٢٨\٤\٢٠١١
مێژووى شەقڵاوە
-
ناو و فرمانڕەوایی -.

هۆشەنگ محەمەد
تێبینى:
ئەم بابەتە، بەشێکە لە نووسینێکى درێژتر، لەسەر
مێژووى شەقڵاوەدا، بەڵام لەبەر ئەوەى دڵنیانیم کەى پرۆژەکە تەواو دەبێت.
بۆیە پێم باش بوو جارێ ئەو بەشە بڵاوبکەمەوە.
ناوى شەقڵاوە:
سەبارەت بەناو و مێژووى شەقڵاوە،کۆنترینى ئەو سەرچاوانەى باسى ناوى
شەقڵاوەیان کردووە ئەمانەى خوارەوەن:
یەکەم:(معجم البلدان)ى (یاقوتى حەمەوى) لە دایکبووى (1169ز). لە بەرگى
سێیەمدا (1238ز) دەڵێ: (شقلاباژ) بە (فەتحى شین و سکونى قاف) گوندێکى
گەورەى خۆشە لە پاڵ چیاى سەر بە ئەربل ترێى زۆرە و فرە باخچەى هەس، بە
درێژایى ساڵ، ترێیەکەى دەگوازرێتەوە ئەربل و بەشیان دەکات، لە نێوان
ئەوێ و ئەربل دا هەشت فرسەخن) "1"
دووەم: (مسالک الابێار) ى (فچل الله العمرى) کە لە سەدەى هەشتەمى
کۆچیدا نووسراوە و لە باسى سەردەمى حکومەتەکانى مەمالیکەکانى میسردا،
لەو سەردەمدا. باسى ئەو ناوچانە دەکات کە کوردى تێدا دەژین، ناوى(24)
بیست و چوار ناوچە دەهێنێت. کە لە سێزدەمین هەرێمدا ناوى (شعلاباد-
شەقڵاوە) دێنێت. "2 * "
سێیەم: (ێبح الاعشى)ى (الشیخ ڕبی العباس ڕحمد القلقشندى) لە ساڵى (814)
هەشتسەد و چواردەى کۆچیدا. کە ئەویش هەر لە (مسالک الابێار) وەریگرتووە."3"
چوارەم: (شەڕەفنامە، مێژووى ماڵە میرانى کوردستان) ى (شەڕەف خانى
بدلیسى) کە لە ئاخر و ئۆخرى چەرخى دەیەمى کۆچى،(1590)زایینیدا نووسیووە.
ئەم سەرچاوانەى سەرەوە، بوونەتە ژێدەرى سەرەکى ناوو مێژووى شەقڵاوە بۆ
چەندین پەرتووک و باس و گوتار و بەڵاڤۆک.
(تاریخ شقلاوە) کە بەرهەمێکى (شەماشە میخائێل مەنسور کوساى شەقڵاوەیى)
یە، بە زمانى عەرەبى و لە ساڵى (2000)دا چاپکراوە. یەکێکە لەو
بەرهەمانەى پشتى بەو سەرچاوانە بەستووە. دواتر ئەو بەرهەمەى
نێوبردراویش بۆتەوە سەرچاوە بۆ چەندین باس و بابەتى دیکەى پێوەست بە
ناو و مێژووى شەقڵاوەوە.
بۆیە منیش پێم باش بوو، سەبارەت بە ناوى شەقڵاوە، سوود لەو بەرهەمەى
نێوبردراودا وەربگرم.
سەبارەت بە ناوى شەقڵاوە، (شەماشە میخائێل مەنسور کوساى شەقڵاوەیى) لە
(تڕریخ شقلاوە) دا، لە لاپەڕە (11)دا ئەو زانییارییانەى تۆمارکردووە:
ناوى (شەقڵاوە) کە پێش سەدەى دوازدەیەمدا نەهاتووە، گەڕۆکەکان بەم
شێوەیە باسیان کردووە:
یەکەم: (یاقوتى حەمەوى) لە پەرتووکى (معجم البلدان) بە (شقلاباژ) ناوى
بردووە.
دووەم: (شەقلابەند) دە کتێبى (شهداء الفرس) لاپەڕە (221) ساڵى (1874)
سێیەم: (شەقلاباد) دە دەستنووسى (الطقوس الکلدانیه) کەنیسەى شەقڵاوە لە
ساڵى (1859) دا.
چوارەم: (شقاباد) (حوسێن حوزنى موکریانى، تاریخ میرانى سۆران) لاپەڕە
(7) ساڵى (1910)
پێنچەم: (شەق شەقل) (مەلا جەمیل بەندى رۆژبەیانى وەرگێڕى شەڕەفنامە)
لاپەڕە(278 و 290)
شەشەم: (شاقلى ئاوا) (محەمەد ئەمین زەکى، تاریخ کرد و کردستان) لاپەڕە
(395) ساڵى (1961)
هەفتەم: (شکاباد) (محەمەد ئەمین زەکى تاریخ کرد و کردستان) لاپەڕە 395
ساڵى (1961)
هەشتەم: (شقل ئاباد) عبدالرحمن، معجم اللغە الکردیە.
نۆیەم: (شتلاڤى) ناونانێکى ئەرمەنییە واتە (زۆر جوان)
دەیەم: ( شەق ئاوا) (هەر شەنقاوەک ئاوا) وتەیێکى گشتییە."4"
جگە لەو سەرچاوانەى شەماشە میخائێل دەستنیشانى کردوون، سەرچاوەى تریش
هەن،کە دەتوانین زیادى بکەین، لەوانە:
• (میر شەرەف خانى بدلیسى) دە شەڕەفنامەدا، مێژووى ماڵە میرانى
کوردستان. وەرگێڕانى (مامۆستا هەژار)، لە لاپەڕە (340)دا بە (شەقاباد)ى
نووسیوە و لە لاپەڕە (345)دا بە (سەقاباد) ناویبردووە.
هەر لە لاپەڕە (340) ى شەڕەفنامەدا، مامۆستا هەژار لە پەراوێزدا، ئەمەى
داناوە: (شەقڵاوە کەونە و "مسالک الابێار" باسى دەکا. رەنگە ناوەکە لە
(شەقل) و (ئاو) پەیدابووبێ، کە دەڵێن شاقولیاوایە بە لامەوە دوورە،
چونکە شاقولى بەگ لە دوایى دا لەسەرى بووە. جەمیل""5"
• (شەمعون شەقلەبەندى) بە (شەقلە بەند) ناوى هێناوە. لە هەندێ
سەرچاوەشدا بە دامەزرێنەرى ئەم شارە دادەنرێت.(6)
• (ئەلقلقشندى) لە پەرتووکى (ێبح الاعشى، 814) بە (بلاد شقلاباد) ناوى
بردووە."7"
• (شەقراوە) کە هەموو خەڵکى شەقڵاوە وا ناوى دێنن.
هەروەها بۆچوونى تر هەیە، کە ناوى شەقڵاوە دەگێڕنەوە بۆ هەڵکەوتە
سرووشتى و جوگرافییەکەى کە لە نێوان دوو چیاى (سەفین و سۆرک)دایە و
گوایە ئاو شەقى کردووە. ناوەکەش لەوەوە هاتووە.
یان هەروەک (شەماشە میخائێل) پێى وایە، کە ناوى شەقڵاوە، لە ئاوى زۆر و
داروباردا هاتبێت.
هەروەها بۆچوونى تریش هەیە سەبارەت بەوەى کە شەقڵاوە، لە (شەقڵ) هاتبێت،
شەقڵیش وەک ( گیوى موکریانى لە فەرهەنگى کوردستاندا باسى دەکات): "نیشانە،
درووشم، مۆر. مۆرى خەرمانان، تەختەیەکى نەخشکراوە شەقڵى پێ لە خەرمانان
دەدرێ تا دزى لێ نەکرێ""8"
جگە لەمەش وشەى (شاقڵ) بە تەنیا بە ماناى (دامێن) دێت، لەگەڵ (ئاوا) ش،
دەبێتە (دامێنى ئاوەدان) یان (بنارى ئاوەدان) کە بەمەش لە (دامێنى
سەفین و سۆرک) یان (دامێنى چیا) نزیک دەبێتەوە، وەک ئاماژەێیک کە بنارى
(سەفین و سۆرک) ئاوەدانن.
لێرەدا بە لاى کەمییەوە، نزیکەى (12) دوازدە ناومان بۆ ئەم شارۆچکەیە
هەیە، جگە لەمەش رەنگە بە ناوى دیکەشەوە لە نووسینى تردا هاتبێت، وەک (شاقوڵئاوا)،
(شاقولڵاوە) ، (شاقولئاباد) و (شەقلاباد).
هەندێ سەرچاوە، (شاقول بەگ) کە یەکێکە لە میرەکانى (سۆران) و گوایە ئەو
شەقڵاوەى ئاوەدان کردۆتەوە، لە ساڵى (1500ز) کوڕەکەى (میر سەیدى)
ناردۆتە شەقڵاوە بۆ ئەوەى حوکمى ناوچەکە بکات. ئیدى هەندێک سەرچاوە،
ئەوە بەوە لێکدەدەنەوە، کە شەقڵاوە کۆنتر هەبووبێت و وێران کرابێت.
دواتر (شاقول) بەگ، ئاوەدانى کردبێتەوە، بووبێتە (شاقول – ئاوا) یان (شاقول
– ئاباد)، بەڵام ئەم رایە ناکۆکە لەگەڵ زانییارییە مێژووییەکانى نێو (شەڕەفنامە)کەى
میر شەرفخانى بدلیسى. چونکە (قولى بەگ) کوڕى (سولەیمان بەگ)ى کوڕى (میر
سەیدى)ى بووە. (میر سەیدى)کە کوڕى (شاعەلى بەگ) بووە و هێشتا (شا عەلى)
ساغ بووە کە (میر سەیدى) کردووە بە فەرمانڕەواى (شەقڵاوە)، وەک دواتریش
دەگەڕێینەوە سەر ئەو بابەتە.واتە پێش بوونى (قولى بەگ) شەقڵاوە هەبووە،
یان ئاوەدان کراوەتەوە و پەیوەندى بە ناوى ئەوەوە نییە.
تا ئێرە ئەو ناوانەى هاتوون، و راڤەیان کراوە، تەنیا (شتڵاڤێ) نەبێت،
کە گوایە ناوێکى ئەرمەنییە، ئەوانەى تر، بە کوردى لێکدراونەتەوە، بۆ من
جێگەى پرسیارە، کە ئایا نابێت، ئەم ناوە کوردیى نەبێت و سریانى بێت بۆ
نموونە؟ بەتایبەتى ئەگەر بزانین وەک (شەماشە میخائێل) و سەرچاوەى تریش
ئاماژە دەدەن، کە مەسیحیى لە سەدەى یەکەمى زایینییەوە گەیشتوونەتە ئەو
ناوچەیە و ژمارەیەکى زۆرى خەڵکەکەش بوونەتە مەسیحیى. هەروەها
ئێزدییەکانیش لە سەدەى چوارەمدا لەو ناوچەیەدا هەبوونە و لە سەردەمى (سلێمان
قانونى) (400)چوارسەد ماڵە ئێزیدى لە دەربەنددا ژیاون. پاشتر ئیسلام،
لە سەرەتاى سەدەى هەفتەمدا هاتۆتە ئەو ناوچەیە.
بۆیەشە دوور نییە ناوى (شەقڵاوە)، رەگێکى (سریانى) یشى هەبێت، کە ئەمە
راى هەندێک لە مەسیحییەکانیشە. کە شەقڵاوە دەگێڕنەوە سەر ناوێکى (سریانى)
بە ماناى (ئاشتى)."9"
فەرمانڕەوایى لە شەقڵاوەدا:
بۆ گەڕانەوە بۆ مێژووى فەرمانڕەوایى لە شەقڵاوەدا، لەسەردەمە کۆنەکاندا،
واتە پێش ئەوەى ناوى لە هیچ سەرچاوەیەکدا راستەوخۆ هاتبێت، ئەوە دەبێت
روو بکەینە دەوروبەرى ئەو ناوچەیە، کە لە رووى سیاسى و کۆمەڵایەتى و
دینى و ئابوورى و رۆشنبیریدا، ناویان لە سەرچاوەکانەوە هاتووە.
نزیکترین شوێن رەنگە هەولێر بێت، ئەو گەڕانەوەیەشم بۆ هەولێر لەبەر
خاڵێکى سەرەکییە، کە دواتر دەیبەستمەوە بە شەقڵاوە لە سەدەى یەکەمى
کۆچیدا.
پێش زایین، گریکەکان سیاسەتى دابەشکردنى وڵاتەکانیان هەبوو بۆ چەند
میرنشینێکى بچووک. هەولێریش وەک شارێکى گرینگى میرنشینى (حەدیاب)ى ئەو
سەردەمە، واتە پیِش زایین، کە ئەرمەنییەکان لە ساڵى (83 پ.ز) هاتن و
داگیرییان کرد. ماوەى دە ساڵ لە بن دەسەڵاتى ئەواندا بوو، دواتر (فورپییه
کان بە هاوکارى رۆمانییەکان) ئەرمەنییەکانیان لە هەولێر دەرخستن.لەو
سەردەمەدا، (ئیزات) پاشاى (حەدیاب) و پاشایەکى گەورەى فورپییه کان
بوو.لە سەدەى یەکەمى زاییندا، ململانێیەکى بەردەوام لە نێوان (فورپییه
کان و ئەرمەنییەکان و رۆمانییەکان) هەبووە. هەروەها لەنێوان پادشا (فورپییه
کان) خۆشیاندا.(10)
لەو سەردەمەدا، هێشتا نە مەسیحیى هاتبووە ئەو ناوچەیە و نە
ساسانییەکانیش درووست بووبوون بۆ ئەوەى (زەردەشتى) بکەنە دینى فەرمى
دەوڵەت.
وەک سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە مەسیحیى لە سەدەى یەکەمى
زایینییەوە هاتۆتە ئەو دەڤەرە.لەوەش زیاتر وەک (مشیحا زخا) لە پەرتووکى
(کرونولوجیا اربیل)دا باسى قەشە و شەهیدە پێشەنگەکانى مەسیحی دەکات،
یەکەم ناو باسى (پڤیدا 104-114) دەکات، کە رێک لەم سەردەمەدا، (ئیزات)
سەردارى (حەدیاب)بووە. بە گوێرەى ئەو سەرچاوەیە، پڤیدا یەکەم قەشەى
وڵاتى (حەدیاب) بووە، حەدیابیش کە (حەزە) شى پێدەڵێن هەولێرى ئێستایە
یەکەم نێردراوى مەسیحیى بۆ ئەو ناوچەیە، (مار ئادى – قوتابى مەسیح)
بووە، یەکەم قوتابى ئەویش (پڤیدا) بووە، پڤیدا کوڕى پێرەمێردێکى
هەژاربووە و خزمەتکارى مەجوسێک بووە، پڤیدا موجیزیەک دەبینێت، کە (مار
ئادى) دەیکات. "کاتێک کچێکى بچکۆڵە دەبەنە سەر قەبران، ئەویش کچەکە
دەداتە دەست دایک و باوکى، دڵى کچەکە بە نیعمەتى روحى قودس دەلەرزێت و
گەورەتر دەبێت. بە هۆى گەورەمان یەسوعى مەسیح". بۆیە پڤیدا لە دڵى
خۆیدا بڕیار دەدات ببێتە قوتابى (مار ئادى)، بەڵام دایک وباوک و
خزمەکانى زۆر ئازارى دەدەن، لە ژوورێکى تاریکدا بەندى دەکەن. بەڵام
کەسێک یارمەتى دەدات، دەرگەى بۆ دەکاتەوە و رادەکات. دەچێت لە (مارئادى
پەیامبەر بگەڕێت) بەڵام نایدۆزێتەوە. پێیدەڵێن چۆتە (گوندى چیا)، کە
مەبەست لێى (چیاى سەفینە) یەکسەر دەچێتە ئەوێ. بۆ ئەوەى بببێتە قوتابى
(مار ئادى) و پیرۆزیى بکات. دواى چەند رۆژێک دەگاتە لاى. (مار ئەدى)
زۆر دڵخۆش دەبێت. ئیدى دەیکاتە یاوەرى بۆ هەر شوێنێک کە دەچێت. دواى
پێنچ ساڵ دەیکاتە قەشە و دەینێرێتەوە هەولێر.
ئەویش دەستدەکات بە تەبشیر، مزگێنى لە نێو خەڵکەکەیدا بڵاودەکاتەوە و
وەک پەیامبەرەکان موجیزات دەنوێنێ.خەڵکێکى زۆر دەکاتە مەسیحى. دە ساڵ
دواتر،کۆچیدوایى دەکات و قوتابییەکانى لە ماڵە باوکانى دەینێژن. کە
بڕوایان پێهێنابوو و بەدووى کەوتبوون."11".
لەم گێڕانەوەیەدا لەوە دەگەین، کە شەقڵاوە یەکێکە لەو شوێنانەى زۆر زوو
مەسیحیى رووى تێکردووە و خەڵکى ئەو ناوچەیەش وەک دینێکى نوێ قبوڵیان
کردووە.(گوندى چیا) لە لاى دیرۆکنووسە سریانەکاندا، بە ماناى (چیاى
پیرمام و چیاى سەفین) بەکارهاتووە، بەڵام لەو رووداوەدا مەبەست لێى
چیاى سەفین و شەقڵاوەیە، چونکە تائێستاش ئەو شوێنە، کە مەسیحى و
ئیسلامەکان کردوویانەتە مەزار و سەردانى دەکەن، (رەبەن بویا و شێخ وسو
رەحمانە). هەروەک لە کتێبى (کردستان فی عهد الساسانیین، 224-630م دراسە
عن الحیاە الدینیە والاجتماعیە والاقتێادیە. تڕلیف کلپومە جمیل
عبدالواحد) ئاماژەى پێدەدات."12".
