٣\۴\٢٠١٠
مەچکۆ:
رووخسەتى لە مەرگ خواستووە!

غهمگین بۆڵی
ئەمرۆ رۆژى
لەدایکبوونمە
مەچکۆ: رووخسەتى لە خودا خواستووە..!!
پرى کردووم: لە مەراقە بەجێماوەکانى ژیان
بۆرۆژى لە دایکبوونم...
کتێبێکى فیردەوسى هێناوە غەمگین بۆڵى
پڕە لە
ئایەتە شیعرى خوداوەندى مەرگدۆستى
بەخەتى باران نووسراوە:(رایبهێنە لە تەنیایى
خودا و
بێ دەنگى خۆت،
رایبهێنە لە
شەرابى ئاونگى بۆلەترێیەکانى ژیان و
هەوالى کلاوى بابردووى سیاسەت).
ئەمرۆ بەد مەستم..
دووپێک ئایەتى زەردەشتیم هەلداوە
پرم لەخۆکوژى و
ناشزانم لۆکاریتمەکانى خۆکوژى شیکاربکەم
خۆکوژیم کردۆتە ماتماتیکى زایەلەى مۆنۆلۆگێکى مەرگدۆستى
لە ئیمانستانى پرنوورەوە..
سەیرى شەمشەمەکوێرەکانى کوفرستانم نەکردووە
لە فەلسەفەى سیاسەتى حیزبەکانەوە..
بەدگومانم:..
لە مەملەکەتى مندالە پیرەکان!
مەچکۆى قەلاومنارە
لەسەر تەنافى گریانێکى سەرمەندى
بەپێکەنینەوە، لە
میوانە خەیال بلاوەکانت دەڕوانى
گلەیى لەزۆرگوتنى بەرد دەکەى !
رەخنە لەحیکمەتەکانى باران دەگرى !
نووسەرە کۆپیەکانى حیزب دەردەکەیە دەرەوە
دییسان رۆحت بەهەولێرەوە موتوربە دەکەى
تەریق دەبیەوە..
لەبەردەم نووسەرە بەهەشتییەکانى نێودۆزەخى نووسین و
شاعیرە دۆزەخیەکانى نێو باغەکانى بەهەشت
بە نووسەرە کۆپی
کراوەکانى حیزب دەلێى:
((ئێوە تازە لە
فەلسەفەى فیردەوس و باغەکانى نووسین ناگەن)).
چوارلاپەرەى کتێبە فیردەوسیەکە دەخوێنیەوە
بەعەشقە بە گزادەکەى ئیرۆسى دەلێى:
"دوورتر لە
وێستگەکانى سەراب و
نزیکترلەرۆحى مەعشوق
من دوو بەقەد گەورەیى عیشقى ئێوە
یادەوەریم لەم قاوەخانەیە خەوتووە"
ئەو رۆژانەى لەبەرنەوشەفەقى زێرینى خودایى
خۆم بۆعیشق پرنوور دەکرد
حیسابم بۆ(مەرگ) و(شەو)نەدەکرد
زەمەن رۆژگارەکانمى بەسەر ئەم قاوەخانەیە
غلۆر دەکردەوە
جاران هۆلاکۆشکێن:
هەتا قاوەى مەچکۆ
هەبا،
سوێندى بە قاوە
پر کوفرەکانى فالگەرە
دایەعەکانى شار نەدەخوارد
جاران هۆلاکۆبەزێن:
هەتاحاجى لەق لەقەکەى مابوو
سوێندى بە سروودەکانى کوکوختى نەدەخوارد
هەنووکە:لە دەڤەرى گولەگەنمەکانى بەرخودانى
گولە بەرۆژەیەک پاشایە!
لەسەنتەرو
ناوەندەکانى رۆشنبیریشدا..
کادیرێکى حیزبى پێشەوایە!
رووناکبیرى: بۆتە
گروپکارى..!
بۆ ئایندەى چارەنووسسازیشمان
داوى مێژوویەکى دۆڕاو
هەلدەکەنەوە.
مەچکۆ بەدەم پەشیمانیەوە..
پیاسەى سەرقەلام پێ دەکا
قەلابەدەم گریانەوە..
باسى سوتانى ئەنتیکەخانەکەیم بۆدەکا.
من: پیاسەى نێو باخچە
بەسالاچووەکەى گلکەند بەمەچکۆ
دەکەم
گلکەند گلەییەکانى لاى مەچکۆباس دەکا..!
هەتا هەنووکە
ماچى عاشقەکانى هەولێرم پەرستووە
شەونمە خەمگرتووەکان، بەپێنووسى کولەکانى
بەررەشەبا
ئیمزاى وەروزبوون لەدەفتەرى سکالا
قەلەندەرەکانى نیشتیمان دەکەن
دوومشت شەبەنگى رۆژگارێکى قەترانى دەخەنە رۆحى مەچکۆوە
مەچکۆ بەدەم خەیالێکى جگەرەکێشەوە..
گەلاى وشەکانى کتێبە فیردەوسیەکەى
دەوەشێنێتە
سەرگلکەندەوە.
سەیرى درەختە رووتەلەکانى بەرباران دەکا
کە بەقەد مووى
سەرى یادەوەرى تێدا جێهێشتووە
پیرەیادێک ،لەتەک درەختى کچێکدا
خەریکى کاوێژى دوێنێى تەمەنیەتى
کە عیشقى مەرکانێکى پرلەگولە
لەسەر مێزى قومارى شەوانەى باوکى
کە شەرەف دەدۆرێنێت!
کچەعیشق بە هەموو
جورئەتەوە...
بەتفێک کەرامەتى پیاوەتى باوکى هەراج دەکا
لە ئاسمانى بێگەردى مەعشوقەکەی
کۆلارەى عەشقەکەى هەلدەدا.
دواجارجگەرەى خەمگرتوو
لە ژوورە غەریبیەکەى ئەبەدیەت دەکێشێت
مەچکۆ لە
خوێندنەوەى کتێبە فیردەوسییەکە دەبێتەوە
تۆزى ژیان لەخۆى دەدەوەشێنێت و
رۆژى لەدایکبوونم پیرۆزدەکا و
ئەم شیعرەم پێ دەسپێرێت.
15/3/2008
هەولێر
|