ماشاڵڵا شەمسول
واعزین:
رۆژنامەگەریى
بێلایەن بەواتا رەهاکەى لە هیچ شوێنێکى جیهاندا بوونى نییە.
دیمانە: محەمەدی مشیر
بەبۆنەى111ساڵەى
رۆژنامەگەریى کوردى، سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان لە میانى
زنجیرەیەک کارو چالاکی تایبەت بەم یادەدا میواندارى شاندێکى هاوبەشى
رۆژنامەنووسانى بیانى لە هەولێر کرد، شاندە میوانەکە پێکهاتبوو لە
هەریەک لە ( جیمس دۆهارتى، سەرۆکى یەکێتى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى
بەریتانیا و ئیرلاند،عەبدولموحسین سەلامە جێگرى یەکەمى سەرۆکى سەندیکاى
رۆژنامەنووسانى میسر و جێگرى سەرنووسەرى رۆژنامەى ئەهرامى میسرى،
محەمەد حەسەن ئەلبەننا لە رۆژنامەى ئەخبارى میسرى، سەرۆکى سەندیکاى
رۆژنامەنووسانى ئێران و رۆژنامەنووسى ئازادى ئێرانى ماشەڵڵاى شەمسول
واعزین.
لە پەراوێزى ئەم یادەدا رێگاى کوردستان ئەم دەرفەتەى قۆستەوە و بەباشى
زانى لە دیدارێکى کورتدا سەرنج و تێبینییەکانى رۆژنامەنووس (ماشەڵڵاى
شەمسول واعزین) سەبارەت بە ئاستى ئێستاى رۆژنامەگەریى لە هەرێمى
کوردستاندا بخاتەڕوو.
سەرەتا دواى نیشاندانى رەزامەندى لە لایەن شەمسول واعزین لەوەى کە بۆ
رێگاى کوردستان بدوێ، پرسیارى لێکردین ئاخۆ بە چ زمانێک بۆ ئێمە بدوێ،
منیش ئازادم کرد لەوەى بە زمانى دایکى خۆى ( فارسى) بدوێ ئەگەرچى
عەرەبیەکەشى باش بوو چونکە ماستەرنامەکەى لە زانستە سیاسییەکان لە
زانکۆکانى لوبنان دا وەدەستهێناوە، هەر بۆیە منیش بە فارسى پرسیارەکانم
ئاراستەى کرد. لە وەڵامى پرسیارى یەکەمم دابوو سەبارەت بە هەڵسەنگاندنى
ئاستى ئێستاى رۆژنامەگەریى کوردى، بەر لەوەى وەڵامم بداتەوە هاوڕێیەکى
داواى لێکردین کە پەلە بکەین چونکە دیدارى هەیە لە گەڵ یەکێک لە کەناڵە
ئاسمانییەکانى کوردستان،بۆیە شەمسول واعزین هەرزوو وەڵامى دامەوە و
گوتى: ئاستى رۆژنامەگەریى کوردستان زۆر نایابە، بەڵام من ئەو وەڵامەیم
پێ پەسند نەبوو و بە پێکەنینەوە پێیمت گوت: ئەو وەڵامە زۆر رەهایە،
دەمەوێ وردتر بدوێى، ئەویش لە پەلە پەلیاندا گوتى: با بەڕێوە قسەکانمان
بکەین، چونکە ئێمە ئەهلى ئەو پیشەیەین و لەوە راهاتووین بەرێگاوە
قسەبکەین. پاش کەمتر لە خولەکێک دەرفەت رەخسا لە کونجێکى هۆڵى هۆتێلى
چوارچرا لە هەولێر ، وێڕاى ژاوەژاو و دەنگەدەنگى میوانانى ناو هۆڵەکە،
بوەستین و دووبارە پرسیارەکەمى ئاراستە بکەمەوە و پێى بڵێم" لەماوەى
ئەو چەند رۆژەى سەردانەکەتاندا بۆ کوردستان، چۆن دەڕوانیتە ئاستى
رۆژنامەگەریى و چاپەمەنى کوردى ؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتى: "
رۆژنامەگەریى کوردستان، رۆژنامەگەرییەکى دێرین و خاوەن مێژووە، زیاتر
لە سەدەیەک تەمەنى رۆژنامەگەریى و چاپەمەنییەکەیەتى...( قسەکەیم پێ بڕى
و پرسیم).
+ ببوورە، ئەوەى من مەبەستمە رێک ئەو ئەزموونەى ئێستایەتى نەک
مێژووەکەى؟
- شەمسول واعزین: لە ئێستادا ئێوە بە ئەزموونى بە دامەزراوەیکردن و
ئۆرگانیزەکردنى رۆژنامەگەریى کوردی و چاپەمەنییەکاندا تێدەپەڕن و
ئەزموونێکى فرە نایابتان هەیە، من یاساى رۆژنامەگەریى ئێوەم بینى و بە
یاسیەکى زۆر نایابى دەزانم،لە ماوەى ئەو چەند رۆژەدا کە لە کوردستانم
سەردانى ژمارەیەک لە نووسینگەى رۆژنامە و چاپەمەنییەکانى ئێرەم کرد
بەباشیان دەزانم، تەنها یەک نیگەرانیم هەیە کە ئەویش بریتییە لەوەى کە
بەتەنها بە زمانى کوردى مەنووسن هەوڵدەن بەڕووى زمانەکانى دیکەشدا
بکرێنەوە، بۆیە وەک راسپاردە وپێشنیارێک بە پێویستى دەزانم کە
رۆژنامەگەریى کوردستانى دەبێ ببێتە جیهانى تا بتوانێ ئارمانج
وپەیامەکانى کوردستان بەجیهانى دەورووبەر و دوور بگەیەنێ وبیانخاتەڕوو،
هێشتا رۆژنامەگەریى کوردستانى بەم قۆناغە نەگەیشتووە،بەڵام
رۆژنامەگەریى کوردستان ئەزموونێکى سەرکەوتووانەى دەستپێکردووە و ئێوە
رێگایەکى دوورتان لەبەردەمدایە، رێگایەک دەشێ بڵێم مینڕێژکراوە، ئەمەش
لە داهاتوودا، بە بڕواى من، رووبەڕووبوونەوەى کارێکى سەخت و دژوار
دەبێت.
+ باشە لەو بڕوایەدایت رۆژنامەنووسێکى بێلایەن لە ئایدیولۆژى لە ئارادا
هەبێت؟
- ئێمە شتێکمان نییە پێى بگوترێ رۆژنامەنووسى بێلایەن، لە جیانى
ئەمڕۆماندا رۆژنامەنووسى بێلایەن بە شێوەیەکى رەها لە هیچ شوێنێکدا
بوونى نییە، هەر کەسێکیش بانگەشەى شتى لەم شێوەیە بکات بە هەڵەدا دەچێت،
بەڵام رۆژنامەگەریى دیموکراسى و ئازادمان زیاد هەیە، بۆیە پێویستە ئێمە
ئەو ئەزموونە بەهێز و پتەو بکەین.
+ کەواتە دەشێ بڵێین شتێکیش نییە پێى بگوترێ رۆژنامەى بێلایەن؟
- هەڵبەتە رۆژنامەى لەو بابەتەش لە هەموو جیهاندا بوونى نییە
+ جیاوازى لە نێوان رۆژنامەگەریى ئازاد و بێلایەن لە چیدا دەبینن؟
- شەمسول واعزین: رۆژنامەگەریى ئازاد و رۆژنامەگەریى بێلایەن دوو چەمکى
لێکجیاوازن، رۆژنامەگەریى ئازاد بەو مانایە دێت کە تۆ بۆ خۆت پێگەى خۆت
هەیە، دیدگە و بەها و ئایدیولۆژی تایبەت بە خۆت هەیە، بەڵام لە
هەمانکاتدا رێگە دەدەیت بە دژڕاکانت یا ئەوانەى لەگەڵ تۆدا جیاوازن
قسەبکەن، ستوونیان هەبێت،هەواڵ و بابەتەکانیان بڵاوبکەیتەوە...، ئەم
شێوە ئازدییە لە کارى رۆژنامەگەریى ئێوە رۆژنامەکەتان دەخاتە خانەى
رۆژنامەگەریى ئازاد و دیموکراسى، کارى ئێوەش دەبێتە کارى رۆژنامەگەریى
ئازاد، بەڵام رۆژنامەگەریى بێلایەن بە واتا رەهاکەى، هەروەک لە پێشدا
ئاماژەم پێکرد، لە هیچ شوێنێکى جیهاندا بوونى نییە و شتێکمان نییە ئەو
ناوەى هەبێت.
+ زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
- سوپاس بۆ ئێوەش لەشتان ساغ بێت.
|