١٣\٢\٢٠١٤
مەبەست لە
پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات دەرەنجامەکانی.

جەلال محەمەد
١٥ ساڵ دەرباز دەبێت بەسەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا، ئەو پیلانگێڕییە
شومەی کە بوویە هۆی ڕادەستکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە دەوڵەتی
تورک.
هەڵبەت لەو پیلانگێڕییەدا زۆر لایەن
بەشداریان تێدا کرد چ بەشێوەی ڕاستەوخۆ و چ بە شێوەی شاراوە.
مەبەست لەو پیلانگێڕییە تەنها کەسێک نەبوو بەڵکو لە خودی ئەو تەنها
کەسەوە تەواوی میلەتی کورد و شۆڕشە ئازادیخوازیەکەی بە ئامانج گیرابوو.
چونکە یەکێک لە کەمایەتی و ناتەواویەکانی بزوتنەوە کوردیەکانی ڕابردوو
ئەوە بووە کە هەموو شتێک لە سەرکردەدا کۆکراوەتەوە و هیچ ڕۆڵێک نە بۆ
میلەت و نە بۆ شۆڕشگێڕان نەمابوو، هەر بەو هۆکارەشەوە کاتێک سەرکردەکە
دووچاری کوشتن یاخود گیران دەهات ئەوا کۆتایی بە بزوتنەوەکەش دەهێنرا و
میلەتیش خەڵتانی خوێن دەکرا، لەم بارەیەشەوە نموونە هێجگار زۆرە هەر لە
دامرکاندنەوەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانەوە تا دەگاتە ئاشبەتاڵەکەی
بارزانی.
هەڵبەت ئەم چەند نموونەیەش کافی بوو بۆ ئەوەی هێزە ئیمپریالیستی و دژە
گەلیەکان هەمان تێڕوانینیان هەبێت لەسەر ئۆجالان و پکک و بیر لەوە
بکەنەوە کە جارێکی دیکە شۆڕشی کوردان بخنکێنن و کوردانیش دووچاری
کۆمەڵکوژی بکەن ئەویش لە ڕێگەی پیلانگێڕیی شومی ١٥ی شوباتی ساڵی
١٩٩٩وە.
دەرەنجامەکانی پیلانگێڕییەکە:
ئەگەرچی پیلانگێڕییەکە بە دەستبەسەرکردنی بەڕێز ئۆجالان کۆتایی هات
بەڵام دەتوانین بڵێین کە ئەو دەرەنجامەی لێ نەکەوتەوە کە دوژمنان
بەرنامەیان بۆ داڕشتبوو ، چونکە هەم شۆڕش لە جاران بەگوڕتر بوو هەم
کوردانیش زیاتر لە دەوری یەکتری کۆبوونەوە ، بۆ یەکەمین جاریش بووە کە
کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان و جیهان یەکبگرن دژ بە پیلانگێڕیی شومی
دوژمنان و بە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی جەماوەری تەواوی دوژمنان ئاگادار
بکەنەوە کە هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی شۆڕشگێڕان لاواز بکات.
بە گوڕتربوونی شۆڕش و سەرهەڵدانی جەماوەری دەمانگەیەنێتە زۆر ڕاستی،
ئەو ڕاستیانەش لە لایەکەوە جیاکردنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە
پارتەکانی دیکە و لە لایەکی دیکەشەوە جیاوازی نێوان بەڕێز ئۆجالان و
تەوواوی سەرکردەکانی دیکەمان بۆ دەردەخات. جاکردنەوەی پکک لە
لایەنەکانی دیکەش ئەگەر لە لایەکەوە پەیوەست بێت بەو ئایدۆلۆژیا
پێشکەوتنخوازییەوە کە شۆڕشگێڕانی پێ گوشکراوە ، لە لایەکی دیکەوە
پەیوەست بووە بە بڕوا بە جەماوەربوونی لە ڕادەبەدەری پکک و پشت
بەستنیان بە کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی.
جیاوازی بەڕێز ئۆجالانیش لە سەرکردەکانی دیکە هەر لەوەدا کورت
ناکرێتەوە کە بەڕێز ئۆجالان تەنها میلەتی بە پشت و پەنا دەزانی و
سەرکردەکانی دیکە زیاتر پشتیان بە هێزە دەرەکیەکان دەبەست ، بەڵکو
یەکێک لە گەورەترین جیاوازیەکان ئەوە بوو کە ئۆجالان تێکۆشانی بێ وێنەی
کرد تاکو گەل بکاتە خاوەن دەسەڵات و هەموو شتەکان لە سەرکردەدا کورت
نەکرێتەوە بەڵام بەرپرسی پارتەکانی دیکە زیاتر لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە
دەسەڵاتی خودی خۆیان زیاتر بکەن و هاوشێوەی تەواوی دیکتاتۆرەکانی دیکە
زیاتر لە هێنانە پێشەوەی کوڕ و کەسە نزیکەکانی خۆیاندا بن بۆ
دەسەڵاتداری و تەنانەت لە پێناوی بە دەسەڵات گەیشتندا بەجۆرێک
کەوتوونەتە خزمەتی داگیرکەرانەوە کە ئەندامانی داگیرکەرەکەش حەسودییان
پێ ببات.
ئەنجامی ئەو جیاوازیانە بوو کە ئۆجالان لە کونجی زیندانی داگیرکەر قایم
کرا و بەرپرسی پارتەکانی دیکەش فەڕشی سووری داگیرکەریان بۆ ڕاخرا، خۆ
ئەگەر بێتو ئۆجالانیش میلەتی بخساتەیەتە خزمەتی خۆیەوە و خۆیشی
بخستایەتە خزمەتی داگیرکەرانەوە ئەوا نەک هەر پیلانگێڕیی لە دژ ئەنجام
نەدەدرا بەڵکو پۆستی دەسەڵاتدارێتیشیان بە دیاری بۆ دێنا.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|