په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠١٤

مانیڤێستی پێگەی ڕۆحی سەردەم!


پێگەی ڕۆحی سەردەم!

١- پێگەی ڕۆحی سەردەم،پێگەو مانیڤێستێکی ڕەخنەیی - تێوریی گشتگیری ڕەخنەگرانەیە لەکۆی کایە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و نەرێتییەکانی کۆمەڵگە.

٢- لە ڕوانگەی پێگەی (ڕۆحی سەردەم)ـەوە کۆمەڵگەی کوردستان(باشور) بە گشتیی دەرگیری کێشەگەلێکی گەورەو بنەمایی و ئالۆزی سیاسیی، فەرھەنگیی،فیکریی و مۆراڵیی ترسناکن.ھەموو ئەو کێشانە بەسەر یەکەوە قەیرانی کوشندەی ژیانیان دروست کردووە،قەیرانی ژیان،واتە ئیتر شتێک نەماوە یان نەڕزیبێت یان لە دۆخی ڕزان و پوکانەوەدا نەبن.

٣- لەناو ئەو ئەو فەزا کۆماڵایەتییە شێواوەو لێکھەڵوەشاوەدا،کایەی ڕۆژنامەگەریی ئەگەر خراپتریین و بێئاسۆتریین کایە نەبێت،ئەوا قەیران و لاوازیی و تەنانەت ترسناکییەکەی لەسەر ژیانی ئێستاو ئاییندەی کۆمەڵگەی کوردستان لەوانیتر کەمتر نییە.ئەو کایەیە نەیتوانیوە یەک ھەنگاو روانیین و مەنتالیتێتی دەسەڵات تێپەڕێنێت،نەیتوانییوە تەنانەت لە یەک جومگەی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییدا چ فەرھەنگی دەسەڵات تێپەڕێنێت چ دەستکاریی یەکێک لەو سەدان جومگە ناشیرین و بەدانە بکات کە کۆمەڵگەو مرۆڤی کوردی گیرۆدەو لە تاریکییدا ڕاگرتووە.کایەی ڕۆژامەگەریی بێئاسۆو ئامانجە ,ستراتیجی ڕوونی نییەو بەو ھۆیەشەوە لەناو قەیران و ئاژاوەی بێھزرییدا پەلدەھاوێت.خەم و ژان و چاوەڕوانیی گەورەی نییەو بەتاڵە لە خەون و تەقەلاو ئاسۆ گەورەکانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی.

٤- ھەر بەوشێوەیە کە کۆمەڵگەو کایەکانی لە قەیرانی خنکێنەردا قەراریان گرتووە،کایەی ڕۆژنامەگەریی لە چەند دەیەی ڕابردوودا نەک توانیوێتیی ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت و ئاسۆێکیتر بخاتە بەردەم کۆمەلگە،بەڵکو لەھەر کایەێکیتر زیاتر بێئاسۆو پڕکێشەو قەیراناوییترە.پێگەی ڕۆحی سەردەم،لەناو ئەو فەزا شێواوو قەیران و تاریکییەدا خۆی ڕادەێنێت.پێگەی ڕۆحی سەردەم ھەوڵ و تەقەلاێترە بۆ وەڵامدانەوە بەو ئاژاوە کۆمەڵایەتییەو لە ڕاستای خولقاندنی ڕۆحێکی کۆمەڵایەتییتر.

٥- دابەشبوونی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە سیستەمی کاپیتالیزمدا،بەرھەم و بەرئەنجامی سروشتیی ھەموو سیستەمە چینایەتییەکانە،واتە کۆمەڵگەی چینایەتیی لەخۆیدا کۆمەڵگەێکی دابەشبووی چین وتوێژە کۆمەڵایەتییەکانەو دابەشبوون و سەنگەربەندیی سیاسیی و ھزریی و فەرھەنگیی خەسڵەتێکی ڕەھاو نەگۆڕی سیستەمی چینایەتییە،بەڵام دابەشبوون لە کۆمەڵگەی کوردستان(باشور)دا بەشێوەێکی ترسناک دابەش بووە.دەسەڵاتی کوردیی لە ساڵانی ڕابدروودا،مرۆڤەکانی لە دەوری ھیچ بەھاو خەون و ئامانجێکی ھاوبەش کۆنەکردەوە،بەڵکو ئەو دەسەڵاتە تەنھا میکانیزمێک بوو بۆ کەرت و پەرتکردنی کۆمەڵایەتیی،بۆ پارچەپارجەکردنی ھەموو کایەێک و ھەموو دوو مرۆڤێک لەیەکتر.جیاوازیی و دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان لە باشوردا لەمێژووی ٢٣ساڵی ڕابردوداو لەھیچ شوێنێکدا نەبووە مایەی دیالۆگێکی سیاسیی و ھزریی،تەنانەت بەتاڵ بوو لە دیالۆگ و فیکرو فیکر بەرھەمھێنان،بەڵکو ھەموو جیاوازییەک،بچووک یان گەورە،پڕناوەڕۆک یان پووچ،بێجگەی ڕق و بوغزو بێزھاتنەوە لەیەکتر ھیچیتر نەبوو.باشور لە ٢٣ ساڵی ڕابردودا نەیتوانی تەنانەت لەسەر یەک بەھای سیاسیی،فەرھەنگیی و ئەخلاقیی ھاودەنگیی و ھاوسۆزیی کۆمەڵایەتیی دروست بکات،یەک نۆرمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نییە مرۆڤی کورد لەسەری ڕوابێت و لێیەوە بەرەو ئاسۆێکیتر گەنگاو بنێت و ئاراستە بگرێت،پێیەوە ڕیشەی داکوتابێت و ئامادە بێت بەرگریی لێبکات تا بژییت.ئەو دابەشبوونە ترسناک و ناتەندروستە تەنانەت مێدیاو کایەی ڕۆژنامەگەریشی گردۆتەوە،مێدیاو ڕۆژنامەو پێگەی ڕاگەیاندن ھەیە بنەماڵەو یان پێڕی ھاوڕێیەتیی و دۆستایەتیی دەستی بەسەرداگرتووە،لەوەھا دۆخێکدا یان دەبێت لە ئەوان بچیت یان لە دەرەوەیان و لە باشتریین دۆخیشدا لە پەراویزێکی بێواتاو بێبەھادا شوێنێکت بۆ قایل دەبن.

لەو ڕووەوە پێگەی ڕۆحی سەردەم،ویستی تێپەڕاندنی ئەو فەزا ناشیرین و ناتەندروستە ڕۆژنامەگەرییەیەو دەخوازێت ببێتە پێگەی دەنگی مرۆڤ و پێگەی نماییشی ئازادیی ھەموو مرۆڤێک.پێگەی ڕۆحی سەردەم،ھیچ باێخێک و ئیمتیازێکی تایبەت و لەپێش بۆ ھیچ کەس و گروپێکی کۆمەڵایەتیی دانانێت،واتە ھەموو مرۆڤێک جا سەربە چ پێگەێکی کۆمەڵایەتیی یان کولتورییە کاتێک لەچوارچێوەو بەھای مرۆڤایەتیی و بەھای ئازادیی و ھزرییدا خەریکی نماییشی توانا ھزریی و ڕۆحییەکانی خۆێتیی،دەتوانێت لە پێگەی ڕۆحی سەردەمەوە بەبێ ھیچ سانسۆرێک تواناکانی خۆی نمایش بکات.

٦- پێگەی ڕۆحی سەردەم،بانگەوازی ھەموو مرۆڤێک دەکات،ھەموو ئەوانەی خۆیان بە ھاوبەش،ھاوسۆزو ھاودەنگ لە لەمانیڤێستیدا دەبینن و چ خەونی گۆڕانی ڕیشەیی کۆمەڵایەتییان ھەیە،لەھەر ئاست و ڕێیەکەوە پێیاندەکرێت،ھاوکارو پشتیوانیی بکەن.پێگەی ڕۆحی سەردەم،دەخوازێت ببێتە پێگەی ڕۆحی ئەو دەنگانەی تەنانەت لە یەک خاڵداو لە یەک ئامانجی بچووکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییدا لەگەڵیدا یەکدەگرنەوە،ئەوەش واتای کاری ھاوبەش لەپێناو خەون و ئامانجە ھاوبەشەکان.

تراژیدیای سیاسیی،کۆمەڵایەتیی،کولتوریی و مۆراڵیی لە باشوردا ئەوەیە:کە لە دوای ٢٣ ساڵ نەیتوانی کۆدەنگیی و ھاوسۆزیی کۆمەڵایەتیی لەسەر ئامانج و خەونە ھاوبەشەکان دروست بکات.وەک پێشتر لە لێیدواوین،ئەوە بەرئەنجامی ئەو ھەڵسوکەوتە ترسناک و ناتەندروستەیە کە چین و توێژو نوخبە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ یەکدا کردوویانە.پێگەی ڕۆحی سەردەم،وەک چۆن ڕەخنەگرێکی ڕیشەیی سەرتاپاگیریی کۆی کایە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکان دەبێت و لەو ڕووەوە ڕەھا سازشھەڵنەگرە،ھاوکات دەخوازێت ببێتە پێگەو بەرامبەرکێی جیاوازییەکان و لێرەوە جەنگی ھزر جێی جەنگی ناشیرینی ڕق و بوغزو سوکایەتییکردن بگرێتەوە.

٧- لەم دۆخە تازە ترسناک و ئاییندەسازەدا کە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ھاتۆتەپێش،وەک لێرەبوونی داعش و مەترسییەکانی،بەتایبەت کێشەو نەبەردی کۆبانێ و ڕۆژئاوا،لاێن و بابەتێکی بێڕادە بۆ پێگەی ڕۆحی سەردەم گرنگەو(پ ڕ س)بە ھەموو توانایەوە لەپشتی نەبەردی کۆبانێوە ڕادەوەستێت و پشتیوانیی بێدرێغی دەکات.لە روانگەی پێگەی ڕۆحی سەردەمەوە،لەپاڵ نەبەردی بەرجەستەی کۆبانێدا،ھەنگاوی دووھەم تێگەیشتنە لە ڕەھەندو کاریگەرییە ئێستایی و مێژووەییەکانی،پ ڕ س،چاودێرێکی وردو ھەمیشەیی نەبەردی ڕۆژئاوا دەبێت.
ھەڵبەتە پشتیوانییکردن لە ڕوانگەی(پ ڕ س)وە تەنھا پیاھەڵدان و نماییشکردنی جوانیی و لاێنی پۆزەتیڤی نەبەردی کۆبانێ نییە کە بێگومان نابێت ھەرگیز جوانیی و قارەمانێتییەکەی لەبیر بکەین،بەڵکو پشتییوانکردن بەم واتایانەش دێن:ڕەخنەکردنی لاێن و ڕوانگە لاوازەکانی،ڕاکێشان و ئاراستەکردنی بۆ ھەرچیزیاتر شۆڕشگێڕبوون لەباری ھزریی و فەرھەنگییەوەو..تاد.

٨- پێگەی ڕۆحی سەردەم،لە نوسیین و ڕوانیینی ھیچ کەسێک بەرپرس نابێت.
٩- ...
١٠- ...


کازم قادر
بەڕێوەبەری پێگەی ڕۆحی سەردەم
٢٤\١٢\٢٠١٤
http://www.pegey-rohi-serdem.ch/index
https://www.facebook.com/pages

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک