٢٥\١١\٢٠١٥
مێژووی پێش
ئیسلام مێژووی جاهلیەت نییە!
مرۆڤەکان هەموو وەک
یەکن!

جەمال عەزیز
زۆر گەل و نەتەوەی جیاواز هەن لەڕووی کلتور
، زمان ، مێژوو ، شارستانیەت، کە جیاوازیان لەیەکتری هەیە ، بەڵام ئەم
جیاوازیە ناگاتە ئەو بڕیارەی کە فڵان مرۆڤ لە فڵانی دی باشترە، هیچ
زمانێک ناشیرین ،یان ناخۆش نیە چونکە ئەو خەڵکانەی کە ئاخافتنی پێدەکەن
هەر بەوزمانە مێژووی خۆیان نووسیوەتەوە، بەهەمان زمان کلتور
شارستانیەتیان پاراستووە ، قسەی خۆش وناخۆشیان داهێناوە، لەناو خۆیاندا
باشترین هۆکارە بۆ لەیەک گەشتن ، کەواتە ناکرێ گاڵتە بەهیچ زمانێک بکرێ
و تەنها زمانێک بە سەر هەموو زمانەکاندا فەرزبکرێ ، بۆ نموونە عەرەب
ومسوڵمانان بە زمانی کوردی دەڵێن زمانی ڕۆڵەکانی جنۆکە، ئەگەر ئەم
فەرزکردنەی زمان هاتە ئاراوە ، ئەگەر وابێ لە دکتاتۆریەت وبەربەریەت
زیاتر هیچ ناوێکی تر شایستەی نەتەوەی عەرەب وئاینی ئیسلام نیە،
هەرچەندە ئەو کێشەیان هەیە کەبێجگە لە زمانی عەرەبی هیچ زمانێکی تر بە
ڕەوان نابینن ، سەرەڕایی ئەمەش پڕوپاگەندەی زمانی کۆتایی دنیای بۆ
دەکەن.
مێژووی کۆنی عەرەب وەک نەتەوە ، مێژووی ئیسلام وەک دینێک لەنیمچە
دورگەی عەرەبی لەگەڵ تەورات وئنجیل ئەبێت لێکۆڵینەوەیان لەسەربکرێت،
هەروەها بەهۆی ئەو هەموو کوشتن وتاڵانی و سڕینەوەی بەرامبەر بەیەکتری
کردویانە بوونەتە هۆی سەرئێشە بۆ زۆر لەمرۆڤەکانی ڕابردوو هەروەها
داهاتووش، بەکەنیزەک بردنی ئافرەتان و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک
دەستکەووتی جەنگ مێژووەکەیانی خستۆتە ژێرپرسیارەوە ،بەهۆی دابڕاوی
عەرەب لەنیمچە دورگەی عەرەب و نامۆبوونیان بەشارستانیەتی دێرینی
مرۆڤایەتی دەتوانین بڵێین مێژوویان مێژوویەکی جاهلیەتە ، بەڵام ناکرێ
هەموو مێژووی مرۆڤایەتی پێش ئیسلام بە مێژووی جاهلیەت ناوزەند بکەین ،
هەرسێ ئاینە ئاسمانیەکە لەپێشیانەوە ئاینی جووەکان(تەورات)
مەسیحیەکان(ئنجیل) نەیانتوانی کۆیلەکان ڕزگار بکەن، یان کەمێک سۆز
بخەنە دڵی خاوەن کۆیلەکانەوە تاکو کەمێک ژیانی کۆیلەکان باشتر بێت ، لە
تەورات نوسراوە کۆیلە هەبووە خاوەن کۆیلە هەبووە کەواتە دەبێت کۆیلە
گوێڕایەڵی خاوەنەکەی بێت ، هەروەها خاوەن کۆیلە بۆی هەیە هەموو
مامەڵەیەک بەکۆیلەوە بکات لەبەر ئەوەی نانی دەداتێ ، لە ئنجیلدا هاتووە
کۆیلە و خاوەن کۆیلە هەبووە و هەر دەمێنێ نابێت کۆیلە بیر لە یاخی بوون
بکاتەوە ، بەڵام دەبێت خاوەن کۆیلەش کەمێک بیر لە کۆیلەکەی بکاتەوە
تاکو لەبرسان ولەسەرما نەمرێ ، پاشان دینی ئیسلامیشی هاتە سەر ، بەڵام
ژیانی کۆیلەکان هەروەک خۆی مایەوە لەبەر ئەوەی هەرسێ دینەکە لە
جغرافیایەکی تایبەتدا سەریان هەڵدابوو.
ئیسلام وەک دینێک کە جێگەی سەرهەڵدانی نیمچەدورگەی عەرەبی بوو
مێژوویەکی نوێیە بەراورد بە ئاینی زەردەشتی یان ئاینی یەهودی تا ئاینی
مەسیحی ، هەرسێ ئاینەکە خاوەنی کتێبی پیرۆز بەخۆیانن، یەکتاپەرستی لای
زەردەشتیەکان زیاتر گرنگی پێدەدرا بەراورد بە ئیسلام (ئاهۆرامازدا)
خودای خۆشەویستی ، یەکسانی ، ئاوەدانی بوو لای زەردەشتیەکان،
ئاهۆرامازدا نەلەم دنیاو نەلەڕۆژی کۆتایشدا کەس ناسووتێنێ، هەروەها
هانی کەسیش نادات خەڵکی بۆ بکوژن، کۆیلەی ناوێ، ئافرەتی وەک کەنیزەک
قبووڵ نیە، ئافرەت زۆر جێگەی ڕێزە نەک تەنها هۆکاربێت بۆ تێرکردنی
ئارەزووەکانی پیاو، زەردەشت هانی کەس نادات بۆ شەڕ وکوشتار ، ئاڤێستا
بەزۆر یان بە شمشێر نەسەپێندراوە، هەروەها زەردەشتیەکان هیچ تاڵان
وکوشتارێکیان نەکردوە تاکو پەیامبەر زەردەشت لەسەدا پێنجی هەموو
دەستکەوتەکانی بەربکەوێ بە کۆیلەکانیشەوە.
زۆر نەتەوەی جیاواز هەن خاوەن مێژووی دێرینن ، شارستانیەت وکلتوریان
شاهیدی ئەو ڕاستیەن کە هەمیشە خۆشبەختی و ئازادیان ویستووە ،
منداڵەکانیان هانداوە بۆ ڕێز وخۆشەویستی تێکڕایی مرۆڤایەتی، لە مێژووی
کوردا بەئاشکرا هەستی پێدەکرێ لە گۆرانی و بەستەو حەیرانەکان ، لە
لایلای دایکان بۆ منداڵەکانیان ئاشکرا دیارە چۆن منداڵەکانیان گۆش
دەکەن دژ بەڕەگەزپەرستی ،هەروەها فێریان دەکەن گۆشیان دەکەن چۆن
نیشتمانی خۆیان خۆش بووێت ، منداڵەکانیان فێردەکەن نەچن بەگژهیچ
نەتەوەو ئاینێکی تردا چونکە ڕۆژێک دێت کە بەکاریان بێت وەک برا
کارەکانی یەکتری تەواوبکەن ،( قانعی شاعیری کورد دەفەرمووێ ، ڕۆڵە
عیسایی یاخود موسایی مەچۆ بەگژیا هەر بەخۆڕایی ، ڕۆژێک ئەبێت کەبەکارت
بێ وەک برایی گیانی هەم خەمخوارت بێ ) خەبات وتێکۆشانی هەرنەتەوەیەک
لەڕووی سیاسی وفەرهەنگی تا ئابوری دەبێت ڕێزی لێبگیرێ ، بەسوک
سەیرکردنی هەرنەتەوەیەک کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە هەروەک هێرشی
عەرەبە مسوڵمانەکان بۆ سەر نەتەوەی کورد و خاكی کوردستان بەسەرکردایەتی
خالیدی کوڕی وەلید و عەبدوللەی کوڕی عومەری کوڕی خەتاب، مێژووی شاهیدی
ئەو هەموو تاوانەیە کە عەرەبەکان بەرامبەر بەنەتەوەی کورد کردیان
بەشێوەیەک لەمێژووی خۆیاندا نوسراوە کە هێندە کوردیان کوشتووە خوێن
لاشەی بردووە ، هەروەها مێژوویان شاهێدی ئەو ڕاستیە دەدات کە چەندێک
تامەزرۆی بەکەنیزەک کردنی ئافرەتانی کورد بوون، بەشێوەیەک باسی دەکەن
کەتەنها ئەوانن بتوانن شانازی پێوەبکەن ئەگەرنا شەرمەزاریە بۆ هەموو
مرۆڤایەتی ،هێندە دڵڕەق بوون بەرامبەر بەکورد تەنها بەکوشتن کۆتاییان
نەهێنا بەڵکو کلتوریان شێواند ، مێژوویان شێواند ، تائەمڕۆشی
لەگەڵدابێت لەڕێگەی چڵکاوخۆرەکانیانەوە ڕق و کینە بڵاو دەکەنەوە ،شانازی
کردن بەکلتورو مێژوو زمانی کوردی وەک کفر وتاوان دێتەناساندن.
عەرەب بەگشتی و عەرەبی مسوڵمان بەتایبەتی سودێکی باشیان لەئاین بینی ،
تاقە نەتەوەن کە دینیان کرد بەقوربانی نەتەوەکەیان و توانیان لەڕێگەی
ئاینی ئیسلام نەتەوەی عەرەب بکەن بەخاوەنی شارستانی ، هەرچەندە
شارستانیەتی دزراویش بێت، ڕوویان لە هەرجێگایەک کردبێ سەرەتا وەک
مسوڵمان دەچوون ، باش دەیانزانی بێجگە لەعەرەب هەموو نەتەوەکانی تر دین
وەک هۆکاری ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیان وەردەگرن ،بەڵام عەرەب
ومسوڵمانەکان هەر ئەوەندەی جێگەی خۆیان لەهەر ناوچەیەکدا بکردایەتەوە ،
یان هێرشیان بکردایەتە سەر هەر نەتەوەو ئاینێکی جیاواز وەک عەرەب
هەڵسوکەوتیان دەکرد ، هەڵسوکەوتیان تەنها خوێن ڕشتن ، سەرانە وەرگرتن ،
بە کەنیزەک بردنی ئافرەتان ، تاڵان کردنی هەموو شارستانیەتێک کە
بکەوتایەتە بەردەستیان ، سەپاندنی کلتوری عەرەبی بیابان ،لەهەمووی
گرنگتر سووتاندنی هەموو نوسراوو کتێبێک گەربکەوتایەتە بەردەستیان ،
مێژووی عەرەب ومسوڵمانان شاهێدی ئەو ڕاستیەن کە طارق ی کوڕی زیاد
ئەندەلوسی کۆن وئیسپانیای ئەمڕۆی داگیرکرد باری ٨٠ هەشتا ئەسپ کتێبێان
کۆکردەوەو سووتاندیان و ئاویان پێگەرم کرد تاکو خۆیانی پێ بشۆن، پاشان
هەر عەرەب ومسوڵمانەکان گرتیان وکوشتیان و هیچ جێگەیەکی بڵندی نیە لە
ئیسلامدا بێجگە لە داگیرکاریکی شەڕکەر ، تاوانی دزینی داهاتیان خستە
پاڵ بۆ کوشتنی تەنها لەبەر ئەوەی عەرەب نەبوو بەڵکو شەڕکەرێکی ئەمازیغی
بوو، ئەو ڕاستیە دەردەخات کە تەنها سەرکردە تەنها مسوڵمانی ڕاستەقینە
دەبێت عەرەب بێت ، وەبەتایبەتی تریش دەبێت قورەیش بێت هەموو ئەوانی تر
بەکرێگیراو یان کۆیلەی ئازادکراون.
لەڕۆژگاری تەکنەلۆژیاو پێشکەوتندا ئەگەر بمانەوێ مافی هەموو نەتەوەکان
بپارێزین دەبێت دین لەدەوڵەت جیابکەینەوە ، دەبێت عەرەب و مسوڵمانان
باوەڕ بهێنن بەهەموو نەتەوەیەک و ئاینێکی جیاواز ، دەبێت مسوڵمانان
ڕێگری نەکەن لەبەردەم جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت چونکە دین بۆ تاکە
کەسەو ژیانی دیموکراتی ودەوڵەتیش بۆ گشتی نابیت لەبری خودا حوکم بدەن
بەسەر هەموو کەسێکدا ، دیندار وبێ دین ئەوان ناتوانن دەستنیشانی بکەن ،
هەر کەسێک عەلمانی بێت لەهەر نەتەوەیەک بێت ئەگەر لەنەتەوەی سەردەستیش
بێت پێویستە ڕێگری لێنەکرێت بەپێچەوانەوە دەبێت هانبدرێ و ڕێزیشی
لێبگیرێ، ئەو ڕۆژگارە بەسەرچوو کە پیاوی ئاینی بکرێت بەدەم ڕاست
بەتایبەت پیاوانی ئاینی ئیسلام ،لەبەر ئەوەی زانست لەڕێگەیەکەو پیاوی
ئاینی لەڕێگەیەکی تر کەهەرگیز بەیەک ناگەن ، میللەتی کوردیش وەک زۆربەی
ئەو میللەتانەی کە بەزۆر کراون بەئیسلام لە باش وخراپ بێبەری نیە، زۆرن
ئەو کەسە هەلپەرستانەی دینی ئیسلامیان کردوە بە باشترین هۆکار بۆ
گەوجاندنی نەتەوەی خۆیان ، زۆرن ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی شارەزا گەنج
ولاوی نەتەوەکەیان لەخشتەدەبەن بۆ گەیاندنی پەیامی داگیرکاران ، کەم
نین ئەو مەلا بەکرێگیراوانەی هانی گەنجان وخەڵکی کوردستان دەدەن هەرگیز
شانازی نەکەن بە مێژوو ، کلتور شارستانیەت، جلوبەرگی خۆیان چونکە پێی
کافر دەبن ، ئەم کارە قێزەونانە لەسایەی دەسەڵات دەکریت ئەگەر دەسەڵات
دیموکراتی بێت ومافی تاک تێیداپارێزراو بێت نابێت ڕێگەبدات بەو جۆرە
کەسانە ژەهری ناپاکی بڕێژن.
١٩\١١\٢٠١٥
ماڵپهڕی جهمال عهزیز
|