مارشی گۆڕان و
ئیسلامییەکان: بەرەو راستڕەوی...!

سەلام عەبدوڵا
پەیامی باڵێکی تری تەلارنشین وخاوەن"مۆنیکا"کان و بلۆکە دۆلارو سەدان
دۆنەم زەوی لە ئارادایەو ناویان"گۆڕان و لیستی چاکسازی و
خزمەتگوزاری"یەو رابەرە سیاسی و مەعنەوییەکانیان هەر یەک لە(نەوشیروان
موستەفا، سەڵاح بەهائەدین، حەمەی حاجی مەحمود، عەلی پاپیر، قادر
عەزیز)ە، بەڵام ئەم بەڕێزانە دەیان ساڵە لە لوتکەی کاری سیاسین و لە
هەموو سەرکەوتن و ژێرکەوتنێک بەرپرسن و نە روخساریان و نە عەملیان و
نە"ئەمەل"یان نوێیە، واتە زیاد یان کەم بەخۆشیان ئەندازیار و ئۆستای
پۆشین وتێپەڕاندن و رێکخەرو گەندەڵی، تاوان، پشتگوێخستن و چەوساندنی
هەژارانی کوردستانن. ئایا خەڵکی کوردستان گوتارو رەفتاری ئەم بەڕێزانە
ناناسن؟!
جەماوەر لەم هەڵبژاردنە، بەدەستکاری دەنگەکانیشیانەوە لەرادەبەدر
بەتایبەتی لە هەلێرو دهۆک، تا رادەیەکی زۆر سەنگی مەحەک بوو بۆ حزبەکان.
زیاتر لاوازی بەرەی چەپ(پێشی هەڵبژاردن وتم: ئەگەر چەپ بە ئەرکی خۆی
هەڵنەستێ، جەماوەر سزامان دەدا!)و قورسایی هێزە کۆنەپەرەستەکانی
پیشاندا. هێزگەلێکی کۆنزەرڤاتیف وەک(یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی
ئیسلامی)و بۆ یەکەم جار هاوشێوەکەیان(بزووتنەوەی ئیسلامی)سەلماندیان کە
هێشتا پێگەیەکی بەهێزیان هەیە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان(پارتی)ش،
ئەوەند بوغرا بوو، پشتیان لە داخوازی خەڵک کرد، لەسەر ئاستی
سەرکردایەتی و قاعیدەی حزبی تووشی کەرتبوونێکی زەبلاح هات و زۆربەی
ئەندامەکانی تێدا بەشداریان کردو بوون بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری و
لەدەوری بەرپرسێکی خودی حزبەکەیان کە هەموو دەسەڵاتێکی هەبوو،
کۆبوونەوەو بە سەرۆکی"دەست و داوێن پاک"ناوی دەهێنن یان وەک پیرەمێردێک
لەکەناڵی(ک.ن.ن)دا، وتی: (ئەمە نەوشیروانی عادل)ە.
مانای گۆڕان لە بەراوردکردن بەبۆچوونی یەکێک لە بەرپرسەکانی(بانی
مارانی)ئەمەیە: مۆمهکهی ئێمهو گلۆپهکهی(ئاکاپه) وهک یهکسهرچاوهی
ڕووناکین به گشتی ئهو پارت و بزوتنهوانهی که باوهڕیان به گۆڕان
ههیه دهسکهوتی ههردو لایان له ڕوناکیهوه سهرچاوه دهگرێت لهم
خاڵهدا گڵۆپهکهی(ئاکاپه )ومۆمهکهی ئێمه نوێنهرایهتی گۆڕانکاری
دهکهن.
دیارە هەرچی گڵۆپەکەی(ئەکاپە)بۆ خەڵکی کوردستان بەدیاری هێناوە،
مۆمەکەش هەر ئەوەندە دەهێنێ!
لەم کەشوهەوا کۆنەپەرەست و راستڕەوە، یەکگرتوو و گۆڕان وەک پێشبینیشم
کرد، زیاتر لەیەکتر نزیک بوونەوەو رۆشنبیرە"علمانی"یە ساختەچی و
چڵێسەکان کە بە پارەوپوول و خەڵاتکردن و فووکردنی سیحراوی
راگەیاندنەکانی(ینک)گەورەکران، ئاهەنگی پێکەوەکارکردنی ئەو دوولایەنە
دەگێڕن. ئەمانە(بەختیار عەلی و هاوشێوەکانی) خۆیان بە"رۆشنبیری
سەربەخۆ"بە خەڵک دەفرۆشت و هەندێ کەس کە لە کەشوهەوای کۆنەپەرستی و
تاوان بوون بە"دەروێشیان". لەراستیدا سەرتاپای نووسینەکانی ئەو گروپە
زۆر حزبی بەمانا ئەنتی کۆمونیستییەکەی و زبڵی فکری بۆرژوازی بەسەر
خەڵکی کوردستان ساغدەکردەوە، ئێستا ئەوانە لەو بازنەیە دەسووڕێنەو
خۆیان بەتەواوەتی ساغکردوەو فووکە بەتاڵبووەوە(بەبێ ئەوەی هیچ
پەیوەندییەکان بە جیابوونەوەی بەرپرسەکانی گۆڕانەوە هەبێت یان بە فەرمی
و ئاشکرا ئەندامی یەکێتی بن، خۆیان بە شۆڕەسوارو بیرمەندانی
ستراتیژی"گۆڕان"، دەزانن...(ئاخر جەماوەری یەکێتی، نووسراوەکانی ئەم
باندە فرەبێژەیان خوێندووە، بۆیە بڕیاریاندا لە یەکێتی جیاببنەوە!!).
ئەم بەڕێزانە پێشتر دیاردەی پێکەوەکارکردنی چوار حزبە بەناو"عیلمانی و
ئاینی"کە بە دیاردەیەکی پۆزەتیف ناوبردو بێگومان پێکەوەکارکردن و
هاوپەیمانی گۆڕان لەگەل ئەوان دەقاودەق خزمەت بە بۆچوونەکەیان دەکات و
دەڵێن: نەتەوەی ساغ و تەندرووست پێویستی بە یەکریزی هەیە!.
لەچەند ساڵی رابردوو بە چاوی خۆم لە چەندین شوێن لە سلیمانی و کەلار
وێنەکێشانی خاچی نازییەتم بینی و لەژێر کاریگەری چەند مامۆستایەک لە
زانکۆکانی ئیران و چەند کوردێکی ئەڵمانیزان و ئەم"بیرمەندانە"،
بایەخێکی زۆر بە نووسینەکانی نیتشە، هایدەگەرو تەنانەت بە نووسینەکانی
هیتلەریش دراو کتێبەکانیان بە بەرفراوانی وەرگێڕان و خوێنەرێکی
لەبەرچاویان هەیە. بۆ تەواوکردنی سیناریوکە ئیدی بە هوشیاری بێت یان
بەبێ هوشیاری، لەم رۆژانەش چەند گەنجێک بەبێ ئەوەی پەیوەندیان
بە"گۆڕان"ەوە هەبێت، دەست بۆ کتێب سووتاندن برد. هیچ پاساو و
بیانووهێنانەوە بۆ کتێب سوتاندن قبووڵ نییەو ناکرێ.
ئەم بلۆکە هەموویان بە یەکدەنگ هاواردەکەن: پشتیوان بە خودا، دەیگۆڕین.
گۆڕانێک بە"پشتیوان بەخوا....بەرماڵ و قورئان ماچکردن دەستپێبکات،
گۆڕانێکی گومالێکراو، کۆنەپەرەست، تەماوی، دووڕووەو چۆن پارتی و یەکێتی
لەماوەی 18ساڵ بنەمای کۆمەڵگای ناعەداڵەتی و بۆگەن و گەندەڵ بنیاتدەنێن
ولەگەلیا جیاوازی ئاستی بژێوی هەژاران و دەوڵەمەندان قووڵتر کردووەو
مەترسی زیاتر بۆ ئایندەمان درووست دەکەن، گۆڕان و ئیسلامییەکان بە زمان
و خیتابی تر خەریکی هەمان بەرنامەن. رەخنەگرتن لە دەسەڵاتی ئیمڕۆ مانای
ئەوە نییە ئیدی رەخنەگرەکە باشتر کار بۆ بەرژەوەندی گشتی دەکات و
نموونەی رەخنەگرتنی حزبە نازییەکان و لەوانە(ن.پ.د)لە حوکمڕانی
ئەڵمانیا باشتر باڵگەیە.
ئێستا هەموو شتێک ئامادەیە، بەڵام هێشتا
کاتژمێری(تەقینەوە)مێژووییەکەیان نەهاتووە:
لە ناو قەیرانی فکری و عەمەلی پارتی و یەکێتی و ناڕەزایەتی وبێزاری
خەڵک لە گرانی بازاڕ، بێکاری و قووڵکردنی جیاوازی چینایەتی و
پەراوێزخستنی بەشی زۆری جووتیاران و ژیانی لادێ، سەرۆکێک پەیدا بوو،
جەماوەرێکی عەفەوی پێکهاتووە و ئامادەیە بۆ سەر شەقام بڕوات، رەوتی چەپ
لە ئاستێکی لاوازو پەرتەوازە، وەڵات لەتلەتە. لەم کاتە هەموو هێزە
کۆنەپەرەستەکانی مێژوو بەشێوەیەکی رێکخراو لەبەردەرگا راوەستاون و
ئامادەکارییەک بەڕێوەیە بۆ یەکگرتنی چەندین حزب و گروپی تر
لەم"گۆڕانە"و مرۆڤ دەبێ یەکەم جار ئەم پرسیارە بکات: چی بکەین بۆ ئەوەی
بەر لە لەدەستدانی ئەقڵ و روودانی کارەسات بگرین؟ ئایا بەدیلێکی
مرۆییانە نییە بۆ چارەسەری کێشەکان؟
|