په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠٢٠
بۆ رای گشتیی خەڵکی کوردستان:

مێژوویەک لە شەڕەنگێزیی و چەواشەکاریی و

روونکردنەوەیەک لە کۆمەڵێک هاوڕێ و کەسوکاری شەھیدانی ئاڵای شۆڕش.

 


لە میانەی کاردانەوەی بەرامبەر بڵاوبوونەوەی کتێبێکی مەلا بەختیار (لە بڕی بیرەوەری) لەسەر مێژووی کۆمەڵە و ئاڵای شۆڕش و ناکۆکیەکانی ھەناوی ئەوسای و دەرئەنجامەکانی، بزووتنەوەی گۆڕان بەشیوەیەکی سیستماتیکی و ھیستیری راست وچەپ کەوتە وێزەی لایەنێکی گەشی بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان. بە ھەمان نەفەس و عەقلیەتی ئەوسای باڵی ڕاستڕەو و زاڵی سەرکردایەتی کۆمەڵە، بێ رێزگرتن لە خوێنی ئەو ھەموو شەھیدانەی ئالای شۆڕش و خەباتی ھاوڕێیانی لە شاخ و لە شار و زیندانەکانی بەعس، ھەمان تۆمەتی ناڕەوای ئەو کاتەی سەرکردەکانی کۆمەڵەیان خستە پاڵ ئەم ڕێکخراوە. ئەمەش ھەمووی لە پای پاکانەکردن بۆ دامەزرێنەری بزوتنەوەکەیان، نەوشێروان مستەفا و پیرۆزکردنی. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم چەواشەکاریانەی برادەرانی گۆڕان و دەرخستنی ڕاستییە مێژووییەکان و بەرگری کردن لە خەبات و خوێنی پێشمەرگە و شەھیدانی ئاڵای شۆڕش، ئێمە وەک ژمارەیەک لە ئەندامان و خانەوادەی شەھیدانی ئەم ڕێکخراوە، بە پێویستی دەزانین ڕوونکردنەوەی خۆمان لەم بارەوە لە چەند خاڵێک بخەینەڕوو:


١. بۆ برادەرانی گۆڕان: ئێوە لە چەندین بۆنە دووپاتتان کردۆتەوە و شانازیش بەوەوە دەکەن، گەر لەژێر زەبرو ئەشکەنجە و ھەڕەشەش بێ، پاکانەتان بەسەرکردە زیندانی سیاسیەکانی ئاڵای شۆڕش ( مەلا بەختیار و مامۆستا پشکۆ و شێخ عەلی) واژۆکردووە، کە ئەوان بێبەرین لە ئاڵای شۆڕش. ئێستا لەپای چی ڕەش و سپی و دوێنێ و ئەمڕۆ تێکەڵ بەیەک دەکەن و ناکۆکیتان لەگەڵ مەلا بەختیار ئاوا بەرچاوتانی تاریک کردوون. ئێمە، بەدەر لەو ناکۆکیانەی نێوانتان و لە دەرەوەی سەنگەری بەرگری لە مەلابەختیار یان دژایەتی بزووتنەوەکەتان ماف بە خۆمان دەدەین و بە ئەرکێکی ئەخلاقی خۆشمانی دەزانین، کە ئەو ڕاستیە مێژووییانەی ساڵانێکە لە لایەن دوژمنانی چەپی کوردستان چەواشەکراوە، بخەینەڕوو و بەرگری لێبکەین.


٢. کاتێ ئێوە، وەک ئەوسای سەرکردایەتی کۆمەڵە، تۆمەتی خیانەت دەدەنە پاڵ ھاوڕێیانی ئەوکاتەی ئاڵآی شۆڕش، لەبیرتان چوو، ئەوە سەرکردایەتی کۆمەڵە و یەکێتی بوون.(بەتایبەتیش تالەبانی و نەوشیروان) تەڕاتێنیان بوو لە نێوان کوردستان و بەغدا و لەسەر مێزی مفاوەزات مامەڵەی بە خوێنی شەھیدان دەکرد و ئەندامانی بەپەرۆشەوە وێنەیان لەگەڵ سەدام و سەرکردەکانی بەعس دەگرت، نەک ھاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش. ئەوە ھاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش بوون دژی گەندەڵی لەناو سەرکردایەتی و شەڕی ناوخۆ و سازش کردن بوون لەگەڵ ڕژێم و لەسەر ئەم ھەڵوێستەیان بە چەنین شێواز سزا دەدران، سەیرە لای ئێوە ھەڵوێستەکە پێچەوانە بۆتەوە.


٣. ئەو کاتەی ئاڵای شۆڕش باوەڕی وا بوو، کە بێ ڕووخانی ڕژێمی فاشی بەعس و بێ ھاتنە کایەی دەسەڵاتێکی دیموکراسی لە عێراق ئەستەمە کورد لەسەر مێزی مفاوەزات مافی نەتەویی خۆی بەدەست بێنێ، ھەرواش دەرچوو، لەپای داننان بە ھەڵەکان، کەچی سەرکردایەتی کۆمەڵە تۆمەتی عێراقچێتییان دەخستنە پاڵ. ئێستاش سەیرە ئێوە ئەم قەوانە سواسە دووبارە لێدەدەنەوە.


٤. تۆمەتی وابەستەیی ئاڵای شۆڕش بە پارتی و چوونە (بەرەی جود) ەوە، دەرکەوت کە مایەپووچ دەرچوون. ئەوەی جێی گاڵتەجاڕیە ئێوە لەو پێگە سیاسیە شەرمئامێزەی ئێستاتان و لە باوەشی پارتی ئێستاش ئەو تۆمەتە دەبەخشنەوە. مەگەر بە پێودانگی ئێوە پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا لەوسا شۆڕشگێڕتر بووبێ!


٥. ئەوەی زیاتر لەو ھەڵمەتەتان قێزەونە شانازیکردنتانە بە جەلادیی، چێژ وەرگرتنتانە لە ئەشکەنجەدان، ھەڕەشەلێکردن و پاکانەپێکردن بە کەسانی تر. بۆ ئەوسەردەمەی ھەشتاکان ڕەنگە ئێمە لە عەقلیەتی ئەوسای سەرکردایەتی کۆمەڵە تێگەیشتبین. بیرکردنەوەی ئێوە بەھەمان عەقلیەت وھەڵسوکەوتتان بەھەمان نەفەس جێی سەرسوڕمانە. جێی شەرمەزاریە ئێوە چەند جەلادێ دێننە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکەتان و باسی پاڵەوانیتی خۆیان لە ئەشکەنجەدان و بێڕێزی و پاکانەکردن بە زیندانیان بکەن. جەلاد لە ھیچ کات و سەردەمێ و لەسایەی داپلۆسێنەرترین رژێمەکانیش شانازی بەکارەکەی خۆی نەکردووە، تەنھا لای ئێوە نەبێ.


٦. تۆمەتی پاڵپشتیکردنی بێگانە بۆ ئاڵای شۆڕش جێی پێکەنینە، کاتێ ڕووداوەکان ھەر زوو ئەمەیان پوچەڵ کردەوە و دەرکەوت ئاڵای شۆڕش ھەڵقوڵاو و پێویستیی قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراو بوو، بە پێچەوانەوە زۆربەی حیزبە باڵادەستەکانی ئەوسا و ئێستاش قاچێکیان لە کوردستان و ئەویتریان لەوبەری سنووربووە، بە ئیستاشەوە.


٧. تۆمەتی بوونی کەسانی سیخوڕ و سەر بە ڕژێم لە ڕیزەکانی ئاڵای شۆڕش نەک ھەرشتێکی بێمانایە و تاکە بەڵگەیەکیش لەسەریان ساغ نەبۆوە، بەڵکو دەرکەوت کە تاکە ڕێکخراوێک بوو لە سەختترین ڕۆژانی دوای ئەنفال لە شارەکان درێژەی بە خەباتی نھێنی خۆی دا و چەندین تێکۆشەری لەم ڕێگایەدا بوونە قوربانی. ئەوە ئەو تۆمەتبەخشانەی ئەو سەردەمە بوون، کە چەندین فایلی زەبەلاحیان لەلایەن ڕژێم لە دوای ڕاپەڕین ئاشکرا بوو، نەک ھاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش.


٨. ئێمە بێگومانین، کە مێژوو ڕاستیەکان دەخاتە سەر ڕێچکەی خۆی و دەریدەخا، کە ھاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش وەک ڕێکخراوێکی چەپی کوردستانی دوای بەلاڕێدابردنی کۆمەڵە لە شاڕێبازی خۆی و بۆ ڕێگەگرتن لەو کارەسات و ماڵویرانیانەی لە سایەی ھێزە باڵادەستەکانی ئەوسا و ئێستای کوردستان بەسەر گەلی کوردستاندا ھاتن، ھاتنە مەیدان. جێی داخە، کە پێشبینیەکانی و مەترسیەکانی ئەو ساتەیان و دواتر و ئیستاش ھاتوونەتە دی. ئەوە ئاڵای شۆڕش نەبوو زەبری لە شۆڕش دا و پێشمەرگە و جەماوەری لە شۆڕش سارد کردەوە، بەڵکو سەرکردایەتی کۆمەڵە و یەکێتی، لە پێش ھەموویانەوە نەوشێروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی بوون، بە ھەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و دەست تێکەڵکردن و تەسلیم بوون بە ڕژیم و تەسفیەکردنی نەیارانی گەندەڵی و مفاوەزات و لادنی سەرکردایەتی بوو ،کە پێگەی شۆڕشیان لەق کرد و ئەم ھەموو کارەساتەیان بەسەر گەلی کوردستان بەدوای خۆی ھێنا.


٩. ئەوەی جێی سەرنجە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکەتان نەوشێروان مستەفا خۆی لەچەندین بۆنە وبە نووسین و بە زارەکی، گەر لەڕووی مێژووییەوە درەنگ و لەڕووی سیاسیشەوە جێی متمانەش نەبێ، لێپرسراوێتی خۆی لە شەرەنگێزیی و چەواشەکاریی یەکانی ڕابردوو و لەو مێژووەی پەیوەست بەوە دەربڕیووە، بێ ئەوەی بچێتە سەر ورەدەکاریەکان. کەچی ئێستا برادەرانی گۆڕان ھەوڵدەدەین مێژوو بشێوێنن و ھەموو ڕاستیەکان ئاوەژوو بکەنەوە. ھەوڵدەدەن کەسایەتی نەوشیروان لە ھەموو تاوانێک بێبەری بکەن و پیرۆز ڕایگرن، نازانن بەمانە ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێتەوە. ڕووداوەکان دەریانخست، کە سەرانی دەست ڕۆێشتووی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان،لە سەرووی ھەمووشیانەوە (نەوشیروان مستەفا)بە ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەلە، چ غەدرێکی مێژووییان لە خەبات و تێکۆشانی ئەندامان و شەھیدانی کرد. گەر ئۆباڵی مێژووی ھەڵوەشاندنەوەی ئاڵای شۆڕشیش لە ئەستۆی سەرکردایەتیە بەرژەوەندخوازەکانی لەپێش ھەموویانەوە (مەلا بەختیار) بێ، ئەوا سەرانی کۆمەڵەش جارێکی تر، بە دژایەتی کردنی ئەم ئەزموونە و لەناوبردنی، شەرمەزاری مێژوو بوونەوە. لەم ساتە ناھەموارەی گەلەکەمانی پێدا دەڕوا دەبوایە برادەرانی گۆڕان وەڵامێکی دروست بەو کارەساتەی بەسەر گەلەکماندا ھێناویانە بدەنەوە، نەک ھەوڵدان بۆ دووبارە چەواشەکردنی مێژوو.


١٠. بۆ برادەرانی گۆڕان: لایەنی کەم شەھامەتی سیاسی ئەوەتان ھەبێ بە خۆتان دابچنەوە. ئێمە چاوەڕوانی زۆرتان لێناکەین، کەمترین شت کە بتوانن بیکەن داوای لێبووردنە لە ‌ھاوڕێیان و کەسوکاری شەھیدانی ئاڵای شۆڕش بۆ ئەو سوکایەتی پێکردنەی ئەم دواییەتان.

 


کۆمەڵێک هاوڕێ و کەسوکاری شەھیدانی ئاڵای شۆڕش
٢٥\١٠\٢٠٢٠

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک