٥\٨\٢٠١٣
مێژووی ئەدەبی
منداڵان.

رەزا ساڵح
- بەشی
دووەم -
لە
بەشی یەکەمی ئەم باسەدا ، بە کورتی باسمان لە ئەدەبی منداڵان لە
چاخەکانی کۆندا کرد .. دوایش باسمان لە گەشەکردن و پێشکەوتنی رەوتی
ئەدەبی منداڵان ، لە وڵاتانی فەرەنسا و ئینگلتەرادا کرد .. لەم بەشەدا
( بەشی دووەم ) ، درێژە بە مێژووی ئەدەبی منداڵان لە هەریەکە لە
وڵاتانی : ( ئەڵمانیا ، روسیا ، وڵاتانی ئیسکندناڤیا ، ئەمەریکا ،
ئیتالیا ، ئیسپانیا ، هیندستان ، بە کورتیش ئاماژە بە چەند وڵاتێکی تر
دەکەین...).
ئەڵمانیا:
بەر لە هاتنی دوو برا ( یاکوب و ولیەم کارڵ گریم ) ، لە ئەڵمانیادا
چیرۆکی ئەفسانەیی تەنها بۆ گەورەکان دەنووسران .. بەڵام ئەم دوو برایە
( یاکوب و ولیەم گریم ) دەستیان کرد بە کۆکردنەوە و ، بە نووسینی
چیرۆکی ئەفسانەیی و ئەندێشەیی و فۆلکلۆریی ئەڵمانی بۆ منداڵان .. بۆ
هێنانەدیی ئەم مەبەستەشیان بە درێژایی ژیانیان لە شارێکەوە بۆ شارێکی
تری ئەڵمانیا دەچوون و ، گوند و ماڵان دەگەڕان و ، لە دەمی دایکان و بە
تەمەنەکانەوە ، لە دەمی کاسبکار و ، فرۆشیارە گەڕۆکەکانەوە ، ئەو مەتەڵ
و چیرۆک و ئەفسانە و داستانە کۆنانەیان لێ وەردەگرتن ، کە شەوان لە
گوێی ئاگرداندا ، بۆ منداڵەکانیان دەگێڕانەوە .. ئەمان بە دەستکاریکردن
و ، بە زمانێکی ئاسان و شیرین و رەوان ، دووبارە بۆ منداڵانیان
داڕشتوونەتەوە .
( یاکوب گریم : ١٧٨٥ ـ ١٨٦٣) براکەشی ( ولیەم گریم : ١٧٨٦ ـ ١٨٥٩) ی
زایینی لە شاری ( کاسل ) ی ئەڵمانیا لەدایکبوونە و ، هەرلەم شارەشدا
ژیانیان بەسەربردووە .. پێکەوە لە ژوورێکدا دەنووستن و ، پێکەوەش
یارییان دەکرد و ، لە قوتابخانەی بنەڕەتی و زانکۆش هەر پێکەوەبوون ،
پێکەوەش لە بارەی ئەدەب دەمەتەقێیان دەکرد .. هەموو چیرۆکەکانیشیان
پێکەوە کۆکردوونەتەوە و ، پێکەوەش نووسیویانن و بڵاویان کروونەتەوە ..
تەنها مردن لێکی دابڕین .
ئەم دوو برایە بڕوانامەی ( لیسانس ) یان لە یاسادا وەرگرت .. ئەدەبی
کۆن و ئەدەبی ئەڵمانییان لە سەدەی ناوەڕاستدا خوێند و ، وەکو دوو
مامۆستای بە توانای وانەبێژیش لە زانکۆدا وانەیان دەوتەوە .
برایانی گریم زۆربەی چیرۆکە ئەفسانەییەکانیان ، لە شاری ( کاسل ) دا
کۆکردوونەتەوە .. لە ساڵی (١٨١٢) دا ( ١٥٦) چیرۆکیان لە کتێبێکدا لەژێر
ناوی ( چیرۆک بۆ منداڵان و ماڵان ) دا لە شاری ( بەرلین ) دا چاپیان
کرد و بڵاویان کردەوە .. دەستپێکی هەموو چیرۆکەکانیشیان بە ( هەبوو ..
نەبوو .. ) دەستیان پێکردوون. تا برایانی گریم خۆیان لە ژیاندا بوون ..
شەش جار ئەم کتێبە دووبارە چاپ کرایەوە .. هەرجارەش چەند چیرۆکێکی
تازەی تریان دەخستنە سەری و ، تیراژیان زیاتر دەکرد .. دیزاینی
بەرگەکەیان جوانتر دەکرد .. تا ئەمڕۆش لە مۆزەخانەیەکی مێژوویی
ئەدەبیدا لە شاری کاسل کە بەناوی ( مۆزەخانەی برایانی گریم )ەوەیە ..
دەقی ئەو چیرۆکانەیان بە دەستووسی خویان تێدایە ، لەگەڵ ئەو کەرەستە و
کەلوپەلانەی کە بەکاریان هێناون .. ساڵانە بە هەزاران گەشتیار سەردانی
ئەم مۆزەخانەیە دەکەن .
لە دوای مردنیشیانەوە تا ئەمڕۆ ، لە ژمارە نایات کە چەندین جاری تر ئەم
کتێبەیان بە زمانی ئەڵمانی و زمانەکانی تری جیهان چاپکراوەتەوە و
بڵاویان کردۆتەوە .. ئەم کتێبە گۆڕیویانەتە سەر زیاتر لە ( ١٧٠) زمانی
جیاواز لە جیهاندا .. زۆربەی چیرۆکەکانیشیان کروان بە فیلمی کارتۆن و
ئەنیمەیشن و ، بە چەندین زمان جیهانی دۆبلاج کراون .
لە چیرۆکە خۆشەکانی برایانی گریم : ( کۆڵوانە سوور )ە کە زۆربەی
منداڵانی جیهان ، بە منداڵانی کوردیشەوە ، لە رێی فیلمی کارتۆنی دۆبلاج
کراوەوە ، ئەم چیرۆکە دەزانن و دیالۆژەکانی بوونەتە وێردی سەر زمانیان
.. لە چیرۆکە بەناوبانگەکانی تری برایانی گریم ( ساندریلا ) ، ( پاشای
چیای زێڕین ) ، ( هۆل خانم ) ، ( بووکە راستییەکە) ، ( ژنە جادووگەرەکە
شەڕخوازەکە ) ، ( رابونزل ) ، ( کچەشازادەی نووستوو ) یا ( کچەپاشا و
حەوت کورتەباڵا ) یا ( بەفرین ) : ( بەفرین ، کچەپاشایەکی زۆر سپی و
جوان و ناسک دەبێت ، دوای مردنی دایکی دەبێتە ژێرچەپۆکەی باوەژن ، کە
زۆر رقی لە بەفرین دەبێ و ئیرەیی بە جوانییەکەیدا دەبا و، هەوڵی لە
ناوبردنی دەدا .. جارێکیان لە ژێر کاریگەریی جادووی باوەژنەکەیدا ،
بەفرێن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ خەو دەیباتەوە و بە خەبەر نایات .. تا
بە رێکەوت کوڕەپاشایەکی لاو دەیبینێت و ، زۆر سەرسامی جوانییەکەی دەبێت
.. ماچێکی بەفرین دەکا و جادووەکە بەتاڵ دەبێ و بەفرین خەبەری دەبێتەوە
و .. زۆر سوپاسی کوڕەپاشاکە دەکات و ، دەبێت بە دەزگیرانی ...).
برایانی گریم ، خزمەتێکی مەزنیان بە ئەدەبی منداڵان بەخشی و ، شایانی
ئەوەن کە هەتا هەتایە بە نەمری بمێننەوە .. هەموو چیرۆکەکانیان تا
ئەمڕۆش ، زۆر خۆشن و خۆشی و شادیان خستوونەتە دڵی هەموو منداڵانی
جیهانەوە .. بوونە بە بەشێکی گرنـگ و نەمـریش لە کەلەپـووری ئەدەبیی
ئەڵمـانیادا.. بۆیە ئەمسـاڵ ( ٢٠١٣) لە ئەڵمانیادا بە ( ساڵی برایانی
گریم ) ناو دەبرێ .. بە بۆنەی یادی ( چـاپی یەکەم ) ی کتێبەکەی برایانی
گریم ( چیرۆک بۆ منـداڵان و ماڵان ) کە بۆ یەکەمین جار لە بەرواری ( ٢٠
ی / دێسەمبەر / ی ١٨١٢) دا چاپکرا .
یاکوب و ولیەم گریم ، نەک هەر لە بواری ئەدەبی منداڵاندا هەڵکەوتووبوون
، بەڵکو خزمەتێکی گەورەی زمان و مێژوو و کەلەپووری ئەڵمانیاشیان کرد ..
مەرگ بواری نەدانێ ، کە پرۆژەی ئەو فەرهەنگە زمانەوانییە ئەڵمانییەی ،
کە ماوەی چەند ساڵێک بە ئامادەکردنییەوە سەرقاڵ و ماندووبوون .. تەواوی
بکەن .
لە ساڵی ( ١٨١٩) دا ، زانکۆی ( ماربۆرگ) ی ئەڵمانی ، ( بڕوانامەی
دکتۆرای رێزلێنانی ) بە ( برایانی گریم ) بەخشی .
لە دوای ( رووخاندنی دیواری بەرلین : ١٨٨٩) دا و ، یەکگرتنەوەی هەردوو
ئەڵمانیا .. لە ساڵی ( ١٩٩٠) دا ، لەسەر بەنرخترین پارەی کاغەزی
ئەڵمانی ( ١٠٠٠ مارک ) ( وێنەی برایانی گریم ) دانرابوو .. تا ساڵی (
٢٠٠٢) دا ، کە پارەی ئەڵمانیا و هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی
ئەورپادا ، بوو بە (یۆرۆ).
ئەمەو تا ئێستا چەندین جار لەسەر ( پوولی
پۆست ) دا . وێنەی برایانی گریم ، یا پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانیان
دانراون .. هەروەها وەکو رێزلێنان و هەمیشە بەرزڕاگرتنی ناوی برایانی
گریم .. چەند قوتابخانە و شەقامێکیش ، چەندین کۆگای فرۆشیاری لە
شارەکانی ئەڵمانیادا بە ناوی (برایانی گریم)ەوە ناونراون .
ئەمڕۆ لە ئەڵمانیادا ، بزووتنەوەی ئەدەبی
منداڵان لە گەشەکردن و پێشکەوتندایە ، زیاتر لە سێ هەزار نووسەری
ئەدەبی منداڵان هەیە .. پانگزە دەزگای چاپکردن و بڵاوکردنەوەی تایبەت
بە کتێبی منـداڵان هەیە .. بۆ نموونــە : لە ساڵی ( ٢٠٠٥ ) دا ، (
١٨٠٠) کتێبی چیرۆک و هۆنراوە و ، ( ٥٥٩) رۆمان ، بۆ منداڵان لە
زمانەکانی ترەوە گۆڕییانە سەر زمانی ئەڵمانی .
لەپاڵ نووسەرە کلاسیکییەکاندا ، کە لە دەرەوەی ئەڵمانیاشدا ناوبانگیان
هەیە .. کۆمەڵیک نووسەری بە توانای تریش هاتنە بواری نووسین بۆ منداڵان
.. کە بە ژمارەی کتێبە فرۆشراوەکانیان ، توانیان نومرەی تازەی باڵای
جیهانی تۆماربکەن .. لە سەروی هەموویانەوە ، نووسەری بە ناوبانگ خاتوو
( کۆرنیلــیا فۆنــکە ) یە ، کە نووسەرێکی بەتوانای بواری ئەدەبی
منداڵانە ، لە کتێبەکـانی ( ئەژدیهای شـاسوار ) و ( مەرەکـــەبی دڵ )
کە گۆڕیویانن بۆ سەر زمانی ئێنگلیزی و ، زۆرتــرین ژمـــارەیان لێ
فرۆشراون .
هەروەها کەڵەنووسەری کۆچکردووی ئەڵمانی ( ئۆتۆ گرید برۆیسلیر ) کە لە
ساڵی ( ١٩٢٣) لەدایک بووە ، یەکێکە لە نووسەرە مەزنەکانی بواری ئەدەبی
منداڵان لە جیهاندا .. ( ٣٢) کتێبی بۆ منداڵان چاپکردووە .. تا ئێستا
گۆڕیویانن بۆ سەر ( ٥٥) زمانی جیهانی و ( ٥٥) ملیۆن دانەیان لێ
فرۆشتوون .. گرنگترین کتێبی چاپکراویشی : ( دزەکە تیسنبلوشە) و ( پیاوە
بچکۆلەی ئاو )ە .
برویسلیر دەڵێ : " هەندێ جار لێم دەپرسن : بەڕێز برویسلیر بۆ بۆ
منداڵان دەنووسی؟ بە ساکارییەوە وەڵامیان دەدەمەوە : چونکە خۆشیی لێ
دەبینم .. ئێوەش ئەی منداڵانی خۆشەویست ، هیوادارم وەکو چۆن من لە
نووسینەکانمدا بۆ ئیۆە چێژیان لێ وەردەگرم .. هیوادارم ئێوە لە
خوێندنەوەیاندا ، چێژێکی زیاتریان لێ وەربگرن .. "
روسیا:
یەکەمین کۆمەکە چیرۆک کە لە رووسیادا بۆ منداڵان چاپکرا و بڵاوکرایەوە
، لەژێر ناوی ( داستانەکانی روسیا ) دا بوو .
چەندین چیرۆکنووس و رۆماننووس و شاعیری بەناوبانگی روسی ، منداڵانیان
فەرامۆش نەکردوون و بەشێک لە نووسینەکانیان بۆ منداڵان تەرخان کردووە
.. وەکو:
( پۆشکین : ١٧٩٩ ـ ١٨٣٨) ز . رۆماننووس و شانۆنووس و ، شای شاعیرانی
روسیا بوو .. پۆشکین کۆمەڵێک هۆنراوەی شیرین و ناسکی بۆ منداڵان
هۆنیوەتەوە . یەکێک لە هۆنراوەکانی ( راوکەر و ماسی ) یە .
( مەکسیم گۆرگی : ١٨٦٨ ـ ١٩٣٦) رۆماننووسێکی بەناوبانگی جیهانییە و ،
خاوەنی رۆمانی بە ناوبانگ ( دایـک ) ـە .. مەکسیم گۆرگی ، رۆڵێکی گرنگی
لە گەشەکردن ئەدەبی منداڵان لە رووسیادا هەبوو .. گۆرگی دەڵێ : " منداڵ
لە هەموو سەردەمێکدا هێمای بێتاوانی و پاکی و خێر و راستی و جوانییە ..
" .
گۆرگی ، گەورەترین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبی منداڵا نی لە
روسیادا دامەزراند .. ماڵەکەشی کردبووە ژوانگەی نووسەران .. زۆر جار لە
ماڵەکەیاندا لەگەڵ نووسەرانی ئەدەبی منداڵاندا دادەنیشت و ، گوێی لێیان
دەگرت و ، ئامۆژگاری و رێنمایی دەکردن .. چەند جارێکیش کێبڕکێی بۆ
ئەدەبی منداڵان سازدا .. خەڵاتی رێزلێنانیشی بە نووسەرانی تێکستە
سەرکەوتووەکان دەبەخشی .
لە تێڕوانینی گۆرگی یەوە ، پێویستە ئەدەبی منداڵان هاوڕەوت بێ لەگەڵ
پەروەردەی نوێدا ، پەروەردەش پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی بێ ، پەروەردەی
کۆمەڵایەتیش بەلای گۆرگی یەوە ، ئەنجامدانی کاری شۆڕشگێرانە و ،
رزگارکردنی مێشکی منداڵانە لە خەیاڵپووچی و لەداب و نەریتی سواو ..
دەبێت منداڵان بە شێوەیەک گۆش و پەروەردە بکرێن ، کە زیاتر لە داهاتوو
بڕوانن ، وەک لەوەی کە ئاوڕ لە رابردوو بدەنەوە .. مەبەستی گۆرگی ئەوەش
نییە کە هێڵی راست و چەپ بەسەر رابردوودا بهێنین و ، لەبەرچاوی
منداڵانی بخەین ، یا لە رەگەوە بەها نەتەوەییەکانمان رەگکێش بکەین ..
بەڵکو پێویستە بە شێوەیەکی راستگۆیانە و روون و بێ ئارایش ، باسی
رابردوویان بۆ بکەین .. لەم رووەوە گۆرگی دەڵێ : " پێویستە زانیاری لە
خزمەتی ئەندێشەی منداڵاندا بێت .. منداڵانیش وا رابهێنین کە بیر لە
داهاتوو بکەنەوە .. " .
گۆرگی جەخت لەسەر بایەخی چیرۆکە کۆنە میللییەکان دەکاتەوە ، لە
گەشەکرنی هۆش و هزری منداڵان و ، لە هەست کردن بە داهێنان لە هونەر و
ئەدەبدا و دەوڵەمەندکردنی زمان .. گۆرگی تەنها پێبەندی ئەم
بیروباوەڕانە نەبوو ، بەڵکو لەگەڵ منداڵان خۆشیاندا دادەنیشت و ، لە را
و بۆچوونەکانیانی دەپرسی ، تا بزانێ کە چییان بۆ بنووسرێت .. گۆرگی
پێشنیاری خۆی لە دوو وشەدا چڕ کردۆتەوە : " هەمــوو شــتێ " .
( تۆڵستۆی : ١٨٢٨ ـ ١٩١٠ ) ز . بیرمەند و چاکسازێکی کۆمەڵایەتی و
داواکەرێکی سەرسەختی ئاشتی بوو ، فەیلەسووفێکی بلێمەت و
کەڵەڕۆمانووسێکی جیهانی بوو ، یەکێک بو لە کۆڵەکەکانی ئەدەبی رووسی لە
سەدەی نۆزدەمیندا ، گرنگترین کاری ئەدەبی ، دوو رۆمانی بەناوبانگن (
شـەڕ و ئاشـتی : ١٨٦٩) و ( ئانـا کـارنینا : ١٨٧٣) یە .. تۆڵستۆی
نزیکەی نەوەت چیرۆکی خۆش و ئاسان و مەبەستداری بۆ منداڵان نووسیوە و
چاپی کردوون ، ئامانجی چیرۆکەکانیشی بەرجەستەکردنی خۆشەویستی و ئاشتی و
دڵسۆزی و هیوایە لە دڵی منداڵاندا .. ئەمانەش ناوی هەندی لە
چیرۆکەکانیێتی : ( مراوی و مانگ) ، ( سێ هاوڕێ ) ، ( دوو بـرا ) ، (بەردەکە
) ، ( ئەسپە پیرەکە) ، (سەگە پیرەکە ) ، ( مریشک و جووجەڵەکانی ) ، (
جووتیارەکە و خەیارەکانی ) ، ( سەرەتایەکی زەحمەت ) ، ... هتد .
( ێیڤان کریلۆف : ١٧٦٩ ـ ١٨٦٦) ز . شاعێرێکی ناسراوی روسییە ،
کۆمەڵەڵێک چیرۆکی بە زمانی ئاژەڵەوە بۆ منداڵان نووسیوە .. کە گوزارشت
لە باردۆخی روسیا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی قەیسەرەکان دەکەن .
( مایکۆفسکی: ١٨٩٣ ـ ١٩٣٠) شانزە هۆنراوەی بۆ منداڵان نووسیوە .
ئەمڕۆش لە رووسیادا ، بە سەدان کتێبخانەی تایبەت بە کتێبی منداڵان هەن
، ساڵانەش بە سەدان کتێب و گۆڤار بۆ منداڵان چاپ دەکرێن و بە نرخێکی
هەرزان دەیان فرۆشن.
وڵاتانی ئیسکندناڤیا ( دانیـمارک ، سوێد ، نەرویـج ):
زۆربەی چیرۆکنووسان و رۆماننووسان و شاعیران و شانۆنووسە ناسراوەکانی
وڵاتانی ئیسکندناڤیا سوودیان لە کەلپوور و فۆلکلۆر و لە داستان و مەتەڵ
و ئەفسانە کۆنەکانی وڵاتەکانیان وەرگرتوون ، لە نووسینەکانیاندا
رەنگیان داونەتەوە .. بۆ نموونە خێو و دیۆدرنج ، پەری ، بووکی دەریا ،
پیرێژنی جادووگەر ، جنۆکە ، جانەوەر و دەعبا و ، خەیاڵئامیزی
پانتاییەکی زۆریان لە ئەدەبی منداڵاندا گرتۆتەوە .
ئەگەر چیرۆک و شانۆگـەرییەکـانی ، کەڵە شانۆنووسی ناسـراوی نەرویــجی و
جـیهانی ( هێنریک ئەبسن : ١٨٤٨ ـ ١٩٠٦) بخوێنیەوە ، کاریگەریی
ئەفسانەییان پێوە دیارە .. بە تایبەتیش لە شانۆگەری ( ماڵێک بۆ بووکەڵە)
دا .
دانیمارک :
کەڵەنووسەری بەناوبانگی دانیمارکی و جیهانی ، چیرۆکنووسی منداڵان ،
شانۆنووس ، رۆماننووس ، شاعیر ( هانز کریستیان ئەندەرسن : ١٨٠٥ ـ ١٨٧٥)
لە شاری ئۆدنیز لە دانیمارک لەدایک بووە ، تاقانەی خێزانەکەی بوو ..
منداڵێکی لەڕ و لاواز و هێمن بوو .. لە قوتابخانەدا ، لە وانەی وەرزشدا
، لە ترسی ئەوەی هانز نەکەوێتە بن دەست و پێی هاوڕێکانییەوە ،
مامۆستاکەی دەستی دەگرت و ئاگای لێ دەبوو .. بەڵام تا بڵێی منداڵێکی
خەیاڵ بڵاو و بیرتیژ و سەرنج وورد بوو .. باوکی شەوانە چیرۆک و مەتەڵ و
ئەفسانە کۆنەکانی بۆ دەگێڕایەوە .. لە دار شانۆیەکی بچووک و چەند
بووکەڵەیەکیشی بۆ دروست کردبوو ، کە بەنی پێوە بەستبوون و دەیبزواندن و
دەیدواندن .
هانز کریستیان ئەندەرسن ، تەمەنی سیانگزە ساڵان بوو کە باوکی مرد ، بۆ
یەکجاری دایکی و شارەکەیان بەجێ دەهێڵێ و روو لە ( کۆپنهاگن )ی
پایتەختی دانیمارک دەکا .
بۆ مێردمنداڵێکی رەشوڕووتی گیرفان بەتاڵ ، برسی و بێکار ، بێ شوێنی
حەوانەوە .. ژیان زۆر سەخت بوو .. بەڵام هانز ئەندەرسن ، بڕوابەخۆ و ،
گەشبین و خۆڕاگر و کۆڵنەدەر بوو .. هەلی خوێندن و کارکردنی لە بواری
شانۆدا بۆ رەخسا .. توانی بگات بە هیوا و ئامانجەکانی .. دەستی بە
نووسینی چیرۆک کرد .. خۆی بە قەرزاری چیرۆک و ئەفسانە و داستانە
کۆنەکان دەزانێت، ئەو چیرۆک و ئەفسانە کۆنانە ، بوونە هەوێنی نووسینی
چیرۆک و شانۆگەرییەکانی بۆ منداڵان.
لە ساڵی ( ١٨٣٥) دا ، هانز ئەندەرسن یەکەمین
کتێبی خۆی بە ناوی ( چیـرۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان ) چاپکرد و
بڵاوی کردەوە .. ژمارەی ئەو چیرۆکانەی کە هانز بۆ منداڵانی نووسیون (
١٥٠) چیرۆکن .. ژمارە هەموو کتێبە هەمەڕەنگە چاپکراوەکانیشی (١٦٨)
کتێبن .. ئەم ژمارەیەش بۆ ئەو سەردەمە ، ژمارەیەکی پێوانەیی باڵا بووە
، لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبدا .
هانز کریستیان ئەندەرسن ، بیرەوەرییەکانی ژیانی رۆژانەی خۆشی ، پێش
مردنی لە سێ بەرگدا لە ژێر ناوی ( داستانی ژیانم ) دا ، چاپکرد کە
تێکڕای ژمارەی لاپەڕەکانیان ( ٤٥٠٠) لاپەڕن .. ئەمانەش ناوی هەندی لە
چیرۆکەکانی (هانز ئەندەرسن ) ـە بۆ منداڵان : ( تۆمالیزا ) یا (
پەنجەباڵا ) ، ( شازادەی بەفر ) ، ( دەریاچەی قازەکان ) ، ( کچە
شوانەکە ) ، ( گوڵەکانی ئیڵدای بچکۆلە ) ، ( بێچوە مراوییە لاسارەکە )
، ( قالۆنچە ) ، ( کراسە تازەکەی ئیمبراتۆر ) ، ( پەرییە بچکۆلەی دەریا
) ، ( داری سەروو ) ، ( رۆژنامەنووس ) ، ( دوو خۆشەویستەکە ) ، (
بولبولەکەی ئیمبراتۆر ) ، ( پاککەرەوەی کوڵبێنە ) ، ( پێڵاوی سوور ) ،
( خێزانکی بەختەوەر ) ، ( زەنگ ) ، ( کچە شقارتەفرۆشەکە ) ، ( سەربازی
تەنکە ) ، ( قازە کێوییەکان ) ، ( سێبەر ) ، ( چیرۆکی دایکێک ) ، (
شازادە و دەنکە فاسولیا ) ، ... هتد .
چیرۆکی ( پێڵاوی سووور ) لە ساڵی ( ١٩٨٥) دا وەکو شانۆگەرییەک بۆ
منداڵان ، لە تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمار کرا ، کە هونەرمەندی بە توانا
کاک ( رزگار کەریم سەعید) کە ئیستا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی ، گۆڕیبووی
بۆ سەر زمانی کوردی و ، دەریهێنابوو ، هۆنەرمەندی گەورەی گەلەکەشمان ،
خاتوو ( گەزیزە عومەر ) رۆڵی پێڵاوفرۆشەکەی تیدا دەبینی .. من لە هەمان
رۆژی تۆمارکردنی پێڵاوی سووردا ، لە تەلەفزیۆنی کەرکوک بووم و ،
بەرنامەی ـ جیهانی منداڵان ـ مان تۆماردەکرد ، کە من ئامادەکەری ئەم
بەرنامەیەم بووم .. لە بەرنامەکەماندا هەر ئەو رۆژە ، چاوپێکەوتنمان
لەگەڵ ئەو کوڕە منداڵەی کە رۆڵی تامەزرۆی پێڵاوی سووری دەبینی ، سازکرد
.. بۆ دڵنیابوون لە ساڵی تۆمارکردنی ئەو شانۆگەرییە ، پەیوەندیم بە
مامۆستا ( گەزیزە ) وە کرد ، دیارە ئەویش ساڵی تۆمارکردنی لە
تەلەفزیۆندا ، لەیاد نییە کە بە تەواوی چ ساڵێک بوو .
چیرۆکەکانی هانز ئەندەرسن بۆ منداڵان ، ئەگەر نەڵێم بۆ هەموو زمانەکانی
جیهان ، گۆڕیویانن بۆ سەر زۆربەی زمانەکان و ، کراون بە فیلمی کارتۆن و
ئەنیمەیشن و ، بە چەندین زمانی جیهانی دۆبلاج کراون ، چەند چیرۆکێکیان
بە کوردیش دۆبلاج کراون ، لەوانەش ( تۆمالیزا ـ پەنجە باڵا ) ..
منداڵان خۆشی و چێژێکی زۆریان لێ وەردەگرن .
لە ساڵی ( ١٨٣٨) دا ، وەکو رێزلێنان و پێزانین بۆ ئەو خزمەتە پیرۆزەی
پێشکەشی منداڵانی دەکرد ، ( خەڵاتی شاهانەی دانیمارک ) بە ( هانز
کریستیان ئەندەرسن ) یان بەخشی .. خەڵاتەکەشی ئەوەبوو ، کە تا لە
ژیاندایە ، لەسەر ئەرکی حکومەتی دانیماک هەر کاتێک خۆی بییەوێت و ،
ئارەزووی سەردانی هەر وڵاتێکی لە ئەوروپادا بکات .. گەشتکردنەکەی
کراوەیە و ، هەموو خەرجییەکی دانیمارک بۆی دەدا .. هانز سەردانی زۆربەی
وڵاتانی ئەوروپای کرد و ، سوودیکی زۆری لەو گەشتانەی بینی و ، چی جێی
سەرنج راکێشان و دڵخۆشیی بووایە ، بە هۆنراوە و پەخشان و وێنەکێشان
گوزارشتی لێکردوون و ، لە ( داستانی ژیانم ) دا ، تۆماری کردوون .
هانز ئەندەرسن لە ( ٤ی / ٨ /ی ١٨٧٥) دا ، لە کۆپنهاگن ، کۆچی دوایی کرد
.. دوای ئەوەی کە سامانێکی زۆر بەنرخی بە منداڵانی جیهان بەخشی .. دوای
مردنیشی هەموو چیرۆکەکانی بۆ منداڵان لە کتێبێکدا لەژێر ناوی (
چـیرۆکەکـــان ) دا چاپکرا .. شایانی خۆشێتی هەتا هەتایە دانیمارک
شانازی بەم کەڵە نووسەرەیەوە بکات .. کە پێشەنگی هەموو نووسەرانی
ئەوروپا بوو لە بواری ئەدەبی منداڵاندا .. هانز ئەدەرسن ئەوەشی شایانە
کە بە ( باوکی ئەدەبی منداڵان ) ناویان دەبرد .
بۆ هەمیشە بەرزڕاگرتنی یادی هانز ئەندەرسن .. وڵاتی دانیمارک ، هەر دوو
ساڵ جارێک خەڵاتێک ، بە ناوی ( خــەڵاتی هانــز کریســتیان ئەنـــدەرسن
) ، یا بە خەڵاتی ( نوبڵی بچوک ) یش ناودەبرێت کە خەڵاتێکی جیهانییە و
لە لایەن شاژنی دانـیمارکەوە خاتوو ( مارگـرێت ) لە ئاهەنگێکی فەرمیدا
.. دەبەخشرێت بە نووسەرانی ، ( باشترین تێکست بۆ منداڵان ) و .. بە (
باشترین وێنەکێشی بواری کتێبی منداڵان ) ش .
چەندین ساڵیش ( وێنەی هانز ئەندەرسن لەسەر پوولی پۆست ) دا دانراوە ..
شەقامێکی سەرەکی لە کۆپنهاگن بە ناوی ئەمەوە ناونراوە و پەیکەرێکی
شایستەشیان بۆ دروست کردووە .. ساڵی بە هەزاران کەسیش سەردانی ماڵەکەی
دەکەن .
سوێد:
لە وڵاتی سوید دا ، کەڵەنووسەری بەناوبانگی سویدی و جیهانی ، رۆمانووسی
ناسراو خاتوو ( سەلمە لاگەرلۆف : ١٨٥٨ ـ ١٩٤٠) جێ پەنجەی لە ئەدەبی
منداڵاندا دیارە .
سەلمە لاگەرلۆف ، یەکەمین نووسەری ئافرەت بوو لە سوید دا ، یەکەمین
نووسەری سویدیشە کە ( خەڵاتی نۆبڵ ) ی وەرگرت ، ( یەکـەمین ئـافرەتیشە
لە جیـهان ) دا ، کە ( خەڵاتی نۆبڵ ) ی وەرگرت .
سەلمە لاگەرلۆف ، لە شاری(موریکا ) لە هەرێمی ( ڤارملاند ) ی سەر
سنووری سوید و نەرویج لەدایک بووە و ، لەوێدا ژیاوە .. بەشێکی زۆری
رووداوەکانی چیرۆک و رۆمانەکانی ، بۆ ئەم دەڤەرە دەگەڕێنەوە .
سەلمە لاگەرلۆف ، ماوەی دە ساڵ مامۆستا بووە و وانەی دەوتەوە ، دوایی
وازی لە وانە وتنەوە هێناو و ، خووی بە نووسین و چاپکردنی نووسینەکانی
دا .
یەکەمین رۆمانی لە ساڵی ( ١٨٩١) دا لەژێر ناوی ( داستانی
گۆستابرلینگ)دا چاپکرد. بە ناوبانگترین نووسینەکانی سەلمە : (
گەشتەکانی نیڵز ) ، ( پەیوەندییە نهێنییەکان ) ، ( ماڵە کۆنەکە ) ، (
قودس )ە.
( گەشتەکانی نێڵز ) ، یەکێکە لە رۆمانە نەمرەکانی سەلمە لاگەرلۆف ، کە
تا ئەمڕۆش منداڵان ، بە کارە سەرکێشییەکانی نێڵز سەسام و دڵخۆشن .. (
نیـڵز ) ی پاڵەوانی گەشتەکانی ئەم چیرۆکە ، کوڕە منداڵێکی چەتوون و
لاسارە ، گێچەڵ و تەڵفیسی بە کورتە باڵایەک دەکا .. سزاکەی ئەوەیە
ئەمیش دەبێت بە کوڕێکی ( بستە باڵا ) و ، نایناسنەوە ، نێڵز زمانی
ئاژەڵ و باڵندەکان فێردەبێت و ، لەگەڵ پۆلێک قاز و مراویدا ، کە
لەوەپێش لە کێڵگەکەیاندا دەنیشتنەوە و ، نیڵز ئازاری دەدان .. دڵیان پێ
دەسووتێ و سواری سەر پشتی یەکێک لە قازەکان دەبێت و ، بۆ گەشتەکانیان
هەڵدەفڕن .. تووشی گەلێ سەرکێشی و هەڵوێست و رووبەڕووبوونەوەی سامناک
دەبن و دەربازیان دەبێت .. لە کۆتاییدا دەگەڕێنەوە و ، نێڵز دەبێتەوە
بە کوڕە ئاساییەکە و بە نیشمانەکەی خۆێ شاد دەبێتەوە .. ئەم چیرۆکە
کراوە بە فیلمی کارتۆن و ، بە زۆربەی زمانەکانی جیهان دۆبلاج کراوە .
وەکو رێزلێنانێک بۆ خزمەتەکانی ئەم نووسەرە ، حکومەتی سوید ، وێنەی
سەلمە لاگەرلۆف ی ، لە سەر پارەی (٢٠ کرۆن ) ی سویدی داناوە .
نووسەر و سیناریۆنووسی بەناوبانگ خاتوو ( ئەسترید لیندگرین : ١٩٠٧ ـ
٢٠٠٢) ز یەکێکە لە نووسەرە ناسراوەکانی سویدی و جیهانی لە بواری ئەدەبی
منداڵاندا .. خاتوو ئەسترید لیندگرین ، لە ریزبەندی هەژدەمیندایە لە
جیهاندا ، لە رووی ژمارە زۆری گۆڕینی کتێبەکانی بۆ سەر زمانەکای جیهان
.. نزیکەی ( ١٤٥) ملیۆن دانە کتێب لە کتێبەکانی بۆ منداڵان لە هەموو
جیهاندا فرۆشراون .. خاتوو ئەسترید لیندگەرین بە زنجـیرە کتێبی ( پیـپی
ی گــۆرەوی درێــژ ) بە ناوبانگە .. خاتوو ئەسترید چەندین خەڵاتی
رێزلێنانی سویدی و جیهانیان پێ بەخشی .
نەرویــج:
لە نەرویجدا ، لە هاوشێوەی ( برایانی گریم ) ی ئەڵمانی ، دوو نووسەری
هاوڕێی دڵسۆزی یەکتری ( پێتەر کریستن ئاسبیورنسن : ١٨١٢ ـ ١٨٨٢) و (
یورگن موا : ١٨١٣ ـ ١٨٨٥ ) لە سەدەی نۆزدەمیندا دەستیان بە کۆکردنەوەی
ئەفسانە و مەتەڵ و داستان و چیرۆکە میللییەکانی نەرویج کرد ، بە
شێوەیەکی هۆنەری و ئەدەبیی گۆنجا ، دووبارە بۆ منداڵان دایان
ڕشتوونەتەوە و ، لە چەند بەرگێکدا چاپیان کردوون ، دەستپێکی
چیرۆکەکانیش بە دەستەواژەی و بە ( جارێک لە جاران ... ) دەستیان
پێکردوون .. ئەوچیرۆکەکانیش هەربە ناوی ئەم دوو هاوڕی یەوە
بڵوکراونەتەوە ، بە ناوی ( چیرۆکەکانی ئاسبیورنسن و موا ) ناودەبرێن ،
کە بە بەشێک لە کەلەپووری ئەدەبیی نەروىج دەزانرێن .. چیرۆکەکانیان
گوڕیون بۆ سەر چەندین زمانی جیهانی .
( جۆنستاین گاردەر ) لەدایکبووی ساڵی ( ١٩٥٢) ز ، لە ژیاندایە ،
مامۆستایەکی فەلسەفە و مێژووە لە زانکۆدا .. لە بواری فێرکردن و
ئەدەبدا ، پێکەوە کاردەکات . نووسەرێکی بەناوبانگی نەرویجییە ، لە
بواری نووسینی چیرۆک بۆ منداڵان .
ئەمەریکا:
وەکو دەزانین ، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، لە کۆتایی سەدەی
پانگزەمیندا ، لە ساڵی ( ١٤٩٨) دا ، لە لایەن گەڕیدەی بەناوبانگی
ئیتالی ( کریستۆف کۆڵۆمبس ) ەوە دۆزرایەوە .. بەڵام ( هیندییە سوورەکان
) زیاتر لە ( دە هەزار ساڵ )ـە لەوێدا دەژین و خەڵکی رەسەنی ئەو
کێشوەرەن .. ئێمە لێرەدا مەبەستمان لەو نەتەوەانەی ترە ، کە لە دوای
دۆزینەوەی ئەمەریکادا ، لە وڵاتانی ترەوە کۆچیان بۆ کرد .. بۆیە
دەتوانین بڵێین داب و نەریتی ئەدەبی لە ئەمەریکادا ، لە چاو وڵاتانی
ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقاوە .. رەگ و ریشە و ، سیمایەکی تایبەتمەندی و
مێژووییی ئەوتۆی نییە .. بەڵکو ئەمەریکا پشتی بە وڵاتانی تر دەبەست ،
کە لە هونەر و لە ئەدەبدا ، زۆر پێشی کەوتبوون و ، لەو پێشکەوتووتر
بوون .
ئەدەب بە گشتی و ، ئەدەبی منداڵان بە تایبەتی زۆر بە خێرایی و بە باشی
لە ئەمەریکادا گەشیان کرد ، ئێستا ئەمەریکا زۆر لە پێشی ئەو
وڵاتانەوەیە کە پێشتر پێشی کەوتبوون .
نووسەر ( سمۆئیل جۆد ریتش ) رۆڵیکی باڵای هەبوو ، لە پێشخستنی ئەدەبی
منداڵان لە ئەمرکادا ، ئەوەبوو ( چیرۆکەکانی پێتەر بیلی ) ی بڵاوکردەوە
.
لە ساڵی ( ١٨٧٦) بەدواوە ، گرنگییەکی زیاتر بە گەشەکردنی ئەدەبی
منـداڵان درا .. لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ئەدەبی منداڵان لە
ئەمەریکادا :
خاتوو ( لویزا مەی ئالکۆت ) و ( فرانک تۆم ) و ( ئیلیانور پۆرتەر) ، (
جۆل هاریس) ، ( مارگرێت وایز براون ) ، ( راندال بنیان ) ، ( هاربێت
بێتشەر ستاو ) و ، چەند نووسەرێکی تری ئەم بوارە .
( پۆل بنیان ) کۆمەڵێک چیرۆک و مەتەڵی میللی بۆ منداڵان نووسیوە ،
زۆربەی چیرۆکەکانیشی گۆزارشت لە پاڵەوانێتی و هێز و ئازایەتی دەکەن ..
یەکێک لە چیرۆکە ناسراوەکانی ( ئەمریکییەکی دارەوان )ە .
( جۆن هاریس) یش ( سەرکێشییەکانی مامە ریمۆس ) ی نووسیوە .
( هاربێت پێتشەر ستاو ) ، بەناوبانگترین نووسەری ئەدەبی منداڵانە لە
ئەمەریکادا .
نووسەری ناسروای ئەدەبی منداڵان خاتوو ( سارا کۆن برنات ) بوو ( وانەی
چیرۆک ) یا ( کاتژمێرێک بۆ چیرۆک ) ی داهێنا .. وانەی چیرۆک بە فەرمی
بوو بە بەشێک لە بەرنامەی پەروەردەیی لە قوتابخانەکانی ئەمەریکادا ..
هەفتانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە پۆلدا ، یا لە ژوورە تەرخانکراوی
کتێبخانە تایبەتییەکانی منداڵاندا .. منداڵان بە جۆش و پەرۆشەوە لە
دەوری مامۆستاکەیان ، یا لە دەوری چیرۆکخواندا دادەنیشن و ، گوێ لە
چیرۆکێکی تازە دەگرن .. دوایش دەمەتەقێی لەسەردەکەن و ، هەریەکەشیان
سەرنج و رای خۆی دەربارەی چیرۆکەکە دەردەبڕێت .. بە پراکتیکی ئەوەش
ساغبۆتەوە ، بەلای منداڵانەوە ، چێژی گوێگرتن لە چیرۆک ، لە چێژی
خوێندنەوەی کەمتر نییە .
شایانی باسیشە لە ساڵی ( ١٩٦٤) ەوە ، لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا ،
راوێژکارێک بە ناوی ( راوێــــژکاری کتـــێبی منـــداڵان ) ەوە دانرا
.. یەکەمین راوێژکـاریش ، خاتــوو ( زیــلا جـاکۆیش ) بوو .. کە
بەڕێوەبەری بەشی منداڵان بوو لە کتێبخانەی گۆنگرێسی ئەمەریکادا .
ئەمڕۆ لە ئەمەریکادا ، ساڵانە چەندین کتێب و گۆڤاری بابەت هەمەڕەنگە بۆ
منداڵان دەردەکرێن و ، بە ملیۆنان دانەیان لێ چاپ دەکرێن و بە نرخێکی
هەرزان دەفرۆشرێن ، بایەخێکی زۆریش بە رەنگ و دیزایین و لایەنی
هونەرییان دەدەن .. بە سەدان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤاری
منداڵان لەم بوارەدا خزمەت دەکەن .. بەشێکی زۆری ئەم گۆڤار و
رۆژنامانەی منداڵان ، منداڵان خۆیان سەرپەرشتییان دەکەن و ، دەریان
دەهێنن .. ئەمەریکا بایەخێکی زۆریشی بە کتێبخانەی تایبەت بە منداڵان
داوە ، بە سەدان کتێبخانەی گشتیی منداڵان ، لە ئەم پەڕ تا ئەوپەڕی
ئەمەریکادا هەن .. بە زۆریش منداڵان خۆیان بەڕیوەیان دەبەن .
پێویستە ئامەژەش ، بە کەڵە هونەرمەند و داهێنەری فیلمی کارتۆن و
ئینیمەیشن ، دەرهێنەری بلیمەت و فیلمساز ( واڵت دیزنی : ١٩٠١ ـ ١٩٦٦)
بکەین .. کە رۆڵێکی باڵای لە پێشخستن و بە نەمری کردنی چیرۆک و رۆمان و
ئەفسانە نووسراوەکانی نووسەران هەبوو .. چەندین چیرۆکی ئەفسانەیی ، بە
فیلمی کارتۆن دەرهێناوە .
ئیتالـیا:
بەشێکی زۆری نووسەرانی ئیتالیا ، لە نووسینی چیرۆکی ئەفسانەیی و داستان
دوورکەوتنەوەوە .. بەڵام لە ئەمڕۆدا ، چەند ئاراستەیەکی نوێ لە
ئارادایە بۆ بوژاندنەوەی کەلەپووری ئیتالی .. پێشەنگی ئەم ئەم هەوڵەش ،
نووسەری ناسراو ( ئیتالۆ کالفینۆ ) یە ، کە لە هەموو دیالیکتە
جیاوازەکانی ئیتالیاوە ، چەندین چیرۆکی ئەفسانەیی و میللی وەرگرت و ،
لە فۆرمێکی تازەی ئەدەبی و هۆنەریدا ، بە زمانی نوێی ئیتالی
دایڕشتوونەتەوە .. ئیتالۆ ئەو راستییەی خستۆتە بەرچاو ، کە ئادەمیزاد
پێش ئەوەی ببنە نەتەوەی جیاواز و ، سیما و تایبەتیی خۆیان هەبێ ، لە
کۆمەڵێک خەسڵەتی گشتیدا هاوبەشن .
ئەدەبی منداڵان لە ئیتالیادا ، بەوە ناسراوە کە پەیوەندییەکی تەواوی بە
راستییەکانی سەردەمەوە هەیە .. بە ناوبانگترین نووسەری بواری ئەدەبی
منداڵان لە ئیتالیادا ( جین روداری) یە . ئەم نووسەرە کتێبیێکی بۆ
منداڵان هەیە لەژێر ناوی ( گیرفانێک لە ئامێری تەلەفزیۆن ) دا .. کە
کۆمەڵێک چیرۆکی خۆشی بۆ منداڵان لەخۆگرتووە .
نووسەرێکی کەی ئیتالی لە بواری ئەدەبی منداڵاندا ( داڤـیدی کـالی ) یە
، خاوەنی کتێبی ( مالینا بالینا ) یا ( نەهەنگی مالینا ) یە ، کە
کتێبێکە بۆ منداڵان ، بێجگە لەم کتێبە داڤیدی ، چەند کتێبێکی تریشی بۆ
منداڵان چاپکردووە .
یۆنـان:
یۆنان ، لانکی شارستانی و ، وڵاتی فەیلەسووفان و بیرمەندە مەزنەکانی
جیهانی .. لە ساڵی ( ١٤٨٤) دا ، لە ژێر ناوی ( ئەفسانەکانی ئێسوب ) دا
، کە بریتییە لە کۆمەڵێک چیرۆکی ئەفسانەیی و ئەندێشەیی .. لە لایەن (
ولیام کاکستۆن ) ەوە ، چاپکرا و بڵاوی کردنەوە .. لە بەشی یەکەمی ئەم
نووسینەدا ئاماژەمان بە ئێسوب بەم چیرۆکانە کرد .
یۆنانییەکان بەو ئاراستەیە منداڵیان پەروەردە دەکرد ، کە لە ئاستی
بەرپرسیارێتیدا بن و پشت بە خۆیان ببەستن و ، ببنە دەربەری ئایندە .
هیندستان:
هیندییەکان ، بایەخێکی زۆریان بە منداڵان و بە ئەندەبی منداڵان دەدا ..
( چیرۆکەکانی پەنجا کنتا ) کۆمەڵێ چیرۆکی میللی بوون بۆ منداڵان ..
پێشتر ئاماژەمان بە چیرۆکەکانی ( کەلیلە و دیمنە ) کرد ، کە لە نووسینی
فەیلەسووفی هیندی ( بەیدەبا )ن .
ئێـران:
لە کۆندا لە ئێران ، لەسەر بنەمای ئەم سێ پرانسیپە منداڵانیان
فێردەکردن و ، رایان دەهێنان : ( ئەسپ سواری ، تیرهاویشتن ، راستگۆیی )
.. دوایش وەکو جەنگاوەرێک دەخرانە ریزی جەنگاوەرانەوە و ، لە تەمەنی
پانگزە ساڵیشدا ( پشتێنی پیاوانە ) یان لە پشتی منداڵ دەکرد ..
ناسراوترین و بە ناوبانگترین نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان لە ێێراندا
، چیرۆکنووسی منداڵان و شاعیر ( سەمەدی بەهرەنگی : ١٩٣٩ ـ ١٩٦٣) یە کە
لە شاری تەورێز لەدایک بووە ، نووسەرێکی بە رەگەز ئەزەری یە .. یەکێک
لە چیرۆکەکانی بۆ منداڵان ( ماسییە رەشە بچکۆلەکە ) یە ، ئەم چیرۆکە
گۆڕیویانەتە سەر زمانی کوردیش ، سەمەدی بەهرەنگی چەند کتێبیکی تریشی
نووسیوە ، یەکێک لەو کتێبانەی ( ئەفسانەکانی ئازربیجان )ە .
( هۆشەنگ مرادی کرمانی ) نووسەریکی ناسراوی ئێستای ئێرانە ، لە ( ١٩٩٠)
ەوە لە بۆرای نووسین بۆ منداڵاندا ، دەستی بە نووسین کردووە .. چەند
کتێبێکی بۆ منداڵان چاپ کردووە .. کتێبەکانی گۆڕیویانن بۆزیـاتر لە (
٢٠) زمانی جیهانی .
ژاپـۆن:
ژاپۆنییەکانیش شوێن پەنجەیان لە گەشەکردنی ئەدەبی منداڵاندا دیارە ..
گەلێ نووسەری باشیان لەم بوارەدا هەیە .. ناسراوترینیان ، خاتوو (
کیوکو ئیواسکی )یە ، کە چەند کتێبێکی دەربارەی ئاژەڵ و باڵندە و گوڵ بۆ
منداڵان چاپکردووە .. ئامانجی خاتوو کیوکو بایەخدانە بە سروشت .
ئیسپانیا:
نووسەرانی ئەدەبی منداڵان لە ئیسپانیادا ، بۆ دابین کردنی بابەتی
هەمەڕەنگەی ئەدەبیی پێویست بۆ منداڵانی قوتابخانەکانە بنەڕەتییەکان و،
بۆ دەرەوەی قوتابخانە ، بە لێشاو دەیانووسی .. بۆ داهێنانی و گەشەکردنی
ئەم جۆرە ئەدەبەش ، چەند یانەیەکی رۆشنبیریی ئیسپانی ی بەتەنگەوەهاتووی
منداڵان ، هانی نووسەرانیان دەدا و خەڵاتیان بۆ باشترین تێکست بۆ
منداڵان تەرخان کردبوو ، لەوانەش : ( خەڵاتی یانەی کریکۆ ) کە ( ٩٣)
کتێبخانە ئەندامی ئەم یانەیەن .. ( خەڵاتی یانەی کاڵتۆ ) بۆ داهێنانی
ئەدەبی منداڵان ..( خەڵاتی کۆمەڵەی رۆشنبیری ) ی ناسراو بە ( قەڵای
دێرین ) .
نووسەری ئیسپانی ( خستیە میرینۆ ) خاوەنی رۆمانی ( فرمێسکەکانی خۆر )
چەندین نووسینی جوان و بەسوودی بۆ منداڵان نووسیوە .
هەریەکەش لە وڵاتانی ( بولگاریا ، چین ، رۆمانیا ) رۆڵیان لە گەشەکردنی
ئەدەبی منداڵاندا هەبووە ، بە تایبەتیش لە ( بولگاریا ) دا ، ئەدەبی
منداڵان پێشکەوتووە .
________________________________
*
لە (بەشی سێیەم)دا، باس لە مێژووی ئەدەبی منداڵان، لە چەند وڵاتێکی
عەرەبی و لە عێراقدا دەکەین.. لە (بەشی چوارەم)یشدا، باسی مێژووی
ئەدەبی منداڵانی کورد لە کوردستاندا دەکەین.
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/mejuyedebimindalan.htm
٣\٨\٢٠١٣
- نەرویـج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|