په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠١٥

مامۆستایان دەتوانن مامۆستای شۆڕشێکی مەزن بن.

لاوژە ماهیە      

 

سیستەمی حوکمڕانی و دەسەڵاتداریەتی لە کوردستان پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەییە، ئێمە ئەزموونی نزیکەی ٢٤ ساڵ لە دەسەڵاتداریەتی ئەم سیستەمەمان هەیە و شاهیدی فەشەلی یەک لەدووای یەک بووین و ئەم سیستەمە لە بەرانبەر سەرەتایی ترین مافەکانی هاووڵاتیان داماو و بێ دەسەڵات دەستەوەستان و بێ وڵام ماوەتەوە، لە وڵاتانی پێشکەوتوو دووای سێ مانگ کارنامەی دەوڵەت دەخرێتە بەر لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن، لە وڵاتی ئێمە دووای ٢٤ ساڵ هێشتا ئاو و کارەبامان نیە و چارەنوسی معاشی زەحمەتکێش ترین توێژەکان کە مەکۆی هەڵسوڕانی کۆمەڵگان نادیار و ناتەواوە، ئەم هەلومەرجەی ئێستاو و پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە کە ڕوڵی سەرەکی هەیە لە هۆشیاری و لێهاتووی ئێستا و داهاتوماندا، ئەو مەساجەمان دەداتێ کە دەرفەتی زیاتر بۆ ئەم سیستەمە واتە درێژەی ئەم بارو دۆخە بۆ داهاتوێکی نادیار. ئێمە لەگەڵ سیستەمێک بەرەوڕوین کە دەڵێت پارەنیە بۆ دابین کردنی معاشی مامۆستایان کە ژیان و بەردەوامبوونیانی پێوە بەستراوە، بەڵام هەر لە سایەی ئەم دەسەڵاتە بێ پارەیەدا سەدان سەرمایەداری ملهۆڕ دروست بوون کە حیسابی ماڵ و مڵک و داهاتەکانی خۆشیان نازانن، سەدان بەرپرسی حزبی بونەتە حوت و مەسرەفی حیمایە و سەیارەکانی هەر یەکێکیان هێندەی مەسروفی شانشینێکە.


٢٤ ساڵە وڵامی ناڕەزایەتی و خەباتی ڕەوای خەڵک بووەتە هەڕەشە و سەرکوت و فیشەک و تاوانبارکردن بە گێرەشێوێن و دەستی دەرەکی و نا نیشتمان پەروەری. نازانم هەستی نیشتمانپەروەری سەرانی دەسەڵات لە چە نادیارێکدا قەتیس ماوە کاتێک هەمو مڵک و سامانی ئەم وەڵاتەیان داگیر کرد، هەستی نیشتمانپەروەریان چۆن ڕێگایان پێدەدات ٢٤ ساڵ شاهیدی فەشەلەکانی خۆیان بن و هێشتا هەر بەرپرس بن.


. ماوەی چواردەمانگە چارەنوسی موچەی کرێکاران، کارمەندان و مامۆستایان کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیان نادیارەو پچڕ پچڕە. ئەزمون نیشانیداوە هەمیشە کە مافخوراوان هاتونەتە جادەکان و ناڕەزایەتیتان دەربڕیوە توانیویانە موچەی مانگێکیان وەربگرن و بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت نانی سەر سفرەکانیان دابینبکەن، بەڵام ئەم پینەکردنە ناتوانێت چارەسەری یەکجاری بێت و بە دڵنیایەوە ئەم دەسەڵاتە بەم سیستەمەوە هەرگیز ناتوانێت لە ئاست بەڕێوەبردنێکی گونجاو و کارسازدا بێت.


ئێوە مامۆستایان بە بەرزکردنەوەی ئاستی داخوازیەکانتان لە پینەکردنی موچەی مانگێکەوە بۆ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتداریەتی و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی دەتوانن خەباتەکەتان سەراسەری بکەنەوە و سەرجەم چینی کرێکار و کارمەندی ئەم وەڵاتە کە هیچ بەرژەوەندیەکیان نیە لە درێژەکێشانی ئەم دۆخە بانگەوازبکەن بۆ کۆڕی خەبات دژی ئەم سیستەمە گەندەڵە.


، ئەگەر ناڕەزایەکان سەرتاسەری ببنەوەو هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەتایبەتی شاری هەولێر کە پایتەختی هەرێمەو بڕبڕەپشتی دەسەڵاتە، ئێوەی مامۆستا دەتوانن ڕێکخەر و ڕابەر و مامۆستای ئەم شۆڕشەبن. لەڕێگای ڕێکخراوبون و ڕاگەیاندنی مانگرتنی سەرتاسەری و ڕاگرتنی کاروباری دەوڵەت و چۆکپێدادانی دەسەڵات دەتوانن هەڕەشەی شۆڕش لەدەسەڵات بکەن.


تەنها نمایشکردن و هێزی سەراسەریە دەتوانێت دەسەڵات ناچاربکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی دەسەڵات بە ئێوە دەڵێت لە حەساسیەتی وەزعەکە تێبگەن، دیارە ئێوە لەوە هۆشیارتر و دڵسۆزترن کە بەم قسە پوچانە باوەڕبکەن هەربۆیە دەست لە خەباتی ڕەواتان هەڵناگرن، کاتێک دەبێنن ئەوان بۆ یەک ساتیش دەستیان لە ژیانی شاهانەی خۆیان هەڵنەگرتووە، خەباتی سەراسەری و هەمەلایەنەیە دەتوانێت تەنکەر و بۆڕیەکانی نەوت بوەستێنێت، چەندین مانگە پارە نیە بەڵام بە بەرچاو هەموو دونیاوە هەڕاج کردن سامانی کوردستان ساتێکیش نەوەستاوە، تۆ بڵێی بە بەلاش ئەم هەموو سامانە بە تاڵان برابێت، ئەوە ئێوەن دەتوانن بە بەردەوام بوون و بەرینکردنەوەی خەبات تان ڕونی بکەنەوە کە پارەکان دەچنە کام سندوقەوە.

 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک