٢\٣\٢٠٢٥
مێژووی
ڕووناکی و تاریکی.

ئەرسەلان مەحمود
بەفر دەباری. وەک چۆن ساڵانێکی دوور، لە هەموو ئیستانبوڵدا، لە شەقامە
تەنیاکان، لە سەر بانە بێسەرەکان، لە نێوان حیکایەتە کۆن و نوێیەکاندا،
بەفرێکی سپی و سارد هەر شوێنێکی داپۆشی بوو، ئێستا ئاوا لەسەر کتێبەکەی
بەردەمم، بەفرێکی سارد و سپی و بێدەنگی، دەبارێ. بەفرێک کە تیایدا
هەموو هاوارەکان، هەموو ڕەنگەکان، هەموو دەنگەکان، لە نێو ئەو سپیاتییە
ئەبەدییەدا نقووم دەبن.
لە مێژوودا دوو ڕەنگ هەبوون، سپی و ڕەش. تاریکی هەبوو و ڕووناکی هەبوو،
مرۆڤ بێ ئەوەی بییەوێ لە نێوان ئەو تاریک و ڕووناکییەدا، سەرگەردان
کەوت. هەمیشە لە نێوان ئەو دوو ئەوی دیکەیەدا، وەک سێبەر، بێناونیشان،
دەژیا. سێبەرێک لە ڕابردوودا جێماو و ئایندە نادیار، سێبەرێک لەنێوان
واقیعی تفەنگ و خەیاڵی ئاشتیدا، سێبەرێک لەنێوان ماڵوێرانی و
ئاوەدانیدا.
لە کەنارێکدا، دوور لە هەر چاوێک، ڕۆژهەڵاتێکی کەسک وەک چیا دوورەکانی
ئاناتۆلیا، دوو مرۆڤ – یان دوو سێبەر – لە تاریکیدا پێکگەیشتن.
یەکەمیان گوتی: "ئێمە ساڵانێکی درێژە لەم کەنارەدا ڕاوەستاوین،
چاوەڕێمان کرد. ئاشتی هەر نەهات. دەڵێن ئاشتی وەک پەڕەیەکی سپی دێت کە
بەسەر ئاودا دەڕوات، بەڵام لێرە لەم کەنارەدا، تەنها خوێن و فرمێسک دێن
و دەڕۆن و هەن. تۆ پێتوایە ئاشتی چییە، یان کێیە؟"
چاوەکانی وەک دوو چرای کۆنی ناو حیکایەتێکی ئەزەلی دەدرەوشانەوە، ئەو
چاوانەی هەزاران تراژیدیا و توندوتیژییان بینیبوو، ئەو چاوانەی کە لە
ئێسکی چیاکان هەڵکەندرا بوون و گەواهی بوون لەسەر هەزار زستانی سەخت و
هەزار هاوینی گەرم و سووتێنەر.
دووەمیان لە بەرگی شینی دڕاودا، سەیری ئاسمانی کرد - ئەو ئاسمانەی کە
لە شینەوە، ببوو بە خۆڵەمێشی: "ئاشتی نییە. ئەوەی هەیە،
خوێندنەوەکانمانە بۆ ئاشتی. من بۆ ئاشتی لە نێو ئایدیاکانی خۆمدا
دەگەڕێم و تۆش لە نێو تفەنگەکەتدا. ئایا کامیان ڕاستە؟ هیچیان. کامیان
درۆیە؟ هەردووکیان."
دەنگەکەی کەمێک لەرزۆک بوو، وەک ئەوەی ترس و ئاسودەیی پێکەوە تێکەڵاو
بووبێتن. دەنگەکەی وەک ئەوەی دەترسا کەسێک لەنێو کۆشکە دوورەکاندا گوێی
لێ بێت. دەنگەکەی وەک ئەوەی لە ناخییەوە، لەژێر چەندین چینی ترس و
پڕۆپاگەندادا، شتێکی تر، دەنگێکی تر، حەقیقەتێکی تر، هاواری پێکردبێ.
یەکەمیان کە چاوی پڕ لە ژانێکی چل ساڵان بوو، دەستی نا بە پێڵوی
چاوەکانی: "ئێمە لە ناو چیاکاندا، لە زستانی سەخت، لە شەوە تاریکەکاندا،
لە نێو غاشیەی مەرگدا، بۆ ئاشتی گەڕاین. لە هەموو ئەو شوێنانەدا، کەسێک
نەبوو گوێمان لێ بگرێت. لە هەموو شوێنەکاندا، دەنگی تووڕەیی و فەرمانی
مەرگ هەبوو. ئەو دەمەی کە دەمانویست دەنگمان دەربێت، بێ ئەوەی بمانەوێ
لێیکردین بە فیشەک. ئەو دەمەی کە دەمانویست بدوێین، زمانیان لێکردین بە
ئاگر و ئافات. ئەو دەمەی کە دەمانویست بڕۆین، تەلبەندیان کردین."
