٣\٦\٢٠١٣
مانگی
مایس مانگی و کوشتاری کاسبکاران و لەسێدارەدانی زیندانییان بوو.
لانی کەم بیست کەس لە سێدارەدران و شەش کاسبکار بە گوللەی ھێزەکانی
ئاسایش کوژران.
•
کاسبکارێکی کورد کوژراو
و دووی دیکەش برینداربوون.
کوشتن و بریندار کردنی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە لایەن ڕژێمی
ئێرانەوە ھەروا بەردەوامە ، لەو چوارچێوەیەدا ، لە لایەن چەکدارانی
ڕژیمی ئێرانەوە ، ھاوڵاتیەکی کورد کوژرا و (٢) ھاوڵاتی تریش بریندار
بوون.
بە گوێرەی سەرچاوە ھەواڵدەرییەکان ، ڕۆژی پێنج شەممە ، ھاوڵاتیەکی کورد
بە ناوی سلێمان ئافەرەیدوون، لە لایەن ھێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئیرانەوە
کوژرا کە ئافەرەیدوون تەمەنی ٤٥ ساڵ و خەڵکی گووندی کاولانی بچووکی
مھاباد بووە.
بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی سەرچاوە ھەواڵدەریەکان ھێزە چەکدارەکانی ڕژێم
بە بیانووی دەستبەسەرداگرتنی شتومکی کاسبکارانی کورد لەسەر سنوور،
ھێرشیان کردۆتە سەر گووندی کاولان و لە ئەنجامدا شەڕوپێکدادان لە نێوان
گەل و چەکدارانی ڕژێمدا ھاتۆتە ئاراوە و ھەر لە ئاکامی ئەو
شەروپێکدادانە و تەقەی ڕاستەوخۆی چەکداراندا سلێمان ئافەرەیدوون گیانی
لە دەست داوە.
ھەر لە بەردەوامی راپۆرتەکەدا ھاتووە کە بە ھۆی دەستڕێژی
گوللەی
چەکدارەکانی رژێمەوە چەندین کەسی تریش بریندار بوون ھەندێکیش دەسبەسەر
کراون کە تا ئێستا ژماریان نەزانراوە.
•
کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد بە دەستی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
کوشتن وڕاونانی کۆڵبەرانی کورد لە سەرسنورەکان بەردەوامە.
لەوچوارچێوەیەدا لە ١٣گوڵانی ٢٠١٣لە سەرسنوری پیرانشارکۆڵبەرێکی کورد
بە ناوی(سەیدچیا پەرھیزگار) خەڵکی گوندی ترکەش سەربە شاری
پیرانشارکەوتە بەردەستڕێژی گولەی ھێزەکانی ئینتزامی کۆماری ئیسلامی
ئێران ولە ئاکامدا گیانی لە دەست دا.ھەروەھا ڕاگەیندرا کە
ناوبراوخاوەنی منداڵێکی بچوکە کە ماوەیەکە بە ھۆی دەستەنگی ژیان ملی
داوەتە کۆڵبەری لە سەر سنوری پیرانشار.
•
بەشیری بە (٦٠) گوللە لە لایەن چەکدارانی ئێران کوژرا.
(عیسا بەشیری) ھاوڵاتی کورد، خەڵکی گوندی (حەسنی) لەورمێ لەلایەن ھێزە
چەکدارەکانی رژێمی ئێران بە دەسڕێژی کردنی (٦٠)
گوللە لەناوچە
سنووریەکاندا کوژرا.
سەرچاوەکانی لەھەرێمی رایگەیاند: "ئەو رووداوە لە ٢٥ی گوڵان لەسەر
سنووری باکوور ـ رۆژھەڵاتی کوردستان روویداوە." بەپێی زانیاریەکانی
سەربازی رژێمی ئێران (عیسا بەشیری) کە بە ھێستر لەسەر سنوورەکان بە
ناچاری کاسبی کردووە، سەربازەکانی رژێم پەیوەندیان لەگەڵدا دروست
کردووە و لیستێکی خواردەمەنیان پێداوە تا ناوبراو بۆیان دابین بکات.
بەشیری دوای دابین کردنی لیستی خواردەمەنی سەربازەکان لە ٢٥ی گوڵان دا
لەسەر سنوور دەسڕێژی
گوللە دەکرێت و بە (٦٠) گوللەی سەربازانی رژێم
دڕندانە دەکوژرێت. بەشیری باوکی (٢) منداڵەو تەمەنی ٣٥ ساڵ بووە.
•
کاروانچییەک بە دەستی ھێزەکانی ئێران کوژرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوری شاری سەردەشت کاروانچیەک بە دەستی ھێزەکانی
کۆماری ئیسلامی کوژرا.
رووداوەکە کاتژمێر (٠٨:٣٠)ی بەرەبەیان لەسەر سنوری (باژاری قەڵەڕەشێ)ی
شاری سەردەست روویداوە کە تێدا (محەمەد ئەدھەمی) کوڕی قوربانی تەمەن ١٩
ساڵ بە گوللھی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
ئەمڕۆ تەرمی ناوبراو کە دوو مانگە ژیانی ھاوبەشی پێکەوە نابووو بە
مەبەستی مەراسیمی بەخاک سپاردن برایەوە گوندی قەڵەڕەشێ. کوشتنی محەمەد
ئەدھەمی لە کاتێکدایە کە ھێشتا ساڵیک بەسەر برازاکەی (خدر ئەدھەمی) بە
ھەمان رووداو تێپەر نەبووە.
جێی ئاماژەیە ماوەیەکیش بەر لە ئیستا ژمارەیەک کاروانچی لە گوندی
دۆلەگەرم درانە بەر دەسڕیژی گولەی ئەو ھیزانە کە تیایدا ژمارەیەک
کاروانچی بریندار بوون و ژمارەیەک لەو کەسانەش لە ئەسپەکان کەوتنە
خوارەوە کە ئیستا ژیانیان لە مەترسی دایە.
•
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک لە زاھیدان.
زیندانیەک بە ناوی "ئەڵڵا نەزەر شیبەک" لە گرتووخانەی ناوەندی زاھیدان
کە ماوەی سێ ساڵە لەو گرتووخانەیە بەسەر دەبات بیست و ھەشتی بانەمەڕ لە
کاتێک دا کە دوو رۆژی کۆتایی لە ژووری تاکەکەسی دابوو و تەلەفۆنەکانی
گرتووخانەکە بڕابوون لە سێدارەدرا.(ھرانا).
•
ھاوڵاتییەکی لورستانی لە سێدارەدرا.
بە پێی ھەوڵی ھرانا و پشت بەستوو بە وتەی فەرماندەی ھێزە ئەمنیەکانی
لورستان سزای لە سێدارەدانی کەسیک بە ئامادەبوونی دادوەری پەروەندەکە
جءبەجێ کراوە.(ھرانا)
.
•
دوو کەس بە تاوانی موحارەبە لە زیندانی ئەوین لە سێدارەدران.
سەرلەبەیانی بیست و نۆی بانەمەر دو کەس بەناوەکانی کوروش ئەحمەدی و
موحەممەد حەیدەری بە تاوانی مەحاربە و بە پیی ھەوڵی ئاژانسی فارس
تاوانی ئەو دوو کەسەی پیوەندی لەگەڵ ولاتانی دوژمن و سیخوری لە دژی
کۆماری ئیسلامی راگەیاندبوو.
•
سێ تاوانباری بە کوشتن، لە گرتووخانەی کەرەج لە سێدارەدران.
بە پێی ھەواڵی ھرانا سێ گیراو لە زیندانی کەرەج بە ناوەکانی مەجید شیر
خانلو، حمید شەھریاری و نەسیری سزای لە سێدارەدانیان جێبەجێ کراوە.
•
لە سێدارەدانی
هەفت گیراو لە شاری رەشت.
حەوت کەس بەتاوانی راگواستن و فرۆشی مادە ھۆشبەرەکان لە حەوشەی
گرتووخانەی شاری رەشت لە سێدارەدران. مەحکەمەی گشگی پارێزگاری گیلان
ناوی ئەو حەوت کەسەی بەو شێوەیە راگەیاند: جەھانگیر گورگیج کوڕی ئەفزەل،
ھاشم بەھارعەلی کوڕی مەحموود، شەھرام حەسەنزادە، کوڕی عەبباس، نیعمەت
رەجەبی کوڕی رەمەزانعەلی، فەرھاد شیرازی کوڕی ئەکبەر، تورەج ئەمینی
کوڕی یوسف.
•
سێ تاوانبار لە گرتووخانەی ئیسفەھان لە سێدارەدران.
ئەو سێ گیراوە بە تاوانی قاچاخی مادە ھۆشبەرەکان لە حەوشەی گرتووخانە
لە سێدارە دران. بە وتەی دادستان ئەوان ئەفتاو حەوت کیلۆیان تریاک و
کراک و ھێرۆئین راگرتوە
•
جێبەجێکردنی سزای لە
سێدارەدانی سێ کەس لە کرماشان.
دادستانی گشتی و شۆڕشی کرماشان ھەواڵی لە سێدارەدانی
سێ کەسی بە تاوانی
کوشتن راگەیاند. بە پیی ھەواڵی ئیسنا بە گێرانەوە لە ھرانا موجتەبا
مەلکی تاوانی ئەو کەسانەی کوشتن و پێوەندی ناشەرعی لەگەڵ ژنی
کوژراوەکان راگەیاند.
•
چوار کەس لە گرتووخانەی ساری ئەراک لە سێدارە دران.
حیکمەت عەلی سەرۆکی دادگای پارێزگای مەرکەزی ھەوڵای لەسێدارەدانی چوار
کەسی بەتاوانی بازرگانی مادە ھۆشبەرەکان راگەیاند و ئەو کارەی وەک
پێشگیری لە مادە ھۆشبەرەکان و پەندوەرگرتنی قاچاخچیەکانی دیکە ناوزەد
کرد.(ھرانا).
•
دەستگیرکردنی دووبارەی زیندانییەکی سیاسی.
شێرزاد بەیگ زادە خەڵکی گوندی ھوسەن و سەربە ورمێ کە پێشتریش زیندانی
کرابوو ماوەی زیندانیەکەی تێپەرکردبوو بۆ جارێکی تر بانی ئیدارەی
اتلاعات کراوەتەوە و تووشی ئەشکەنجە و بێڕێزی بۆتەوە ماڵەکەشی
پشکێندراوە.
•
لە شاری کرماشان (٣) ھاوڵاتی کورد لەسێدارەدران.
دوێنێ لەشاری کرماشان (٣) ھاوڵاتی کورد لەلایەن رژێمی کۆماری ئیسلامی
ئێرانەوە لەبەرچاوی خەڵک لەسێدارەدران.
بەگوێرەی ھەواڵی تەلەفزیۆنی (NewrozTV)، ٦ی گوڵان (٣) ھاوڵاتی کورد
لەشاری کرماشان لەمەیدانی ئازادی لەبەرچاوی ھاوڵاتیانی شارەکە لەلایەن
رژێمی ئێرانەوە لەسێدارەدراون.
راگەیەندرا یەکێک لەوانە خەڵکی گلیانی رۆژئاوای سەربە شاری کرماشان بوو. بانگەشەکرا ئەو کەسە بەکوشتنی ژنێک تۆمەتبارکرابوو پاشان سزای
لەسێدارەدرانی بەسەر دا سەپێنرا . ھەروەھا دەزگای قەزایی کۆماری
ئیسلامی ئێران دەستنیشانی کرد ھەردوو کوردەکانی تریش بە تۆمەتی
دەستدرێژیی جنسی و کوشتنی خەڵک لەسێدارەدراون.
•
لە شاری سنە (٤) چالاکوانی کرێکاریی دەستبەسەر کران.
لە چالاکانی کرێکاری (٤) کەسی تر بەناوەکانی (ئارام زەندی، فەردین
قادری، شاھپوور حوسەینی و جەلیل محەمەدی) لەلایەن ھێزەکانی رژێم لەشاری
سنە دەستبەسەر کران.
بەپێی راپۆرتی کەمپینی بەرگری لەگیراوانی سیاسی و مەدەنی، کاتژمێر
٠١:٠٠ی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجەشەممە، ئارام زەندی، فەردین قادری و
شاھپوور حوسەینی (٣) چالاکی کرێکاری سنە لە جاددەی (بەھاران) پاش
فەرمانی (راوەستە)ی چەکدارەکانی رژێم و تەقەکردنی ھەوایی، سەرەڕای
ئازار و ئەشکەنجەی دڕندانە، دەستبەسەر دەکرێن.
شایانی باسە کە شۆفێری ئۆتۆمبێلی ئەو (٣) کرێکارە بۆ ماوەی چوار
کاتژمێر لەژێر لێکۆڵینەوەی ھێزە ئەمنیەکانی رژێمدا دەمێنێتەوە و پاشان
ئازاد دەکرێت.
ھەروەھا شەوی پێنجشەممەش (جەلیل محەمەد) چالاکێکی تری کرێکاری، لەلایەن
ھێزئەمنیەکانی رژێم دەستگیردەکرێت.
•
رژێمی ئێران ئۆتۆمبێلی دوو ھاوڵاتی شاری مەریوانی گوللەباران کرد.
دەسبەسەرکردن و سزادانی کوردانی رۆژھەلاتی کوردستان بە ھەموو بیانویک
بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا (٢ ) ھاوشاری مەریوانی لەلایەن چەکدارانی
مەریوانەوە دەستڕێژی
گوللەیان لێکرا و لەئەنجامدا ھەر دووکیان
بەسەختی بریندار بوون.
بە پێی ھەوالێکی سەرچاوە ھەرێمیەکان لە ١٥ی بانەمەێ ( ٢ ) دووھاوڵاتی
شاری مەریوانی بەناوەکانی (حەبیبوڵڵا محەممەدی) و( بێھرووز ئەحمەدی )
کە دەیانویست بە ئۆتۆمبێل بەرەو مەریوان بگەڕێنەوە لەلایەن ھێزەکانی
سەر بە بازگەی پشکنینی چەکدارانی رێژیم لەنزیک مەریوان درانە بەر
دەستڕێژی گولەو بە سەختی بریندار بوون.
جێگای وەبیرھێنانەوەیە رۆژی شەممە ١٤ی بانەمەر (نەبی عەبدوڵڵاھی) و (مەھدی عەبدوڵڵاھی) خەڵکی گوندی (بانەوەر) و (ساڵح ساڵحی) خەڵکی گوندی (سەرکران)
ی پاوە لە رێگای ساوە ـ تاران لەلایەن ھێزە چەکداراکەنی رژێمی کۆماری
ئیسلامەوە درابوونە بەر دەستڕێژی گولە و لەنجامدا (نەبی عەبدوڵڵاھی)
خەڵکی گوندی (بانەوەر)ی پاوە گیانی لەدەست داو ھەروەھا لە ئەنجامی ئەو
دەستڕێژییەدا (مەھدی و ساڵح) یش بەسەختی بریندار بوو.
شایانای باسە دەستڕێژی
گوللە لە ماشێنی ئەو (٢ ) ھاوشاریە کوردە
لەحاڵێکدا بووە کە ھیچ کەلوپەلێکیان پێ نەبووە و لەکاتی تێپەڕین بە
شەقامی ساوە ـ تاراندا بوون.
•
هێزەکانی ئاسایشی ئێران گەنجێکی تریان لە روانسەر دەستبەسەر کرد.
ھێزە ئەمینەکانی ئێران گەنجێکی تریان لەروانسەر دەستبەسەر کرد. روانسەر
کەلەم ماوەی دوایدا شاھیدی شەپۆڵی لەدەستبەسەرکردنی سیاسی بووە ، کە
ئێستا لەژێر چاودێری توندی ئەمنی دایە.
بەپێی سەرچاوە ھەواڵییەکان، کاربەدەستانی ئەمنی ئێران گەنجێکی کوردیان
بەناوی (میلاد مورادی) تەمەن (٢٧)ساڵ لە رێکەوتی ١٦ی جۆزەردان
لەماڵەکەیدا دەستبەسەر و بەزۆرەملێی لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.
راگەیەندرا تۆمەتەکانی سەپێنراو بەسەر میلاد مورادی تا ئێستا نەزانراوە،
بەڵام ئەو ھەوڵە لەچوارچێوەی دەستبەسەر کردنەکانی سیاسی ئەم دواییانەیە
کە لەکوردستان ئەنجامدراوە.
ھەروەھا بەپێی ئەو ھەواڵە لەھەندێک لەناوچەکانی دەوروبەری روانسەر
رێوشوێنی توندی ئەمنی گیراوەتەبەر و کاربەدەستانی ھێزە ئەمنیەکان
لەخاڵی پشکنیندا، ھاوڵاتیان بەوردی دەپشکێنن.
•
دوو چالاکوانی مەدەنی لە شاری ماکۆ دەستبەسەر کران.
رۆژی پێنجشەممە ٩ی گوڵان، جھانبەخش سولتانزادە (سالوور) و بھنام باقری،
دوو چالاکوانی مەدەنی، لەلایەن کاربەدەستانی ئەمنی ئێران لەماکۆ
دەستبەسەر کران.
بەپێی راپۆرتی کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لەئێران، کاربەدەستانی
ئەمنی بە رۆیشتنی بۆ ماڵی شەخسی جھانبەخش سولتانزادە (سالوور) جیا
لەدەستبەسەر کردنی سولتانزادە، سەرجەم کەل و پەلی ناوبراو وەک کۆمپیۆتر،
کتێب و نووسراوەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەن. ھەروەھا راگەیەندرا لەکاتی
رۆیشتنی بۆ دوکانی بەھنام باقری، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
جێگای ئاماژەیە جھانبەخش سولتانزادە (سالوور) شاعیر و خوێندکاری بەشی
یاسای زانکۆی پەیام نووری ماکۆیە.
بنەماڵەی ئەو دوو چالاکی مەدەنی ئازەری زمان ، بۆ بەدواچوونی بارودۆخ و
ھۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراوان سەرلێدانی دەزگای ئیتلاعاتی ماکۆ یان
کردووە، بەڵام بێجگە لەوەی نەیانتوانیوە زانیارییەک لەو بارەوە بەدەست
بھێنن، لەلایەن کاربەدەستان رووبەڕووی ھەڕەشە و لێدان و سووکایەتی
بوونەتەوە.
•
پارێزەی گولپەری پوور لە ورمێ دەستبەسەر کراوە.
لەکاتێکدا کە گیراوی سیاسی کورد حەبیبوڵا گولپەری پوور مەحکوم بە
ئیعدام ماوەی (٢) رۆژە لەزیندانی سمنان بۆ جێگایەکی نادیار
گواستراوەتەوە، ھاوکات سەرچاوە ھەواڵییەکان ھەواڵی دەستبەسەر کردنی (مەسعود
شەمس نژاد) پارێزەی ناوبراو لە ورمێ یان بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەرۆژھەڵاتی کوردستان بەدەست کەوتوون، مەسعود
شەمس نژاد چەند رۆژ لەمەوبەر لەلایەن دەزگای ئەمنی لەو شارەدا
دەستبەسەر کراوە.
یەکێک لەئەندامانی بنەماڵەی حەبیبوڵا گولپەری پوور رایگەیاندووە کە ئەو
گیراوی سیاسی مەحکوم بە سێدارە دوو رۆژ لەمەوبەر لەپەیوەندییەکی
تەلەفۆنی لەگواستنەوەی خۆی بۆ شوێنێکی نادیار زانیاری داوە.
گولپەری پوور کە لەساڵی ١٣٨٦ لە مھاباد دەستگیر کراوە بە تۆمەتی
ئەندامێتی لە
PJAK سزای لەسێدارەی بەسەر دا سەپێنراوە کە سزای
لەسێدارەدانی لەدیوانی باڵای کیشوەر ئەرێ کراوە.
راشگەیەندرا لە ئێستاوە مەترسی
جێبەجێکردنی سزای گولپەی پوور
لەئارادایە.
•
(٤) برا لە زینداندان و ھەواڵی کاتی لەسێدارەدان بە (٢)یان
راگەیەندرا.
کاربەدەستانی زیندانی ناوەندی ورمێ دوو گیراوی سیاسی مەحکوم بە
لەسێدارەدان بانگێشتی بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکە کرد و کاتی جێ بەجێ
کردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکەیان پێ راگەیەندرا.
بە پێ ھەواڵێکی کەمپینی بەرگری لەزیندانیانی سیاسی و مەدەنی،
کاربەدەستانی زیندانی ورمێ بە فەرمانی دۆزگەری و دادوەری دۆسیەکە، عەلی
و حەبیب ئەفشاری دوو گیراوی سیاسی مەحکوم بە سێدارە، بانگێشتی ئیدارەی
بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکە کراون و ھەڕەشەیان لێکردوون و پێیان
راگەیەندراوە کە سزای لەسێداردانیان دوای ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری جێ
بەجێ دەکرێت.
یەک لە ئەندامی بنەماڵەی ئەو دوو گیراوە سیاسی مەحکوم بە سێدارە سەرەڕای
پشتڕاست کردنەوەی ھەواڵەکە ووتی:" بەپێ دواین پەیوەندی لەگەڵ زیندان ،
بەعەلی و حەبیب رایانگەیاندوە کە تەنیا ئەم مانگە کاتتان ھەیە، کارمان
بۆ بکەن، لەبەر ئەوەی بە فەرمانی دۆزگەری و دادوەری دۆسیەکە (جەوادی)
پێیان راگەیاندون کە بە بۆنەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری سزای
لەسێدارەدانیان دوا کەوتووە و جێ بەجێ کردنی سزاکە بۆ دوای ھەڵبژاردنی
سەرۆک کۆماری دوا خراوە.".
ناوبراو سەرەڕای نیگەرانی لەجێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەی عەلی و حەبیب
ئەفشاری ووتی: " ئەگەر بڕیاری جێ بەجێ کردنی سزاکە یەکلای بکرێتەوە،
تەنیا ھەڵێک بۆ رێگرتن لەجێ بەجێ کردنی بڕیارەکە ھەیە ئەویش
پێداچوونەوە بە سەر دۆسیەکەیە.".
عەلی ئەفشاری و حەبیبوڵا ئەفشاری دانیشتووی گوندی (گوگجلو حەبیبلە) سەر
بە شاری مھاباد کە ساڵی رابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی مھاباد بە تاوانی
محاربە و ئەندامێتی لەپارتێکی کوردی لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی
مھاباد سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە . ھاوکات دوو برای تریان
بەناوەکانی (جەعفەر و وەلی ئەفشاری) کە بە تۆمەتی ھەوڵدان دژی ئاسایشی
نەتەوەیی بە (٥) ساڵ زیندانی سزادراون ئەو چوار برایە ئێستا لەزیندانی
ناوەندی ورمێ ژیان بەسەر دەبەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد لە
ئەوروپا
٢\٦\٢٠١٣
info@kmmk.info
|