په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١٠\٢٠٢٣

مێژووی دروستبوونی یەکەم قوتابخانەی ڕوشدیە لە ڕواندز.

یاسین برایم      


پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لە میرنشینی سۆران، مێژوویێکی کۆن و زەنگین و پڕ بەرهەمی هەیە. مێژووی نووسین، لەم دەڤەرە بۆ دوورتر دەروات، هەردوو کێلە بەناوبانگەکەی کێلەشین و تۆبزاوە لە مەملەکەتەکەی ڕواندز، جێگای شانازییە و نیشانەی شارستانیەت و ڕۆشنبیریی بووە (١). لە نێو حوجرە و مزگەوت و مەدرەسەکانی ئەو دەڤەرە، چرای زانست و فێربوون و پرۆسەی نووسین و گرینگیدان بە کتێب و بەدەستهێنانی زانیاریی و مەعریفە بوونی هەبووە. ئەگەر بڕوانینە هەردوو بەرگی کتێبی (کنوز الکرد) ی محەمەد عەلی قەرەداغی، چەندان زانا و مەلا و مەدرەسە و مزگەوت و دەستنووس و نامەی گرانبەها، مێژووی ئەم دەڤەرە پێشان دەدەن. لەسەردەمی میرمحەمەدیش، ئەو شارە زێدەتر دەبێتە لانکەی زانست و پەروەردە و ڕۆشنبیریی و ئایین و پێگەیاندنی زانا و عەلامەی مەزن. هەبوونی کتێبخانە زەنگینەکەی پاشای گەورە، وەک لە ساڵنامەی (نظارة المعارف العمومیة)، ساڵی١٣١٧ کۆچیی و ١٨٩٠ زایینی هاتووە، ئاماژە بەوە دەکات زیاتر لە (٤٠٠٠) هەزار کتێب و بڵاوکراوە و دەستنووسی ئایینی و شەرعی و بوارەکانی دیکە،‌ بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی بوونی هەبووە (٢) . لە دوای ڕووخاندنی میرنشین و هاتنی دەسەڵاتدارانی عوسمانییەکان، ئەم چرایە بە ئاسانی فرامۆش نابێ. لە دوای کردنەوەی قوتابخانەی ڕوشدییە لە ویلایەتەکانی عێراق و شارە گەورەکان. ئەوا ڕواندزیش دەبێتە پێشەنگی ئەو شارانە قوتابخانەی لێ دەکرێتەوە. قوتابخانەی ڕوشدییە لە موسڵ و بەغدا و کەرکووک و هەولێر و ڕواندز دادەمەزرێن. موسڵ لە ساڵی ١٨٦٤ و و هەولێر لە ١٨٦٨ و سلێمانی ١٨٧٠ و ڕواندز ١٨٧٣ و کفری (صلاحیە) ١٨٨١ مێژووەی دروستبوونیان تۆمار کراوە (٣) . بەڵام بە پێی بەڵگەنامەکانی عوسمانیی مێژووی دروستبوونی قوتابخانەی ڕوشدیە لەم شارە کۆنترە. لە دوای موسڵ و کەرکووک، هەولێر و ڕواندز، یەک مێژوویان هەیە،‌ بەم شێوەیە ڕواندز دەبێتە پێشەنگی شارەکانی کوردستان و تەنانەت لە زۆر شارە گەورەکانی عێراق و وڵاتە عەرەبەکانی ئێستا لە پێشترە. با چەند بەڵگەنامەیێک بخەینە ڕوو و بگەینە حەقیقەت.

بە پێی بەڵگەنامەی تۆمارکراو [٠٠٤٢٢.٠٠٠٠٨ A.mkt.mhm] لە ٣٠/٨/١٨٦٨ لە نەزارەتی مەعاریفی گشتیی شکۆدار هاتووە "لە قایمقامیەتی ڕواندز مەکتەبی ڕوشدیە دروستکراوە، ئەوەی پێویستە لە ڕیسالە و پەڕتووک ڕەوانە بکرێت، لە ویلایەتی بەغداد نووسراوە، ڕەوان کراوە لەگەڵ هاوپێچ بۆ واڵا بەرز کراوەتەوە، نووسراوی ناوهاتوو ڕەوان بکرێتەوە و هیمەتێ بکرێت لە جێبەجێکردنی کارەکە (٤)‌". لە مانگی ئەیلوول جارێکی دیکە" لە بەڵگەنامەی تۆمارکراو [٠٠٤٢٧.٠٠٠١٠ A.MKT.MHM ٢٩ی جمادی یەکەم ١٢٨٥، ١٧/٩/١٨٦٨]. بەم شێوەیە هاتووە، پایەی جەنابی پیرۆزی سەدارەت، ژمارە (٦٥)، ڕاگەیەندراوی بەندەنامە ‌"لە سانجاقی ڕواندز مەکتەبی ڕوشدیە دروستکراوە و لە فەرمانگەی مەعاریفی گشتیی نامە و پەڕتووک و موعەلیم هەڵبژێردرێت و ڕەوان بکرێت. لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕاگەیاندرابوو کە مەکتەبی ناوهاتوو موعەلیمی دووەم بە ناوی خەتیب زادە ئیبراهیم ئەفەندی دابمەزرێت. بۆ ئەم مەبەستە مەزبەتەی ناوهاتوو و دەستوخەتی ناوهاتوو و هاوپێچ پێشکەش کراوە، هەر کە پەیوەندیداری وەکالەت ڕەزامەندی نیشان دا، کارەکە جێبەجێ دەکرێت، بڕیار و فەرمان بۆ جەنابی ئەم کەسەیە کە فەرمانی بەدەستە. مۆری والی ویلایەتی بەغداد- سەید محەمەد تەقیەددین (٥)". پاش دوو هەفتە، بەسەر ئەم نووسراوە، زانیاریێکی دیکەمان دەستدەکەویت. لە بەڵگەنامەی [٠٠٤٢٣.٠٠٠٨٧ A.MKT.MHM لە ٢٧ی جەمادی کۆتایی ١٢٨٥(١٥/١٠/١٨٦٨]. بەم شێوەیە دەڵێت "لە سانجەقی ڕواندز مەکتەبی ڕوشدیە دروست کراوە وخەتیب زادە ئیبراهیم ئەفەندی بە موعەلیمی دووەم هەڵبژێردراوە، لەبارەی دەست بەکاربوونی نووسراو لە ویلایەتی بەغداد ڕەوان کراوە، هیممەت بکرێت لە جێبەجێ کردنی کارەکە (٦).".

بەپێی ئەو سێ بەڵگەنامەیە بێت لە مانگی ئاب و ئەیلوول و تشرینی یەکەم ساڵی ١٨٦٨ مێژووی دامەزراندنی ئەم قوتابخانەیە و یەکەم مامۆستاش (ئیبراهیم ئەفەندی خەتیب زادە) یە. وەلێ ‌چ زانیاریێک لەبەردەست دانییە لەسەر ژمارەی پۆل و قوتابی. گومانی تێدانییە ساڵی خوێندنی ١٨٦٨-١٨٦٩ یەکەم ساڵی خوێندنی فەرمی قوتابخانەی ڕوشدیە لە نێو شاری ڕواندز. لە بەڵگەنامەیێکی دیکە [٠٠٠٥٩.٠٠١١٦ MF.MKT لە ٢١ موحەرەم ١٢٩٦ (١٥/١/١٨٧٩]. هاتووە " ویلایەتی بەغدادی شکۆدار.

دامەزراندنی مەکتەبی ڕوشدیەی ڕواندزی شکۆدار، گەیشتە ٩ساڵ، کەچی ژمارەی قوتابییانی لە ٨ قوتابی زیاتر نەبووە، هەروەها لە مەکتەبی ناوهاتوو پێویستە ٤ پۆل هەبێت، کەچی ٢ پۆل هەیە، لە خشتەکە ڕوون بۆتەوە و لە تۆمارەکانیش دەرکەوتووە، تا ئێستا خشتەی تاقیکردنەوە ڕەوان نەکراوە، لێکۆڵینەوە بکرێت و ئاماژەی پێ بکرێت، ئەو هۆکارانە دەستەبەر بکرێن کە دەبنە هۆی زیادکردنی قوتابی (٧)". ئەم نووسراوە بەڵگەیێکی ددانپێدانە بۆ هەبوونی خوێندن بۆ ئەو مێژووە. زۆر بەڵگەی دیکەی عوسمانیی هەیە، لەسەر ناوی مامۆستایان و ژمارەی پۆل و ژمارەی قوتابییان و کەموکورتی قوتابخانە و دواکەوتنی مووچە و دامەزراندن و گواستنەوەی مامۆستایان و داواکاری و پێداویستیی مامۆستایان... تد. بەرچاو دەکەون. ساڵەکانی خوێندن لە ڕووی ژمارەی قوتابییان لە هەڵکێشان و دابەزین دایە، تا ٣٠ قوتابی هاتووە، کەچی لە ساڵی ١٨٨٥ گەیشتووە بە ٥٠ قوتابی (٨). ئەم قوتابخانەیە بەردەوام دەبێت و لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگیی یەکەمی جیهان (١٩١٤-١٩١٨) و هاتنی سوپای ڕووس بۆ ڕواندز و سووتاندن و وێرانکردنی شارەکە بەردەوامی هەبووە (٩). بۆیە خوێندن لە سەردەمی عوسمانییەکان گرینگی خۆی هەبووە و ڕۆڵی هەبووە لە پێگەیاندنی کەسانی ڕۆشنبیر و فەرمانبەری پێگەیشتوو و بەڕێوەبەری شارەزا، لە کاروباری سیاسی و سەربازی و پەروەردەیی و کارگیڕیی و کۆمەڵایەتیی و ئایین و بەڕێوەبردنی وڵات. پرۆسەی خوێندن و پەروەردە بەردەوام لە گەشەسەندن و فراوانبوون دابووە. لە ساڵنامەی ویلایەتی موسڵ، ساڵی ١٣١٢ (١٨٩٤-١٨٩٥)، ئاماژە بەوە دەکات لە قەزای ڕواندز یەک قوتابخانەی ڕوشدیە و سێ مەکتەبی منداڵان بوونی هەبووە (١٠). لە ئەنجامدا، ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، لە ساڵی ١٨٦٨ یەکەمین قوتابخانەی ڕوشدیە بە فەرمی لە رواندز دامەزراوە، تا نەمانی دەسهەڵاتی عوسمانییەکان لەم شارە،‌ نێزیکەی نیو سەدە دەکات. پێویستی بە تویژینەوەی زێدەتر هەیە و پشکنینی وردی دەویت، هێشتا شتی شاراوە و بەنرخ هەیە لە نێو بەڵگەنامە و نووسراو و پەرتووکە کۆنەکان و ڕاستی و دروستی ئەم دیرۆکە ونبووە بخریتە بەر دیدەی خوێنەری کورد، دەکرێت بە جددی ئاوڕ لەم لایەنە و سەرجەم بوارەکانی دیکە بدریتەوە، ئەمەش بە کەسانی دڵسۆز و توێژەرە ماندوونەناسەکان دەکرێت و قۆڵی لێ هەڵماڵن و ئەم گەنجینە بەنرخەی نەتەوەی کورد، چیدیکە بە پەنهان و فرامۆشکراوی نەمینیتەوە.
____________________________________
سەرچاوە:
١. ڕواندز. باڵەک. برادۆست، نووسین و کۆکردنەوهی مەلا ئەحمەدی حەداد دەرگەڵەیی، ئا: زرار محەمەد مستەفا، ٢٠٠٥، ل١٩٠-١٩٢.
٢. فاضیل بیات، الموسسات التعلیمیة المشرق العربی العثمانی، استانبول, ٢٠١٣, ص٩٧.
٣. سەرچاوەی پێشوو، ل٢٧٠-٢٧١.
٤. د. نەوزاد یەحیا باجگر، ڕەواندز لە بەڵگەنامەکانی عوسمانی دا، بەرگی پازدە، هەولێر، ٢٠١٨، ل١٢٤.
٥. سەرچاوەی پێشوو، ل ١٢٦.
٦. سەرچاوەی پێشوو، ل ١٢٥.
٧. سەرچاوەی پێشوو، ل ١٣٢.
٨. د. مهدی محمد قادر، التعلیم فی جنوب کوردستان فی العهد العثمانی الاخیر ١٨٦٩-١٩١٨, اربیل, الطبعة الاول, ٢٠٢١, ص ١٤٦.
٩. سەرچاوەی پێشوو، ل١٤٨.
١٠. فەیسەڵ دەباغ، ڕواندز لە ساڵنامەکانی ویلایەتی موسڵدا، ئینسکلۆپیدیای هەولێر، چاپی یەکەم، ٢٠٠٩، ل ١٤٧٠.

 

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک