په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٤\٢٠١٣

مارگرێت تاچەر ئەو ژنەی لەبەرزترین پۆستی ‌دەسەڵاتدا دژی ژنانی کرێکار بوو!


نوری بەشیر      


ئەمڕۆ راگەیاندنەکانی بەریتانیا مەرگی مارگرێت تاچەر سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیانیان لەتەمەنی ٨٧ ساڵیدا راگەیاند، بەجیا لەدەزگاکانی راگەیاندنی بەریتانیا و سەرانی حیزبی پارێزگاران کەئێستا لەدەسەڵاتدان و حیزبەکانی تری ناو پەرلەمان، زۆرێک لەراگەیاندنەکانی جیھان و لەوانەش راگەیاندنەکانی کوردستانیش ئەم ھەواڵەیان راگەیاند و ھەموویان وەک ئەوەی یەک دەنگ بەگوێیاندا چپاندبێتی، تاچەریان وەک قارەمان و وەک ژنە ئاسنینەکە دووپات کردۆتەوە، وەک پاڵەوانی بەریتانیا دەیناسێنن، ئەمەش بۆخۆی دەلالەتی بوونی میدیایەکی زاڵی بۆرژوازی و سەرمایەدارانەیە لەدنیادا، بەبێ ئەوەی راستی واقعیەتی جێگاورێگای ئەم ژنە لەپۆستی باڵاداو لاپەڕەیەکی رەشی ئەم کەسایەتیە بخەبە روو و پێش ژنە ئاسنینەکە وەک شیردز لەقبی بووە، تەنیا لەبەر ئەوەی چینەکەی ئەو ھێشتا لەدەسەڵاتدایە، لەژیان و لەدوای ژیان وەک قارەمانی زەمانی خۆی ناوی دەھێنن، بەڵام قارەمانی ھەموو کۆمەڵگا نا، بەڵکو بەشێکی کەمایەتی، بەڵام میدیای ئەمڕۆ پێمان ناڵێن قارەمانی کام چین و کامە حیزب و سەرکوتی کام چینی کۆمەڵگایە!؟ پێمان ناڵین ئەم کەسە وەک ژنێک چ دەستکەوتێکی بۆ ژنان بەدیاری ھێنا وا دەیکەنە نموونەیەکی بەرز وەک یەکەمین سەرۆک وەزیران، بۆیە جێگای خۆیەتی ھەڵوێستەیەک لەسەری بکرێت و گۆشەیەکی ئەو راستیانە، وەک ئەوەی ژنێک بووە لەدەسەڵاتدا نیشان بدرێت، بزانرێت کەپەیام و ‌سیاسەت و کارکردەکانی لە خزمەت کام چینەدا بووە.

 

خەلک بە مردنی مارگرێت تاچەر شادمانیی دەردەبڕن.


مارگریت تاچەر، وەک کەسایەتیەکی حیزبێکی بۆرژازی و سەرمایەدارانی بەریتانیا ھەر لە بوونی بە ئەندام پەرلەمان و وەرگرتنی سەرۆکی حیزبی پارێزگارانی بەریتانیا لەساڵی ١٩٧٥ وە و بەدوایدا لەساڵی ١٩٧٩دا بوو بەیەکەمین سەرۆک وەزیرانی ژن لەبەریتانیا، لەھەر لەوکاتەی نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی چینی سەرەوەی کۆمەڵگا دەکردو بەتوندی و بەدەستێکی پۆڵایننەوە سەرکوتی چینی خوارەوەی کۆمەڵگا کردو لەدژی ھەموو بزوتنەوەیەکی رادیکال و داواکاری چینایەتی کرێکاران و کۆمۆنیزم و دەستی خستە ناودەستی ھەموو ھێزێکی ھاوشێوەی خۆی بۆ بەرژەوەندی چین و دەسەڵاتەکەی.


تاچەر ھەر لەوکاتەی کەپۆستی وەزارەتی کەوتە دەست کەوتە ھێرشکردن بۆسەر دەستکەوتەکانی خەڵک و کۆمەڵگاو چینی کرێکار کەبەخەباتی خۆیان سەپاندبوویان بەدەست چینی بۆرژوازیدا، وە ‌بەشێکی تری ئەم دەستکەوتانە بەرئەنجامی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بوو بەرابەری لێنین و تاسیری لەسەر زۆریک لەوڵاتانی دنیا و بەریتانیش لەوانە بوو، بەدەست ھاتبوو. بۆیە کاتێک کە ئیدوارد ھیپ لەساڵی ١٩٧٠ دا دەبێتە سەرەک وەزیران پلەی مارگرێت تاچەر بەرزدەکاتەوە بۆ وەزیری پەروەردەو فێرکردن، ئیتر تاچەر چالاکانە لەم مەیدانەدا کار دەکات لەبەرژەوەندی حیزب و دەسەڵاتەکەی و یەکێک لەپەیام و سیاسەتەکانی تاچەر بڕینی شیری مناڵانی قوتابجانەکان بوو کە تا ئەوکات بەخۆڕایی بوو بۆ قوتابیانی تەمەن ٧ تا ١١ ساڵ، بەڵام ئەم شیرەی لەدەمی مناڵان گرترەوەو تاچەر بەم کەوتە بەر نەفرەت و رەخنەو ناڕەزایەتی زۆر و لەقەب و ناوی شیر دزی لێنرا، کەئەم عیبارەتە لە بەریتانیادا بەلایەن و کەسێک دەوترێت کەفرسەت دێنێت بەھرەکێشی لەو ھەرلومەرجەدا لەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکیشی کۆمەڵگا بکات، تاچەر ئەمەی کرد و دوایی لەسەردەمی سەرۆک وەزیراندا بووە دزی گەورەتر.


ئەوەبوو ھاوکاتی قەیرانێک کەرووی کردە بەر‌یتانیا لەساڵی ١٩٧٣ دا دەسەڵاتی حیزبەکەی تاچەر کەوتە ھێرش کردن بۆسەر سەتحی مەعیشەتی کرێکاران و رۆژەکانی کاریان لەھەفتەدا بۆ کرێکاران کردە سێ ڕۆژ و بەمەش کەلەوکاتەدا کرێکاران و رێکخراوەکانیان چالاک بوون، دەستکەوتێکی چینایەتی بەدەستیانھێنابوو نەیاندەویست لەدەستیان بچێت، لەبەرامبەر سیاسەتی ئەو دەورەیەی دەوڵەتدا کەوتنە نارەزاەتی و خۆپیشاندان و مانگرتن و بەرگریان لێکرت، کەلەکۆتایدا لەساڵی ١٩٧٤ دا دەوڵەتە پارێزگارەکەیان داڕما. وە دەسەڵاتی حیزبی لەیبەر ھاتە سەرکار.


بەڵام بەھۆی ئەزمەی ئابووری لەبەریتانیا و فراوانبوونەوەی دامنەی نارەزایەتیە کرێکاریەکان و نەتوانینی وەڵامی حیزبی لەیبەر، جارێکی کە ‌شانسی دایەوە دەست حیزبی پارێزگاران بێنەوە سەر دەسەڵات و ئەمەش فرسەتێکی لەبەردەم مارگرێت تاچەر کردەوە ببێتە سەرۆکی حیزبەکەی و بەدوایدا ببێتە سەرۆک وەزیران لە ساڵی ١٩٧٩ دا، ئیتر تاچەر دەستی ئاوەڵا بوو، بۆ کارەکانی و پڕۆژەیەک لەبەرژەوەندی چینایەتی کەحیزبەکەی نوینەرایەتی دەکرد لەدەوڵەتدا، بباتە پێشەوە، پڕۆژەی ماڵیەکان و ‌خسوسیکردنی کارگەو شوێنە دەوڵەتیەکان، بەمەش ھەلومەرجی لەبەردەم سەرمایەداراندا ئاوەڵاکرد، بۆ ھێرشی ھەمەلایەن بۆسەر کرێکاران، و لێسەندنەوەی زەمانەتە کۆمەڵایەتیەکان، لەکەمکردنەوەی کرێی کرێکاران و بێکارکردن، زیادکردنی تاکس، گۆڕێنی یاسای کاری کرێکاری بەجۆرێک یاسای کرێکاریان بردە پەرلەمان وا دایانڕشت بەدژی کرێکاران و لەقازانجی خۆیان و سەرمایەدراندا بڕیاریان لەسەردا، بۆ پاشەکشە بەنارەزایەتیە کرێکاریەکان، وەبەپێی ئەو ئاڵوگۆڕانە بەملیۆن لەخەڵکی بەریتانیا رەوانەی بازاڕی بێکاری و ھەژاری کران، کەنسبەتی بێکاری کرێکاران بەرزبۆوە بۆ زیاتر لەسێ ملیۆن کەبەرزترین دەرەجەی بێکاری ھەژمار دەکرێ لەچاو ھێزی کارێک کەبەریتانیا ھەبوو، کە نسبەتێکی زۆر لەم بێکارانە ژنانی کرێکار بوون.


‌پێداویستیەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەداران لەبەریتانیا وایدەخواست تاچەر بۆ سێ دەورەی لەدوای یەک لەساڵی ٧٩ وە بۆ ٩٠ وەک سەرۆ‌ک وەزیرانی بەریتانیا ھەڵبژێراو لەھەموو دەورانەکاندا چالاکانە وەک نوێنەرایەتی چینی بورژوازی بەریتانیا لەحیزب و دەسەڵاتدا، بەدژی چینی کرێکارو بزوتنەوە رادیکاڵ و چەپ و کۆمۆنیستیەکان ھەڵدەسوڕاو، لەئاستی دنیادا بۆ پاشەکشە بەکرێکاران و کۆمۆنیزم لەگەڵ بۆرژوازی وسەرمایەداری بازاڕی ئازادا ھاودەنگ و ھاوکاربوو، ئەوەبوو شکشتی مۆدیلی سەرمایەداری دەوڵەتی شورەویان بەشکستی کۆمۆنیزم و مۆدیلی دەسەڵاتداریتی چینی کرێکارو کۆمۆنیزم و مارکسیزم دەناساندو ھەر ئەو نازناوی ژنە ئاسنینەکەی لەم دژایەتیەوە لەبەرامبەر شکستی شورەویدا وەرگرت، ھەروەھا لەگەڵ ھاوچینەکانیان بەتایبەتی لەگەڵ رۆنالد ریگنی سەرۆکی ئەمریکا کەلە ١٩٨٠ دا کەھاوکاتی دەسەڵاتی تاچەر ھاتە سەر دەسەڵات، ھاوکارو ھاوچینایەتی یەکبوون و کەوتنە تەبلیغاتی ژەھراوی دژی کرێکارو مارکسیزم و کۆمۆنیزم، وە تەپڵ لێدان بۆ سەرمایەداری بازاڕی ئازاد، ئەوەبوو ریگن لەھێرشی دەوڵەتی بەریتانیا بەرابەری تاچەر بۆسەر جەزیرەی فۆکلاند لەبەرامبەر ئەرجەنتینداو ھێرشی سەربازی بۆی، پشتگیری کرد. ھاوکات تاچەرو دوڵەتەکەی ھاوکاری رژێمە ھارە بۆرژوا دیکتاتۆرەکانی تری جیھان و لەوانە نموونەی دەسەڵاتەکەی بۆرژوا قەومی سەدام حسین بوو.