ئەو چیایانەی باسیان دەکرد، بەرزتر بوون لە چیاکانی ئاناتۆلیا، قووڵتر
بوون لە مێژوو، ئەو چیایانە مەرگ و ژیانیان تێدا ببوو بە ئاوێتەیەکی
ئەزەلی. ئەو زستانە سەختانەی باسیان دەکرد، سەختتر بوون لە
سەهۆڵبەندانی هەر تۆفانێک، چەتوونتر بوون لە هەر کابووسێکی زستانی.
دووەمیان، بەژێر لێوەوە قاقایەکی ئارام و ساردی لێدا: "ئاشتی دەبێت
بەخۆڕایی بێت. ئاشتی هەیە کاتێک کە ئێمە کۆنترۆڵی دەکەین، کاتێک بەناوی
مێژوو و عەدالەتەوە، بڕیاری لەسەر دەدەین. ئاشتی واتە بێدەنگی. ئاشتی
واتە ڕازیبوون بەوەی کە ئێمە دەیڵێین. ئاشتی واتە ئەوەی کە لە کۆشکەوە
دەردەچێت. ئاشتی واتە ئەوەی کە لە مێژووە ڕەسمییەکاندا دەنووسرێت."
قاقاکەی وەک دەنگی ئەو چەکوشانە وابوو کە لە بەردەکانی ناو مێژووە
دەهات تا تاشە بەردە مرۆییەکان ببنە پەیکەری دڵخوازی زۆردارەکان.
قاقاکەی پێکهاتبوو لە هەزاران ناوی سڕدراوە، هەزاران زمانی بێچراو،
هەزاران چارەنووسی تواوە. لەنێو ئەو قاقایەدا، پرسیاری ئاشتی، شکۆفەی
دەستوور و یاساسازی بەرژەوەندخوازی دەردەکەوتن.
یەکەمیان، کە دیسان چاوەکانی بڕییەوە دوور، وەک ئەوەی بیەوێت چیایەک
ببینێت کە لە ئاسۆدا سەری دەرخستبێت: "ئاشتی لەوانەیە بیست و دوو زمان
بێت کە بێ ترس قسە دەکەن. ئاشتی لەوانەیە کتێبخانەیەک بێت کە هەموو
کتێبەکانی، بە هەموو زمانەکان نووسراون. ئاشتی ڕێگەیەکە مرۆڤ تێیدا
دەتوانێت بە شانازییەوە، بە ناسنامەی خۆیەوە، بە مێژووی خۆیەوە، بە
زمانی خۆیەوە، پیاسە بکات. ئاشتی ئەوەیە کە کەس نەترسێت لە بیرکردنەوە،
لە نووسین، لە گۆرانی گوتن، لە عاشق بوون."
ئەو دوور سەیری دەکرد، وەک ئەوەی ئاسۆیەک بێت لەنێو چرکەساتەکانی ئەمڕۆ
و سبەیدا، نێوەندێک کە تیایدا مناڵان بە هەموو زمانەکان گۆرانی بڵێن،
بە هەموو ڕەنگەکان خەونی خۆیان بنووسنەوە، بە هەموو بیرکردنەوەکان
کتێبخانەی ئایندە پڕ بکەن. لەو ئاسۆیەدا، دەنگی بیست و دوو زمان پێکەوە،
لە کۆمەڵگەیەکی دیمۆکراتیدا، وەک میلۆدییەکی تەناهی ژیان بەخش، بەسەر
ڕووبارەکەدا دەڕوا.
دووەمیان، دیسان بە دەنگێکی ساردی خۆڵەمێشی: "تۆ خەون دەبینیت.
خەونەکانی تۆ مەترسیدارن. ئاشتی ئەوەیە کە تەنها یەک ئاڵا هەبێت، یەک
زمان، یەک ئایین، یەک مێژوو. ئاشتی ئەوەیە کە هەموو بیروباوەڕەکان،
ڕەنگی یەک ڕەنگ وەربگرن. ئاشتی لەوێدایە کە کەس نەتوانێت، جگە لە ئێمە،
قسە بکات. خەونەکانی تۆ و گروپەکەت، خەونی کاولکاری و دابەشبوونن.
خەونی تۆ، خەونی پچڕپچڕ کردنی ئەوەن کە ئێمە سەدان ساڵە دروستمان
کردوون."
ئەم وشانە، وەک تیغێکی ئاسنین، بە ئاسمانی ئەم دیالۆگەدا ڕۆیشتن. "یەک"
ئەو وشەیە بوو کە سەدان ساڵە وەک سیمبۆلی توندوتیژی بەکار دەهێندرێت بۆ
سڕینەوەی "فرەیی". چەندە تاڵە وەختێک "یەک" لە جوانترین ژمارەکان دەبێت
بە دروشمی ناشرینترین کردەوە. "یەک" لە زمانی ئەودا، واتای کوشتنی
هەموو زمانەکانی تر، واتای سوتاندنی هەموو کتێبەکانی تر، واتای
وێرانکردنی هەموو مێژووەکانی تر، واتای پێشێلکردنی هەموو مرۆڤەکانی تر.
یەکەمیان بێدەنگ بوو. بەڵام لە ناخیدا دیمەنێکی دی هەبوو. ڕووبارێک، کە
لە دانیشتوانی سەر لێواری ڕووبارەکە گەورەتر و پیرۆزتر بوو. ڕووبارێک
کە هەزاران ساڵە لە نێو هەزاران چیرۆکدا، دەیەوێت بگاتە دەریای
بێکۆتایی. ئەو ڕووبارە، ناسنامەی گەلێک بوو، ناسنامەی خۆی بوو، کە هیچ
هێزێک، هیچ دیوارێک، هیچ دارودەستەیەک، نەیانتوانیوە ڕێگەی بگرێ،
نەیانتوانیوە بیخنکێنێت.
ئەو ڕووبارە، دەنگێکی ئاشتیخوازانە بوو کە لەسەرووی هەموو سنوورەکان،
لە بنی هەموو دەریاکان، لە دەوری هەموو دوورگەکاندا، دەسووڕێتەوە، تا
مرۆڤەکان بگەن بە بەندەری بێکۆتایی ئاشتی. ئەو ڕووبارە بەردەوام بوو،
چونکە ناکرێت ئاوی ڕووبارەکان بخنکێنیت. ئەو ڕووبارە ئەوەندە کۆن بوو،
هەر وەک ناسنامەکەشی، کە هیچ پارێزەرێک نە توانیویەتی و نە دەتوانێت
بیسڕێتەوە.
یەکەمیان ویستی دیسان بدوێت، بەڵام لەبری ئەو، هەموو سروشت قسەی کرد.
گەڵایەکی پاییزێ، بە هێمنی کەوتە سەر ئاوی ڕووبارەکە و بە ئاڕاستەیەکی
عادیلانە بەرەو بێکۆتایی ڕۆیشت:
"ئاشتی لەوێدایە کە من و تۆ، بە بوونی یەکتری ڕازی بین. ئاشتی لەوێدایە
کە یەک ڕستە، یەک ئاڵا، یەک زمان، نەبنە دیکتاتۆر بەسەر کۆمەڵگەدا.
ئاشتی ئەوەیە کە هەموو کەسێک بتوانێت لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا،
بەشداری بکات. ئاشتی بۆ ئەوە نییە کە لە کۆشکەکانەوە بێتە خوارەوە،
بەڵکو ئەوەیە کە لە هەموو ماڵێکەوە هەڵبقوڵێت."
گەڵاکە لەسەر ئاوی ڕووبارەکە دەلەرییەوە، ڕێک وەک ئەو ناسنامە هەمیشە
زیندووە، وەک ئەو زمانە هەمیشە خۆڕاگرە، وەک ئەو مێژووە هەمیشە
ڕاستگۆیە. گەڵاکە شایەتی دەدا لەسەر هەزاران ڕووبار، هەزاران شاخ،
هەزاران گوند، هەزاران باوک و دایک، هەزاران پیر و گەنج، کە لە پێناو
ئاشتی ڕاستەقینەدا، خەونیان بینی و پێکەوە کاروانێکی مرۆییان دروستکرد
کە نە دەشکێت و نە دەشارێتەوە.
دووەمیان، کە لە ناخیدا دەیویست هەست بە ئازادی و دیمۆکراتی بکات،
بەڵام هەمیشە ترس و دڵەڕاوکێ پاڵی پێوە دەنا، گوتی: "قوربانی من و تۆ،
هیچ نییە. هەموو ڕێگەیەک دەچێتەوە سەر یەک ڕێگە. ملکەچ بە بۆ ئاڕاستەی
مێژوو، کە من درووستی دەکەم. ئەمڕۆ دۆزەخت هەڵبژاردووە. من بەهەشتێکم
بۆت ئامادە کردووە، ئەگەر تفەنگەکەت فڕێ بدەیت بۆ ناو ئاوەکە."
