٢٧\٤\٢٠١٦
مەدەنیەتی
کوردستان و ئیسلامیبوونی دەسەڵات!
پارتی و یەکێتی گۆران وەکو حیزبەکەی مەلا عەلی نەک بروایان بە سیستەمی عەلمانی نیە بەڵکو بونە دیفاع کەری سەرسەختی پرنسیپەکان و یاساو شەریعەتەکەی ئیسلام ، تەنانەت سەرکردەکانیان بۆ نمونە مەسعود بارزانی ئەلێ قبولی ناکەین ھیچ کەس مزایەدە بەسەر ئێمەوە بکات چونکە ئێمە خۆمان لە ھەموو کەس بە موسلمان تر ئەزانین، کەچی حیزبە ئیسلامیەکان دێن و ئەلێن دەسەلاتە عەلمانیەکەی کوردستان . ئەو دیبەیتە ناوەکەی ھەڵە بوو، نەئەبوو ناوەکەی ئەوە بێت کە نوسرابوو دیبەیتێک لە نێوان عەلمانیەک و ئیسلامیەک دا . لە کوردستان سیستەمێک نیە بەناوی سیستەمی عەلمانیەت تا کەسێک پەیدا ببێت بۆ دیفاع کردن لە عەلمانیەتی کوردستان بەڵکو ئەوەی کە ھەیە ئیسلامی بونی دەسەلاتە نەک بە پێجەوانەوە کە ئیدیعای بۆ ئەکرێت.
لە ژێر سایەی حیزبەکەی مەلا بەختیاردا سولحی عەشائیری و ھەزارەھا حوجرە و تەکیە و چەندین حیزبی ئیسلامی بونی ھەیە و تەنانەت دەسەلات لەگەل ئەمانەدا لازم و مەلزومی یەکن، لایەک لە پارە و پولی ئەم وڵاتە بۆ ئەم دەستەوتاقمانە و وەزارەتی ئەوقاف و ئیمامی مزگەوتەکان خەرج کراوە کە بەشێکیان خوتبەکانیان جگە لە سوکایەتی بە کەسانی ئازادیخواز و لاوانی مەدەنی و ھەر سیمایەکی پێشکەوتن، تەنانەت ھەڕەشەی تیرۆر و بانگەشە بۆ پێوەرە ئیسلامیەکان و ھاندانی خەڵک بۆ چوونە ناو داعشەوە تەرخان کراوە. لە کوردستان دین لەدەولەت و پەروەردەو فێرکردن کە یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی عەلمانیەت نەک ھەر جیا نیە بەڵکو دەرسی دین و سورەتە ئاگرینەکانی ناو قرئان لە پۆلەکانی سەرەتای قوتابخانە فێری مناڵان ئەکرێت.
لە ھیچ بەرنامەی حیزبە کوردیەکاندا نەبووە کە باسی دەولەتی عەلمانی بکەن و بروایان بە بنەماکانی ئەو سیستەمە ھەبێت کە مرۆڤ لەسەر ھەویەی قەومی و دینی دیاری نەکرێت بەڵکو ھاولاتی بون مەبنای سەرەکی تێروانینیان بێت، کەچی ئیسلامیەکان ئەم دەسەلاتە تێکەلە لە خێل و ئیسلام ناو ئەنێن عەلمانی، تا لەو روانگەیەوە بتوانن گورزی کوشندە بدەن لە ھەر کەسێک لە کوردستان باسی عەلمانیەت بکات . بۆیە ئەو زەمینەیەی کە مەلا عەلی ئەیویست قسە لەسەر علەنیەت بکات بۆی رەخسابوو، وەک ئەوە وایە ھەنگوینی لە کۆلکەدارا دۆزیبێتەوە، کە زۆر مەبەستی بوو وا نیشانی بدات کە ئەم سیستەمە عەلمایەتەو ئەوەی کە لەم ٢٥ سالەدا توشی خەلکی کوردستان بووە بەرھەمی دەسەلاتی عەلمانیەتە کە ئەوەش سودێکی باشی ھەبوو بۆی چونکە ئەیزانی دەسەلاتی یەکێتی وپارتی نمونەیەکی شکست خواردی داوەتە کۆمەلگا، جا زۆر گرنگ بوو بۆ مەلا علی ئەم شکست خواردنە بداتە پاڵ عەلمانیەت. لە کاتێکدا لە واقیعدا نە لە دور و نە لە نزیک ھیچ شتێکی ئەم دەسەلاتە لە علەمانیەت ناچێت.
لە ناو ھەر سیستەمێکی عەلمانیدا مرۆڤ ئازادە چۆن بیر ئکاتەوە، بروای بەچ دینێک ھەبێت یان بروای بەدین ھەر نەبێت، کەچی مەلاعلی ئەلێ کۆمەلگەی کوردستان پیوسیتی بە علەمانیەت نیە وەکو ئەوروپا چونکە لە ناو دینی ئیسلامدا ھەموو ئەو شتانە بونی ھەیە کە لەم دینایەدا عەلمانیەت دابینی کردووە. ئەمە درۆیەکی ئێجگار گەورەیە کە نوێنەری خوای ئیسلام ئەیکات، ئەم قسەیە تەنانەت پێچەوانەی سورەت و ئایەت و قسەکانی محمدە. لە ئیسلامدا نەک مرۆڤ ئازاد نیە، بەڵکو ھەر شتێک کە پێچەوانەی شەریعەت بێت نەتیجەکەی لە مل دانە. مرۆڤ ناتوانێت ئازاد بێت لە بیرکردنەوەو ھەلبژاردنی عەقیدەوە چونکە ئەمە بە دەقی ئاینی دیاری کراوە بۆ مرۆڤ، تاقە شتێک کە بۆ مرۆڤ مابێتەوە ئەوەیە کە بەبێ جەدەل ئەبێت پەیڕەوی لێ بکات تەنانەت لە قورئاندا ئەلێت (مَنْ بَدَّلَ دِينَهُ فَاقْتُلوا)، ئەبێت مەلا عەلی چی لەم ئایەتە بکات کە ئەلێت دینەکەی ئێمە وەک علەمانیەت وایە بۆ کۆمەڵگا؟ ئاخر ئەم ئایەتە بۆ ئەوە نابێت کە بلێیت مرۆڤەکان لە سیستەمی دینەکەی مەلا علی دا ئازادن کە چۆن بیر ئەکەنەوە وەکو لە سیستمێکی عەلمانیدا.
نمونەی تر لەسەری ئەوەی کە دینەکەی مەلا عەلی و پەیڕەوکردن لە ئایەت و حەدیسەکان لە دژی ئازادی و ئازادبیرکردنەوەی مرۆڤن زۆر زۆرن ، دەیەھا سورەتی وەک و سورەی تۆبە ئایەی ۲۹ ھەیە کە ئەلێ "قَاتِلُواْ الَّذِينَ لاَ يُؤْمِنُونَ بِاللّهِ وَلاَ بِالْيَوْمِ الآخِرِ وَلاَ يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللّهُ وَرَسُولُهُ وَلاَ يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُواْ الْكِتَابَ حَتَّى يُعْطُواْ الْجِزْيَةَ عَن يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ" ئەو کەسانەی لە ئەھلی کتێب (یەھوودی و مەسیحی) کە بە ئەللا و رۆژی قیامەت ئیمانیان نیە و ئەو شتەی ئەللا و پەیامنێرەکەی حەرامیان کردوە بە حەرامی نازانن و پەیوەست بە دینی حەق نابن، لەگەلیان شەر بکەن تا ناچار بن بە دەستی خۆیان و بە زەلیلی جەزیە بدەن ، ئەبێت مەلا علی و ھاوبیرەکانی پێمان بلێن ئەم جۆرە ئایەتانە لە کوێدا لەگەل عەلمانیەتدا یەک ئەگرێتەوە ؟تا بلێن ئەوەی لە عەلمانیەتدا ھەیە لە دینی ئیسلامیش دا دابین کراوە . بۆیە ئەو دیبەیتە نەک دیبەتێک بوو لە نێوان عەلمانیەت وئیسلامیدا بەڵکو دیبەیتێک بوو بۆ کوتانەوەی عەلمانیەت ئەگەر ئەو دەسەلاتەی کوردستان بە عەلمانیەت بخەمڵێنرێت.
|