مەبەستتان لە
زمانى زبر چییه؟

ئیبراهیم بالیسانى
جاروبار، بەتایبەت لە کاتى توندبونى مڵملانێیەکان لەنێوان هەندێ لایەنى
سیاسی ، هەر لەو کاتەشدا گەرماوگەرم کەسە زمان زبرەکانى ناو لایەنەکان
ئەوانەى کەلەوەتەى هەن وفرچکیان بە زمانى تەشهیرودەربرینى
ناجۆرونەشیاوگرتوەو هەر ئاواش لەنێو کۆمەڵگاوبوارى رامیاریدا ناسراون
ودیارن ، جا ئەو جۆرە کەسانە بەمەبەست وبەئامانجى تایبەتەوە هەرزوو
رادەکەنە سەر شاشەى تەلەفزیۆنەکان وبێیەک ودوو پەلامارى قەلەمەکانیان
دەدەن ولەگەڵ مایک وبڵندگۆى رادیۆکان دەکەونە هەڵپەوهاتوهاوار، ئەوانە
بێسڵەمینەوە لە بنەماکانى ئیتیکى رۆژنامەوانى ویاساودابونەریتى
کۆمەڵگاوتەنانەت پێشێلى پرینسیپ وپەیڕەوى حزبەکەشیان دەکەن وبە شێوە
زمانێکى تایبەت وشاز کەلاى خۆمان بە (زمانى زبر) ناسراوە دەکەونە قسەو
پەلامارى ئەملاوئەولاى خۆیان دەدەن یا باشتر وایە بڵێین : پەلامارى
لایەنى بەرامبەرەکەیان دەدەن لەبەر ئەوەى تا بەرژەوەندیەکانیان لە کیس
ولە دەست نەچێ .
جا هەر ئەو زمان زبرانەشن لەو دیوەوە بە رەنگ ورووخساروبەرگێکى جیا
لێمان دەسوڕێنەوەومامۆستا ئاسا نەسیحەت وئامۆژگارى دەهۆنەوە بۆ خۆلادان
ودوورکەوتنەوە لە دەربرینى زمانى زبر لە ناوەندوکەناڵەکانى راگەیاندن!!
بەکوردیەکەى دەیانەوێ دەستى چەورى خۆیان بەسەر سەرى کەسانیترەوە بسڕن!
هەڵەشمان نەکردوە ئەگەر بڵێین: هەر خودى ئەوانەن کە
داهێنەروهێنانەکایەى زمانى زبرن لە ناو میدیایى کوردى .
بە بێگومان ئەوانەى کە بە زمانى زبر لە هۆیەکانى راگەیاندن دەدوێن
ودەنوسن ودەردەکەون ، ماناى ئەوە ناگەێنێ کە ئەوانە تەنیا لەو کاتەدا
زمانیان زبرەو تەشهیردەکەن ، بەلکو ئەبێ ئەوانە لە هەڵسوکەوتى رۆژانەى
ئاسایى وتایبەتیشیانەوە هەر وابن وهەر واش رەفتاربکەن. مەبەستمە بڵێم :
ئەوانە لە کۆبونەوەکان ، کۆڕەکان ، لە دیدارى تایبەت ودانیشتنى
هاورێیەتیش بەهەمان شێوە زمان دەدوێن ودەردەکەون ورەفتاردەکەن . نمونەش
لەو بارەیەوە لەسەر ئەو جۆرە کەسانە یەکجار زۆرن ، جا هەیانە لەلایەن
بەشى هەرە زۆرى کۆمەڵگاوە بە زمان پیس ناسراوەو هەشیانە تەنیا لاى ئەو
کەسانەوە بە زمان پیس ناسراوە کە نزیکن لە خۆیى یا ئەوانەى کە رۆژانە
بە بەردەوامى کارییان لەگەڵ دەکا.
لەبەر ئەوە بە پێویستم زانى تەنیا سێ نمونەى زیندو لەسەر ئەو وتارنوس
ووتاربێژوقسە کەرانە بهێنمەوە تا زیاتر خوێنەر بەرچاوروونى هەبێ لە
سەرماهیەت وکەسایەتى ئەو جۆرە کەسانە ى کە وەک گورگ ومەڕەکەوان
ورەفتاردەکەن ! جارێکیان بەرپرسێکى باڵاى حزبى سەردانى ناوچەیەک دەکا
ولەوێدا بەرگوێى دەکەوێ کە لێپرسراوى رێکخراوێکى مەدەنى سەر بەپارتەکەى
لە ناوچەکە ولە بۆنەیەکدا چەند دیارییەکى تایبەتى بەخشیبو بە چەند
خوێندکارێکى زیرەک ، چونکە جۆرى دیارییەکان بە دڵى بەرپرسەکە نەبووە
نەک لەبەر کەمى وزۆرى نرخ ،بەلکو لەبەر ئەوەى جۆرى دیارییەکان لەگەڵ
نەهج وبەرنامەى حزبەکەى نەگونجاوبوە . بۆیە هەر لەوێدا لەناو ئەو هەموو
بەرپرسانەدا جنێو بە کادیرەکەدەدا لەسەر جۆرى دیارییەکان! بەهەمان شێوە
کەسێکى نیمچە بەرپرس بەیانیەک کە سەیرى بلاوکراوەکانى رۆژ دەکا چاوى
دەچەقێتە سەر ناوى کارمەندێکى راگەیاندنى لاى خۆیان کە بابەتێکى
لەیەکێک لەو رۆژنامانە بلاوکردۆتەوە کە لاى ئەو بە نەیارە ئەژمارکراوە
. بۆیە بەر لەوەى بابەتەکە بخوێنێتەوە تا بزانێ چینوسیوە یەکسەر
دەستدەکا بە جنێودان بەو نوسەرەودەست دەبا بۆ تەلەفۆن تا بەزووترین کات
بڕیارى دەرکردنى بۆ دەربچێ! دوا نمونەشمان لە کۆبونەوەیەکى فراواندا
کەسێک بۆ دەربرینى سەرنج وتێبینیەکانى لەسەر کۆبونەوەگێرەکە دەکەوێتە
قسەوبە زمانێکى شارستانیانەوکادیرانە رەخنە لە بەرپرسەکە دەگرێ ، ئالەو
کاتەدا کاکى بەرپرس وەک ئەوەى ئاسمانى بەسەردا کەوتبێ بە توڕەیەکى
زۆرەوە کەسەکە دەردەکا و دەست دەکا بە دەربرینى قسەى نەشیاوناجۆر
دەرهەق بەو کادیرە رەخنەگرە!
بۆیە ئێستا کاتى ئەوە هاتوە بپرسین ، ئایا ئەوانەى کە بەبەردەوامى
وسەریزمان وبنیزمانیان قسە کردنە لەسەر بەرگرتن لە زمانى زبر لە ناو
میدیاى کوردى مەبەستیان کێ وچجۆرە زمانێکە ؟ ئەگەر مەبەستیان هەمان ئەو
زمانەیە کە خۆیان دەریدەبڕن باشە لەوە ساناتر چیە با یەک ودووى لێنەکەن
ولەمەودوا با دەربرینەکانیان شێوە زمانێکى پاراو و گونجا و شیرین
وشارستانیانە بێ نەک زمانى زبر. خۆگەر مەبەستیشیان ئەو زمانەیە کە لە
کۆروکۆبونەوە و دیدارە تایبەتیەکان دەردەبڕدرێن ئەوا بەهەمان شێوە
پێویستە لە خۆیانەوە دەست پێبکەن چونکە هەر ئەوان خۆیانن کە لەو
بوارەدا بڕوانامەى دکتۆرایان هەیە نەک ئەوانیدى.
Info_balisani@yahoo.com
|