ئەم قسەیە، نە باوەڕپێکراو بوو، نە سروشتی. دووەمیان، ئەو کەسەی کە
دەبوایە هاوشێوەی کۆشکەکانی سەر ئەو ڕووبارە بدوێت، لە ناخیدا شاعیرێک
بوو کە نوقمی بێدەنگی کرابوو، لە ناخیدا ویژدانێک بوو کە دەیزانی کە
ئاشتی تەنها بەناوی بەهەشتەوە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە یەکسانی هەیە،
پێویستی بە دادپەروەری هەیە. بەڵام ترس وەک بەندێکی پۆڵایین، وەک
دیواری کۆشکێکی ڕەش، وەک زەنجیرێکی قورس، ئەم ڕاستییەی لەنێو دڵی ئەودا
خنکاندبوو.
یەکەمیان لە نێو بێدەنگییەکی پڕ واتادا، بەردەوام زەردەخەنەی دەهاتێ.
ئەو دەیزانی، وەک چۆن لە "قەڵای سپی" و "کتێبی ڕەش"دا دەیخوێندەوە،
مێژوو هەمیشە بۆ ئاڕاستەی خۆی دەڕوات. ئاوی ڕووبارەکە هەمیشە بەرەو
دەریا دەڕوات، تەنانەت ئەگەر هەزار بەربەستی بۆ درووست بکەیت. ئەو
دەیزانی جۆگەلەکانی ئاشتی، هەر جارە، لە شوێنێکە هەڵدەقوڵێن.
زەردەخەنەی یەکەمیان وەک ئاوی تازەی بارانێکی بەهارە بوو کە دەزانێت،
ئەمساڵیش نەبێ ساڵێکی تر هەر سەوز دەبێت، ئەمڕۆش نەبێت سبەی هەر
ڕووناکی دەبێت. ئەو گەردوون و مێژووی وەک شەمەندەفەرێک دەبینی کە لەسەر
هێڵە ئاسنینە ناوازەکانی ئاشتیدا، بە خێراییەکی ئەزەلی، بەرەو
ڕاستەقینەیی دەڕوا.
ئەو دەیزانی کە دواڕۆژ هی ئەوانە کە لەو کەنارەدا راوەستاون و
چاوەڕوانی دەکەن. ئەو دەیزانی کە ئاشتی ڕاستەقینە، لەو کەنارەدایە کە
هەموو شوناسەکان، هەموو زمانەکان، هەموو ئاییینەکان، لە نێو
کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا، پێکەوە دەژین. ئەو دەیزانی کە ئاشتی ئەوەیە
کە هەر کەسێک ببێتە خۆی و هەر کەسێک بتوانێت بە شانازییەوە و لە نێو
کۆمەڵگەیەکدا کە حاشا لە بوونی ناکات، بژی.
یەکەمیان، لە ئاسۆوە سەیری کرد وەک ئەوەی ببینێت قافڵەی مەردومان،
لەنێو هەموو دەشت و چیاکاندا، بەرەو ئاشتی ڕاستەقینە هەنگاو دەنێن. ئەو
قافڵەیە، بە تێپەڕبوونی کات، بە کۆتاییهاتنی شەڕ، بە گەشەکردنی ویژدان،
گەورەتر و گەورەتر دەبوو. هەموو ئەوانەی کە تینوویەتی دیمۆکراسییان
هەبوو، هەموو ئەوانەی کە برسیەتی ئاشتییان هەبوو، هەموو ئەوانەی کە لەم
جیهانە فرەڕەنگە، فرەزمانە، فرەئایینییەدا، دەیانویست بە سەربەرزی بژین،
لەنێو ئەو قافڵەیەدا بوون.
ئیدی ئەمەی وت: " گەڵاکە هەڵگری پەیامە ڕەسەنەکەی ئاشتییە، ئەمڕۆش نەبێ
سبەی هەر دەگات، ئەوەی تۆش لێی دەترسیت، ئێمەش نەبین هەر ڕوودەدات.
ڕۆژێک دێت کە کێفی چیاکان، قووڵایی دەریاکان، و بەرزایی ئاسمانەکان،
دەبنە سیمبۆلی ئەو کۆمەڵگە دیمۆکراتییەی کە بانگەوازی بۆ دەکەین. ڕۆژێک
دێت کە بیست و دوو زمان، لەسەر یەک کتێبخانە، بەیەکەوە پێدەکەنن و
پێکەوە گریانیان دێت. ڕۆژێک دێت کە هەموو منداڵەکان بە زمانی دایکی
خۆیان دەخوێنن و ملمانێ تەنها لەسەر کێ جوانتر و باشتر دەنووسێت، دەبێت.
ئێمە دەچین و ئەمانە دێن."
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|