١٦\١١\٢٠١٠
مارکس و ئینگلس
شۆڕشگێڕن.
نووسینی: دانیێل گرین

و. لە عەرەبییەوە: سەلام عارف
ئەوەی بە لای منەوە زیاتر گرنگە جموجۆڵی خەباتگێڕانەی مارکس و ئینگلسە.
نایشارمەوە و دان بەوەدا دەنێم کە جۆشم کەمترە بۆ مارکسیزمی فەلسەفی و
مارکسیزمی ڕەخنەی ئابووریی سیاسی بۆرژوازی، ھەروەھا بۆ نووسینە
مێژووییەکانیان؛ لەگەڵ ئەوەشدا کە باش دەزانم بەرز و بەفەڕن، پێمخۆشە
بگەڕێم بە دوای مارکس و ئینگلسدا لەناو بزووتنەوەی جەماوەری
کارگەراندا. ئەوی ڕاستی بێت لێرەدا ناتوانم ھەموو دەستکەوتەکانی خەباتی
ئەو دوو شۆڕشگێڕە پیشان بدەم، تەنھا دەکەومە وێزەی دوو بازنە کە بژارم
کردوون لە نێوان ھەموو ئەو بازنانەدا کە ئەوانیش پێویستە گرنگیی
تەواویان پێ بدرێت. ئەو دوو بازنەیەش من ھەڵمبژاردون بریتین لە
دەرکردنی گۆڤاری) نیو رینش زایتونغ (لە شاری –کۆڵن- و بازنەی دووەمیش
ئەو گوژموگوڕەیە کە درا بە ئەنتەرناسیۆنالیزمی یەکەم لە١٨٦٤ تا١٨٧٢.
من ھەروا سەرپێی ئەو دوو بازنەیەم ھەڵنەبژاردووە و ھەڵبژاردنیان زیاتر
لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە تازەکی بەتایبەت ھەردووکیان تیشکیان خراوەتە
سەر، دەربارەی یەکەمیان دەسگای)أدیسۆن سۆسیال (editions sociales
وتارەکانی ھەردووکیان کە لە )نیو رینش زایتونغ( نووسیویانە لە سێ
بەرگدا بە فەرەنسی بڵاوکردۆتەوە)١٩٦٣-١٩٧١(. دەربارەی بازنەی دووەمیش،
بە فەرەنسی ڕاپۆرتەکانی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی گشتی
ئەنتەرناسێۆنالیزمی یەکەم دەزگای-الدارالتقدم- موسکو)١٩٧٢-١٩٧٥( لە شەش
بەرگدا بڵاوی کردۆتەوە. دیراسەکردنی ئەو دوو بازنەیەش دەکەوێتە
چوارچێوەی بەرەوڕووبوونەوە بەرامبەرێنی ئازادیخوازی و مارکسیزمەوە، بە
واتایەکی تر بەھای گومانلێنەکراوی جموجۆڵی دامەزرێنەرانی مارکسیزمی تیا
دەردەکەوێت، ھەر وەک چۆن بێھێزییەکانیشی تیا دەردەکەوێت وەک:
دەسەڵاتسەپێنی، کۆمەڵەگەری، تێنەگەیشتن لە تێگەیشتنەکانی ئازادیخوازی.
ئەوان کاتێک ١٨٤٨ کە /الرینانیە/یان دامەزراند ھەڕەتی لاویان بوو، سی
ساڵ و بیستوھەشت ساڵ بوون، توانست و سەلیقەیان لێدەباری، چاونەترس بوون
لە ڕۆژنامەگەریدا، ھەر لەبەر ئەو چاونەترسییەش بوو دووچاری ڕاونانی
پۆلیسی و قەزایی بوونەوەوە. ئەوان ئەنتەرناسێۆنالیست بوون، یارمەتیی
ھەموو بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکانی وڵاتانی تریان دەدا، بەتایبەتی ئەو
وڵاتانە کە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی شۆڕشی ١٨٤٨وە لە خەباتی کرێکارانی
وڵاتەکەی خۆیاندا توابوونەوە، ماوەیەکی زۆر دوای شۆڕش وتویانە: "ھیچ
ڕۆژنامەیەک نەیتوانی وەک /الرینانیە/ جەماوەری پرۆلیتاریا ھان بدات و
وزەبەخش بێت.".
ڕۆژنامەکەیان کردبووە خزمەتکاری ئەوەی ناوزەندیان کردبوو بە شۆڕشی
کارگەرانی پاریسی٢٣-٢٥ی حوزەیرانی ١٨٤٨، بە تێکشکانێکی قورس کۆتایی ھات
و داپڵۆسینێکی توندوتیژی بەدواوە بوو، مارکس ھیچ زل ناکات و خۆی
ھەڵنانێت کە ١٤ی تشرینی دووەم وتویەتی: "تەنھا ئێمە بووین لە شۆڕشی
حوزەیران تێگەیشتبووین." ئەو دوو برادەرە بە باش لە تەڵاقی جووتیارە
گچکە تۆقیو و نەفامەکان و بەشکەران/partageux/ گەیشتبوون، بەشکەران
بەوانە دەوترا کە داوای دابەشکردنی سامانەکانیان دەکرد، جگە لەوەی کە
بە باشیش بۆنی گیانی خۆبەدەستەوەدانی ئایدیالیستە وردەبۆرژواکانیان
کردبوو، بە تایبەتی ئەوانەیان کە لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتبوون و
پشتیان کردبووە شۆڕشگێڕەکان، ئەوەش باجەکەی زۆر قورس و گران کەوت لەسەر
کۆماریخوازەکان، لەگەڵ ئەوەشدا کە پرۆلیتاریا پشتگریان بوون، ھەر
تێکشکێنران و فلیقێنرانەوە.
مارکس و ئینگلس بە ڕوونی ئەوە دەبینن کە تێکشکانەکانی ١٨٤٨ی کارگەران
سەرەتایەک بوو بۆ پاشەکشەکردنی شۆڕش لە ئەوروپا ھەروەھا بوونە ھاندەری
سوپاکانی قەیسەر کە ڕووەو /بۆخارست و جاسی/بکشێن.
ھەڵوێستی چاونەترسانەیان بووە مایەی ئەوە کە خۆیان تەنھا بمێننەوە و
ئەوانی تر ھەموو ڕابکەن و پەنا بەرنە بەر میراتی خێزانی، ئەوان لە
تاقیکردنەوەکانی ١٧٩٣و ١٨٤٨وە فێری وانەیەکی گەورە بوون کە "تۆقاندنی
شۆڕشگێڕی ئامرازێکە بۆ کورتکردنەوە و کەمکردنەوەی بە شارستانیکردنی
خوێنڕشتنی کۆمەڵگەی کۆن" (کەچی سەرباری بینینی ئەو ھەموو زەبروزەنگە،
نیشانەکانی دەسەڵاتسەپاندن لای مارکسی گەنج دەردەکەون، ئینگلس لە
پێشانگەکردنی-الرینیانیە-دا وتویەتی: "مارکس لە بواری نووسەریدا
دیکتاتۆریەت بە کار دەھێنێت، ئەوەش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە،
یاریدەرەکانی دان بە بەرزی توانای فکری ئەودا دەنێن، ملھوڕی بۆ
سەرنووسەرەکەیان؛ مارکس، پەسەند دەکەن، ئەویش لەڕادەبەدەر سوود لەوە
وەردەگرێت، لە ئەنجومەنی گشتیی ئەنتەرناسێۆنالیزمیش ئەو حاڵە باو بوو.".
مارکس بە قێز و سووکایەتی پێکردنێکەوە لە دادگایکردنەکەی –کۆڵن-دا
دەنەڕێنێت بەسەر قازیەکەدا و دەڵێت: "ھێندەی پەیوەندی بە منەوە ھەیە
دووپاتی دەکەمەوە، من بە باشتری دەزانم بە دوای ڕووداوە گەورەکانی
جیھاندا بگەڕێم و ڕەوتی مێژوو شی بکەمەوە، ئەوەش ئاڵاندومی بە کۆیلە
ناوچەییەکانەوە.".
مارکس و ئینگلس لە ھێرشکردنی توندوتیژ بۆ سەر –برۆدۆن- و -باکۆنین- ھیچ
درێخییەکیان نەکردووە .
برۆدۆن ٣١ تەموزی ١٨٤٨ لە ئەنجومەنی نیشیتمانی وتەیەکی چاونەترسانەی
پێشکەش کرد، برادەرە ھەڵچووەکانی خۆی خراپ وەریانگرت و گاڵتەیان پێکرد
و ڕەتیانکردەوە، ھەر بە ھەمان شێوە مارکس و ئینگلسیش، بە مەرجێک –برۆدۆن-
بە تایبەتی چاونەترسانە ئەو وتەیەی دا بۆ ھاوکاریکردنی یاخیبووانی
حوزەیران و سۆسیالیستی پێشنیار کردبوو لەبریی ڕژێمی بۆرژوازی، کەچی
بەلای مارکس و ئینگلسەوە ئەو ھەڵوێستەی برۆدۆن تەنھا فێڵێکی )ھەرزان(
بوو بۆ ئەوەی یۆتۆبیا وردەبۆرژواییەکەی بە ئەنجام بگەیەنێت و دواتر
وتیان: "باوکی ئازادیخوازی ناچار بوو دژی ئەو ئەنجومەنە بۆرژوازییە
ھەڵوێستێکی دیموکراتییانە وەربگرێت.".
دەربارەی بانگەوازەکەی –باکۆنین- بۆ سلاڤییەکان مارکس و ئینگلس ھەر
ھەمان ھەڵوێسی گاڵتەجاڕییان ھەڵبژارد، لای ئەو نیشتمانپەروەرە ڕوسییە؛
واتە -باکۆنین- وشەی ئازادی مانایەکی فراوان و قووڵی ھەبوو جێگەی ھەموو
شتێکی دەگرتەوە، لەو بانگەوازەیدا جگە لە چەند وتەیەکی ڕەوشتی زیاتر
ھیچی دی بەدی ناکەین کە زادەی خەیاڵی ئەو بوون و ھیچ مانایەکی
ئەوتۆشیان نەبەخشیوە، ئەو بێئاگا بووە کە پێویستییە جوگرافیاییەکان و
بازرگانییەکان بەلای ئەڵمانیاوە ھێندە زیندوو و بەفەڕن.
ناوچە باکوورییەکانی ئەڵمانیا بە )ئەڵمانیکرابوون(، واتە ئەو ناوچانە
کاتی خۆی ئەڵمانیی نەبوون و بە زۆر کراون بە ئەڵمانی، جا ئایا ڕاستە؟
ئەو بەشە کەوا خەڵکەکەی ئەڵمانین و کراون بە ئەڵمانی ئێستە بە سلاڤی
قسە بکەن کە زمانێکە زەمەن لێی خواردووە و ھیچی بەسەر ھیچەوە نەماوە؟
ئەو ناوەندێتییە سیاسییە کە داگیرکەری ئەڵمانی فەرزیکردبوو مەحاڵ بوو
پارێزگاری بکرێت و بھێڵرێتەوە بە )تۆقاندنی توندوتیژ( نەبێت،
پراکتیزەکردنی ئەوەش واتە تۆقاندن) پێویستی پەلە( بوو و کرایە پاساوی،
چونکە سروشت و کاکڵەیەکی ئابووری ھەبوو، ھەر لەبەر ئەوەش بووە ئینگلسی
یەعقوبی**دەربارەی ئەو بارودۆخە وتویەتی: "پێویستی فلیقانەوەی چەند
خونچەیەکی نەرمی نیشتیمانی بە زەبروزەنگ." گرنگ نییە چ ئەنجامێکی لێ
دەکەوێتەوە.
ئێستە با بێینە سەر ئەنتەرناسێۆنالیزمی یەکەم، کاتێک مارکس بەتوانا
بەرزە لەبننەھاتووەکەی، بە پێنووسەکەی، بیروباوەڕەکانی
ئەنتەرناسێۆنالیزمی دادەڕشت، مارکس وەک چۆن شانازی بە توانا و گەورەیی
خۆیەوە دەکرد ئاواش شانازیی بە خۆبەبچووکزانی خۆیەوە دەکرد، ئەو کاتێک
پێشنیاری ئەوە کرا ئەرکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی گشتی ئەنتەرناسێۆنالیزم
بگرێتە ئەستۆ بە خۆبەبچووکزانییەوە وتویەتی: "من شایەنی ئەوە نیم و
توانای ڕاپەڕانی ئەو ئەرکەم نییە، من زیاتر کرێکارێکی فکریم لەوەی کە
کرێکارێکی دەستی بم"، مارکس کاتی کۆنگرەی لۆزان ساڵی ١٨٦٧ ئاشکرای کرد
کە ناتوانێت بەشداری بکات، دەستبەرداری نوێنەرایەتییەکەی بوو، دواتریش
بەو جۆرە بەشداریی ھیچ کام لە کۆنگرەکانی ساڵانەی نەکرد تا بەستنی
کۆنگرەی ساڵی ١٨٧٢ کە کۆنگرەیەکی گرنگ و ھەستیار بوو، لەو کۆنگرەیەدا
بڕوا خۆخۆییەکانی دەربڕی و ڕاپۆرتی چوارەمی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی
داڕشت بۆ کۆنگرەی برۆکسل ساڵی ١٨٦٨، تیایدا دەریخست کە "کۆمەڵەی
ئەنتەرناسێۆنال بۆ کار/AIT/ کیژی تایەفەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو
بەرھەمێکی خۆخۆییە )بە ئەڵمانییەکەی naturwuchsig، کە لە دایکبوویەکی
سروشتییە( بزووتنەوەی پرۆلیتاریایە بە مەیلەکانی کۆمەڵگەی نوێ،
تینوێتی سەرچاوەکەی دەشکێنێت کەبە ھیچ کلۆجێک ناتوانرێت خەفە بکرێت،
ئەو دیاریکردنە ئەوەیە کە ئەمڕۆ ناونراوە )سەربەخۆیی کرێکاری(،
ھەرچەندە ئەو ناونانە زۆر شیاو نییە، بەھەرحاڵ، مەیل و ئاڕاستەیەکە تا
ئەو ڕادەیە وەھا لە کەسێک دەکات خۆی بخاتە ئەو بڕوایەوە کە ئەو
بیروبۆچوونە پێنووسێکی ئازادیخواز نووسیویەتی.
مارکس کوتوپڕ وەرچەرخانێکی دەسەڵاتسەپێنی بەسەردا ھات، ئەوەش لە چەند
ھۆیەکەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکەم ئەوە بوو کە ئەیلوولی ١٨٦٧ بەشی یەکەمی
کتێبی )کاپیتال(ی دەرکرد، بۆی بووە ناوبانگدەرکردنێکی زۆر، بەتایبەتی
لای ئەنتەرناسێۆنالیستە ئەڵمانییەکان، سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی لەژێر
ڕکێفی –ولیم لیبنخت- و -أوغست بیبیل-دا توانی نزیکەی سەد یەکێتیی
کرێکاری بھێنێتە ناو ڕیزەکانی ئەنتەرناسیۆنالیزمەوە، ئەوە لە کاتێکدا
کە مەترسیی حکوومەت یەکجار زۆ بوو.
لە )الریشتاغ=ئەنجومەنی نەتەوە( ساڵی١٨٦٩ بیبیل وەک ئەندامێک وازی لە
کورسییەکەی خۆی ھێنا، لە گەرمەی ئەو ھەموو پێشکەوتنی گۆڕانکاریی
ڕووداوەکاندا، دەیویست لە پشتەوە نەشتەر لە مارکس بدات و جێگەی
بگرێتەوە. مارکس ئەودەمە سکرتێری ئەنجومەنی گشتیی ئەڵمانیا بوو، تەنیا
نەبوو، حزبێکی گەورەی لە پشت بوو، گرنگییەکی زۆری دەدا بە
ناووناوبانگییەکەی و فەرمانەکەی تەواو پێوەی لکابوو بەری نەدەدا، لە
دانیشتنی ئەنجومەنی گشتیدا ١١ی ئایاری ١٨٦٨ بە توندی لۆمەی سکرتێری کرد
کە ناوی –ئەکاریوس- بوو لەبەر ئەوەی -ئەکاریوس- ناوی ئەوی نەنووسیبوو؛
واتە -مارکس- لە خوارەوەی ئەو یاداشتەدا، سکاڵایەدا کە دەمڕاستی
ھەمیشەیی ئەنتەرناسیۆنالیزم؛ واتە -مارکس- لە لۆمەکەدا وتبوی کە: "نابێت
ڕێگە بە –ئەکاریۆس- بدرێت بە ئارەزووی خۆی ناوی ئەندامانی ئەنجومەن بە
کار بھێنێت بۆ مەبەستی کەسیی خۆی" چونکە سکرتێری ئەڵمانیا
کیانێکەentité// جۆرێک نییە لە جۆرەکانی خەووخەیاڵ.
ھۆی کۆتایی ئەوە بوو کە لە ئەیلوولی ١٨٦٨ باکۆنین )ھاوپەیمانیی
ئەنتەرناسیۆنال بۆ دیموکراتیەت(ی دروست کرد و گەرەکی بوو بە یەکجار
بیباتە ناو کۆمەڵەی ئەنتەرناسیۆنالیزم گشتییەوە بۆ کار، بەڵام ئەو
ویستە ڕەت کرایەوە، ئازاری١٨٦٧ بڕیاری دا ئەو ھەڵوێستە چەوتە ڕاست
بکاتەوە، پاشان ئەنجامی ھەوڵەکانی تەنھا ئەوە بوو کە لقە
نیشتمانییەکان و باکۆنین خۆی لە ڕیزەکانی ئەنتەرناسێۆنالیزم وەرگیران.
مارکس لە نزیکەوە بە وردی پرۆگرام و پەیڕەوی بنەڕەتی ھاوپەیمانی خستە
ژێر پشکنینەوە، دواتر لە پەراوێزدا دەربارەی باکۆنین نووسیبوی کە
باکۆنین کەری کەرانە، جارێکی تر لە ململانێیکەدا ١٨٧١- ١٨٧٢ھەڕەشە و
مەترسیی باکۆنینی کردە پاساوی بەھێزکردنی دەسەڵاتی ئەنجومەنی گشتی، بە
پێچەوانەوە باکۆنین و برادەرەکانی ھەوڵی ئەوەیان دەدا ئەو دەسەڵاتانە
بەرتەسک بکرێنەوە.
ئەو ململانێ ناخۆییە نەک ھەر مارکسی شەکەت و وەڕز کردبوو، بەڵکو دابووی
لە لووتبەرزییەکەشی، ھەر لەبەر ئەوەش بوو پەنای بردە بەر ئینگلس و
داوای فریاکەوتنی لێکرد و دواتر کردیشی بە ئەندامی ئەنجومەنی گشتی،
ئەرکی چاندنی مینی پێسپارد لەژێر قاچی باکۆنینییەکاندا لە چەند وڵاتێکی
دیاریکراودا، دوای ئەوەی کە ئینگلس دەستبەکار بوو لە مارکس زیاتر
دوژمنایەتی دەکردوخەریکی کۆمەڵەگەری بو، بەو جۆرە شۆڕشگێڕەکان سەرقاڵی
ئەو کارە ناقۆڵایانانە بوون و بەرژەوەندییەکانی خۆیان خستبووە پێش
بەرژەوەندییەکانی چینی کارگەرانەوە. کارگەران پۆل پۆل و بە ھورژم
دەھاتنە ناو ئەنتەرناسێۆنالیزمەوە و پڕشندارتر و ئاوەدانتریان
دەکردەوە، وردوخاشکردنی کۆمەنەی پاریس ١٨٧٢ لەبریی ئەوەی زیان بگەیەنێت
بە کۆمەڵەی ئەنتەرناسێۆنالیزم بۆ کار، زیاتر دەدرەوشایەوە، ئەوانەی لە
قەسابخانەکە قوتاریان بوبوو گەیشنە لەندەن و چوونە ئەنجومەنی گشتییەوە
و دوای بەھێزبوون و بەرزبوونەوەی جێگە و پێگەی ڕێکخستن، ئەوان بە
جووتە؛ واتە مارکس و ئینگلس، ھەموو تواناکانیان خستەگەڕ بۆ دەرکردنی
ئازادیخوازەکان، چونکی بووبوونە ڕێگەگر لە بابەخولێ، دانسی بازنەیی، )دانییال
گرین ئەو دەربڕەی دانسی بازنەیی danser en rondی بە کار ھێناوە تا
بڵێت ئازادیخوازەکان کۆسپ بوون لە بەردەمی کاری سیاسی کە لە جێگەکەی
خۆیدا ھەر خەریکی ھەڵبەزودابەز بوون( کەینوبەینی ئەو دەرکردنە بە دوو
قۆناغدا تێپەڕی، یەکەم لە )کۆنگرەی نایاسایی( کە لە لەندەن بەسترا لە
ئەیلوولی ١٨٧١ و ئەوی تریان لە کۆنگرەیەکی )ساختە( کە لە لاھای بەسترا
١٨٧٢، کە تیایدا سێ کەس لە نوێنەرانی سۆسیالیزمی ئازادیخواز دەرکران -میشال
باکۆنین، جایمس غیوم و أدیمارشویسغیبیل/adhémar Schwitzguebel/ ئەو
کاتە مارکس و ئینگلس توانیان بارەگای ئەنتەرناسیۆنالیزم ببەنە نیویۆرک
و بیدەنە دەست برادەرەکەی خۆیان –سورغ Sorge- ئا بەو جۆرە
ئەنتەرناسێۆنالیزم لەوێ دوا ھەناسەی دا.
___________________________________
• ئەم
وەرگێرانە لەتەک دەقە فەرەنسییەکەیدا بەراورد کراوە.
• ئەم
بابەتە لە پەرتووکی ئەنارکیزم لە تیئۆرییەوە بۆ پراکتیک (التحرریە من
العقیدە الی الممارسە)، وەرگیراوە.
ماڵپهڕی سهلام عارف
|