١٤\٨\٢٠١٤
''ماڵ و کلیل''
دوو خەڵاتی فیستیڤاڵی فیلمی ''فۆئێنکالینتێ رۆرال''ی ئیسپانی
بەدەستھێنا.
مەنسوور جیهانی
"شوان
عەتووف" بە کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" دوو خەڵاتی لە فیستیڤاڵی فیلمی "فۆئێنکالینتێ
رۆرال" لە ئیسپانیا بەدەستھێنا و خەڵاتەکانی پێشکەش کرد بە
پێشمەرگەکانی کوردستان لە بەرەکانی جەنگدا.
ڕاگەیەنراوی فەرمی کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و
وڵاتی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت کە کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" لە
نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" و بەرھەمی
بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی
خۆیدا کاتژمێر ١١ی شەوی ٧ی ئابی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی کورتە
فیلمەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە وڵاتی
ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم
فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم و ھەروەھا لە لایەن بینەرانەوە خەڵاتی
باشترین فیلمی بینەران بە دەرھێنەری فیلمەکە بەخشرا.
"شوان عەتووف" بە ھۆی سەرقاڵی بە نوێترین پڕۆژەی ھونەری خۆیەوە
نەیتوانی کە لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا ئامادەبێت کە لە
کاتژمێر ١٠ی شەوی ٨ی ئابی ٢٠١٤ لە شاری فۆئێنکالینتێ لە ئیسپانیا
بەڕێوەچوو، و بە جیاتی ئەم سینەماکارە کوردە، نوێنەری کۆمپانیای "ئای
لۆف فیلم" سینەماکاری کورد "ئاوات عوسمان عەلی" لەوێ وەکوو نوێنەری
دەرھێنەر بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکان ئامادەبوو و ھەر لەوێش پەیڤی "شوان
عەتووف" دەرھێنەری کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل"ی گەیاندە ئامادەبووانی
فیستیڤاڵەکە و ئەم دوو خەڵاتەی پێشکەش کرد بە پێشمەرگەکانی ھەر چوار
پارچەی کوردستان لە بەرەکانی جەنگدا و ئەم وتانە بوونە جێگای سۆز و
سەرنجی ئامادەبووانی فیستیڤاڵ.
ھەروەھا فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فۆنکالینتێ رۆرال" بڕیاریدا کە
سینەماکاری کورد شوان عەتووف بە فەرمی بۆ خولی داھاتووی فیستیڤاڵ وەکوو
ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی نێودەوڵەتیی بانگھێشت بکات.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بۆ ساڵی داھاتوو فیستیڤاڵی ناوبراو ١٠ کورتە
فیلم لە سینەماکارانی شارەکانی ھەرێمی کوردستان بانگھێشت دەکەن بۆ
بەشداری لە بەشی پێشبڕکێی و بەشی نمایش کردن و یەکێک لەم فیلمانە پاش
ھەڵسەنگاندن لە لایەن لێژنەی دادوەرانەوە خەڵات دەکرێت لە لایەن
فیستیڤاڵەوە.
کورتە فیلمی کوردی "ماڵ و کلیل" بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە گرینگانە
لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: ئیسپانیا،
بەریتانیا، ئەمەریکا، ئیرلەندا، ڕۆمانیا، ئێران، کۆریا، سێربیا، ڕووسیا،
سلۆڤاکیا، ھۆنگ کۆنگ و چەندین وڵاتی دیکە لە ڕکابەریدا بوو.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشنی و
دیکۆمێنتاری لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە دوو بەشی
پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٥ تا ٩ی ئابی ٢٠١٤ لە شاری
فۆئێنکالینتێ یەکێک لە شارە گەشتیارییەکانی وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.
ئەم فیلمە کوردییە تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە
ئاستی جیھاندا بەشداری کردووە، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی ١٤ـەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ماڵی ھونەریی ڤیدیۆیی "ئۆاھم" لە
شاری مەدرید لە وڵاتی ئیسپانیا، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "ئێست" لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا، لە بەشی
پێشبڕکێی سەرەکی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کراتکۆفیل
پلووس" لە شاری بانجالۆکا لە وڵاتی بۆسنی و ھێرزێگۆڤین و ھەروەھا
چەندین فیستیڤاڵی دیکە.
کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" ئەم ڕۆژانە بەشداری لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاندگراوند"ی مۆنیخ دەکات کە ڕۆژی ١١ی
ئابی ٢٠١٤ لە شاری مۆنیخ لە وڵاتی ئەڵمانیا دەست پێدەکات.
ئەم کورتە فیلمە کوردییە ھەروەھا لە داھاتوویەکی نزیکدا کاتژمێر ١٠ی
شەوی ٢٩ی ئابی ٢٠١٤ بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئۆکسێ"
دەکات کە لە ڕۆژانی ٢٩ تا ٣١ی ئابی ٢٠١٤ لە شاری ھامبوورگ لە وڵاتی
ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی
١٧ی تەمووزی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی کورتە فیلمی "بەھرە
نوێیەکان"ی ٢٦ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گیرۆنا" لە
وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم
فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم بە "شوان عەتووف" دەرھێنەری فیلمەکە
بەخشرا.
بۆ زانیاریی پتر:
http://fuencaliente.ruralfilmfest.com/bases.htm
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|