١٨\٨\٢٠١٤
مێژوو خۆی دووبارە
دەکاتەوە،
یان مرۆڤەکان
خۆیان وادەکەن، کە مێژوو دووبارە ببێتەوە؟

کنێر حەسەن
ئایا نەتەوەی کورد تا چ رادەیەک ئاگاداری مێژووی خۆیەتی و تا چەند
مێژوو گرنگیی هەبووە لە نێوەندی رۆشەنبیریی کوردیدا؟. ئایا لە
کوردستانی باشوور، کە لەم دوو دەییەی رابردوو سەربەخۆ بووە تا چەند کار
کراوە بۆ ناساندنی مێژووی کورد؟
هانس فریدریک بێرگمان نوسەری ئەڵمانی لەم بارەیەوە دەڵێ: "ئەوەی یاخود
(هەر نەتەوەیەک) کە مێژوو نەناسێ، هەرگیز ناتوانێ لە ئێستادا تێبگا.
ئەوەی کە نەشتوانێ لە ئێستا تێبگا، هەرگیز لە داهاتوو تێناگا".
بە داخەوە کورد وەک ئەوەی بە گشتیی نەتەوەیەکی خوێنەر و خوێندەوار
نییە، بە هەمان شێوە نەخوێندنەوە وای کردوە کە لە مێژووناسیی نەک هەر
دوا بکەوێ، بەڵکو زانیارییەکی کەمیشی لە بارەی مێژووی نەتەوەکەی
دەستەبەر نەبێ. جگە لەوەی کە نەوەی ئێستا کچان و کوڕان لە باشوور لە
نەوەکانی تر دواکەوتووترن لە خویندنەوە و زۆرجار لە ژێر کاریگەری
نەیارانی کورد دووچاری وەرگرتنی زانیاریی هەڵە دەبنەوە و لە
بڕوابەخۆبوون دەکەونە دڵەڕاوکێ و گومان و تا ئەو رادەیەی هەندێ جار
نکۆڵیی لە کوردبوونی خۆیان بکەن. ئەمە هەرگیز بەسەر نەتەوەیەکی هۆشیار
و خوێندەوار نایە کە دووچاری کورد بووە.
وەک دەبینین کە لە باشووری کوردستان خۆپەرستیی و هەڵپەرستیی پارتە
سیاسییەکانییش وای کرد تا رادەی یەکترکوشتن و براکوژیی بر بکا. دوای
ئەمە قۆناغی سەرمایەپەرستیی ئەوان هەموو کونجێکی ئەم خاکەی داگیر کرد.
بۆیە نەوەی نوێ هەروەها زۆر لە دانیشتوانی باشوور بە هۆی ناشارەزایی
خۆیان و کەمخوێندنەوە، کوردبوون بە حیزبە سیاسییەکان دەبەستنەوە و
هەندێکیشیان رقیان لە کوردبوون دەبێ. کە ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە و
ماڵوێرانیی بەدواوە دێ.
بە گشتیی هەوڵنەدانی تاک بۆ خۆڕۆشەنبیرکردن وای کردوە زۆر جار تەنانەت
لە ژێر کاریگەری بەهەڵە تێگەیشتن لە ئاین یان خۆبەکەمزانین لە بەرانبەر
نەتەوەکانی تر، کورد گەلێک بە ئاشکرا و بێ ئاگا بکەونە ژێر کاریگەری
کەلتووری نەتەوەکانی دراوسێ ، بۆ نموونە وەک عەرەب و تەنانەت ژنان لە
روخسار و پوشینی جل و بەرگ و باڵاپۆشییدا حەزبکەن وەک ئەوان دەربکەون.
وەک ئەوەی کورد مێژوویەکی تایبەت بە خۆی نەبێ و خاوەن کەلتوورێکی
تایبەت بە خۆی نەبێ وابەستەی کەلتووری تر دەبن. کوردستان لە رووی
روخسار و لە رووی بیرکردنەوە و ژیانکردنی تاکەکان و بێدەستەڵاتکردنی
ژنان. وەک ئەوە دەرەکەوێ کە دوورگەیەک بێ لە جیهان دابڕابێ و
بەسترابێتەوە بە کەلتووری نیمچە دوورگەی عەرەب.
بە داخەوە ئەمە ژنی کوردی لە رەسەنایەتی خۆی دوور خستەوە و، توانی لە
مرۆڤێکی ئازا و هاوماف و هاوئەرک لە گەڵ پیاودا بیگۆرێ بە ژنێکی
ماڵییکراو. تەنانەت هەموو ئەم ژنانەی کە خاوەن بروانامەن و وەک مامۆستا
و کارمەند و... هتد کار دەکەن، ژنانی ماڵییکراو و بێ دەستەڵاتن و
ئەرکەکانیان سنووردارە و وەک ئۆبیەکت سەیر ئەکرێن. بێ ئەوەی بە خۆیان
بزانن لە رەسەنایەتی خۆیان وەک ژنی ئازا و چاونەترسی کورد کە هەبووە
دوورکەوتوونەتەوە. ئەوەی کە بارەکەی خەمبارتر کردوە ئەوەیە کە ژنان لەم
بەدبەختییەی کە تێیکەوتوون ئاگادار نین و چونکە ئەم ژنگەلانە ئاگاداری
مێژووی خۆیان و جیهان نین.
نەخوێندەوارە خاوەن بروانامەکانی کوردستانی باشوور لە ژمارە نایەن و بە
پێچەوانەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگا و وڵات
نەک پاسیڤە و پۆزێتیڤ نییە بگرە خۆشیان بوون بە بار بەسەر کۆمەڵگاوە.
بروانامە تەنها بۆ بە دەستهێنانی پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و بژێوی ژیان
سەیر دەکەن و عەشقێک بە کاروباری رۆژانەیان نایانبەستێتەوە. کە ئەمە لە
سیستەمی کۆنی خوێندن سەرچاوە دەگرێ هەر کەسێک بێ ویست و دەستەڵاتی خۆی
لە بەشێکی زانکۆ یان پەیمانگا درێژە بە خوێندن دەدا وەک ئەوەی ئەرکێک
بێ و بەجێی بگەیەنێ و بێ حەزی فێربوون و دواتر عەشقی کارکردن دەکەوێتە
نێو گێژاوی ژیان. ئەم هۆکارانە هەموویان لە بازنەی بەدبەختیی ئەم
کۆمەڵگایەدا دەخولێنەوە و پەیوەندییان هەیە بەیەکەوە.
خاوەن بروانامەکان بە گشتیی لە پەرتووکی قوتابخانە و زانکۆ زیاتر
پەرتووکێکی تریان بەدەستەوە نەگرتوە بۆ خوێندنەوە. بۆیە بە شێوەیەکی
سنووردار ژیان دەگوزەرێنن و بیردەکەنەوە.. ئەمەش بە داخەوە زۆرینە
پێکدەهێنی لە باشووری وڵات و راستییەکی خەمبا رو حاشاهەڵنەگرە.
کاری ئەکادیمیی و هەوڵی کەسانی خەمخۆر و عەشق بۆ کارکردن نامۆیە لەم
ناوچەیەدا و، مرۆڤەکان بە گشتیی لە شەونخونیی و بە دواداچوون لە
دیاردەکان و لێکۆڵینەوەی زانستیی شتێک نادۆزنەوە کە کۆک بێ لەگەڵ رۆحی
ئەواندا. بۆیە مێژووی کورد هەمیشە لە کارەساتدا خۆی دووبارە دەکاتەوەو.
وەک ئەوەی ئاوارەبوون و کۆمەڵکوژیی کوردان بارێکی ئاسایی بێ و لەگەڵ
ناوی ئەودا هەمیشە بەیەکەوە نمایشی سەردەمە جیاوازەکان بکەن.
ئەم کارەساتەی کە بەسەر کوردە ئێزیدییەکاندا هاتوە کۆستێکی دەروون
هەژێنە. مرۆڤایەتی و پیرۆزییەکانی خستە گێژاوی تاریکپەرستیی و جەستە و
رۆحی قوربانیییە بێ سنوورەکانی بەرەو نەمان و وێرانبوون برد.
جۆرج سانتایانە نووسەر و فەیلەسووفی ئەمەریکی دەڵێ: "هەر نەتەوەیەک کە
رابردوو و مێژووی خۆی نەناسێ، ناچار دەبێ، کە مێژووەکەی خۆی دووبارە
بکاتەوە".
ئەگەر نەتەوەی کورد لە مێژووی خۆی ئاگادار بووایە و گەلێکی رۆشەنبیر و
خوێندەوار بووایە رێگای لەم کارەساتە خوێناوییە دەگرت و رێگای بەم
مێژووە ئازاربەخشە دەگرت کە بەرۆکی کوردی گرتوە، دووبارە ببێتەوە، لانی
کەم دەکرا کارێكی وا بکرایە کە قوربانییانی ئەم کارەساتەی کە
ئێزیدییەکان دووچاری بوونەوە، کەمتر بەرەو رووی کۆمەلکوژیی و نەمان و
ئازار بوونایەتەوە نەک بە پێچەوانەوە هەڵسوکەوت بکرایە.
بە داخەوە بە گشتیی گەلی کورد هێندە لە خەمی ئێزیدییەکاندا نەبوو،
هێندە لە خەمی روونکردنەوە و شیکردنەوەی ئاینی ئیسلام بوون و هەر یەکەو
لە لای خۆی ببوو بە مەلا و مەلاژنێکی کارامە و خەریکی گەیاندنی پەیام
بوون، لەوەی کە ئاینی راستەقینەی ئیسلام لەگەڵ داعشدا یەک ناگرێتەوە.
ئاین لە باشوور لە پەیوەندییەکی رۆحیی و پیرۆزی خودا لە دڵی مرۆڤدا
گوازراوەتەوە بۆ روالەت و سیمبولە دیارەکانی پەیوەست بە ئاین و
خۆدەرخستن وەک جل و بەرگ و... هتد.
بڕوا و پیرۆزیی و رۆح ئارامبووونەوەی مرۆڤ کە پەیوەستە بە ئاین جێگای
رێزگرتنە، بەڵام نەک بە هەڵە تێگەیشتن و بە هەڵە ئاینداریی کردنێک کە
نەتەوەیەک لە رەچەڵەکی خۆی و مێژوو شانازییەکانی خۆی دووربخاتەوە.
١٧\٨\٢٠١٤
kner_hx@yahoo.de
|