١٩\١\٢٠١٢
مەبەست چیە لە
پێشکەشکردنی بەرنامەی رووداو و مێژوو.

هۆشیار وەلی
لە پێناوی سەربەخۆیی و ڕزگارکردنی خاکی
کوردستان نەتەوەی کورد چەندین شۆڕشی ھەڵگیرساندوە لەم پێناوەیشدا
چەندین قوربانی داوە ھەر بەو ھۆیەشەوە چەندین جار تووشی جینۆساید و
قڕکردن و کۆمەڵکوژیی کیماباران و ئەنفال و... هتد بۆتەوە.
ئەوەی کە زۆرجار نەتەوەی کورد شانازیی پێوەدەکا خۆڕاگریی نەتەوەی کورد
و شۆرشە یەک لەدوایەکەکانی خەڵکی کوردستانە بە تایبەتی ئەو شۆڕشانەی لە
سەدەی بیستەم ھەڵگیرسان. ئەگەر ھەر کەموکورتییەک لە ناو شۆرشەکان
ھەبووبێ تەنھا سەرکردایتی ئەو پارت و رێکخراوانە بەرپرس بوونە کە
رابەرایەتییان کردوە.
زۆربەی ئەو شۆرشانەش لەسەر مێزی گفتوگۆ نەیانتوانیوە ئاواتەکانی کورد
بەدەست بێنن، وەک کێشەکانی ئەمڕۆ تا ئێستا لە ماوەی ٩ ساڵدا
سەرکردایەتی کورد نەیتوانیوە چارەسەری بکا. چونکە میلەتی کورد ھیچ
کاتێک کەمتەرخەم نەبووە لە پێناوی رزکارکردنی میلەتەکەی و سەربەخۆیی
خاکی کوردستان لە دەستی داگیرکەران. بەوپەڕی قارەمانێتی و ھەڵوێستی
جوامێرانەوە بەشدارییان لە شۆڕشەکان کردوە ھەر لەو پێناوەشدا چەندین
قوربانیان داوە و ئەو نەھامەتیە و کۆمەڵکوژییەی بەسەردا ھات وەک لە
پێشتر باسمان لێوەی کرد، ئەو شەھیدانەی بەو ئاواتەوە سەریان نایەوە و
ئەو پێشمەرگە گیان لەسەر دەستانەی بەشدارییان کرد لە شۆرشەکان ھیچ
بەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆیان نەبووە تەنھا و تەنھا لە پێناوی خاک و
نەتەوەکەیان بووە. چونکە ئەوکات نە مووچە ھەبووە و نە زەوی دابەش دەکرا
و نە بە دوای پلەوپایە ھەوڵیان دەدا و نە ئەوکات حیزبەکانیش ببوونە
کۆمپانیا و خەڵک دابمەزرێنن.
ئەگەر تەماشای کەناڵی (ئێن ئار تی) بکەین لە بەرنامەی (رووداو و مێژوو)
بە شێوەیەک باس لەو مێژوو و ڕووداوەکانی ناو شۆڕشەکان دەکا کە سەرجەم
حیزب و پارتە سیاسیەکانی کوردستان لە دژی یەکتر چەکیان ھەڵگرتوە نەک لە
پێناوی سەربەخۆیی و رزگارکردنی خاکی کوردستان، ئەوانەی دەبنە میوانی
ئەو بەرنامەیە زۆربەی ھەرە زۆریان باڵادەست و بەرپرس بوونە لە ناو ئەو
پارت و حیزبانە لە شۆرشەکان بەشداریان کردوە کەچی ئێستا بەوپەڕی
شانازییەوە باس لە کێشە و ململانێکانی نێو شۆرشەکان دەکەن و باس لە
شەڕەکانی ناوخۆ دەکەن و باس و لە داڕشتنی ئەو پیلانانە دەکەن دژ بە یەک
دایانڕشتوە، ئەوەندە باس لە کێشە و ململانێکانی ناو حیزبەکان و شۆڕشی
کوردی دەکەن ئەوەندە باس لە داستانەکان و خۆڕاگڕیی پێشمەرگەکان و
خۆڕاگریی نەتەوەی کورد ناکەن و باس لە گوندەکانی کوردستان ناکەن کە ھەر
ماڵێک لەو گوندانە ببوە چێشخانە و ھوتێل و دەرگاکانیان بەردەوام
واڵابوو لە رووی ھێزی پێشمەرگە و بە ماڵ و منداڵی خێزانەکان لە خزمەتی
پێشمەرگەدا بوون، ھەر ئەوەشە وای کردوە نیگەرانییەکی زۆری لای ئەو
تێکۆشەر و پێشمەرگە ماندوونەناسانەی دروستکردوە کە بەشدارییان لەو
شۆشانە کردوە. زۆرجاریش پەشیمانن لەو خەباتەی کردوویانە چونکە چەندین
پرسیار لە لایان گەڵاڵە بووە. ئەویش ئەوەیە ئایا ئەو پارت و رێکخراوانە
لە پێناوی کوردستان شۆڕشیان ھەڵگیرساند؟ یان لە پێناوی سڕینەوەی یەکتر؟
یان کەسیان یەکتریان قەبول نەدەکرد و بە چاوی دوژمن تەماشای یەکتریان
دەکرد؟ خۆ ئەگەر دەستی دەرەکیش بووبی دەیانتوانی رۆڵەی کورد بە کوشت
نەدەن و شەری ناوخۆیی ھەڵنەگیرسێنن و تەنھا پێوەندییەکانیان ببڕن.
باشە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) مەبەستی چیە لە پێشکەشکردنی ئەو جۆرە
بەرنامەیە؟ بۆ ئەو سووکایەتییکردنیە بە شۆرشەکانی کوردستان؟ یان تەنھا
بۆ لەکەدارکردنی خەباتی کوردە؟ گومان لەوەدا نییە ئەو تێکۆشەر و
پێشمەرگە و ئەو شەھیدانەی لەو شوڕشانە سەریان نایەوە و نەگەیشتنە
ئاواتە پیرۆزەکەیان تەنھا لە پێناوی ڕزگارکردنی خاکی کوردستان بووە لە
دەستی داگیرکەران و دوژمنانی گەلی کورد خەباتیان کردوە. بەڵام ئەوانەی
شەڕەکانیان ھەڵگیرساندوە لە ناوخۆی کوردستان ھەر ئەو کەسانەن لەو
بەرنامەیە بەشداریی دەکەن. بۆیە پێویستە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بە
خۆیاندابچێتەوە چیتر ئەو بەرنامەیە پێشکەش نەکەن چونکە جگە لە ڕق و
قینە و دووبەرەکیی ھیچ قازانجێک بە خەڵکی کوردستان ناگەیەنیێ.
Wshyar_wali12@yahoo.com
|