١٠\٤\٢٠١١
مامانى لەدایکبوونى
ئۆپۆزسیۆن
''بۆشایى نێوان گوفتار و کردارى دەسەڵات بوو''.

حەمەڕەش ئەحمەد
باوەرناکەم هیچ حکومەتێکى ئەم دوونیایە هێندەى حکومەتەکەى خۆمان بەڵینى
جۆراو جۆرى بەهاونیشتمانانى خۆیدابێت و جێ بەجێ نەکردبێت، لەلێپرسراوە
گەورەو بچوکەکانى ئەم وڵاتەى ئێمەى هەرچى دەم دەکاتەوە کۆمەڵێک بەڵن و
گوفتارى جوان و پرلە رەونەق بەگوێى هاوڵاتیاندا دەدات ودواجاروەک
بەرزەکى بانان بۆى دەردەچێت وکەس نایبینێتەوە،ئەم هەڵوێستەى بەرپرسانى
حکومەت واى کردووە بێ متمانەیەکى زۆرلەنێوان هاوڵاتیان و حکومەت دروست
ببێت کەدواجار کەڵەکەبونى بەڵێنەکان و جێ بەجێ نەکردنی داخوازیەکانى
خەڵک، خەریکە بەرەو قەیرانێکى گەورە هەنگاو دەنێت لەپێش هەموویانە
گەندەڵى ئیدارى ودارایى و ناعەدالەتى لەئەرک و کارى رۆژانەو سیاسەتى
مەحسوبیەت کە سێ پایەى گرنگى پێشکەوتنى هەرکۆمەڵگەیەکى دیموکراسى و
مەدەنین بەڵام لەکوردستان ئەم سێ پایە گرنگە نەچۆتە چوارچێوەى
بەیاساکردن وبەڵکو بەشێک لەلێپرسراوانى حکومەت بەئارەزى خۆیان
تەحەمولیان لەگەڵ کردووە هەیچ تاکێکى ئەم وڵاتەنییە رێى کەوتبێتە
دەزگاکانى حکومەت بەشێوەیەک لەشێوەکانى روبەروى دۆخى پەراوێزخستن و
نادادپەروەرى نەبوبێتەوە.
ئەگەربەشێکى ئەم دۆخى گوفتارى بێکردارەبخەینە ئەستۆى رەوشى سیاسى
هەرێمى کوردستان کەلەچەندساڵى رابردوبەقۆناغى شەرى ناوخۆ و
دووئیدارەیداگوزەرى کردووە ئەوەبەشەکەى ترى پەیوەستە خەمساردى و
لێنەپرسینەوەى حکومەت لەکاربەدەستە مشەخۆرەکان کەبونەتەهۆکارى تۆرانى
خەڵک لەدەسەڵات،دەرەنجامى ئەم سیاسەتە بۆشایەکى گەورە لەنێوان حکومەت و
خەڵک دروست بوو کەواى کرد ئۆپۆزسیۆن لەدایک ببێت و ئەم فرسەتە
بقۆزێتەوە وخۆى بکات بەپێشەنگى تورەى ونارەزایەتى خەڵک کەلەئەساسدا
ئۆپۆزسیۆن بەهەموو رەوت وتەوژمەکانیەوە خاوەنى ئەوخەڵکە نارازیە نین
بەڵکو خۆیان هاوجوت کردووە لەگەڵ شەپۆلى تورەى خەڵک لەپاڵ ئەمەشدا پەرە
بە ئەجێنداو داخوازیە سیاسیەکانى خۆیان دەدەن.
بۆیە پێویستە ئێستاو ئایندە حکومەتى هەرێم وەک هێزێکى دینامێکى
لەستراکتۆرى پلانەکانى خۆیدا بەردەوام لەخۆ نوێ کردنەوە و هەنگاونان
بۆچاک سازى وچەسپاندنى عەدالەتى کۆمەڵایەتى دابێت چوونکە هەردەسەڵات و
وڵاتێک برواى تەواوى بەدیموکراسى وپێشکەوتنى گەلەکەى هەبێت دەبێت پایە
ئەساسیەکانى دیموکراسى بەهێزبکات کەخۆى لە سیستەمى سیاسى وکۆمەڵایەتى و
ئازادیە جۆراو جۆرەکان دەبینێتەوە.
ئەوەى ئێستالەسلێمانى و هەندێ ناوچەى دیکە دەگوزەرێ سەرەراى تێکەڵى
ئەجێنداى سیاسى لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەنگى خەڵک بەڵام تەعبیرێکى
گەورەى جەماوەرە بۆباشترکردنى ژیان و گورزەرانى خەڵک و پێشگرتن
لەوناعەدالەتى و گەندەڵیەى ئەمرۆلەکوردستان بوونى هەیە ،گرنگە حکومەتى
هەرێمى کوردستان بەوپەرى نیەت پاکى و جدیەوە بەرنامەیەکى هەمەلایەنەى
چاکسازى رابگەیەنێت وسەقفێکى زەمەنیى بۆجێ بەجێ کردنى دیارى بکات
بۆئەوەى چیتر داخوازى خەڵک و لایەنە سیاسیەکانى ئۆپۆزسیۆن لەبازنەیەکى
نارۆشندا نەخولێنەوە.
hamarash_79@yahoo.co.uk
|