژیاندایە و بۆ ژیان دەژیت و ژیان مرۆڤى هێناوە بۆ ژیان بژیت،ژیان مرۆڤى نەهێناوە بۆ ئیمان بژیت، نە ئیمانیش مرۆڤى هێناوە بۆ ئیمان بژیت.مرۆڤ دەتوانێت بۆ ماوەیەک وەکو عاسف ڕەفتار بکات و درۆ لەگەڵ خۆى و ئەوانیتر بکات کە ئیماندارێکى ڕاستەقینەیە،بەڵام ناتوانێت درۆ لەگەڵ ژیاندا بکات کە مرۆڤێکى ڕاستگۆیە.


لەسەرەوە وتمان "کۆلارەفڕێن"پڕە لەو مرۆڤانەى ئەوەندەى بۆ ئەویتر دەژین بۆ خۆیان ناژین،ئەمەش جارێک خۆى بەقوربان دەکات، جارێکیش وەک کۆیلە بۆتە قوربانى،واتا هەر وەک چۆن حسن لە ئێستاى ناو ڕۆمانەکەدا خۆى بەقوربانى ئەمیر دەکات،ئاواش على باوکى حسن لەڕابردو دا بۆتە قوربانى دەستى باوکى ئەمیر.

لێرە مرۆڤ دەتوانێت دەرون و هەستەکانى خۆى لەکەسێک بشارێتەوە،بەڵام ناتوانێت لە خۆى ڕا بکات و لەخودى خۆى ناخى خۆى بشارێتەوە.مرۆڤ دەتوانێت ئیش و کار و کاسپیەکى پاک بکات بۆ پەیدا کردنى پاروەنانێکى پاک،بەڵام ناتوانێت خۆى لەتەماح ڕزگار بکات، مرۆڤ ئەو بڕە پارەیە شک دەبات پێیى بژیت،بەڵام ئەو هەموو تەمەنە شک نابات پارە بۆ هەموو خواستێکى پەیدا بکات.مرۆڤ دەتوانێت تا کۆتایى ژیانى هاوڕێیەتى پارە بکات،بەڵام ناتوانێت هاوڕێیەتى مرۆڤى بێ پارە بکات.مرۆڤ لەشوێن کارەکەیدا دەتوانێت زۆر کەس بناسێت،بەڵام ناتوانێت ناخى ئەو کەسە وەکو خۆى کە هەیە بناسێت.


مەرگ نایەڵێت مرۆڤ لەژیان تێربێت،لەبەر ئەوەى نا کەم دەژیت،لەبەر ئەوەى نەیتوانیوە ئەو مرۆڤە بێت بۆ ژیان بژیت.


لەم ڕۆمانەدا هەموشت گۆڕانکارى کاریگەرە بەسەریەوە،بەڵام ئەوەى ناگۆڕێت مرۆڤەکانن،ئەمیر بەمنداڵى لەبەرامبەر عاسف زۆر ترسنۆک بو سەرلەبەرى وڵات گۆڕا و حوکمڕانى لە پاشاتیەوە گۆڕا،ئەمیر هەر نەگۆڕا و کە گەورەبو لەئەمریکاش هەر منداڵە ترسنۆکەکەى جاران بوو. ترس لە عاسف ئەو فۆبیا نەگۆرە بوو دڵ و مێشکى ئەمیریان داگیر کردبوو،بەپێچەوانەشەوە ئازایەتى بە نەگۆڕى لە دناخى جەنەڕاڵ و باوکى ئەمیر دا مایەوە،هەر وەک لە دلێ زۆربەى مرۆڤى ئەفغانى مایەوە و زۆربەشیان لە باوکى ئەمیر و جەنەڕاڵ دەچن نەک ئەمیر. ئەوان لە ئەمریکاش بەشێوەى کەسایەتى ئەفغانى دەژیان،جەنەڕاڵ لە ئەمریکاش وەک جەنەڕالێک دەژیا نەک پەنابەر.


لێرە لەنێو ئەم ڕۆمانەدا مرۆڤەکان وا بیر دەکەنەوە کە ڕەنگە ئەفغانستان ببێتە لانکەى هەڵکەوتەى دیکتاتۆرە بچوکەکان،نەک کۆنسێرفاتیڤێکى ئاینى،مرۆڤى ئەفغانى تەبیحەت توندو و وا بەستە بە کلتور،ئەوەندە چێژلە توندو تیژى و تۆڵە ستاندنەوە دەبینێت،ئەوەندە چێژ لە نەرم و نیانى و جوانیەکانى ژیان و جوانیەکانى مرۆڤ بونى خۆى نابینێت،هەر ئەمەشە واى لێ کردوە نەزانێت ئەو بۆچى دەژیت،ئەو وا دەزانێت دەبێ ژیان بۆ ئەو بژیت،ئەو وا دەزانێت دەبێ ژیانى ئەو بۆ پەیڕەو کردنى سروتە ئاینەکان و سەرکوت کردنى ئەوى دى بێت،گەورەترین پەیکەرى بودا لەم وڵاتەیە و پەیڕەوانى بوداش ئەوەندەى جەخت لەکارى چاکە دەکەنەوە ئەوەندە بیر لە بودا ناکەنەوە،بە پێچەوانەى ئەمەش تاڵیبانەکان ئەوەندەى پەیڕەوى ئاینى ئیسلام بەسەر تاکى ئەو وڵاتەدا دەکەنەوە ئەوەندە بیر لەچاکە ناکە و لێبوردەیى ناکەنەوە،کوشتن و توڵەستەندنەوە بە دواین چارەسەرى کێشەکانى جیهانى ئیسلامى و ئەو وڵاتە دەزانن.هەر بەم شێوەیە ڕەوشەکە لەوڵاتى میانمار پێچەوانە بۆتەوە بوزیەکان هەمان ڕەفتار و کردارى تاڵیبانەکان دەنوێنن،بەبێ ئەوەى،ئەوەى ئەوان دەیکەن خواستى ئاینى بوزا بێت،ئەگەر ڕۆمانى "هەزار خۆرى درەوشاوە "مان خوێندبێتەوە،ئەوەمان بۆ ڕون دەکاتەوە ئەگەر سوپاى شورەوى کۆمۆنیستەکان نەبوایە ئەو ئەفغانستانەى لەلانکەى شارستانیەت و پێکەوە ژیانى تیرە و ئاینەکانەوە نەدەبو بە لانکەى پەروەردەکردنى گەراى تیرۆرزمى جیهانى،ئەگەر خەراپەى ئەو سوپایە نەبوایە،ئەگەر هەڵەى سیاسەتى کۆمۆنیستەکان نەبوایە،ئەفغانیەکان بیریان لەوە نەدەکردەوە ئیسلام و هێزە ئیسلامیەکان چاکترین هێزى چاکەن بۆ چاککردنى ڕەوشى وڵات بەبیانوى ڕزگار کردنى تاکى ئەفغانى.


دوا جار،ئەوەى زۆر گرنگە لەخوێندنەوەى هەر دەقێکدا ناوەرۆکى دەقەکەیە بەوەى ئەوەى نوسەر نوسیویەتى خۆینەر هۆگرى نوسینەکە بکات،بەپێچەوانەى ئەمەى سەرەوە گەورەترین هەڵە نوسەر بیکات هۆگر بونى نوسەرە بە ئیشکردن لەیەک جۆر خوێنەرو دەقێکى دیاریکراو،واتا مەرجى سەرکەوتنى نوسەر لەنوسینى دەقدا،هەمە چەشنى خوێنەر و نوسینە. "ئۆرهان پامۆک" رۆمان نوسى تورکى لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت:( لە راستیدا ڕۆمانەکانى من لەگەڵ ڕۆمانەکانى ترى نوسەرانى تورکیدا و لەڕوى سترۆکتۆرەوە جیاوازن.هەر بۆیەش هەرکاتێک بە شەقامەکانى ئستانبوڵدا دەڕۆم،هەمیشە بەرەو ڕوى کەسانێک دەبمەوە کە پێم دەڵێن:ئۆرهان!من کتێبەکانتم گەلێک خۆشدەوێن،بەڵام تۆ ئیدى وەکو جاران نانوسیت!"چێژى نوسین بۆ من تەنیا لە جیاواز نوسیندایە ) خوێنەر لەناو رۆمانى کۆلارە فرێنى خالید حسێنى لەجیاتى خوێندنەوەى ڕۆمان هەست دەکات یاداشتى ڕابردوى نوسەر دەخوێنێتەوە نەک ڕۆمان،خوێندنەوەى یاداشتیش هۆگر بونى خوێنەرە بەڕابردوى نوسەر نەک روداوەکانى یاداشت کراوى ناو کتێبەکە،لەبەر ئەوەیە سود لەشکست و سەرکەوتنە تۆمار کراوەکان وەرناگرین.من لێرە لەناو لاپەڕەکانى ئەم ڕۆمانەدا ئەوەندەى بەدوا فکرەیەکى تازە یاخود وێڵى فەلسەفەیەکى نوێ بووم ئەوەندە ئیشم بەڕابردوى مرۆڤێک نەبو کەڕابردوى ئەو جیاوازیەکى ئەو تۆى لەگەڵ ڕابردوى ئێمە نیە،چونکە ڕابردوى مرۆڤى ئەفغانى ڕابردویەکە لە ڕابردوى مرۆڤى کورد دەچێت،ڕەنگە بپرسن گەڕان بەدوا فەلسەفە لەنیو فەلسەفەدایە نەک ڕۆمان! منیش دەپرسم ئایا خوێنەر لەنیو ڕۆماندا بەدوا ڕابردوى مرۆڤدا دەگەڕیت؟ ئایا نوسینەوەى ڕابردوو لەنێو لاپەڕەکانى یادەوەرى دایە یان لاپەڕەکانى ناو ڕۆمان!؟ لێرە لەباسى ئەمیردا کە بوە بە چیرۆک نوس و ڕۆمان نوس و خۆشى بەپارەى ڕۆمانەکانى دەژیەنێت،بەگرنگیەوە باسى ناکات،زیاتر وەکو بازرگانێکێکى کۆنە فرۆش باسى دەکات و دەردەکەوێت بەبێ ئەوەى خولیاى ئەمیر بازرگانى بێت،ئایا خوێنەر لەناو ڕۆماندا بەدوا فکرەدا دەگەڕێت یان بازرگانى؟ بێگومان بەخوێندنەوەى ڕۆمان خوێنەر ناتوانێت ببێت بە بازرگان بەڵام لەوانەیە بتوانێت فکرەیەک بدۆزێتەوە یان ببێت بە نوسەرێکى باش.

___________________________________________
رۆمانى کۆلارە فڕێن نووسینى خالید حوسێنى رۆمانووسى ئەفغانى.
وەرگێڕانى لە سوێدییەوە حەکیم کاکە وەیس.

 

bangena.perot@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک