په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠٢٠

مێژوو قسەی خۆی دەکا!


عەلی مەحمود محەمەد  


چۆن ٣ی ئابی ٢٠١٤ بۆ کوردستان، مێژووییکی جیای لە رابردووی بە دنیا بەرھەم ھێن، لە پەیوەندی نێوان موسڵمانان و ئێزیدییە کوردەکان و پێکھاتە ئاینییەکانی دی لەناو خۆی کۆمەڵگای کوردستان، ئیتر لەو مێژووە بەدواوە داگیرکردنی خاک و کوشتن و کۆیلەکردنی ژنانی ئێزیدی و غەیرە موسڵمانان بۆ پیاوانی موسڵمانی کورد، پیرۆزیی و رەوایی نەم، لە ئاستی جیھانیش کوشتنی جۆرج فلۆید لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٠ لە شاری مینیابۆلیسی ئەمریکا، مێژووی پێنج سەدەی رابردووی رۆژئاوای ھەڵتەکاند، ٢٥ی ئایار کودەتایەکی شۆڕشگێڕانە بوو بەسەر مێژوودا، ئەمە سەرەتایەکە بۆ پێداچونەوە بە رابردوو و ھەڵسەنگاندنی نوێی پیرۆزی و رەوایەتیەکانی رابردوو، دیاردەی جۆرج فلۆیدەکان لە کات و شوێنی جیای دنیا بەردەوام دەبن، بە کۆیانەوە مێژوویەکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی دەنووسرێتەوە، مرۆڤانەتر و راستتر بێت لەو مێژووەی کە تا ئێستا دەسەڵاتداران نوسیویانەتەوە.


ئەفلاتون و ئەرستۆ دوو ناوە گەورەکەی فەلسەفەو رۆشنبیری کۆیلەداریان پیرۆز کردووە، بۆیە دەکەونە بەر تیغی مێژووە نوێکەو رزگاریان نابێت، گاندی سەر بە چینی براھما بووەو باوەڕی بە سستەمی کاستاتی ھیندۆسی ھەبوو، چەندە ئاشتی خواز بێت، چڵە زەیتوونەکان چەندە سەوزو زۆر بن و بەرگی پیرۆزی براھمایی دادی نادات و دەبێت بچێتە بەر دادگاییکردنی سستەمی زاڵمانەی کاستاتی ھیندۆسی، لە بالتیمۆری ھەرێمی ماریلاندی ئەمەریکا خۆپیشاندەران پەیکەری کریستۆفەر کۆڵۆمبسیان شکاند و فڕێیان دایە ئۆقیانووسی ئەتەڵەسیەوە، کۆڵۆمبسێک رۆژئاوای کردە کەڵەگای جیھان، سەرچاوەی نیعمەت و خشڵ و زێڕو خاکی پان و بەرین و بەبرەکەتی تازە دۆزراو بوو بۆیان، کەچی ئەمڕۆ پەیکەرەکان وەک شێرە بەفرینە لەبەردەم نەوەی کۆیلەکان دەتوێتەوەو بێڕیزی پێ دەکرێت، تەنانەت ئاڵای ئەمەریکاش سوتێنرا لە سەردەمی دروشم و ھێزی یەکەم ئەمەریکادا، وێڵسن سەرۆکی ٢٨ەمینی ئەمەریک، لە کاتی خۆی زۆرترین رێزو خۆشەویستی ھەبوو، کەچی لە بەرواری ٢٧-٦-٢٠٢٠دا زانکۆی برینستۆن لە ولایەتی نیوجیرسی ئەمەریکا ناوی لەسەر بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان ھەڵگیر، بەھۆی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر بە رەش پێستەکان، تەنانەت تاوانی راستیزم چەرچڵیشی گرتەوە، نە سەرکەوتنەکانی جەنگی جیھانی دووەم و نە نۆبڵی ئەدەبەکەی فریای نەکەوت، چونکە پشتیوانی داگیرکاری ھیندستانی کردووە، لە شاری ئەنتۆرپنی بەلجیکاش پەیکەری لیبۆلدی دووەم لادر، کە لە ساڵانی ١٨٦٥ بۆ ١٩٠٩ حوکمی وڵاتی کرد، چونکە لە نێوان ساڵانی ١٨٨٥ بۆ ١٩٠٩ زیاتر لە ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن کۆنگۆیی لە ماوەی دەسەڵاتیدا کوژران، پەیکەرەکەی بە پەیکەری یاریچیەکی ناوداری شارەکە بەناوی تۆبی ئەلدرۆیلد گۆڕایەوە، بەم شێوەیە لە زۆر وڵات وەک رمانی پولی دۆمینە، پەیکەرو ناوی لایەنگرانی سستەمی کۆیلایەتی و راسستەکان داڕمان،ھێشتا ناوێکی زۆری دی ماوە، بە چاوی سوکەوە سەیری رەش پێستەکانیان لە قالبی ئاینیدا کردووە، بچنە ئەو فەرھەنگە نەفرەتییەوە، ھاوکات ھەموو ھێمکانی حکومەتی کۆنفدرالی باشوری ئەمەریکا کەوتنە لادران، چونکە دژ بە ھەڵوەشاندنەوەی سستەمی کۆیلەدری بوون لە ساڵی ١٨٦١دا، ئاڵای کۆنفدراڵی لە ولایەتەکانی باشور ھەموو داگرتران، ئەمە بە پراتیک نووسینەوەیەکی نوێی مرۆڤانەی مێژوو بوو، نەک وەک ئەوەی ترامپ وتی" وێران کردنی مێژوو"، لە ئیسپانیاش فرانکۆ لە گۆڕستانی دۆڵی شەھیدان رفاتەکەی دەرکر، سەرۆکی فەڕەنساش دەستخۆشی لە تانەر ئەکچام مێژووناسی تورک کرد کە لە پەرتوکێکدا بە بەڵگەوە سەلماندویەتی دەوڵەتی عوسمانی فەرمانی دابوو بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان، تانێر ئەکشام ئەو لە پەرتوکەکەیدا فەرمان و بڕیارەکانی عوسمانی بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بڵاو کردەوە، وەک سەلماندنی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بە نەخشە لە لایەن دەوڵەتەوە،ئەم شێوە نووسینەوە مرۆڤانەیەی مێژوو دەبێتە رێبازو قوتابخانەی داھاتوو، تەواوی ئەفسانە پیرۆزەکانیش نەک تەنھا مێژووە دەستکردەکانی چینە باڵادەستەکان رادەماڵێت، ئێمەش دەبینە بەشێک لەو قوتابخانە مرۆییەی مێژوو، بۆیە چەندە زوو پێی بگەین، زووتر مێژوو رزگار دەکەین.


لەم روانگەیەوە وەک بەشێک لە خێزانی مرۆڤایەتی، دەتوانین مێژوویەکی نوێ بۆ کوردستان بنووسینەوە، لە سەرەتاوە بە دیدێکی مرۆیانە بڕوانینە کارو کردەوەی بزوێنەرانی ئەو مێژووە، کە خۆی لە ئەکتەرە چالاکەکانی کۆمەڵگا کە بە سەرکردە سیاسییەکان ناو نراون ، چۆن ولسن و کۆڵۆمبس و چەرچڵ و فرانکۆ جارێکی دیکە لە دیدێکی مرۆڤانەتر لە رابردوو خوێنرانەوە، بزانین ئەم ئەکتەرانەی کوردیش پەپولە بوونە یان تاوانکار؟، لێرەوە دور لە سۆز بۆی بچین، بە حەقیقەتی خۆیانەوە تەسلیم مێژوویان بکەین، تا ئەم حەقیقەتە دەرنەخەین، ئەوا مێژوو زوڵم لە قوربانیانیان دەکات، یاداشتە درۆیینەکانی ئەوان دەبنە حەقیقەتی مێژوویی.


تاوان یەک پێوەری ھەیە، بەو پێوەرە حەقیقەتی یاساییەکەی دیاریدەکرێت و دەپێورێت لە ئاستی جیھانی، ئەگەر سزاکانیش جیاواز بن، جیاوازی ناکات لە ناسنامەی بکەر لە ھەموو رووەکانەوە، گرنگ کەسی تۆمەتبار پاش ساغبونەوەی تۆمەتەکان لە سزا رزگاری نەبێت، لێرەدا دوو نموونە دێنمەوە، لەسەر نەبوونی جیاوازی لە نێوان پێگەی تۆمەتبار لە ھەمبەر دەسەڵات، ئەگەر دەسەڵات نەفرەت لێکراویش بێت بۆ وڵاتانی باڵادەستی جیھانی " ھاشم تاجی سەرۆک پێشوی کۆسۆفۆ و سەرۆکی سوپای رزگاری کۆسۆفۆ، رابەرایەتی خەباتی چەکداری گەلی کۆسۆفۆی کرد، بۆ گەیشتن بەوەی پێی گەیشتن، تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەرەو رویکرایەوە، کە خۆی لە ١٠ جۆرە تاوان دەبینێتەوە، کوشتن، بێسەرو شوێنکردن، چەوساندنەوەو ئەشکەنجە، ھەنووکە چاوەڕوانی دادگاییکردنەو لە پۆستەکانی دور خراوەتەوە، نموونەی دووەم لە ڕۆژی دووشەممە ١٨-٥-٢٠٠٩ بەحر ئیدریس ئەبوقردە، سەرۆکی بەرەی بەرگری یەکگرتووی دارفۆر ئامادەی بەردەم دادگا بوو لە شاری لاھای ھۆڵەندا، ناوبراو لەگەڵ دوو سەرکردەی دارفۆری دیکە کە تا ئێستا ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە" ئای سی سی" تۆمەتبار کران بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بە پەلاماردانی ھێزەکانی ئاشتی پارێزی سەر بە یەکێتی ئافریکا لە دارفۆر لە ساڵی ٢٠٠٧، کە لەو پەلامارەدا ١٢ کەس لە ھێزەکانی ئاشتی پارێز گیانیان بەختکردووە، لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٨، داواکاری گشتی لوریس مۆرینۆ ئۆکامبۆ بڕیاری دەستگیر کردنی سیان لە سەرکردە سەربازیەکانی دارفۆری دەرکرد بە تاوانی ھێرشی ناوبراو ، کە ھێرشی بۆ سەر ھێزەکانی ئاشتی پارێزیان بە تاوانی گەورە ناوزەد کرد، دواتر قردە بێ تاوان دەرچوو ، ئازایانە ھاتەبەردەم دادگ، مەبەست لەم دوو نموونەیە جیاوازی نەکردە لە نێوان بەرھەڵستکاری حکومەت لە سزای تاوان، لە ھەردوو وڵاتەکە سەرۆک کۆمارەکانیان لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە تۆمەتبار کرابون" میلۆسۆفیج و عومەر بەشیر"، کەچی ئۆپۆزسیۆنی و دەسەڵات وەک یەک مامەڵیان لەگەڵدا کراوە بەرامبەر بە گومانی تاوانەکان و دادپەروەری.


پایەی دادپەروەری جیھانی لەسەر سێ کۆڵەکە راوەستاوە، ئەوانیش بریتین لە" دادپەروەری، راستی، قەرەبووکردنەوە"، دادپەروەری لە لێکۆڵینەوە لە ھەموو تاوانەکان بێجیاوازی و لێپرسینەوە لە ھەموو گومانلێکراوانی تاوانەکان لە دادگایەکی دادپەروەردا بێ چاوپۆشی لە کەس، کە مافەکانی ھەردوولا پارێزراو بن بێ لاسەنگی، بە مەرجێک لەکۆتای پرۆسەکە تاوانبار لە سزا رزگاری نەبێت، ھەرچی راستیەکانە، قوربانیەکان و کەسوکارەکانیان ھەموو راستیەکان سەبارەت بە تاوانەکان کە بەرامبەریان کراوە بزانن، ھاوکات دەسەڵات پێویستە ھەموو راستیەکان و گوتەی ھەموو لایەنەکانی تاوانەکان بە فەرمی لە کەناڵەکانی بڵاو بکاتەوە وەک راستی دانیان پێدا بنێت، دان نەنان بە راستیەکان وەک مۆتەکە وایە متمانە ناھێڵێت و حەقیقەتەکان دادەپۆشێت، لە کۆتادا قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و خێزانەکانیان لە روی مادی و مەعنەوەیەوە بۆ سەرلەنوێ بنیات نانەوەی ژیانیان و لە بیربردنەوەی تاوانەکان بەشێکی گرنگی پرۆسەکەیە، دادپەروەری لە جیھان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی ناگۆڕێت، یەک پێوەری ستانداردی جیھانی ھەیە بۆی، کە پایەکەی لەسەر بنەماکانی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ و رێکەوتنامەی جنێف و مافی مرۆیی جیھانی راوەستاوە، ئیبراز کردنی کۆمەڵکوژیەک و فەرامۆش کردنی دانەیەکی تر، بە پێی ھێزو فاکتی بەرژەوەندی ئەو لایەن و دەوڵەتەی لە پشتی وەستاوە، پێچەوانەی دادپەروەرییە، ھاوکات کارێکی نا ئەخلاقیشە.


باسکردنی تاوانە زەقەکانی رابردووی کوردستان بەشێک نییە لە کولاندنەوەی برین وەک لایەنگرانی تاوانکاران ئاماژەی پێدەدەن، برینەکەی ئەوان لە پێناو دەرباز بوونە لە سز، باسنەکردن و رێگا گرتن لە باسکردنی تاک بە تاکی تاوانەکان و گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ خۆی بەشێکە لە تاوان و برینی راستەقینە، نەبوونی دادپەروەری برینێکی قوڵە لە جەستەی دەسەڵات، مرۆڤەکان لە کەرامەتدا یەکسانن باوەڕو پێگەی چینایەتی و پلەو پۆستیان ھەرچیەک بێت، بۆیە پێویستە بێجیاوازی لە ھەموو تاوانەکان رابردوو بکۆڵرێتەوە، کەرامەت بۆ قوربانیان بھێنرێتەوە، دادپەروەری دژ بە ئاشتەوایی نییە، بەڵکە ئەوە ئاشتەواوی کۆمەڵایەتییە بێ دادپەروەر نایاتە دی، نرخی مرۆڤەکان و سزای تاوانەکان لەسەر بنچینەی ئینتمای سیاسی و ناوچەیی دیاری ناکرێن، بەڵکە ھەموو لەھەمبەر یاساو دادوەریدا یەکسانن، ھیچ کەسێک لەوانەی لە تاوانەکاندا دەستیان ھەبووە لە لێکۆڵینەوەکان بەدەر ناکرێن، بەھۆی پۆستی سیاسی و حیزبیەوە، رابردوو لەسەر شانۆی ھەنووکەیە، تاوانەکان ناسڕێنەوە بەھۆی پۆست و پارێزبەندی سیاسیەوە، دەبێت دادپەروەری بۆ قوربانیان بگەڕێتەوە، ھەر کەسێک بێت قوربانی، حەرامیش نییە و بگرە ئەرکی چالاکوانانی مافی مرۆڤە بێجیاوازی لە نێوان بکەرەکان و پێگەی سیاسی و جەماوەری ئێستایان دۆسیەکان بجوڵێنن، لێ بەش بەشکردنی تاوان کارێکی نا ئەخلاقییە، نابێت ھیچ لاپەڕەیەکی تاوانی رابردوو لە تاریکیدا بمێنێتەوە، لە کاتێکدا مێژووی ٦ دەیەی رابردوومان تژییە لە تاوانی زەقی سیاسیەکان تا ئاستی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆسایدیش لە ھەندێک کاتدا، بەڵکە کارەسات لە شاردنەوەی برینە بەناوی نەکولانەوە، وە درێژکردنەوەی تەمەنی برینەکانە تا ئاستی شێر پەنجە و مەرگ، وەک یاسای نێو دەوڵەتی دیاریکردوە تاوانە زەقەکان کات و شوێن نابێتە رێگر لەبەردەم داواکردنی سزادانی بڕیاردەران، بکەران و ھاندەرانی، ھاوکات مانەوەی برین و چارەسەرنەکردنی نەخۆشیەکە یانی بەردەوامی دان بە مانەوەی برین و بەرداوامیدان بە کولانەوەو پەروەردە کردنی میکرۆبی زیان بەخش لە جەستەی گەلدا، کەسی تاوانکار ھەڵگری میکرۆب و ڤایرۆسی کوشندەی تاوانە، چونکە تا برین بوونی ھەبێت لە جەستەدا کولانەوەش بەردەوام دەبێت، ھاوکات گوزارشتیشە لە نەخۆشی جەستە، جەستە بۆ خۆی برینی کوشندەی تێدا نەبێت، کولانەوە بوونی نابێت، کولانەوەو برین جوتەن، بێ یەکتری ھەڵناکەن، باشترین رێگا چارەسەرکردنی برینە لە رێگای دادپەروەرییەوە، بوونی برین دەریدەخات مرۆڤەکە تەندروست نییەو توانای گەشەی نییەو بەرەو مەرگ دەڕوات، وە چارەسەری ئەمەش لای خەڵکی نییە، بەڵکە لای دادپەروەرییە،چەپڵە تاوان ناسڕێتەوە، تەنھا دادوەری دەیسڕێتەوە، دورینەوەی دەمەکان و ھەڕەشەی باسنەکردنی نەخۆشیەکە چارەسەر نییە، بەڵکەچارەسەر لای سزادانی ئەو کەسەیە تاوانی ئەنجامداوەو برینی تاوان لە جەستەیایەتی و ھەڵگری ڤایرۆسی تاوانە، نابێت بوونی چەند تاوانکارێک ببێتە ھۆی نەخۆشی گەلێک، باشترین چارەسەر بڕینەوەی نەخۆشیەکەیەو لە بنەڕەتەوە دەرھێنانێتی، کە خۆی لە دادگایی یاخود لە نەرمترین شێوەیدا لێبوردەیدا دەبینێتەوە، لێبوردەییش لە نەرمترین شێوازیدا بێبەری نییە لەوەی تاوانکار وەک خۆی کە تاوانکارە نیشان بدرێت لە کۆمەڵگادا و دان بە راستیەکاندا بنێت و داوای لێبوردن بکات، لێبوردەیی لە نەرمترین شێوازیدا ھەموو ئەم پرۆسانەی لە گەڵدایە، دان نان بە تاوان و داوای لێبوردن و بڵاوکردنەوەی ھەمووو راستییەکان، ئەگەر قوربانی ژیانی لێ سەندرابێتەوە، ئەگەر کەسوکارەکەی دادوەرییان بۆ نەگەڕابێتەوە، تاوانکار لە پێگەی تاوانبارییەوە دانی بەراستیەکاندا نەنابێت و داوای لێبوردنی نەکردبێت، ئەوە تاوانکار بەردەوام لەبەردەم چەقۆی گەڕاندنەوەی دادپەروەری و سزا داندا دەبێت، کە ئەمەش کەمترین ھەنگاوە بنرێت، بە مردنیش ئەم تارماییە لە کۆڵی نابێتەوە، چونکە دادپەروەری ھەر دەگات بە راستیەکان و لە مێژوودا وەک ئەوەی ھەیە تۆمار دەکرێت، وێڕای ئازاری ویژدان و دەرونی، تاوانکار خۆی دەزانێت چەپڵەی لایەنگرانی نەزان چەندە زۆر بێت، پیاھەڵدانی گەمژەکان تژی بێت و کۆمەڵگای داگرتبێت، ھێزی زەبلاحی ھەبێت، ھژمۆنیا لە قوڵایی ئاسماندا بێت، تاوان ناسڕیتەوە، بچوکە لە ئاست قوربانییەکی بێدەسەڵاتدا، بەردەوام تارمایی تاوانەکە راوی دەنێن، حەقیقەت بە دوای وەڵام نەدراوەکاندا دەگەڕێت، تەنھا بە پیادەکردنی دادپەروەری و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکەی و وەرگرتنی سزاو و قەربوکردنەوەی قوربانیان وکەسوکارەکانیان و دان نان بە ھەقیقەت چ وەک چۆنیەتی تاوانەکە وە چ وەک حەقیقەتە یاسایەکە و داوای لێبوردن کردن لە قوربانیان و زیانلێکەتووان ئازارەکە سوک دەبێت نەک کۆتایی پێ بێت، کۆتایی ھاتن نییە لە روی تۆماری مێژوو لە سیڤی کەسی تاوانباردا، تاوان ھەقی بەسەر ئەوەوە نییە کێ ئەنجامی داوە، پێگەی چییە لە ئێستادا و چی دەکات لە داھاتوودا، بەڵکە ھەقی بەسەر کردەوەکانی رابردوەوە ھەیە، تاوان کاری رابردوون، وەلێ سزاکەیان کاری ئایندەیە، کەسێک ببێتە بکەری تاوان ئەوا تاوانبارە ئیتر ھەر کێیەک بێت، لەگەڵ کردارەکەدا نازناوەکە ھەڵدەگریت، ئینکاری تاوان و پیرۆز کردنی تاوانبار بۆخۆی بەشێکە لە تاوان، ھەنگاوی یەکەمی چەسپاندنی حوکمی یاسا لەھەر وڵاتێکدا سەرەتا بە دادگاییکردنی ئەمانە دەست پێ دەکات، نەک ئەمانە لە دەرەوەی دادوەری بن و ئاڵای یاساخوازی بەرز بکەنەوە، دادوەری ئیستسنائی تێدا نییە، کەس لە دەرەوەی بازنەکەی نییە، پارێزبەندی نادات بەکەس، خۆ ھیتلەر لە وڵاتی فەیلەسوفاندا جەماوەریترین کەس بوو، بینۆتشەو سەدام حوسێن خەڵک سەرەتا دەیان ویستن، وڵاتەکانیان پێش خست، غۆنتر غراس نۆبڵی وەرگرت، وەلێ لایەنگری لە نازی لە قۆناغی لاویدا لە بیر نەکر، کەسیش ناتوانێت لەژێر پەردەی حیزب و حکومەت و شەڕدا تاوانەکان خۆی بشارێتەوە، بە پێی پرنسیب و یاساکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگا جیھانیەکان کەس تاوانبارە نەک حیزب و حکومەتەکان، بەرپرسیارێتی تاوان لە ئەستۆی تاکە، بۆیە کەس ناتوانێت لە ژێر ئەو پەردانە خۆی بشارێتەوە، لە دارفۆر عومەر بەشیر لە پاڵ ئەحمەد ھارون وەزیری ناوخۆو عەلی محەمەد عەلی فەرماندەی جانجوید تاوانبارن نەک سودان و پارتی کۆنگرەی گەل، نموونە لەم بوارەدا زۆرن، ھەموو کەیسەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەم پێوەرەن، بۆیە ئەوانەی لە رابردوو لە کوردستان تاوانیان ئەنجامداوە کەسەکانن نەک پارتەکان"بڕیار دەران، بانگەشەکەران و ھاندەران "راگەیاندنکاران"، جێبەجێکاران"، دیاریکردنی ئەمانەش لە رێگای تۆمەت بەخشینەوە نابێت، بەڵکە لە رێگای لێکۆڵینەوەو دادگاییکردنەوە دەبێت، رێگریکردنیش لە دادگاییکردن ئەویش بۆخۆی تاوانە، دادگاییکردن وەک کوشتنی رەحیم وایە، ئازاری نەخۆش کەمەکاتەوە، کەسی تاوانبار ھەمیشە ئازاری دەروونی ھەیە، پێویستە لە رێگای دادگاو سزاوە رزگار بکرێت لەو ئازارە دەرونییە، تا ئەمانە سزا نەدرێن لە دادگادا و قەربوی بنەماڵەی قوربانیان نەکرێتەوە، روفاتی قوربانیان نەدرێتەوە بە بنەماڵەکانیان، مۆنمێنتی یاداوەریان بۆ دروست نەکرێت، دادپەروەری ناگەڕێتەوەو برینەکانیش بێ چارەسەر ھەر دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبن لە کولاندنەوەو ئازارەکان لە گەڵ تەمەندا دێن، روحی تاوانەکان ھەمیشە وەک مۆتە بەسەریانەوەیە وەک تارمایی دەمێنێتەوە، کۆمەڵگاش بە دەم ئەم برینە ئەبەدیانەوە دەتلێتەوە، بە پێی کات سزای تاوان و تاوانکار ناگۆڕێت، چونکە تاوانەکان ئەوانەی رویانداوە لە رابردوو و بەردەوامیشە تا ئاستی تاوانە گەورە جیھانیەکان دەڕۆن، ئەوانەی لە خەمی نەکولاندنەوەی برینەکاندان پێویستە داوای زوو جێبەجێکردنی دادپەروەری بکەن نەک شاردنەوەی، دەبێت تاوانباران دان بە رابردووی خۆیاندا بنێن، دادپەروەری بۆ قوربانیان بگەڕێتەوە، بە رێگا گرتن لە دەربازبوون لە سز، تا دادپەروەری نەگەڕێتەوە بۆ تاوانەکانی رابردوو، ناتوانین دوا رۆژی باشتر بەدی بێنین، تا یاسا نەبێتە ھێڵی جیاکەرەوەی تاوانکار و قوربانی، ئەوا ئاشتەوایی بەدی نایات، دادوەری دادپەروەر، دادوەرە لە نێوان قوربانی و تاوانکاردا، ئەوە سنوریان جیا دەکاتەوە، نەک پۆست و دەسەڵات و ھێزو باوەڕی سیاسی، بێلایەنکردنی دادگاکان و داماڵینیان لە ھەژموونی سیاسەت، کەڵتوورو بەھێزکردنی داواکاری گشتی ھەنگاوی یەکەمە لەو بوارەدا، کەواتە با بەفلاش باکی گومانەوە بگەڕێنەوە بۆ دواوە، کۆمەڵگا لەو درم و ڤایرۆسە پاک بکەینەوە، کە بۆتە ھۆی فێڵکردن لە مێژوو.


لە ھەموو بارگرژیەک لە نێوان لایەنەکان وەک ئاگر بەردان لە پەرێز، دۆسیەکان رابردوو کڵپە دەسێنێتەوەو تاوانەکان زەق دەبنەوەو دێنەوە مەیدان، تارمایەکەی بەردەوام بەسەر کۆمەڵگاوە دەبێت، وتەی ھەموو لایەنەکانیش بەرامبەر نەیارەکانیان لە ژماردنی تاوانەکانیان لە راستیەوە نزیکەو حەقیقەتێک ھەیە لە ئەنجامدانی، تا دادگا یەکلای دەکاتەوە، ئەوا ھەر مۆتەکەی بە راستی دەمێنێتەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش زیاتر خەڵک لە ناوەڕۆکەکانی ئاگادار دەکاتەوەو ھیچ بەھانەیەک بۆ ھیچ کەسێک، لە ژێر ھەر ئاڵایەکدا بێت نییە بۆ ئەنجامدانی تاوان، چونکە یاسا ودادپەروەری لەو چرکە ساتانە کۆتاییان نایات کە بەھانەی تاوان دێنە پێشەوە لە شەڕو ململانێی سیاسی، بەڵکە لەو چرکە ساتانە چاوەکانی تیژتر دەبن، لە ھیچ بارودۆخێکدا مرۆڤەکان دەست کراوە نین بۆ ئەنجامدانی تاوان، ئەگەر ھەڕەشەشی لەسەر بێت و لایەنی بەرامەریش پەلاماردەرو ھەڵەو تاوانباریش بێت تا ئاستی خیانەت وەک خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن، ھەموو لایەنەکانی شەڕ دەبێت ڕێز لە یاسای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ بگرن، بە پێی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان مامەڵە بکەن، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە یەک ئاست لەبەرامبەر لێپرسینەودان، کە چویتە شاخ، یان چەکت بەناوی بزاڤی نەتەوایەتیەوە ھەڵگرت، یان نەیارەکەت دڕندەو بێزلێکراو بوو لە ئاستی جیھانی ، یان و یان، رێگا بە تۆ نادات، لە دەرەوەی پرنسیبەکان تاوانی قەرەقوشیانە ئەنجام بدەیت، لە کوشتنی دەرەوی دادگ، تیرۆر، ئەشکەنجە، کوشتنی دیل، ئەشکەنجە دانی ھاوڵاتیان، بە بارمتەگرتنی ھاووڵاتیان لە کاتی شەڕی ناو لادێ، شوێنبزرکردن، چەکدارکردنی منداڵان، ڕفاندن و کوشتنی ھەڕەمەکی، نرخ دانەنان بۆ ژیانی مەدەنیەکان، ھێرشی مەرگھێنەرانە لە ناوچەکانی دانیشتوان کە خەڵک تیایاندا کوژراون و بریندارکرون، کردنی وڵات بە نێوجەرگەی شەڕی وڵاتان، رێگا گرتن لە دەرباز بوونی خەڵک لە ناوچەکانی شەڕ، رێزنەگرتن لە سەروەت و سامانی خەڵکی، نە پاراستنی کەرامەتی ھاووڵاتیان و ..... وەک دەبینین لە رابردوو کوشتنی نەیار شۆڕشگێڕی بوو، خوێنڕشتن قارەمانێتی بوبێت، ئێستا مرۆڤەکان خۆیانی لێ بێبەری دەکەن، ئەگەر چی ئەمانە نەک راستیەکان بڵاو ناکەنەوە، وە دەرگای دادوەریان داخستووە، تەنانەت ئامادە نین بچوکترین ھەنگاو کە دان نان بە تاوانەکان و داوای لێبوردن کردنە بنێن، تەنانەت ھیچ سیاسیەک و بەرپرسێک لە وتەیەکی نابەجێ و کردەیەکی بەدی خۆی پەشیمان نییە و بەرپرسیارێتی ھیچ دەرئەنجامێکی خراپیشی ھەڵناگرێت کە لە رابردوو ئەنجامیان داوە، ئەوان وشیاری پەشیمانیان نییە، پەشیمانی و داوای لێبوردن کردن بە نەنگی دەزانن لە کاتێکدا لە روی بانگەشەی سیاسیەوە ئیدعای مەدەنیەت دەکەن، لە کاتێکدا پەشیمانی و داوای لێبوردنکردن ئەخلاق و بەرپرسیارێتیە نەک بەرامبەر رابردوو، بگرە بۆ داھاتووش، بۆ دوبارە نەبوونەوەی تاوانەکان، شەرمکردن لە تاوان و ھەستکردن بە گوناح بەشێکن لە ھەستکردن بە مرۆڤ بوون، ئەگەر تاوان وەک حەرامی کۆمەڵایەتی بکرێتە کلتور، ئیتر ئەم ملھوڕییە جێگایان لە کۆمەڵگادا نامێنێت، دەبێت لەو قۆناغە دەرچین داوای لێبورد کردن کفری سیاسی بێت، دەبێت بکرێتە بەشێک لە سیاسەتی باو، کلتوری باو، سەردەمی پیرۆز ناساندنی دڕندەیی تۆقێنەر بەسەر چووە، ئاڵای دادپەروری و لێبوردەیی جێگای دڕندەیی گرتۆتەوە.


دۆسیەکان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆو دادگای بەھێز ھەیە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات، ھەر کەچووە دادگاوە، دوای ئەوەی بە تۆمەتەکانی بەسەردا ساغبووەوە، دوای سەلماندن و بە بەڵگەکردنی رووداوەکان ئەوا دەبێتە بەشێک لە مێژوو، ئەوجا پێویستە رووداوەکان بەزمانی بێلایەنی و بە شێوەی زانستی بنووسرێتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەوەکانی داھاتوو ناچار نەبنەوە دەستکاری مێژوو بکەنەوە.


ئەوان بۆ نەمرکردن و جوانکردن و رەوایەتیدان بە خۆیان، ھەموو مێژوویەکیان تەزویر کردووە،یاداشتەکانیان پچڕ پچڕە، وێڕای بەسەرھاتی تاوانەکان، ناو، شوێن ساڵ و رۆژی لە دایک بوون و مردنیش، خێڵ و عەشیرەت، ھەمووشی بە پیرۆز دەزانن، دەست لێدانیشی قەبوڵ ناکەن، بۆیە دەبێت سومبلە پیرۆزەکان ھەڵتەکێنرێن و ھەموو مێژووەکان سەر لە نوێ بنووسرێنەوە، ھەندێک خراپ باشە بن، ھەندێک باشیش خراپە بن لە داھاتوودا، ھەندێک ئازایەتی ئەمڕۆ سبەی دەبنە تاوان، ھەندێک تاوانی ئەمڕۆش دەبنە چرای ژیانی داھاتوو، کاتێک مێژوو و رەوایەتی لە دیلی ئایدۆلۆجیا و ئەفسانەی نەتەوایەتی و ئاینی رزگاریان دەبێت، ئەوکات پێویستمان بە مێژوویەکی نوێ دەبێت، بە ئازاد بوونی مێژوو لە کۆت و بەندی فەرمانڕەوایان و پیرۆزی و ئایدۆلۆژی، ئیتر سەرتاپای ئەو مێژووە دەگۆڕێت دەسەڵاتداران و خاوەند ئایدۆلۆژی و ئاینەکان بۆ بە پیرۆز کردنی مێژوییەکەیان نووسیویانە، مێژوییەک قسە کردن لەسەری ببوە کفر، ئێستا دەبێت مێژوو لە روانگەی بەھا دادپەروەریەکان ئازاد بکرێت، مێژوو لە پیشەسازییەوە بکرێتە حەقیقەت، لە ویستی دەسەڵاتداران و بەرژەوەندییانەوە بکرێتە نوسینەوەی راستیەکانی ھەناوی کۆمەڵگ، بنچینەی فەلسەفەی مێژوو بریتیە لە پشکنین و گەڕان بەدوای دوو وەڵامدا، کەی و چۆن رویاندا؟، کێ و لە کوێ ؟،مێژوو پڕە لە درۆی کەسانی تاوانبار و دزو ترسنۆک و بوغزاوی ئەژدیھا ئاسای فێڵباز، مرۆڤ لەو رۆژەوەی لە دایک دەبێت مێژووەکەی دەست پێدەکات، بە چاک و خراپیەوە، نابێت کەرت کەرت بکرێن، مێژوو ئاوێنەی ھەموو کردارەکانیەتی، بە ئارەزووی خۆی و ھەواداران نانوسرێتەوە، بەڵکە کردارەکان وشەکان کە پێکھاتەی مێژووەکەن دیاریدەکەن، ھاوکات مێژووی دوێنێ لەمرۆ جیاناکرێتەوە، ھەموو پێکەوە یەکەیەکی دانەبڕون، نابێت مێژوو پیرۆز نیشان بدرێت، دەبێت پیرۆزیی لێ وەربگرترێتەوە، تەنانەت پیرۆزی لە ئەفسانەکانیش وەربگرترێتەوە، رەوایەتی پێ بدرێت و تەسلیم بە راستیەکان بکرێت.


کەواتە ئەوەی ھەیە و نووسراوەو ناو نراوە مێژوو ، حەقیقەتەکانی ھەموو رێژەییەو لە گۆڕانە، ناتوانرێت راستیەکان تا کۆتایی بشاردرێنەوە، ئەگەر دەرگای راستیەکانی مێژووش داخرابێتن بە زەبرو ستەمکاری، لەودیو دەرگاکانەوە راستییەکان خۆیان رزگار دەکەن و سەردەردێنن.


مێژووی ھەموو گەلان پڕە لە خوێن و کوشت و بڕ، زوحاک لە چاویانەوە فریشتەیە، زوحاکەکانی ئەمڕۆ زۆر زیاتر لە زوحاکە ئەفساناویەکانی مێژوو تاوانیان کردووە، لە بری ئەوەی ئەژدیھان لەسەر شانیان بڕوێت، خۆیان بونەتە ئەژدیھای حەوت سەرە، لە مێژووی نوێدا ئەژدیھا ئەژدیھایە نەک پەری دەری، کەواتە پێکەوە کار بکەین بۆ نووسینەوەی مێژوو لە بەر رۆشنایی دادوەری دادپەروەردا، پەری و ئەژدیھا لەیەکتر جیابکەینەوە، پێش ھەموو کارێک وەک گەلێکی ستەملێکراو پێویستمان بەو جیاکردنەوەیە ھەیە، بۆ ئەوەی لە رێی ئەو ئەژدیھایانەوە نەبینە دێو.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک