مێژووێکی جه‌رگبڕ و خاڵیبوونی جێگای''هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی''!
ئه‌یوب ره‌حمانی
مێژوو دایمه له ههنۆکهدا هه‌ڵ دهسهنگێنرێت و نه‌ک له کات و سه‌رده‌می خۆیدا و ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندن و نرخ دانانه له‌سه‌ر مێژوو به‌رده‌وام له ههنۆکهکاندا نوێ ده‌کرێته‌وه! به واتاێکی تر تێ گه‌یشتن له ڕابردوو له هه‌ر کات و ساتێکدا وه‌ک یه‌ک نین و هه‌ر قۆناخێک به ئه‌قڵیه‌تی سه‌رده‌می پاش خۆی هه‌ڵ دهسهنگێنرێت و به‌رده‌وامیش نوێ ده‌کرێته‌وه! به‌م پێشه‌کیه کورته‌وه ده‌چمه سه‌ر وتاره‌که‌م و له پێشدا ئاوڕێکی خێرا له‌م ئاڵۆزیانه‌ی ئه‌م دواییانه‌ی ناوخۆی ئێران ده‌ده‌مه‌وه و له چه‌ند خاڵێکی که پێم گرنگن ده‌کۆڵمه‌وه!
له ناوخۆی ئێران و به دوا ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌کانی ئه‌م دواییانه‌دا، رژیمی کۆماری ئیسلامی به ته‌واو مانا که‌وته گرتن و لێدانی ناڕازیان و بێجگه له‌وانه‌ی که له خۆپیشاندانه‌کاندا و له سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌یگرتن، ئه‌وجار به هێرش کردنه سه‌ر ماڵ و خانوو و شوێنی چالاکی سیاسی و ده‌فته‌ری کاریان، زۆر له که‌سایه‌تیه سه‌ره‌کی و کلیلیه‌کانی دژبه‌ری خۆی گرت که چه‌ند دانه‌ێکیان وه‌ک حه‌جاریان و نه‌به‌وی و ئه‌بته‌حی و هتد.... به تایبه‌تی له به‌رهه‌ڵستکاره گرنگه‌کانی ته‌ره‌فدارانی چاکسازی بوون و دواجار له‌و سیاچاڵانهی که ڕۆژگارێکی دور و درێژ (مێژوو) شۆڕشگێڕانی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها چه‌پ و دێمۆکڕات و ئازادیخواز و جیابیران له نێویاندا سه‌ر به نیست ده‌کران، ئه‌م جاره ئیتر که‌سانی خۆییان خستنه ناویان و که‌وتنه ئازار و ئه‌شکه‌نجه دانیان و واداریان کردن به ئیعتیڕافاتی تلویزیۆنی و له هه‌مو ڕه‌وش و شێوه‌ێک به هه‌مو توانایانه‌وه که‌ڵکیان وه‌رگرت تا بتوانن ئه‌م جاره‌ش ئه‌م شه‌پۆله ناڕازیه جه‌ماوه‌ریانه‌ی که به دوا چاکسازی و به دوا ده‌نگه‌کانیانه‌وه بوون، سه‌رکوت و بێده‌نگ بکه‌ن. به دوا ئه‌م سه‌رکوت و بگیر و ببهندانه بۆ زۆر که‌س ده‌ر که‌وت که کۆماری ئیسلامی بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ست ده‌داته هه‌مو کارێک و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له گه‌ڵ هیچکه‌س تهعارفێکی نیه و گرنگ نیه که ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ دژایه‌تی کۆماری ئیسلامی ده‌که‌ن یا نه‌خێر دژی کۆماری ئیسلامی نین و ته‌نیا دژی مانه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵه پاوانخوازێکی وه‌ک خامه‌نه‌یی و ده‌ست و په‌یوه‌نده‌کانی ناوبراون، چه‌نده پێشتر له پۆسته گرنگ و حه‌ساسه ده‌وڵه‌تیه‌کاندا خزمه‌تیان به‌و ڕژیمه کردووه و چه‌نده له جه‌بهه‌کانی شه‌ڕ "گیانبازییان" بۆ ڕژیم کردووه و ته‌نانه‌ت گرنگ نیه که چه‌نده له که‌سایه‌تی خومه‌ینی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و نیزامه‌ش نیزیک بوبێتن و یا له خزمان و که‌س و کاری ناو براو بووبێتن، گرنگ بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتییان به ده‌سته‌وه‌یه و قودره‌تیان پاوان کردووه ئه‌مه‌یه که ئه‌م ئیسڵاحخوازه ده‌وڵه‌تییانه، ئه‌گه‌ر چی داخوازیگه‌لێکی وه‌ها ڕادیکاڵ و مۆدێڕن به که‌مترین ستانداڕده لیبڕاڵیهکانیشیان نیه به‌ڵام به ناوی چاکسازی له دژیان وه‌ستاونه‌ته‌وه و به ته‌مان ده‌سه‌ڵاتیان لێژ بکه‌ن و دواجار لاوازییان بکه‌ن. هه‌ر بۆیه بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و شه‌خسی خامه‌نه‌یی ته‌نیا ئه‌م خاڵه گرنگه، که ئه‌و دۆست و هاوکاره پێشووانهیان ئه‌مڕۆکه له دژیان وه‌ستاونه‌ته‌وه و بۆیه ده‌بێت سه‌رکوتیان بکه‌ن. وه‌ک ده‌زانین پێشتر خامه‌نه‌یی دیکتاتۆڕی نوێی ئێران له پاش خومه‌ینی، بۆ به‌هێز کردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی سڵی له‌وه‌ش نه‌کرده‌وه که ئه‌حمه‌دی خومه‌ینی که بۆ زۆر له هه‌واداره‌کانی باوکی وه‌ک یادگاری خومه‌ینی مابووه‌وه و به هۆی باوکیه‌وه خۆشیان ده‌ویست، ده‌رمان خواردی کرد و له سه‌ر سه‌حنی ده‌سه‌ڵات و له سه‌ر ڕێگای خۆی به ته‌واوی لایبرد و کۆتایی به ته‌مه‌نی هێنا!
له زمانی ئاڵمانیدا ده‌ڵێن " Not macht Schlau " ئه‌مه به‌و مانایه که "ته‌نگانه مرۆڤ وشیار ده‌کاته‌وه". به دوا ئه‌م گرتن و کوشتن و ئازار و ئه‌شکه‌نجانه‌ی که باسی کرا کۆمه‌ڵێکی به‌رین و به‌رچاو له چالاکانی سیاسی و ئه‌وانه‌ی که هێشتا نه‌گیراون یا خۆ گیراون و دواتر به‌ر بوون، به په‌له و بێ ماتڵ بوون که‌وتنه خۆ ڕێکخستن به شێوه‌ی نهێنی و ژێر زه‌وینی! ئه‌مڕۆکه ده‌بینین که له سه‌رانسه‌ری شاره‌کانی ئێران‌دا کۆمه‌ڵێک له خه‌باته جۆربه‌جۆره ژێرزه‌وینی و نهێنیه‌کان په‌یدا بوون و سه‌ریان هه‌ڵداوه، هه‌ر له سینه‌ما و شیعر و داستاننوسی و کاریکاتۆڕ و به گشتی کاره هونه‌ریه‌کانه‌وه بگره تا وتووێژه تلویزیۆنیهکان و هه‌واڵنیری بۆ تلویزیۆنه بێگانه‌کان وه‌ک ده‌نگی ئه‌مریکا و بی بی سی و ته‌نانه‌ت تلویزیۆنه فارسی و کوردیه‌کانی تاراوگه و فیلم هه‌ڵگرتنه‌وه له خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان و به گشتی کاری کۆمونیکاسیۆن یا ئیڕتیبات. هه‌روه‌ها یه‌ک له گرنگترین ئه‌م ئه‌رکانه که به شێوه‌ی ژێر زه‌وینی به‌ڕێوه ده‌بردرێت و گرنگی پێ ده‌درێت ڕێکخستنی خۆپیشاندانه‌کانه که چۆن و که‌ی و له کوێ و به چ مه‌به‌ستێک خۆپیشاندان بکرێت و هه‌وڵ ده‌درێت که ئه‌گه‌ر له شوێنێکیش به هه‌ر مه‌به‌ستێک، سه‌رخۆشی یا چله‌ی ماته‌مین یا کۆچی دوایی که‌سایه‌تیێکی ڕێزدار، ئه‌گه‌ر چی به مه‌رگی سروشتیش کۆچی دوایی کردبێت و یا له خۆپیشاندانه‌کاندا و یا له به‌ندیخانه‌کاندا به ئه‌شکه‌نجه گیانیان به‌خت کردبێت، به گشتی به هه‌ر هۆێک که ده‌ست ئه‌م چالاک و ناڕازیانه بکه‌وێت، به شێوه‌ی نهێنی ده‌که‌ونه خۆ و زۆرترین خه‌ڵکی له ده‌ور کۆ ده‌که‌نه‌وه و دوایی به شێوه‌ی ناڕه‌زایه‌تی گشتی ده‌یکێشنه ناو شه‌قامه‌کان. ئه‌مه ئه‌و چالاکیه‌یه که له کوردستان به درێژایی سی ساڵه ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر چی له کوردستان وه‌ک ئه‌مه‌ی ئێستا له هه‌مو شاره‌کان و به تایبه‌ت شاره گه‌وره‌کان گشتیی و به‌ر بڵاو و خێرا نه‌بووه! ئه‌م چالاکیه ژێر زهوینیانهی ئێستا ئه‌م جیاوازییانه‌ی دیکه‌شی هه‌یه که گشتگیرتر، له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی کوردستان، و ته‌نانه‌ت شێوه‌ێکی عاله‌می و پشتیوانی ئێرانیه‌کان و غه‌یره ئێرانیهکانیشی له وڵاتانی جیهاندا به دواوه‌یه و ئه‌مه‌ش خۆی یارمه‌تی ده‌رێکی گرنگی ئه‌م خه‌باته‌یه که له کوردستان ئه‌گه‌ر چی فکره‌که و ئیراده‌که و تاکتیکه‌که هه‌بو، به‌ڵام له کۆمه‌ڵێک خسوسیاتی ده‌رکی و گشتگیر بوون بی نسیب بوو!
ئه‌م جۆره کارانه له پێش هه‌مو شۆڕشێکه‌وه سه‌ر هه‌ڵ ده‌ده‌ن و ئه‌ساسه‌ن هونه‌ری سه‌رده‌می پێش شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌م جۆره کاره ژێر زه‌وینیانه‌وه په‌یدا ده‌بن. واته هه‌ندێک جار له‌م سه‌رده‌مانه‌دا کۆمه‌ڵێک شێعر و سرود و ئاوازی ژێر زه‌وینی سه‌ر هه‌ڵ ده‌ده‌ن که دواتر ده‌بنه سرودی سه‌ر زاری کۆمه‌ڵانێکی به‌رینتری خه‌ڵک. به واتاێکی تر له‌م سه‌رده‌مانه‌دا کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می شۆڕشگێڕانه په‌یدا ده‌بن و ده‌خوڵقێن که مۆرک و مۆمی ئه‌م سه‌رده‌مه حهساسانهیان لێ ده‌درێت و که بوونه سرودی سه‌ر زاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، ئه‌وجار ده‌بنه هونه‌ری نه‌مر و له بیر و یادی لانیکه‌م دو تا سێ نهسلدا ده‌مێننه‌وه. ٭ ٭ ٭ ئێستا که به نوسینی ئه‌م وتاره‌وه خه‌ریک بوم، له کاناڵێکی تلویزیۆنی فارسی زمان له ئاغای موحسن سازگارا، که یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی سپای پاسدارن بوو و ئیستا له ئه‌مریکا ده‌ژی و هه‌روه‌ها ئاغای نوریزاده که له له‌نده‌ن ده‌ژی و ئه‌ویش چالاکوانی سیاسیه و زۆر که‌س ده‌یانناسن، باسی ئه‌و نامه جه‌نجاڵیه‌ی که‌ڕوبی وه‌ک پرسیار هاته ئاراوه که ناوبراو بۆ ڕه‌فسه‌نجانی نوسیوه و له‌وێدا باسی ته‌عه‌دای سیکسی بۆ سه‌ر به‌ند کراوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی خۆپیشاندانه‌کان کرا که له جهانیشدا ده‌نگی داوه‌ته‌وه و نه ته‌نیا ئابڕوی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئه‌وه‌نده‌ی تر پێوه چووه، به‌ڵکو مه‌زهه‌بی شیعه‌شی له جیهاندا بردۆته ژێر پرسیار و له دنیای عه‌ڕه‌بیشدا که دژایه‌تی مه‌زهه‌بییان له گه‌ڵ شیعه‌کان هه‌یه ئه‌مه به تایبه‌تی ده‌نگی داوه‌ته‌وه. له پرسیاری وڵامی به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆگرامه‌که که له‌و بواره‌دا مه‌تره‌ح کرا، له پێشدا سازگارا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که به تێر و ته‌سه‌لی باسی تهعهداکان و ڕاست بوونیان ده‌کات، هاوکات ئیزعانیش دکات به‌وه‌ی که له ساڵه‌کانی شه‌ستی هه‌تاویشدا که ئه‌و بۆخۆی ئه‌و کات له ناو سپادا بووه و یه‌کێک له تێئۆریسیۆنهکانیشی بوبو ئه‌م ته‌عه‌دای سیکسیانه له پاڵ ئه‌شکه‌نجه کردنه‌کاندا و ته‌نانه‌ت پێش ئیعدامه‌کان بوونیان بووه و ناشی شارێته‌وه که له کوردستان هه‌مو ئه‌مانه تا ده به‌رابه‌ر زیاتر ده‌کران و ته‌ئکید له سه‌ر ئه‌مه ده‌کاته‌وه!
له وڵامی پرسیاره‌که‌دا نوریزادهش هه‌روه‌ها باسی کاره‌ساته‌که‌ی ئه‌م دواییانه‌ی ناو زیندانه‌کان و ڕه‌نگ دانه‌وه‌ی له دنیای عه‌ڕه‌بیدا و له جیهاندا ده‌کات و له پڕ به ده‌میشیدا دێت که به‌ڵێ کۆماری ئیسلامی له کوردستان به ئهنگیزهوه و له ڕوی سیاسه‌تێکی بێ ئابڕو کردنی زیندانیه‌کان ئه‌م کاره‌یان کردووه و ئه‌وجار نوریزاده ده‌ڵێت، باشه ئه‌گه‌ر کورده‌کان سوننی مه‌زهه‌بن و کوردن و هه‌م له باری ئایینی و هه‌میش له باری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران جیاوازییان هه‌یه، ئه‌دی ئه‌م منداڵه شیعانه که هه‌م هاومهزههبیانن و هه‌میش فارسن بۆ ئاوا لێ ده‌که‌ن؟ ئه‌مه ده‌قاو ده‌ق قسه‌ی نوریزاده بوو!
ئه‌م دو ئیعتیڕافاتانهی ئه‌م دو سیاسه‌تمه‌داره ئێرانیه که‌م نین و ده‌یسه‌لمێنێت که کۆماری ئیسلامی له کوردستان چه‌نده سیستماتیک و به‌رنامه بۆ داڕێژراو جه‌نایه‌ت و ته‌عه‌دا و ئازار و ئه‌شکه‌نجه و کوشتن و گرتن و بڕینی له کوردستان خستۆته ده‌ستوری کاری خۆیه‌وه و چه‌نده به ئاگاهانه ئه‌م جینۆسیدانه و کوژاندنه‌وه‌ی نه‌سلی ئه‌م نه‌ته‌وه بندهستهیهی به ئه‌نقه‌ست و ئاگاهانه به ڕێوه بردووه و ده‌شی سه‌لمێنێت که ئه‌م ئاغا سیاسه‌تمه‌دارانه‌ش ئاگاداری ئه‌م کاره دزێوانه‌ی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوون و بێدهنگهشیان لێی کردووه، مه‌بادا هه‌ستی کورده‌کان بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ببزوێنێت، به‌ڵام وه‌ک ده‌بینین له کت‌وپڕ بۆ سه‌لماندنی قسه‌کانی خۆیان و سه‌لماندنی ڕاستی و دروستی ناوه‌رۆکی نامه‌که‌ی که‌ڕوبی بۆ ڕه‌فسه‌نجانی ئه‌م شتانه‌یان وه‌ک به‌ڵگه باس کرد!
ئاوڕێکی خێرا له سی ساڵ داگیر کاری کۆماری ئیسلامی ئێران له کوردستان.
هه‌مومان ده‌زانین که به دوا سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ساڵی په‌نجا و حه‌وتی هه‌تاوی له ئێران و ڕوخانی نیزامی ئیستیبدادی پاشایه‌تی له‌م وڵاته، کوردستانیش که‌وته ده‌ست خه‌ڵکی ناوچه‌که‌وه و به دروست بوونی هێزی پێشمه‌رگه و چه‌ک که‌وتنه ده‌ستی خه‌ڵک، هێزێکی به‌رگری و پشتیوانی و پارێزگاری و هاوکات ئیداراتی مه‌حه‌لی بۆ کار و باره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک له ناوچه کوردستانیه‌کان پێک هاتن که ئه‌ساسه‌ن له لایه‌ن دو حیزبه سه‌ره‌کیه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان داده‌مه‌زرێنران و ئه‌م ئیداره مهحهلیانه وه‌ک شۆڕای گه‌ڕه‌که‌کان و هتد.. جێگای ده‌وڵه‌تیان پڕ کرده‌وه و کار و باری هاووڵاتیانیان به‌ڕێوه ده‌برد و ورده ورده به‌ته‌ما بوو ببێته کاری ڕوتینی ڕۆژانه‌ی حیزبه‌کان و گه‌لی کوردستان ده‌یه‌ویست ئیداره‌ی شاره کوردستانیه‌کان بگرێته ده‌ست خۆی و به کرده‌وه مافی چاره‌ی خۆ نوسین به سه‌ر ڕژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوی ئیسلامی ئیڕاندا بسه‌پێنێت و بیسه‌لمێنێت که گه‌لی کوردستان هه‌م له باری به‌ڕێوه بردنی خاک و زێد و نیشتمانیی خۆی و هه‌میش له بواری پارێزگاری له مه‌رزه‌کانی خۆی، خاوه‌نی ئیراده‌ێکی به‌رینی گشتیی و کۆمه‌ڵایه‌تیه و به گشتی خه‌ڵکی کوردستان له پشت ئه‌م سیاسه‌ته‌وه‌ن!
ڕژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوی کۆماری ئیسلامی که ڕژیمێکی ئایینی شیعه‌ی دوازده ئیمامی به ڕێبه‌رایه‌تی خومه‌ینی بوو، ئه‌م خۆ ئیداره کردنه‌ی کوردی به مه‌ترسی بۆ سه‌ر خۆی و ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئێران زانیی و که‌س نه‌یزانی ئه‌م موشاوهره و پشتیوانیه تاکتیکی و ستراتیژیکیهی کۆمه‌ڵێک مه‌لای شیعه‌ی توند ڕه‌و که ڕێبه‌ره‌که‌یان ئابوری به هی که‌ر ده‌زانی و به گشتیی دواکه‌وتویی فیکری به ڕاده‌ێکی ئێجگار زۆر به سه‌ر ئه‌م ڕژیمه‌دا زاڵ بوو، به‌ڵام ئه‌م دژایه‌تیه‌ی کورد له کوێ سه‌ری هه‌ڵدا و بۆچی به‌ده‌سته‌وه گرتنی چاره‌نوسی کورد به ده‌ستی خۆی پێ ته‌حه‌مول نه‌کرا و نه‌یتوانی ڕه‌زایه‌ت بدات به‌وه‌ی که کوردیش مافی خۆیه‌تی وه‌ک مرۆڤ، بۆخۆی چاره‌نوسی خۆی به‌ده‌سته‌وه بگرێت! من پێم وابێت هه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته ڕۆژئاواییانه‌ی که به هۆی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین نیشتمانی ئێمه‌یان دابه‌ش کردبو و هه‌رگیز پشتی ئێمه‌ی کوردیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌گرتبو، هه‌ر ئه‌وانیش چونه بن گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و فێری سیاسه‌تیان کردن که، وریای کورده‌کان بن و له به‌رژه‌وه‌ندی هیچماندا نیه، ئه‌گه‌ر کورد مافی خۆی به ده‌ست خۆیه‌وه بگرێت!! بۆیه سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی کوردستان ئه‌گه‌ر چی سه‌ره‌تایی ترین مافی ئه‌م گه‌له بنده‌سته‌یه، به‌ڵام تا له به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌کاندا نه‌بێت، ئه‌وان پشتیوانی لێ ناکه‌ن و ئه‌مه‌ش به‌م داخه گرانه‌وه که زلهێزه‌کان دیعایه‌ی دیمۆکڕاسی و پشتیوانی له مافی میلهتانیان به‌رز کردۆته‌وه!!
له چه‌ند شارێکی کوردستان چه‌ند جارێک به کورتی شه‌ڕی کورد و ده‌وڵه‌ت و کورد و ئازه‌ری سه‌ریان هه‌ڵدا و دامرکانه‌وه. ئه‌وجار شه‌ڕی سێ مانگه خوڵقا و ڕژیم پاشه‌کشه‌ی پێ کرا. دواتر له 28ی گه‌لاوێژی ساڵی په‌نجا و هه‌شتی هه‌تاوی خومه‌ینی فه‌رمانی درۆیینه‌ی "جیهاد دژی کافرانی" ده‌ر کرد و هه‌مو گه‌لی کوردستانی که به گشتی موسوڵمان و سوننی مه‌زهه‌بن به کافر ناساندنی و کۆمه‌ڵانی ساویلکه و گوێ له مستی فارس و ئازه‌ری شوێن ئه‌م حوکمه درۆیینه‌یه‌ی خومه‌ینی که‌وتن و گوردان گوردان به‌ره‌و کۆتایی هێنان به "کافره‌کان" له کوردستان که‌وتنه ڕێ و له ئاسمانه‌وه به فڕۆکه و هێلیکۆپته‌ر و له ئه‌رزه‌وه به چه‌کی سوک و قورس و له پشتی جه‌بهه‌وه به تۆپ و هاوه‌نه‌وه که‌وتنه گیانی ئه‌م گه‌له که ته‌نیا تاوانی کورد بوون و به‌رز کردنه‌وه‌ی مافی خۆبه‌ڕێوه بردنی نیشتمانه‌که‌ی بوو. له‌و لاوه گه‌لی کوردستان که چه‌کدار بوبون و چه‌ند مانگێک بوو تامی خۆش و شیرینی خۆ ئیداره کردن و سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆییان هه‌ر چه‌ند به نیوه چڵی چێشتبو، له به‌رانبه‌ر هێرشی ناجوانمێرانه‌ی دوژمن ڕاوه‌ستان و که‌وتنه به‌رگری کردن له ده‌سکه‌وته ئینسانیه‌کانی خۆیان. به‌م جۆره شه‌ڕێکی خوێناوی نابه‌رابه‌ر به دوا ئه‌م فه‌رمانه‌ی خومه‌ینی له سه‌ره‌تاوه له شاری پاوه‌وه و دواتر له هه‌مو کوردستان دروست بوو که ئاکامه‌که‌ی به هۆی بۆمباران و تۆپبارانی شاره‌کان و خه‌ڵکی مه‌ده‌نی، پاشه‌کشه‌ی خه‌ڵک و هێزی پێشمه‌رگه و له لایه‌ن ڕژیمیشهوه پێشڕه‌وی و بۆ چاوترساندنی گه‌لی کوردستان خوڵقاندنی ده‌یان و سه‌دان کاره‌ساتی نامرۆڤانه‌ی وه‌ک ئیعدامه به کۆمه‌ڵه‌کانی حاکمی شه‌رعی ڕژیم که شیعهێکی گه‌مژه‌ی نه‌خۆشی ئازه‌ری وه‌ک خه‌ڵخاڵی و به ده‌ستوری ڕاسته و خۆی خومه‌ینی و به پشتیوانی سپای پاسداران به‌ڕێوه ده‌چون، بوو.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی له‌م شه‌ڕانه‌دا، ئه‌گه‌ر چی خه‌ساره‌تی زۆری لێ که‌وت، به‌ڵام سه‌رکه‌وت و پاشه‌کشه‌ی به هێزی پێشمه‌رگه له هه‌مو سه‌نگه‌ره‌کاندا کرد و دواتر تا ئه‌ودیو سنوره ده‌ستکرده‌کانی ڕاونان. هێزی پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر چی تا ساڵه‌کانی حه‌فتا و حه‌فتا و یه‌کی هه‌تاوی له ناوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به شێوه‌ی نهێنی و چه‌کداری حوزوری هه‌بو و چالاکی چه‌کداری و سیاسی ده‌کرد، به‌ڵام به کرده‌وه له هه‌مو سه‌نگه‌ره‌کانیدا پاشه‌کشه‌ی پێ کرابو و به دوا شه‌ڕی کویه‌ت و لاواز بوونی حکومه‌تی به‌عس له ئێراق و دروست بوونی شۆڕش له باشوری کوردستان و که‌وتنه ده‌ستی شاره‌کانی باشوری کوردستان به ده‌ست گه‌له‌وه، ئیتر له‌ملاشه‌وه به فشار و زه‌ختی کۆماری ئیسلامی ڕێگای چالاکی چه‌کداری له هێزی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان گیرا و کۆماری ئیسلامی لام لاشه‌وه سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌ی به ده‌ست هێنا و ئاکامی ئه‌مه‌ی دووهه‌مییان بو به ئوردوگا نشینی حیزبه‌کان و په‌رته‌وازه بوونی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هه‌مو جیهاندا و به‌مه‌ش حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌یتر لاواز و بێ ده‌ست و باڵ بوون و خه‌باتی به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به کرده‌وه بووه فه‌دای حکومه‌تی هه‌رێمی باشوری کوردستان!! پرسیار لێره‌دا ئه‌مه‌یه که ئایا به ڕاستی له‌م قه‌یرانه‌ی که بۆ حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات دروست بوبو، هیچ ڕێگاێکی ده‌رباز بوون له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌بو؟ ئایا ده‌کرا ئه‌وان له‌و سه‌رده‌مه قه‌یراناویه‌دا به ته‌واوی ده‌ست بده‌نه چه‌ک و مه‌قه‌ڕه‌کانیان له باشور چۆڵ که‌ن و شه‌ڕی سه‌ر و ماڵی بکه‌ن؟ له وڵامی ئه‌م پرسیارانه و زۆری دیکه‌شدا ده‌توانم بڵێم که دو ڕێگا هه‌بو، یه‌کیان ئه‌وه بوو که گرتیانه به‌ر و ئوردوگا نیشینیان هه‌ڵ بژارد. ڕێگای دووهه‌م ئه‌وه بوو که به لێوهشاوهیێکی خێراوه وازیان له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و ئایدۆلۆژی ده‌هێنا و بیریان له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی ده‌کرده‌وه. به‌م ئاڵ و گۆڕی فکریه ده‌یانتوانی خێرا و له توێی چه‌ند کۆبونه‌وه‌ی به‌ر فراواندا کۆنگره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێک بێنن و هێزه‌کانیان یه‌ک خه‌ن و یه‌کگرتووانه له دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاوه‌ستن و کوردستانی لێ بکه‌نه گۆڕستانی چه‌کداره‌کانی ڕژیم و به‌م کاره‌ش هه‌م کێشه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵات گه‌وره‌تر و نێو نهتهوهیتر ده‌بووه‌وه و هه‌میش گه‌لی ڕۆژهه‌ڵات به شانازی ته‌واوه‌وه و به بێ جیاوازی پشتیوانیان له‌و شۆڕشه ده‌کرده‌وه و لاوانی کورد ده‌سته ده‌سته ده‌هاتنه ڕیزی ئه‌م شۆڕشه‌وه و ئه‌مڕۆکه‌ش جێگا و شوێنمان له قۆناخێکی زۆر به‌رزتردا ده‌بو.
به‌ڵام له‌و سه‌رده‌مه‌دا ڕێئالیته و ئه‌مری واقع شتێکی دیکه بوو! شه‌ڕی کۆمه‌ڵه و دێمۆکڕات تازه کۆتایی پێ هاتبو، حیزبی دێمۆکڕات ئینشیعابێکی تێ که‌وتبو و هه‌ر تاو نا تاوێک په‌لاماری چه‌کداری یه‌کتریان ده‌دا و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یان له یه‌ک ده‌کوشت، بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات ڕوخابو، کۆمه‌ڵه ئاش به‌تاڵێکی له لایه‌ن فارسه‌کانه‌وه به سه‌ردا سه‌پابو و له سه‌ر دو ڕێیانی ئاش به‌تاڵ به ته‌واوی یا سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌دا بوو. له‌م دوو ڕێیانه‌دا کۆمه‌ڵه به دروست سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژارد، به‌ڵام گه‌وره‌ترین هه‌ڵه که له‌و کاته‌دا به دوا هه‌ڵه‌دا کردی ئه‌وه بوو که حیزبی کومونیستی ئێران که جه‌ماعه‌ته‌که‌ی ڕۆیشتبون بۆ ئوروپا و نه که‌سی مابو و نه به که‌ڵکی کۆمه‌ڵه‌ش ده‌هات، به‌ڵام به نا وریاییه‌وه و به بێ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دروست و واقیعی هه‌مدیسان زیندو کرایه‌وه و هه‌مدیسان کردیانه‌وه به ئاغا بان سه‌ری کۆمه‌ڵه، له حاڵێکدا که حیزبی کومونیستی ئێران ته‌نیا که‌لاکێک بوو و کۆمه‌ڵه به دوا خۆیدا ده‌یکێشا و ئه‌وه‌ی هه‌بو ته‌نیا کۆمه‌ڵه بو و به‌س و ئه‌ویش کۆمه‌ڵه‌ێکی لاواز و بێ هێز، وه‌ک ئه‌وه‌ی تازه له شه‌ڕی ئه‌ژدیها گه‌ڕابێته‌وه، ئاوا که‌له‌لا و بریندار بوو و ته‌نیا پشتیوانی ئه‌م حیزبه کۆمه‌ڵانی زه‌حمه‌تکێش و هه‌ژار و لاوانی به ئه‌مه‌کی ئه‌م گه‌له بوون و ئه‌و پڕۆلێتاریا عه‌زیم و سه‌رتاسه‌ریه‌ی که گۆیا له هه‌مو شاره گه‌وره‌کانی ئێرانه‌وه له پشت حیزبی کومونیستی ئێران بوون، هه‌ر هه‌موی بڵقی سه‌ر ئاو بون و له واقیعدا بوونیان نه‌بو و ئه‌وه‌ی بۆ کۆمه‌ڵه مابو، وه‌ک باسم کرد، هه‌ر ئه‌و چین و توێژه هه‌ژاره‌ی کوردستان بوون که دواتریش پشتییان به‌ر نه‌دا و پێی وه‌فادار مانه‌وه!
دیاره حیزبی دیکه‌ش بوونیان هه‌بو و ئه‌وانیش هێزی چه‌کداریان به ده‌وره‌وه بوو، به‌ڵام ئه‌وانیش به دوا ئایدیۆلۆژی خۆیانه‌وه بوون و ئه‌وانیش هه‌رگیز بیریان له به‌ره‌ێکی نیشتیمانی نه‌کردبووه‌وه و هاوکات له‌وانیشدا دوبه‌ره‌کی و سێ بهرهکیش دروست بوبو که له‌م وتاره‌دا ناچمه سه‌ریان و هه‌ر به‌م ئیشاره کورته قه‌ناعه‌ت ده‌که‌م.
به‌ڵێ به‌م خسوسیاتانهوه که حیزبه‌کان له‌و قۆناخه‌دا هه‌یانبو، دروست کردنی کۆنگره‌ێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان بۆ دروست نه‌ده‌بو و ته‌نانه‌ت به بیر و خه‌یاڵیشیاندا نه‌ده‌هات و ئه‌مڕۆکه‌ش که بوونی وه‌ها به‌ره‌ێکی کوردستانی له هه‌میشه زیاتر پێویستی ده‌کات، ئه‌وان زۆر به هێواشیه‌وه بۆی ده‌جوڵێنه‌وه و ڕه‌نگه شێوه‌ی تێگه‌یشتن له به‌ره هێشتا بۆیان ڕون نیه و یا ڕه‌نگه هێشتا زه‌روره‌ته‌که‌ی نابینن و یا نه‌خێر له‌وانه‌یه ڕێگای دروست کردنه‌که‌ی نازانن!
من پێم وایه که هۆی سه‌رنه‌گرتنی ئه‌م به‌ره‌ی که زه‌روره‌ته‌که‌ی له مێژه ناسراوه و بوونی زۆر پێویسته و هه‌موشیان ئیزعان به‌مه ده‌که‌ن، کورسی ده‌سه‌ڵاته! پرسیار ئه‌مه‌یه که ئایا بۆ مرۆڤی شۆڕشگێڕ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌که‌ی گرنگتره یا کورسی ژێر پاشی جه‌نابیان؟
به دڵنیاییه‌وه تا ئه‌و کاته‌ی که به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیی و تاکه که‌سی له سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بێت، نه ئه‌م به‌ره سه‌ر ده‌گرێت و نه هێزێکی یه‌کگرتوو دروست ده‌بێت و نه ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی به چاوی خۆمان ده‌بینین. که‌واته کلیلی دروست بوونی به‌ره واز هێنان و چاو پۆشییه له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و تاکه که‌سی و بیر کردنه‌وه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م نه‌ته‌وه بنده‌سته‌یه و به کوردی و به کورتی شکاندنی قاچه‌کانی کورسی ده‌سه‌ڵاته. کورسی هه‌ر ده‌بێت بدرێت به یه‌کێک، به‌ڵام نه‌ک به زۆر و قولدوری و توند و تیژی نواندن، به‌ڵکو له رێگای دێمۆکڕاسی و هه‌ڵبژاردنی ئازادانه و ئیراده‌ی گه‌ل و نه‌ک ئیراده‌ی حیزب!! به‌و هیوای توانیبێتم مه‌به‌سته‌که‌م به بێ به هه‌ڵه لێم تێگه‌یشتن لێ وه‌ر بگیردرێت!
22ی گه‌لاوێژی 2709
|