په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٤\٢٠١٤

مێژووی شاری دەربەندیخان، تێکۆشانی جوتیاران و کرێکاران.


ئەحمەد رەجەب     


کۆمەڵگای کوردەواری بەھوێ نەخوێندەواری و دوور لە شارستانییەت وەک کۆمەڵگایەکی داخراوو دوواکەوتوو سەیر ئەکراوەو ئەوەش بەھوێ نەبوونی قوتابخانەو پەیوەندی بە کومەڵگا پێشکەوتووەکان و ژیانی رۆژانەی لە ژێر دەستی نەتەوە ‌باڵادەستەکان بووە کە ھەر یەک ھەوڵیداوە بە زمانی فەرمی خوێ بخوێنێت فارسی یان تورکی یان عەرەبی بێت وقەت رێگا بە زمانی کوردی نەدراوە بەرەو پێش بروات و پەرەبسێنێت.


بەھوێ دوواکەوتنی کۆمەڵگا بەشێکی گەورە لە چینوتوێژەکانی کوردستان لە ژێر باری زوڵم و زۆرداری و پێشێل کردنی مافەکانیان لە لایەن دەربەگ وخاوەن زەوی و خاوەن کارو کۆنەپەرستان ئەژیان بەتایبەت جوتیاران و کرێکاران و زەحمەتکێشان و، بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو جۆرە زوڵم و ستەمە جوتیاران پنایان بردەبەر دامەزراندنی کۆمەڵەی جوتیاران بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان یەکبخەن دژ بە دەرەبەک و کۆلاک و، کرێکارانیش کەوتنە دامەزراندنی سەندیکا {نیقابە} بۆ یەکگرتن و جێبەجێ کردن وپاراستنی دەستکەوت و مافەکانیان.


لە گوندەکانی دەوروبەری دەربەندیخان لە سەرەتای ساڵانی ١٩٤٨ و ١٩٤٩ بیرۆکەی یەکگرتنی جوتیاران کەمە کەمە چەکەرەی کردو خاوەن موڵکەکانیان ناچار کرد چیتر ئاوایەکان نەدەن بە کرێ {ئیجار} و ئەگەر ئەیدەن بە کرێ راستەوخۆ بدرێت بە جوتیارەکان و، ئەم بیرۆکەیەش لە سەرەتای بوونی یەکەم رێکخراوی حیزبی شیوعی لە ناوچەکە دەست پێئەکات و، ئەو کات ئەم بەرێزانە لەو رێکخراوەیە کاریان ئەکرد: عەلی ئەفەندی برین پێچ، حسەینی عەول و مەلا ئەحمەد بانێخێڵانی و مەلا ئەسعەد بانیخێڵانی.


بە مەبەستی کۆکردنەوەی لاوان و پیاوماقوڵانی گوند نشینەکان چەند خاڵێک دانراو، بوون بە بەرنامەی کارو بریتی بوون: لە نەھێشتنی ناکۆکی و ناحەزی لە نێوان دانێشتوانی دییەکانداو، ھاوکاری و یارمەتیدانی کەسانی کەم دەرامەت و دەست کورت و لێقەوماوو، جوتیاران بە گیانی برایەتی بەرگری لە خۆیان بکەن بەرامبەر ھەڵسوکەوتی نابەجێی خاوەن زەوی و موڵکەکان و پەرە بە تێکۆشان بدەن لە پێناو دروستکرنی قوتابخانەو نەخۆشخانە بۆ دییەکان.


لە ئەنجامی تێکۆشانی بێوچانی جوتیاران توانرا گۆڤارێک بەناو {دەنگی داس} دەر بکەن و ئەم بەرێزانە: ھاورێ ئەحمەد مەحمود حەلاق* و ھاورێ شیخ سەعید یارمەتی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی و مەلا ئەسعەدی بانیخێڵانی و مەلا حەسەنی مەلا کەریمیان ئەدا لە دەرکرنی گۆڤاری دەنگی داس کە بووە ھوێ بتەوکردنی یەکێتی لە نێوان جوتیارانی ناوچەکەو، مەلا ئەحمەد ھەوڵێکی زۆریداو خولێکی باشی کردەوە بۆ فێرکردنی خوێندن و نوسین بۆ جوتیاران و دانیشتوانی دێی بانیخێڵان و ھەندێکیان زیرەک بوون و خۆیان فێری خوێندەواری کردو لەوانە: {سەید عەبدولکەریم و حمە ئەمین محەمەد و عزیزی کوێخا} و ھەروا بەردەوام بوو لە دەرس گوتنەوە بە منداڵانی دییەکە تا قوتابخانەی رەسمیان بۆ دامەزرا.


تێکۆشان لە پەرەسەنددا بوو جوتیارانی ناوچەی کوێرەک و ھۆرێن و شێخان لە ھاوینی ١٩٥١ دەستیان کرد بە راپەرین سەبارەت بەوەی کولاکەکان ساڵانێکی زۆر باج و پارەیان لێ وەرگرتوون بە ناوی ئەوەی بەشێکی ئەدەن بە حکومەت ولە کۆتاییدا زەوییەکان بە ناو جوتیاران ناونووس ئەکرێن، بەڵام کولەکەکان پارەکەیان داوە بە حکومەت بەناوی خۆیانەوە بۆ ئەوەی زەوییەکان بە ناوی خۆیان بنووسرێنەوەو، جوتیارانی ھەموو دییەکانی ھۆڕین وشیخان راپەرین و کارەکانیان پەکخست و عەریزەو و مەزبەتەیان بۆ ھەموو لایەنە رەسمییەکان نووسی و نوێنەری دییەکان کۆبوونەوەیان ئەنجامداو سنووقێکی تایبەتییان داناو بۆ کۆکردنەوەی مەسرەفی ھاتووچۆ بۆ لای کاربەدستان و بریاردرا شەر لە گەڵ کولاک و سەرکارەکان نەکرێت و خەرمان و خەلەی یەکتر نەسووتێنرێن و ئاژاوە دروست نەکەن بۆ ئەوەی پەلکێش نەکرێن بۆ لای دامودەزگای میری و، ئەوانەی لەم راپەرینە بەشدارییان کردو رۆڵی کاریگەرییان ھەبوو ھەموو جوتیارەکان بوون بە گشتی و بە تایبەتی: حەسەن زەھاوی خەڵکی خانەقینە، مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی و مەڵا ئەسعەدی برای عەلە رەش - کوێرەک، حەمە فەرەجی فەتاح - بانەبی،مام ئەولقادری سۆفی محەمەد، حاجی ئەولرەحیم شاسوار، کاکی ئەحمەد و حەمە رەقی کوری و حەسەنی مەلا نادر - ژاڵەناو، عەبدوللا عەزیزی حەمە ێالحی ئەوڵا - ئاوبار، عەلی ئەولقادر - ھەرشەل، حەمە شەریف - سەراو، عەزیز - ناودێ و مەلا عەلی - شمشێرکوڵ و، پێویستە بوترێت حەمە فەرەج و عەلە رەش داێنەمۆی جولانەیوەی جوتیاری بوون و توانیان نوێنەری زوربەی جوتیاران لە کۆمەڵەیەک رێکبخەن و، ئەو ناوچەیە تا کۆتایی ساڵی ١٩٦٢ داخراو بوو بۆ حیزبی شیوعی و لە پاش کۆدەتا شوومەکەی حیزبی بەعسی عەرەبی لە ساڵی ١٩٦٣و لێدانی بنکەی {بەمۆی} حیزبی شیوعی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوەو ژمارەیەکی بەرچاو لە شیوعییەکان شەھید کران و باری ناوچەکە گۆراو کەوتە دەست پارتی.


پاش جوتیارانی ئەوبەری سیروان و دییەکانی بناری بەمۆی سەرکەش جوتیارانی {وارماوە} کەوتنە چالاکی و جموجولێکی بەگور وھەموو دییەکانی گرتەوە: سەلیم پیرک، کانی سارد، فەقێ جنە، دەرەدۆین، بانیخێلان، بیرکێ، سیارە، عازەبان، وازۆڵ، ئەحمەد برنە، باوەخوشێن و ، لەو ساڵانەدا رێکخراوی حیزبی شیوعی لە دێھاتەکاندا رێنوێنی گوند نشینەکانی ئەکرد بۆ دروستکردنی ئەنجومەن و گەڵاڵەکردنی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانیان وەک کردنەوەی قوتابخانەو خستەخانەو، شایانی باسە ئەم ‌رێکخراوەی حیزب لە ناوچەکە بۆ دروستکردنی بزوتنەوەیەکی جەماوەریی جوتیاران ھەوڵی ئەداو، ھەر لەو دید‌و بروایەوە جگە لە کۆبوونەوەی ناو دێھاتەکان چەند کۆبوونەوەیەکی بەرینی تریان ساز ئەکردو نوێنەری زوربەی دێھاتەکان ئامادە ئەبوون و، لە ئەنجامدا کۆمەڵەی جوتیارانیان پێکھێناو، ئەو کۆمەڵەیە تێکۆشا تا ساڵانی ١٩٦١ - ١٩٦٢ وپێش ئەوەی ناوچەکە پەنا بباتە بەر چەک.


کرێکاران:


بەھوێ دوواکەوتنی ناوچەکانی کوردستان بە گشتی و ناوچەی دەربەندیخان بە تایبەتی و نەبوونی رێگاوبان ھیچ جۆرە کرێکارێک لە باوەنورو دەربەندیخاندا نەبوو لە ساڵی ١٩٤٦ کومپانیای (کود ویلسن و یاوەرەکانی) لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ - ١٩٤٧ دەستیان کرد بە لێتۆژینەوەو بشکنین سەبارەت بە رێگاوبان و دروستکردنی بەنداوێک و، ئەم ھەوڵانە بێسوود بوون تا ساڵی ١٩٥٣ ودروستبوونی ئەنجومەنی ئاوادانکردنەوە لە عێراقداو، ھێنانی کومپانیاییەکی ئەمریکی بەناوی (ھەرزە) و لە پاش خوێندنەوەیەکی تەواوی جوگرافیای ناوچەکەو دەستنیشانی کردنی جێی و رێی بەنداوەکە دەستکرا بە کارکردن لە لایەن کومپانییەکی ئەمریکی بەناو{بڵندەرەکانی دەربەندیخان - DKC} و، لەو کاتەوە کرێکار کەمە کەمە ناوی دەرکردو رووی لە زیاد بوون بوو.


لە ماوەی ساڵێکدا چەندین کۆمپانیایی گەورەو بچوک روویان کردە دەربەندیخان و ژمارەی کرێکاران بە شێوەیەکی باوەرپێنەکراو پەرەی سەندو زیادی کردو (٢) جۆر سەندیکا {نیقابە} ھەبوو، کرێکاران ناوییان لێنابوو سەندیکا بچکۆلەکە یان (زەردەکە) سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، نزیکەی ٣٠٠-٣٥٠ ئەندامیان ھەبوو، شایانی باسە لە ھەڵپژاردنەکاندا قومچییە عەرەبەکان ‌ دژ بە حیزبی شیوعی ھاوکارییان ئەکردن و، سەندیکای گەورەکە {سوورەکە} سەر بە حیزبی شیوعی بوو زیاتر لە ٣٣٠٠ ئەندامی ھەبوو، سەندیکاییەکی تری کرێکارانی رەی ھەبوو ئەویش لە لایەن شیوعییەکان بەرێوەئەبرا.


زوربەی کرێکارەکان بێ ئەزموون بوون تەنانەت ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبردنی سەندیکاکان و، سەندیکا گەورەکە لەلایەن ئەم بەرێزانەوە بەرێوەئەچوو: حەمەی میرزا سەعید، حسەین ئایشەخان، میخاییل شەعیا، پەروێز جاف و ئیبراهیم کەریم {ئەبو خەلیل} و لە سەرەتایی ھاتنی کۆمپانیاکە ھەندێ کەسی خراپ و بەرتیل خۆر ودەستپێس دەستیان گرت بە سەر ئۆفیسی دامەزراندنی کرێکاران و، ئەم کەسانە لە پاش بەرپابوونی شۆرشی ١٤ ی تەموزی ١٩٥٨ زیاتر بەرەو خراپە رەفتاریان کردو، ھەوڵەکانی سەندیکایان پێش ئەوەی بکەوێتەکار لە بار ئەبردو، ھەر کەسێک داوای دامەزراندنی بکرادایە بە ئاشکەرا داوای بەرتیلیان لێئەکرد.


لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٩ و لە ھەڵپژاردنی سەندیکا گەورەکە دەستەیەکی نوێ ھاتە سەرکارو بریتی بوون لەم بەرێزانە: حەمەی میرزا سەعید، ئیبراهیم کەریم **، عومەر رەشید، میخاییل شەعیا، دنخا شەمعون ئەلبازی {ئەبو یەعقوب - ئەبو باز} و سیادۆر ئەرمەنی و، ھەر لە کۆبوونەوەی یەکەمدا بریاردرا بەرپەچی کومپانیاو پیاو خراپەکانی بدرێتەوە لە رێی مانگرتنێکی گەورەو، بەرزکردنەوەی داواکارییەکانی کرێکاران و بە نووسراو بە زمانی عەرەبی و کوردی وئینگلیزی بدرێت بە کومپانیاو سەندیکای کرێکاران لە سلێمانی و یەکێتی گشتی سەندیکای کرێکارانی عێراق لە بەغداو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو، داخوازییەکان ئەمانە بوون: خانۆۆ بەنگەڵە بۆ پشووی کرێکاران وەک چۆن بۆ کارمەندان کراوە بکرێت و، ناساندنی سەندیکا وەک نوێنەری راستەقینەی کرێکاران و، کردنەوەی خەستەخانە بۆ کرێکاران و خێزانەکانیان و، بایەخدان بە چیشتخانەکانی کرێکاران و راگرتنی پاک و تەمیزی و کردنەوەی قوتابخانە بۆ منداڵانی کرێکاران و، بریاریشدرا ئەم داخوازییانە لە رۆژنامەکانی حیزبی شیوعی {اتحاد الشعب و ئازادی} بڵاو بکریتەوەو، شایانی باسە بەرێز ئەندازیار سالم الشیخ وەک بەرپرسی حیزبی لەو داخوازییانە ئاگارکراو پەسەندی کردو پشتگیری خوێ راگەیاند.


لە کۆبوونەویەکی تردا باسی مەرجەکانی مانگرتن و سەرکەوتنی کراو لە چەند خاڵێکدا چربووە: زۆربەی کرێکاران بۆ لای خۆمان رابکێشین بە تایبەت بەرپرسەکانیان واتە (فۆرمەنەکان)، پاراستنی شتومەکی کومپانیاکە لە رۆژانی مانگرتنداو ھەروا پاراستنی بیانییەکان و، پێکھێنانی لیژنەی گفتوگۆ لە گەڵ کومپانیاو، لیژنەی ھەڵسووران و ئامادە کردن و نووسینەوەی داخوازییەکانی کرێکاران و، کرێکارەکان لە ھەموو نەتەوەو توێژەکانی عێراق بوون: کورد، عەرەب، تورکمان، کلدان - ئاشوری - سریان و ئەرمەنی و، موسڵمان و کریستان و ئێزدێ و مەندائی و شەبەک و، ھەموو کرێکاران لە ئامادە باشبوون بۆ مانگرتن و ئاھەنگگێران بەبۆنەی ١ ی ئایار جەژنی کرێکارانی جیھان و، مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی رۆڵێکی باشی گێرا لە وریاکردنەوەی کرێکاران و رێکخستنیان و رێنەمایی لێژنەکان و لەولاشەوە لە سەندیکای رەی پشتگیری کرێکاران کرا لەلایەن ئەم بەرێزانە: نەجم الدین کاکە سەعید {نەجمی کاکە سەعە} ھەڵەبجەیی و جەلال کەریم {جەلال ئەبو شوارب} و عەلی ئەحمەد خورشید.


مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی بەوردی و وریایی رێنەمایی لیژنەی مانگرتنەکەی ئەکرد لە رێی دوکتور عزالدین مستەفاو، ئەمیش ھەرچی ھەبوو ئەیدا بە عەبدوللا محەمەد، قادر شیخ گە {قادری شیخ تەھا} و حەمدی ئەحمەد ئەندامانی لیژنەکەو، لە رۆژی ٢٥/٤/١٩٥٩ مانگرتن دەستیپێکردو کەس نەھات بۆ کارو سەندیکا ھەر کرێکارێک لەوێ بووایە دانەیەک لە نووسراوی داخوازییەکانی پێئەداو، مانگرتنەکە بە باشی بەرێوەچوو، بەڵام کومپانیا لە رۆژی یەکەم و دووەم و سییەم ئامادە نەبوو داخوازییەکانی کرێکاران بدات و لە لایەن نوێنەری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پشتگیری ئەکراو، لەو بارودوخەدا عەبدولکەریم قاسم بریارێکی مێژوویی دەرکردو داوای لە وەزیری ئاوندانکردنەوە کرد ئەگەر کومپانیاکە داخوازی کرێکاران نەدات بەڵگە نامە و پەیمانی کاری (عقد العمل)ی لێبسێننەوەو، ئەو پشتگیرییەی عەبدولکەریم قاسم بووە ھوێ سەرشۆرکردنی کۆمپانیاو پێدانی داخوازییەکانی کرێکاران.


جارێکی تر دووپاتی ئەکەمەوەو ئەڵێم ئەمانە رۆڵی سەرەکی و باشیان ھەبوو: مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی، عەبدوللا محەمەد، حەمە شەریف، عەلی حەمە ئەمین وازۆڵی، حەمە فەرەج فەتاح، عەلی ئەولقادر، سالار محەمەد نادر، مەلا ئەسعەد بانیخێڵانی، ئەولقادری فارس و فائق رەشید.


لە رۆژی ٢٣/١٢/١٩٦١ بە ئامادە بوونی عەبدوالکەریم قاسم سەرۆک وەزیرانی عێراق و لە ئاھەنگێگی قەشەنگ و رازاوە بەنداوی دەربەندیخان کەوتە ئیشکردن و، ئەمە لە لایەک جێی خۆشی دانیشتوانی دەربەندیخان و دییەکانی دەوروپشتی بوو، ئێستا دەربەندیخان بووەتە شوێنێکی گەشتیاری و، لە لایەکی ترەوە بووە ھوێ لە کارخستن و دەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران.


لە ھاتنی حیزبی بەعسی عەرەبی بۆ سەر حوکم لە کۆدتا شوومەکەی ٨ ی شوباتی ١٩٦٣باری کرێکاران تێکچوو، دەستکرا بە راونان و گرتنیان وەیەکێک لەو کرێکارانە بۆ نموونە بەرێز غەفور عەلی ئەحمەد بارام {غەفوری کوێخا عەلی} بوو کە لە ١٢/٣/١٩٦٣ تا ٥/٨/١٩٦٦ گیراو تا ئێستا مافی وەک زیندانییەکی سیاسی وەرنەگرتووە.


لە ساڵی ١٩٦٣ تا ئەمرۆ سەندیکای کرێکاران وەک جاران کار ناکات و، حیزبەکانی دەسەڵات بەرەو لای خۆیان رایان ئەکێشن و زۆر جار فریویان ئەدەن بۆ ئەوەی مافەکانیان زەوت بکەن و، لە کاتی رووداوێک لە گەڵ خاوەن کارەکانیان دامودەزگاکانی حکومەت پشتگیری لە خاوەن کار ئەکەن چونکە ئەو پارەی بەدستەوەیەو ئەتوانێت بە پارەو بەرتیل خوێ دەرباز بکات.

____________________________
پەراوێزەکان و ئاماژە پێکراوەکان:
* ئەحمەد مەحمود حەلاق: ھاورییەکی چالاک و لێھاتوو کادرێکی پێشکەوتوو لە ساڵی ١٩٦٧ یەکێک بوو لەو کەسانەی لە گەڵ کەرتکردنی حیزبی شیوعی و "جیابوونەوەکەی عەزیز ئەلحاج""چوو، لە پاشان شەھید کرا..
** ئیبراهیم کەریم: بەناوی {ئیبراهیم باقر" ئەبو خەلیل، ئەبو پەورە} بانگ ئەکرا، تێکۆشەرێکی کرێکاران بوو، جارێکیان شوفێری ئۆتۆمبێلێکی لاندروڤەر لە بەرزاییەک ئەوەستی و دائەبەزێ و، وادیارە بە ھەڵە ئۆتۆمبێلەکەی راگرتووە یەکسەر ئۆتۆمبێل بەرەو خوار ئەبێتەوەو ئیبراهیم کەریم ئەو کاتە سەرۆکی سەندیکا بوو زوو خوێ ئەخاتە بەردەم ئۆتۆمبێلەکە و پشتی ئەشکێت بەڵام ژیانی چەندین کرێکاری لە مردن رزگار کردو نەیھێشت ئۆتۆمبێلەکە بکەوێت بەسەر کرێکاراندا.
بۆ ئەم نووسینە سوود لە کتێبی بیرەوەرییەکانم - مەلا ئەحمەد بانێخێڵانی وەرگیراوە.


٢٢\٤\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک