١٩\١٢\٢٠١٣
مێژووی ماندیلا لە
گۆشەیەکی ترەوە!
رەعد سەلیم
مارتن لوپر کینگ بە دەنگیکی بەرز لەبەردەم
هەزارەها لە خۆپیشاندەران هاوری کرد " خەونێکم هەیە".
خەونی
مارتن کینگ لابردنی هەموو جۆرەکانی نەژادپەرستی وئەو یاسایانە بوو لە
ئەمریکایەک کەتێیدا مانایەک بۆ هاوڵاتی بوونی ڕەشپێست نەمابۆوە. بەلام
خەونی مارتن بۆ لابردنی ئەو ستەمە تا کوشنی لەسەر دەستی مافیا سپی
پێستەکان لە سالی ١٩٦٨ مایەوە. لەهەمان کاتدا نیلسۆن ماندیلا خەباتی
دەکرد لەگەل هاوڕێکانی تریدا، بەڵام لە شوینیکی تردا ئەویش باشووری
ئەفریقا بوو، بۆ لابردنی یاساکانی رەگەزپەرستی و هینانەدی خەونەکەی
مارتین لوپر کینگ. ماندیلا قوربانی بە چارەکێ لە ژیانی خۆی دا بۆ
هینانەدی ئەو خەونە. ماندیلا توانی ببێتە سیمبولی خەباتێک لە پیناو
لابردنی رەگەزپەرستی نەک لە باشووری ئەفریقا بە تەنیا بەڵکو لەسەراسەری
گۆی زەویشدا. بەم هۆیانە ئەم مرۆڤە مەزنە جایگایەکی تایبەتی و
درەوشاوەی خۆی هەیە لە میژووی مرۆڤایەتیدا.
دوای مردنی ئەم مرۆڤە سەرۆکەکانی جیهان و میدیاکانی بۆرژوازی کەوتنە
هەڵدان بە بەژن و باڵا و وەەسفکردنی ئەم مرۆڤە، بەمەش هەواڵی مردنەکەی
شوینێکی گەورەی گرت لە میدیاکانی جیهانیدا. بەلام ئەم ماندێلایە هەمان
ئەو ماندێلایە بوو کە بوش و تارچەر و سەرۆکەکانی دنیای غەرب بە
تیرۆریستیان ناودەبرد و لەبەرانبەریدا دەیەیەک بەرگریان لە ڕژیمی
ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا کرد.
لە و کۆتایانەشدا کە ئەمریکا و رۆژئاوا بەرگریان لە ماندیلا دەکرد ،
پاش ئەوەبوو کە ماندیلا رەخنەی لەسیاسەتی چەکداری نێو کۆنگرەی نەتەوەیی
ئەفریقای باشووردا دەگرت و لەبەرانبەردا بەرگری لە سیاسەتی ئاشتی و
خەباتی مەدەنی دەکردەوە.
نیڵسون ماندیلا لەگەل ئەوەشدا لەناو کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا دا بوو،
کە حزبی کۆمۆنیست بەشیکی سەرەکی ئەو کۆنگرەیەی پیک دەهینا، خەباتی
تەنیا لە سەر مەسەلەی لابردنی یاساکانی رەگەزپەرستی لە دژی ڕەش
پیستەکان سنووردار کردبووەوە. خەباتی ماندیلا لە پیناو عەدالەتی
کۆمەلایەتی و یەکسانی نەبوو، خەباتی لە پیناو هەڵگرتنی کۆیلایەتی لەسەر
چینی کرێکار و تەواوبوونی چەوەسانەوەی سەرمایەداران لەسەر چینی کریکار
نەبوو، خەباتی لە دژی نیزامی سەرمایەداری نەبوو، بەڵکو خەباتی ماندیلا
لەپێناو بەیەکەوە ژیانی سەرمایەدارانی ڕەش پیست و سپی پیست، مانەوەی
نیزامی چینایەتی چەواسەنەوەی چینی کریکار بوو.
خەباتی ماندیلا لە پیناو باشترکردنی ژیانی نالە باری ملوێنەها لە
کرێکارانی ڕەش پیست و سنوور بۆ چەوسانەوەیان نەبوو، بەڵکو بە
پێچەوانەوە خەباتی لە پێناو یەکخستنی ماڵی بۆرژوازی و رێکخستنی چینی
سەرمایەدار بوو لە باشووری ئەفریقادا. ماندێلا سەرکەوت لە خەباتی دا لە
پیناو لابردنی رەگەزپەرستیدا، بەلام جێگەوڕێگەی سەختی ئابوری مەلیۆنەها
لە مرۆڤ لە شوینی خۆی مایەوە بەبێ گۆڕانکاری.
کاتێ ماندیلا دەستەڵاتی گرتەدەست هەوڵی دا ڕیزی چینی سەرمایەداران
رێکبخات و کیشە ناوخۆییەەکانیان لابەرێ و ژینگەیەکی گونجاو بۆ سەرمایە
و سەرمایەگوزاری لەو وڵاتەدا فەراهەم بکات. ماندێلا بەهۆی ئەو پێگە
بەهێزەی کە لە نێو دەستەڵات و جەماوەرەکەیدا هەیبوو، دەیتوانی زۆریک لە
یاساکان لە بەرژەوەندی چینی مەحروم و زوڵم لیکروان بگۆڕێت، یان لایەنی
کەم هەندێ یاسا جیگیربکات کە لە بەرژەوەندی کریکاران و زەحمەتکێشانی
ئەو وڵاتە بێت. ماندێلا دەیتوانی هەندی یاسای وەکو ئازادی مانگرتن
وخۆپشاندان و مافی دروستکردنی سەندیکای کریکاران جێگیربکات، هەروەها لە
توانایدا هەبوو یاسا مەدەنیەکانی تری وەکو یاسای یەکسانی ژن و پیاو،
قدەغەکردنی کاری منداڵان و گۆرینی یاساکانی بیمەی تەندروستی و
کۆمەڵایەتی جێگیر بکات. ماندێلا ئەو ڕاستییەی دەزانی کە یاساکانی ڕژێمی
ڕەگەزپەرستی ئەفریقای باشوور چۆنچۆنی شیلەی گیانی کرێکارانی ڕەشپێستی
دەمژی، چۆنچۆنی منداڵان وژنانی دەخستە سەر شەقامەکان.
ئەگەر ماندیلا ئەو یاسایانەی بگۆریبایە لەکاتی دەستەڵاتیدا ، لە
ئیستادا پولیسی ڕژێمی ئیستا نەیاندەتوانی بەبەرچاوی کامێرەی
رۆژنامەنووسانەوە بە فیشەک بەرببنە گیانی کریکارانی مانگرتوو. گەر
ماندیلا هەوڵی بدایە یاسای کۆمەڵایەتی و پاراستی تەندروستی بگۆرایبایە،
ئەوا لە ئیستادا ژنانمان نەدەدی ١٢ سەعات کار بکەن لە کێڵگە
کشتووکاڵییەکانی سپی پیستەکاندا، منداڵانی ژیر ١٦ سالانمان نەدەدی کار
بکەن لە شەقامەکانی جوهانسبۆرگ و کێپ تاون و شارەکانی تردا. گەر
ماندیلا یاسای بیمەی تەندروستی بگۆرایبایە ، ئەوا ئیستا ملوینەها لە
فەقیرو هەژارمان نەدەدینی بە دەست نەخۆشی ئایدزوە بنالێنن.
شوڕش و خەباتی نیڵسون ماندیلا لە پیناو پیکەوەژیانی سپی پیست و رەش
پیست بوو، بە تایبەتی لە نیوان بۆرژوازی سپی پیست و ڕەش پیست دا، بۆ
ڕەخسناندنی هەلومورجی لەبار بۆ چەوسانەوەی چینی کریکار و رەخساندنی
ژینگەی لەبار بۆ سەرمایەگوزاری لە ئەفریقای باشووردا.
ئەمەویت ئەوە بڵێم پەیامی ماندیلا و خەباتی لە دژی ڕەگەزپەرستی
خەباتێکی شەرافەتمەندانە بوو. بەڵام خەبات و شۆڕشەکەی بەس
نەبوو.پێویستە مێژو و شۆڕشی ماندێلا لە هەموو گۆشەیەکەوە بخۆینیتەوە.
ئێمە کۆمۆنیستەکان دەبیت بیروبۆچوونی زۆر قوڵمان هەبیت بۆ شورش و
جۆلانەوە کومەلایەتیەکان.پێویستە لە ئەزمونەکانی ماندیلا، بەهاری
عەرەبی و شۆرشەکانی تر فێربین ، چونکە چینی کرێکار لە جیهاندا
بەخوێندنەوەی وردی ئەو ئەزمونانە سوودمەند دەبێت. ئەو جوڵانەوە و
شۆڕشانە فێرمان دەکات: کە هەموو شۆرش و جۆلانەوەیەک ناتوانێ ژیانمان
بگۆڕیت و گۆرانکاری بنەڕەتی لە ژیانماندا دروست بکات.فێردەبین کە چینی
کریکار هیچ ئامانجیکی هاوبەشی لەگەل سەرمایەداری دا نییە لە شورشێکی
هاوبش دا.
________________
وەرگێڕانی: سەردار
raedsalim11@yahoo.com
|