په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٣\٢٠١٢

مانگرتنی بێسنووری کوردان لە ستراسبۆرگی فەرانسا.


تکایه‌ هه‌ر که‌سێک ده‌یه‌وێ پشتگیریی له‌ داواکارییه‌کانی ئه‌و مانگرتووانه‌ بکا با ناوی خۆی بۆ ئه‌م ئیمایل یان ژماره‌ ته‌له‌فۆنه‌ بنێرێ:

diarypress@gmail.com ، 07501176641

 


چالاکوانانی کورد لە ستراسبورگی فەرەنسا (له‌ بەردەم په‌رله‌مانی ئه‌وروپا) بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر خراپیی دۆخی مافی مرۆڤ لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەتیی کوردستانی ژێردەستی تورکیا، دەستیان داوەتە مانگرتنێکی بێسنوور و ژیانیان بۆ داخوازییەکانی گەلی کورد خستۆتە مەترسییەوە.

ئەم مانگرتنە لە رۆژی ١\٣\٢٠١٢ رێکخراوە.


لەم بارەیەوە نیگار عینایەتی نووسەر و چالاکوانی بواری ژنان و یەکێک لە مانگرتووانی ستراسبۆرگی فەڕانسا بە تایبەت بە ماڵپەڕی رۆژھەڵات / بۆکانی راگەیاند:
ھەر وەک میدیاکانی جیھان رایانگەیاندووە، لەم ماوەیەدا نۆ ھەزار چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کە رێژەیەکی بەرچاوی منداڵی تێدایە، لە باکووری کوردستان گیراون و ماوەی سی (٣٠) رۆژە زیاتر لە ھەزار کەس که‌ پێکھاتووه‌ لە په‌رله‌مانتار و سەرۆک شارەوان و زیندانیی سیاسیی لە باکووری کوردستان دەستیان داوەتە مانگرتنێکی بێسنوور. ئەم مانگرتنەی ئێمەش بۆ پشتیوانی کردن لە مانگرتووانی باکوور، بە دژی گۆشەگیریی و ئەشکەنجەی توند لە سەر سەرۆکی گەلی کورد عەبدوڵا ئوجالان و پێشێلکرانی مافی مرۆیی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان و ھەروەھا بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی کوردان بۆ رای گشتیی جیھان و بە تایبەتیی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ساز بووە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ''نیگار عینایەتی'' ئاماژەی بەوە کرد کە: مانگرتنەکەی ئێمە پێی ناوەتە پازدەیەمین رۆژەوە و ئێمە چالاکوانانی بەشدار لە مانگرتنی شاری ستراسبۆرگ ئەو ھەڵسوکەوتانەی دەوڵەتانی سەردەستی ھەر چوار پارچەی کوردستان و بە تایبەتیی باکووری کوردستان پرۆتستۆ ده‌که‌ین و داوای شکاندنی بێدەنگیی نێودەوڵەتی دەکەین. ھەروەھا لە بەرامبەر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کۆمەڵکوژیی ''رۆبۆسکی'' و نەبوونی ھیچ ھەڵویستێک بۆ ئەم کارە نامرۆڤانەیە، نارەزایەتیی دەردەبڕین و ھەتا گەیشتن بە ئامانجەکانمان درێژە بە مانگرتنەکەمان دەدەین. لە درێژە قسەکانیدا ناوبراو گوتی: لە رۆژھەڵاتی کوردستانیشدا دەبینین کە لەسێدارەدانی بە تایبەتیی کوردان بۆتە ھەواڵی رۆژانە کە لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێ، ھەروەھا زۆربوونی لەرادەبەدەری مادەسڕکەرەکان وەکو سیاسەتی لەناوبردن بەڕێوەدەچێ، رێژه‌ی خۆسووتاندنی ژنان بە ئاستێکی بەرز گەیشتووە و تا دێ کۆمەڵگا بە ھۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو وێرانیی و ھەلوەشانەوە دەچێ. بۆیە ئێمە لە رێگەی ماڵپەڕی بۆکانەوە داوا دەکەین لە ھەموو کوردێک کە لە ھەر شوێنێکی جیھان ھەن، بە ھەر شێوەیەکی بۆیان دەکرێ دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرامبەر قڕکردنی کوردان دەرببڕن، بە تایبەتیی بەرەو نەورۆز دەچین و ئەم رۆژانە بکەنە مەیدانی بەرخۆدان و خۆڕاگریی و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژ بە حکو‌مەتەکانی ئێران و تورکیا و سوریا، لەم رۆژانەدا پێویستە ھەموو کوردێک بە دژی داگیرکەرانی کوردستان لەسەر پێ بێ بۆ ئەوەی چیدی سیاسەتی لەناوبردن و ئاسمیلاسیۆنی کورد بەڕێوە نەچێ.

نیگار عینایەتی سەبارەت بە ھەڵوێستی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا لە سەر مانگرتنی ستراسبۆرگ بە ماڵپەڕەکەمانی راگەیاند: رۆژی ١٣\٣\٢٠١٢ سێ کەس لە مانگرتووان بە نوێنەرایەتی چووینە بەردەم کۆنسەی ئه‌وروپا و لە لایەن بەرپرسانی ئەو شوێنەوە پێشوازییمان لێکراوە و داخوازییەکانمان بە نووسراو ئاراستە کردوون و ھەروەھا نامەی پشتگریی نووسەران و ھونەرمەندان و ئاکادیمیستەکانی کوردمان بە ئیمزای ١٩ کەسایەتیی ‌ پێدان کە بۆ ناوەندە جیھانییەکان و یەک لەوان کۆنسەی ئه‌وروپا نووسراوە. ھەروەھا لەم چەند رۆژەی پێشتردا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئه‌وروپا و په‌رله‌مانتارانی ئه‌وروپا و بەشێک لە حیزبەکانی فەرانسە سەردانی شوێنی مانگرتنەکەیان کردووە و بەڵێنیان داوە کە بە دواداچوون بۆ داخوازییەکانمان بکەن.

سەبارەت بە رەوشی ئێستای مانگرتووان، نیگار عینایەتی گوتی: رۆژانە لە لایەن دوو دکتۆرەوە پشکنینی پزیشکییمان بۆ دەکرێ. رەوشی جەستەیی ٤ کەس لە مانگرتووان ناجێگیرە، کێشی مانگرتوان لە ٤ بۆ ٩ کیلۆ دابەزیوە و رەوشەکە تا دێ بەرەو خراپتر دەچێ. بەڵام ئێمە ھەتا ئەو کاتەی وەڵامێکی متمانەبەخشمان لە لایەن کاربەدەستانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپاوە پێنەدرێتەوە سوورین لە سەر درێژەدان بە مانگرتنەکەمان.

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک