٢٦\٦\٢٠٢١
مانگی بۆ دەكردمە پێخەف!!

ئەرسەلان مەحمود
بچوك بووم هەر زۆریش بچوك، وەك زۆرینەی هەرە زۆری منداڵانی دێهات، دەست
و پەنجەو پێیەكانم لەئازاری دركە دەزوە زەردەكاندا خاراند، تازە
تێدەگەم نەهیچ برینێك هەیە بەهێندەی زامی ڕاهاتن قوڵ و نەهیچ ئازارێكیش
هەیە یٔەوەندەی خاران بەسوێ!!
بێپەروا پێیەكانت بەسروشدا مەدە، پەپولە تا گەورە نەبێ، فێرە فڕین
نابێ، لانەی چۆلەكە تێكمەدە، ئەوەی بستە ماڵێكی نەبێ، ناتوانی هەموو
ئاسمان بكا بەهی خۆی، كەو بەم هەموو خۆشخوێنییەوە بۆ قەفەز نەخوڵقاوە،
ئەوەی ئازادی لێزەوت نەكرابێ، بەهای لەدەست دانی نازانێ چەندە، سمۆرە
ماچ مەكە، ئەوەی ڕزگارمان دەكات ڕاستە خۆشەویستییە، بەڵام هەرگیز بیرت
نەچێ، ڕێز گرتن دەكەوێتە پێش خۆشەویستییەوە.
بەر لەخۆت دارو درەخت و گوڵەكان بنێژە، هەرچی هەیە وەك خۆی قبوڵ بكە،
لێگەڕێ هەرچی هەیە وەك خۆی وەك ئەوەی دەیەوێ با ژیان بكاو ئەزمون
بكات، ئەوەی ئەبەدییە خودی ژیان خۆیەتی، ئەوەی بكوژە سەرئەنجام خودی
ژیان هەر خۆیەتی، دەستكاری ئیشی ژیان مەكە، باشترین كارێك مرۆ فێری بێ
لەژیاندا، ئەوەیە: یٔیشی ژیان لێگەڕێ بۆ ژیان خۆی، کاری تۆ ژیانکردنە،
ژیان بکە!!
منداڵبووم هەر زۆریش منداڵ، ڕۆژێ بەپاروە كەرەیەكەوەو ڕۆژێ بەبابۆڵە
ماستێكەوە، زستان چریكەی ئەدا كاتێ سەهۆڵبەندانەكە لەجۆگەو
ئاوبارەكاندا لەژێر پێیەکانمدا دەشكا، كەچی دواجار بەلەمەكان هەر
نەكەوتنەڕێ و بۆقەكانیش بۆ ئەبەد مردن، ئێستا دەزانم چەند بەئازارە
ڕێگە لەبەردەم بەلەمە خەیاڵییەكاندا بكەیتەوە بەڵام بەكردەوەو
لەواقیعدا ببیتە بكوژ!!
شنەبای ئەفسوناوی با نەتبا بەرەو هیچ كوێ، گرینگی بەبیركردنەوە
مرۆییەكانت بدە، تا نەبی بەدڕندە، تا هیچ شتێك لەژێر دەست و پێیەكانتدا
نەشکێ و نەمرێت، جیاوازی لەژیان و بەهای ژیانیش لەجیاوازیدایە، جیاوازی
كۆمەك بەخش، ئەو جیاوازیانەی بەیەكەوە ژیان و پرۆسەكەی تەواو دەكەن،
وریابە بەبێ جیاوازی هیچ شتێك نەبوونی هەیەو نەبەها!!
مەشكێنە، تەنانەت دڵی بەردیش، هەموو شتێك كەرامەتی خۆی هەیە، مەكوژە،
تەنانەت مارو مشكیش هەموو بوونەوەرێك بەهای تایبەت بەخۆی هەیە،
هەبوویەك ڕەتمەكەوە هەیە، شتێك قبوڵ مەكە نیە، وەهمەكانت بێدەنگ بكە
بەستە، هەموو شتێك مۆرانەی تایبەت بەخۆی هەیە، تۆ وێرانەی خۆت مەبە!!
پرسیارەكانت بكە، دنیا بەدوای وڵامەکاندا تەیبكە، لێرە نەكۆڵانەكان
مێشك و نەشەقامەكانیش دەنگیان هەیە، بنواڕە لەهەر پەنجەرەیەكەوە بتەوێ
دەتوانی ڕیزبەندی گوێدرێژە بۆرو بۆزو ڕەشەكان، ئاپۆرای ئەو گورگانەی
لەپێستی مەڕدان ببینیت، چیتر پشیلەكان قەڵەو مەكە، بەفریوی ڕێوییەکان
مەفڕە، بگەڕێوە بۆ خۆت، هەمیشە خۆت بەو بەس، لێگەڕێ هەر بوونەوەرێ
وەك ئەوەی دەیەوێ با نان و ماف و ئازادی خۆی بخواو ئەزمون بكات، وەک
بزن دەم لەبەرزە گەڵاکان مەکوتە، ئیدی نە زمان پێڵاوەو نە ڕاستەقینەش
گۆرەوی ماركە ڕاست و چەپ یان چونت بوێ لەپێبكرێ!!
هەرزەکار بووم، هەر زۆریش هەرزەکار، دایكم لەئامێزی شەودا، بەدەم
گێڕانەوەی چیرۆكە درێژەكانی ڕێگەی كاكێشانەوە، مانگی بۆ دەكردمە پێخەف،
باوكم هەموو كازیوەیەك بەدڵێكی گەرمەوە، نانێكی دەخستە سەرڕانی و بەدەم
چایەكەوە بەپەلە، لەچاومدا دەبوو بەخۆر، دەرەوەی ڕۆشن دەكردەوە!!
دایكم دەیگوت: مەگرمێنە، هیچ شتێك لەهەورە درۆزنەكان بەگرمەو هەڵڵاو
هۆریاتر نییە، باوكم دەیگوت: شەڕ مەكە، ئەو نانەی لەئاژاوەدایە نان
نییە سندانە! تەمەنێكی درێژ تێپەڕی تا لەهێزی نەرم و پێكەنینەكانی
دایكمەوە فێر بووم مرۆڤ گەر بیەوێ مرۆڤبێت، دنیابینییەكەی نیشانی
ئەدات چۆن بەبێ سەقف و دیوار بتوانێ لەكێڵگەیەكدا بخەوێت، كاتێكی
زۆری ویست تا لەوزەی زۆری گەرم و هەتاوی باوكمەوە تێگەیشتم مرۆڤ گەر
بیەوێ مرۆڤبێت، جۆگەیەك دەتوانێ بیری بخاتەوە چۆن ڕاماڵ و گۆڕان بكاو
بنوێنێت لەڕێڕەوی خۆیدا، ئەوان ئێستا بوون بەئاسمان، خوشك و براكانم و
منیش هەریەك لەشارو شوێنێك بووین بەهارمۆنیاو بەگۆرانی و بەوێنە كێش!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|