لەبەرامبەر نارەزایەتی و مانگرتنەکانی چینی کرێکاری بەریتانیاو بەتایبەتی کرێکارنی کانەکانی خەڵوز لەساڵی ٨٤ دا، ھێندە دوژمنانە بەرامبەر بەکرێکاران و ئیتحادیەکانیان وەستایەوە، بۆ پاشەکشە بەنارەزایەتیەکانیان دەستی بۆ ھەموو جۆرێک سەرکوت دەبرد، تابەوەی کەئاووکارەباو پارەی لەماڵەکانیان و لەژنان ومناڵەکانیان بڕی و سەرپەناکانی لێسەندنەوەو رەوانەی سەر شەقامەکانی کردن بۆ خەوتن، بۆ پاشەکشە بەکرێکاران و ‌داواکانیان و ئەمەشی بردەسەرو ھەزاران مناڵی لەقوتابخانە مەحرومکرد، بەھەزاران ژنانی کرێکارو ژنانی ماڵەوە رەوانەی بازاڕی بێکاری سەختکران، کەبۆ پاروە نانێک بۆ مناڵەکانیان ئامادەی ھەموو کارێکی سەخت بوون، کەلەمێژووی ئەوروپادا بەگەورەتین ھێڕش بۆسەر کرێکاران و خێزانەکانیان تۆمارکراوە، کەلەئاخریدا لەساڵی ١٩٨٤ دا بەسەرکوتی توندی پۆلیس دەوڵەتەکەی تاچەر کاری خۆی کردو سەرکوتی مانگرتنەکانی کرێکارانی کردو زۆرێک لەدەستکەوتەکانی کرێکاران لەنزیکەی نیوسەدەدا بەدەستی ھێنابوو سەندەوە، بەمەش دەستەکەوتێکی دایە دەست سەرجەم بۆرژوازی ئەورپاو حیزبەکەی، حیزبی پارێزگاران لەدەورانی ئەم ئەزمەیەی ئێستای سەرمایەداریدا، ھێرشی ھەمەلایەنی بۆسەر کۆمەڵگا دەستپێکردوەو دەیەویت ھەمان تەجروبەکانی تاچەر دووبارە بکاتەوە..


تاچەر راستە ژنێک بوو لەبەرزترین دەسەڵاتدا، لەیەکێک لەگەورەتین ولاتانی گەورەو سەنعەتی ئەوروپادا، بەڵام نوێنەرایەتی چینی بۆرژوازی دەکرد، وە بۆ بەشکستپێھێنانی کۆمۆنیزم و ئامانجەکانی کرێکاران دەستی ھەموو ھێزێکی بۆرژوازی دەگرت، لەوینەی سەرۆکی ئەمریکا، بۆرژوا دیکتاتۆرانی وڵاتانی جیھانی سێیەم. وە بۆ شکستپێھێنانی مانگرتنی کرێکارانی کانەکان دەستی خستە ‌ناو دەستی دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی ئەورپاو لەناوخۆدا بەھێزەکانی پۆلیسی بەریتانیا سەرکوتی نارەزایەتیەکانیانی کرێکارانی کرد کەنەتوانن پشت راستکەنەوە.


لەبەرامبەر ھەموو ئەو قسەباسانەی بۆرژازی کوردی و رۆشنبیرانی ناسیونالیست دەیکەن لەزیادکردنی ژمارەی ژنان لەپەرلەمان و بۆ ناو حیزب و سەرەوەی حیزبەکان، کەبەچونە سەرەوەی جێگاوڕێگاو خەباتی ژنان و مافەکانیان لەقەڵەمی دەدەن، ھیچ شتێک نیە تەنھا خۆڵکردنە چاوی چینی کرێکار و ژنانە، نموونەی جێگاو ڕێگای تاچەر لەبەرزترین پۆستی وڵاتدا، کەبەدەستی ئاسنین سەرکوتی چینی کرێکار و ژنانی کرێکاری کرد، لەپال لەقەبی ژنە ئاسنینەکەدا نازناوی شیردزو سەرکوتگەری کرێکارانیسی ھەیە. ھەربۆیە ئەگەر بمانەویت بزانین ژنێک یان پیاوێک چەند خزمەت بەکۆمەڵگاو ژنان دەکات، دەبێت بزانرێت جێگاورێگای ئەو کەسە و حیزبەکانیان لەکۆمەڵگایەکی چینایەتی ئەمڕۆدا چیە، ئەمە دەتوانێ ئەوە دیاریبکات کەژن بێت یان پیاو یان ھەر حیزبێک خزمەت بەچ چینێک و چ بەشێکی کۆمەڵگا دەکات، کە تاچەر نموونەیەکی زیندوی ئەو راستیەیە.


٨\٤\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک