٥\١٢\٢٠١٤
مانگرتنی گیراوانی
سیاسیی کورد لە پازدەهەمین رۆژ دایە.
لە
مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلانی بندەستدا، زۆر جار بووە کە
تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی دەستیان داوەتە فەرمانی مەدەنی و خۆیان تووشی
ئازار و ئەشکەنجە کردووەتەوە؛ مێژووی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد پڕە لە
فیداکاری، و بە دڵنییایەوە بەدیهێنانی دیمۆکراسی و ئازادی بۆ هیچ
نەتەوەیەک بە دانی گەلێک بەها و بەرخۆدان دێتە ئاراوە.
کوردان چەندین سەدیە، بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان و ناڕەزایەتی
دەربڕین بە ڕەوشی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بە شێوەگەلی جۆراوجۆر
دەستیان داوەتە تێکۆشان، لەو شێوانە مانگرتن لە خواردنە کە دژوارترین
ڕێکاری تێکۆشانە و ئەنجامەکەی لە ناو چوونی جەستەی زیندانییە.
لە مێژووی تێکۆشانی نەتەوەی کوردان تا ئێستا دەیان جار لە
گرووتووخانەکانی تورکیە، ئێران، عێراق و سوریە زیندانیان کورد چ بە
شێوەی تاک چ بە شێوەی بە کۆمەڵ دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن و لە
هەندێک لەو حاڵەتانەدا، گیان لەدەستدانی زیندانی بەدوواوە بووە.
لە ساڵی ٢٠٠٩ دەیانی گیراوی سیاسی و مەدەنی کورد لە گرتووخانەکانی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ماوەی ٤٣ ڕۆژ دەستیان دایە مانگرتن لە
خواردن.
لە ساڵی ٢٠١٢ هەزاران گیراوی سیاسی لە باکووری کوردستان دەستیان دایە
مانگرتن.
دوواهەمین جار لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ئورمییە ٢٩ زیندانی سیاسیی
کورد کە هەندێکیان سزای گرانی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە
دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.
مانگرتنی زیندانیانی کورد ئەمڕۆ ٤ی دێسێمبەری ٢٠١٤ پازدەهەمین ڕۆژی خۆی
پڕ کردووەتەوە و گیراوان، داخوازییەکانی خۆیان لە دوو خاڵدا بەرجەستە
کردووە:
یەکەم: هەبوونی بەشی تایبەت بە گیراوانی سیاسی لە ناو زیندادا.
دووەم: ڕاوەستانی کردەوە دژە مرۆییەکانی کاربەدەستانی زیندان و
هەڵاواردن.
سەرەڕای سەرەتایی بوونی داوا ڕەواکانی زیندانیانی سیاسیی کورد، تا
ئێستا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هیچ وەڵامی داخوازی گیراوانیان
نەداوەتەوە، بەڵکوو زانراوە تەلەفوونەکانی زیندان و سەرجەم ڕێکارەکانی
پەیوەندی زیندانیان بۆ دنیای دەرەوەی زیندان ئاستەنگ کراون.
ناوی زیندانیانی مانگرتوو:
بەهروز ئالیخانی، ئەمیر مەلادوست، سیروان
نژواری، جەعفەر میرزایی، ئیبراهیم ڕەزاپوور، محەممەد عەبدۆلبەخت،
عەبدۆڵڵا ئەسغەری، عەرەفات ئەسغەری، عەبدۆلڕەحمان سلێمان، سەید سامی
حسێنی، عەبدۆڵڵا مەحموودی، ئەحمەت تەموویی، عۆسمان مستەفاپوور، مستەفا
ڕەحمان، یوسف کاکە مەمێ، سەید جەمال محەممەدی، عەلیڕەزا ڕەسوولی، شۆڕش
ئەفشاری، مستەفا ئەفشاری، مستەفا داوودی، عەلی ئەفشاری، جەعفەر
ئەفشاری، وەلی ئەفشاری، حەبیب ئەفشاری، کەیهان دەرویشی، شێرکۆ حەسەن
پوور، محەممەد عەبدۆڵڵاهی، خزر ڕەسولی ڕاد، و سامان نەسیم.
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسیی کوردستان سەرەڕای شەرمەزار کردنی
سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرانبەر زیندانیانی سیاسیی و
مەدەنی داواکارە هەرچی زووترە داخوازییەکانی زیندانیان جێبەجێ بکرێت و
هەل و مەرجێکی یاسایی بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی گیراوانی سیاسیی کورد
بە شێوازێکی دادپەروەرانە و بەدوور لە هەڵاواردن بێتە ئاراوە.
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسیی کوردستان داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی
مافی مرۆڤ لە جیهان و ئازادیخوازن دەکات، پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی
گیراون بکەن و گووشار بخەنە سەر کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی
جێبەجێکردنی داواکارییەکان زیندانیانی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی
ناوەندی شاری ئورمییە.

٤\١٢\٢٠١٤
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسیی کوردستان
zindani@fppk.net
|