لەم رووداوەدا بۆمان دەردەکەوێت، کە پێش ئەوەى مەسیحیى لە سەدەى یەکەمى
زاینییدا بگاتە ئەوناوچەیە، ئەوە (مەجوسەکان) لەو ناوچەیە بوونە. واتە
(فورپییه کان) فەرماندارى هەولێرو دەوروبەرى بوونە.
لە ساڵى (115ز) تا (226ز) چەندین شەڕ و پێکدادان لە نێوان فورپییه کان
خۆیان و رۆمانییەکان روودەدات، لە (226ز) رۆمانییەکان هەولێر داگیر
دەکەن. دواى (10) دە ساڵ ساسانییە فارسەکان بە سەرۆکایەتى (ئەردەشێر)
رۆمانییەکان لە هەولێر دەردەکەن.دواتریش ئەردەشێر دەست بەسەر تەواوى
وڵاتانى نێوان دوورووباردا دەگرێت. لەسەردەمى (سابورى کوڕى ئەردەشێر
241-272) یشدا سەرکەوتن و دەسەڵاتى ساسانییەکان بەردەوام دەبێت.
لە سەدەى سێەمى زاینییدا، (قوستەنتینى گەورە)ى رۆمانى، دینى مەسیحیى
دەکاتە دینى فەرمى وڵات، (سابورى دووەم) لە(339 تا 379 ز) دەست بە
چەوساندنەوەى مەسیحییەکان دەکات. لە ناوچەى هەولێردا، لە ساڵى (343ز)
کوشتن و چەوسانەوەى مەسیحییەکان روودەدات، لە (344ز) دا (ماریوحەنا)
ئەسقوفى هەولێر دەکوژرێت. لەدەوروبەرى ساڵى (359) دا (قەرەداغ) دەبێتە
فەرماندارى هەولێر، مەجوس بووە و دەبێتە مەسیحى. دەسەڵاتى فراوان دەبێت
و بڕیار دەدات لە شوێنى ئاتەشگەکانى ئاگردا، کەنیسە ئاوا بکەن.هەر لەو
ساڵەدا (قەرەداغ) دەکوژرێت.لەم ماوەیەدا رۆمان و فارسەکان چەندین شەڕى
تر دەکەنەوە.لەساڵى (589ز) سوپاى رۆمانى بە هەولێرەوە تێدەپەڕن بۆ
رواندز بۆ هاوکارى (کسرا). دواتریش (کسرا) بە هێز دەبێت و تا (هەرقەل)
لە ساڵانى (625) دا ئەو ناوچانە دەگرێتەوە. لە (628) دا شەڕى گەورە لەو
هەرێمانەدا روودەدەن. لە ساڵى (638)دا، ئیسلامەکان بەسەر ساسانییەکاندا
سەردەکەون. وردە وردە بەروە فەتحى عێراق دێن.لە (642ز) لە (نەهاوەند)
فارسەکان دەشکێن.
لەو سەردەمەدا واتە ئاخرو ئۆخرى ساسانییەکان و فەتحى ئیسلامى، هەولێر
تووشى هەژانى سیاسى گەورە دەبێت.شەڕو ململانێیەکى زۆر لە هەولێر
روودەدات.
کەواتە لە سەدەى یەکەمى زایینى و تا کۆتایى شەشەمى زایینى، هەولێر و
دەوروبەرى گۆڕەپانى ململانێ و شەڕى توند بووە لە نێوان فورپییه کان و
رۆمانییەکان و فارسەکان و ئیسلامەکاندا. لەو ماوەیەدا مەجوس و مەسیحى و
زەردەشتى و ئیسلام لەو هەرێمانەدا بڵاوبوونەتەوە.ئەگەرچى ناوى (شەقڵاوە)
راستەوخۆ لە سەرچاوەکاندا نەهاتووە.تا دواتر لەسەردەمى (هەزبانییەکان –
هۆزەبانەکان)دا. بەڵام بە هۆى چیاى سەفین و هەبوونى هەندێ شوێنەوارى
دیکە، وەک شوێنى مزگەوتى گەورەى شەقڵاوەى ئێستا، کە بە یەکێک لە شوێنى
ئاتەشگەکانى (زەردەشتییەکان) دادەنرێت (13) هەروەها هەبوونى هەندێ
رێورەسمى دینى و کۆمەڵایەتى ئاماژە دەدەن کە زەردەشتییەکان لە شەقڵاوە
هەبووبن.بە تایبەتیش ئەگەر ئەوە بزانین کە ساسانییەکان (دینى
زەردەشتییان)بە زۆر بەسەر خەڵکى دەسەپاند.
دواتر (یاقوتى حەمەوى) کە ناوى شەقڵاوەى تۆمار کردووە،بە گوێرەى مێژووى
لە دایکبوونى ئەو و نووسینى پەرتووکەکەى، ئەوە دەبێت لە ساڵانى
(626کۆچى- 1238زایینى) بێت. کە ئاماژەش بەوە دەدات. شەقڵاوە سەر بە
هەولێر بووە. و لەسەر چاوەى دیکەشدا کە باسى ئیمارەتى (هژبانى-
هۆزەبان)ى کوردیى دەکرێت. ئەوە شەقڵاوە ناوى لەگەڵ ئەو گوندانە دێت کە
سەر بە هەولێر بووە و بەشێک بووە لەو ئیمارەتە."14"".
واتە لە نێوان ساڵانى(905 تا 1258 زایینى). کە هەر لەو سەروبەندەش (یاقوتى
حەمەوى) بێرەدا رەت بووە و ناوى شەقڵاوەى تۆمارکردووە. یاقوتى حەمەوى
هیچى سەبارەت بە دین و فەرمانڕوایى و دانیشتووانەکەى نەنووسیوە، بەڵام
بە گوێرەى سەرچاوەکان.ئاماژە هەیە کە ئەرمەن و کلدانى پێش فەتحى
ئیسلامى لەنزیک هەولێر ژیاون و شوێنى دینى خۆیان هەبووە و لە (عەمکا –
عەنکاوە) ى ئێستاش بەردێک لە گۆڕێک دۆزراوەتەوە کە بە کەلدانى ناوى (قەشە
هورمز)ى لەسەر نووسراوە. کە هەر خەڵکى عەنکاوە بووە و لە ساڵى (925)ى
زایینى مردووە.واتە ئەگەر دواى هاتنى ئیسلام، ئەرمەنى و کەلدانى لەو
ناوچەیەدا مابن، ئەوە ئاساییە لە شەقڵاوەشدا هەبووبن و هەر لەوێ
دانیشتبن و سروتە دینییەکانى مەسیحیشییان بە جێ گەیاندبێت.واتە رێى
تێدەچێت لەو سەردەمەدا واتە سەدەى هەفتەم و هەشتەم، مەسیحى و ئیسسلام
لە شەقڵاوەدا هەبووبن و پێکەوە ژیابن. بەو مانایەى کوردیى زەردەشتى و
مەسیحى و ئیسلام هەبووبن.
بەڵام لەو سەروەختەدا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ کەسێک کە راستەوخۆ
فەڕمانڕەوا بووبێت لەشەقڵاوەدا.
لە خوێندنەوەى (ئەتابەکییەکانیشدا) ئاماژەیەکى وەهام دەستنەکەوت لەسەر
شەقڵاوەدا، کا لەو سەردەمدا پێوەندییان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەدا چۆن بووە.
دواتر بە گوێرەى (شەڕەفنامە)ى (میر شەڕەفخانى بدلیسى) "(شاعەلى بەگ)ى
میرى (سۆران) هێشتا لە ژیاندا مابوو، کە سەرى وڵاتەکەى لە نێو
کوڕەکانیدا دابەش کرد. شەقڵاوە، بەشى (میر سەیدى)بووە، کە کوڕى گچکەى (شاعەلى
بەگ) بووە. دواى مردنى باوکیشى لە (شەقاباد) دانیشتووە. دواى مردنى
ئەویش کوڕەکەى (میر عیززەدین شێر) بۆتە میرى هەولێر.لە ساڵى (1534ز)دا،
(سوڵتان سولەیمان خان) فەرمانى کوشتنى دەردەکات و دەکوژرێت.دواى ئەوە (سوڵتان
سولەیمان خان) هەموو وڵاتى سۆرانى وەسەر هەولێر خست و کردیە بەخشش بۆ (حوسێن
بەگى داسنى ئێزیدى) و لە دەربەند دانیشتووە، ناوى (میرە سەن) لە ناوى
ئەم (میر حوسێن)ەوە هاتووە، بەڵام دواتر (میر سەیفەدین) کوڕى (میر
حوسێن کوڕى پیر بداغ کوڕى شاعەلى بەگ) دەتوانێت هەولێر داگیر بکاتەوە و
دەبێتەوە بە میرى سۆران. دواى ئەوە لە ئەستەنبۆڵ (حوسێن بەگى داسنى) بە
فەرمانى سوڵتان دەکوژرێ. دواتریش سوڵتان (میر سەیفەدینیش)لە نێو دەبات.
دواى ئەو رووداوانە (قولى بەگ کوڕى سولەیمان بەگ کوڕى میر سەیدى)لە
مەڵبەندى سۆراندا ناوچەى حەریرى دەدرێتێ و ماوەى بیست ساڵێک مەزنایەتى
دەکات. دواى ئەو (بداغ بەگ کوڕى قولى بەگى کوڕى سولەیمان بەگى کوڕى میر
سەیدى) ئاڵاى فەرمانڕەوایى لەسەر (سەقاباد) شەقڵاوە دەشەکێتەوە.
(ئەمین زەکى) دەڵێ: "میربداغ بە بێ کێشە و دەردەسەرى، دوو ساڵانى
مەزنایەتى کرد" .
(حوسێن حوزنیش) دەڵێ: " براى شەڕى پێفرۆشت، مەلا و کەیخوداى ناردنە لاى
کە پێکیان بێنن، بەڵام برا ملى نەدا و گێژەڵ بەرى درگاى پێگرت.
سولەیمان بەگ لە برادۆستەوە و میر بداغ لە شەقڵاوە راهاتن و لە دەشتى
حەریر، لە نزیک باتاس تووشى یەک بوون و هەردووک لەشکر پێک وەربوون. لە
شەوەکیەوە تا ئێوارە لێکیان دا و هەر دوو لا زۆریان زیانى ماڵى و گیانى
لێ کەوت. لە ئەنجامدا پیاوەکانى میربداغ لەو تەکینەوە و چوونە لاى
دوژمنى و کاتێ زانى بەنى براى پێ با نادرێ، ناردیە لاى کە هەرچى
گرتوویە بۆ خۆى و شەقڵاوە و حەریر و هەولێرم لێ نەستێنێ. لە پاش چوار
مانگ وەرام هاتەوە کە واناکەم. ئەویش ئەوجار لە ناچارى هەڵات و هتد.
هەروەها دەڵێ: ساڵى(1577ز) مرد و لە ئامێدى نێژرا". (حوسێن حوزنى) دەڵێ
(میر سولەیمان) تا ساڵى (1589ز) حوکمى کردووە و ئەوسا (عەلى بەگى کوڕى)
لە جێى خۆى داناوە و ساڵى (1590ز) مردووە. (میر شەڕەفخانى بدلیسى)کە لە
(1596) (شەڕەفنامەى نووسیوەتەوە) واتە سەردەمى (عەلى بەگ) بووە. بۆیە
ئەو لەوێ لە باسى میرانى سۆراندا دەوەستێت.(عەلى بەگ) کە دەبێتە میرى
سۆران، پایتەختەکەى لە (حەریر) دادەنێت. دەو وەختەدا، (مامۆستا
هەژار)لە پەراوێزى وەرگێڕانەکەیدا دەنووسێت:(لە زەمانى ئەو شاژنەدا –
مەبەستى خانزادە خانە- شەقڵاوە زۆر گەشەى کردووە و هاوینە هەوارى
قەڕاڵیچەى کوردەوارى بووە. لەسەر لووتکەى چیاى سەفین گۆڕەپانێک بەناوى
خانزاد هەیە)"15" دواى ئەوە (عەلى بەگ) تا ساڵى (1634ز) ژیاوە.پاش وى
کوڕەکەى(میر ئوغوز بەگ) ى کوڕى دێتە سەر حوکم و (رەواندز) دەکاتە
پایتەختى خۆى."11" ئەویش لە (1695)دا مردووە. دواى ئەو (میرە بەگ)ى
براى دێتە سەر حوکم و لە سەردەمى ئەودا، (خان ئەحمەد خانى ئەردەڵان)
وڵاتى سۆران داگیر دەکات.سەرچاوە هەیە ئاماژە بەوە دەدات، کە (بەگزادەکان)
لەو سەردەمەدا دەبنە سەردارى شەقڵاوە.
دەو دەورانەدا، وەک دیار دەبێت میرانى سۆران، پایتەختیان بردۆتە حەریر
و دواتر رواندز و دواتریش هەر لەوێ قایمتر دەبن.لە ساڵانى (1700)دا
بابەنەکان لە کۆیە و هەریردا، دەسەڵاتدار دەبن. لە زۆر سەرچاوەدا ناوى
کۆیە و هەریر دێت، بەڵام باسى شەقڵاوەى تێدانییە. بۆیە روون نییە لەو
ماوەیەدا فەرمانرەوایى لە شەقڵاوەدا چۆن بووە. دواى ئەوە، راپۆرتێکى (ریچ
، وەکیلى سیاسى بەریتانى لە بەغدا1820) هەیە، باسى عەشیرەتەکانى (خۆشناو)
دەکات و دەڵێ (3) سێن. (میرمەحمەلى، میر یوسفى و پشتدەرى). لە نێوان (میرمەحمەلى
و میر یوسفى)دا، دووبەرەکییەکى کۆن هەیە.کە وایکردووە لە شەڕێکى
بەردەوام دابن لە بەرژەوەندى پاشاى بابانەکان. کە ناتوانێت درێژە بە
زاڵبوونى خۆى بدات تەنیا لە رێى ئەوە نەبێت کە سوود لەو دووبەرەکییەى
نێوانییان دەگەڵ یێکدا وەربگرێت.وەکچۆن ئێرانى و تورکەکان درێژە بە
زاڵبوونى خۆیان دەدەن بەسەریدا. رووبارێکى بچووک هەیە هەردوو
عەشیرەتەکە لە یێکدى جوێ دەکاتەوە، مزگەوتێکى هاوبەشیان هەیە لە رۆژانى
هەینییدا بۆ نوێژکردن تێیدا کۆدەبنەوە و دواتریش جیا دەبنەوە.لە
جلوبەرگیاندا وەک کوردەکانى ئامێدین، زمانیشیان دەگەڕێتەوە سەر
شێوەزارى بابانییەکان و بادینییەکان)"16".
لەسەردەمى پاشاى کۆرەدا، دەڤەرى خۆشناو لە بن دەسەڵاتى (عوسمان بەگ)دا
بووە ، پاشاى کۆرە (1822) دا هێڕشى (بالیسان)دەکات.(عوسمان بەگ) گەمارۆ
دەدات. عوسمان بەگ داواى هیمداد و هاوکارى لە (بابان)ەکان دەکات، چونکە
پێوەندییان لەگەڵ (پاشاى کۆرە)دا خراپ بووە، بەڵام بەر لەوەى (بابانەکان)
بگەن، (عوسمان بەگ) چەک و جبەخانەى تەواو دەبێت و خۆى بەدەستەوە دەدات.
بەمەرجێک سەرداریى خۆى لەسەر خۆشناوەتیدا لەدەست نەدات.دواى ئەوەى
پاشاى کۆرە دەگەڕێتەوە رواندز، بۆنى خیانەتى لێدەکات، بۆیە دەیکوژێت و
موڵک و ماڵیشى دەباتە سەر ئیمارەتەکەى. بۆیەشە (مەحەمەد بەگ کوڕى
عوسمان بەگ) لە تۆڵەى ئەوەدا هاوکارى سوپاى تورکیا دەکات و شەقڵاوە
دەگێڕێتەوە.
دواتریش تورکەکان دەست بەسەر کوردستاندا دەگرن و ئیمارەتە کوردییەکان
لە نێودەبەن و لە نیوەى سەدەى نۆزدەیەمدا رێکخستنەکانى خۆیان دادەنێن."17".
لە رێکخستنەکانى عوسمانیدا،(شەقڵاوە) دەبێتە (ناحیە)یێکى سەر بە قەزاى
کۆیە. کە ئەویش سەر بە شارەزوور یان کەرکوک بووە.
شەقڵاوە، لە کۆتایى سەدەى نۆزدەم و سەرەتاى سەدەى بیستەمدا، دەکەوێتە
دەست بنەماڵەى (میران) ەکان. دواى ئەوەى بەگزادەکان لە ئەنجامى ململانێ
و کێشەکانى نێوخۆیاندا و هەروەها وەرسبوون و جارسبوونى خەڵکى بەدەست
ئەواندا، میرانەکان بە ئاسانى دەهێنرێنە شەقڵاوە و ماڵ و موڵک و
دەسەڵاتێکى گەورەیان دەکەوێتە دەست. دەبنە گەورەى خۆشناوەکان و هێزێکى
چەکدارى گەورە درووست دەکەن. بۆیە لە (راپۆرتێکى ئۆفیسى هەواڵگیریى
بەریتانیدا) سەبارەت بە عەشیرەتەکانى عێڕاق. کە لە ساڵى (1919) دا
بڵاوکراوەتەوە و (فوئاد حەمە خورشید) وەریگێڕاوە. لەو راپۆرتەدا لە
باسى عەشیرەتى خۆشناودا ئەم زانییارییانەى خوارەوە دەخوێنینەوە:
(ئەم عەشیرەتە لە شەقڵاوە دادەنیشن، سەرۆکى عەشیرەت قادر بەگە. بەش و
باڵەکانیشى ئەمانەن:
بەشى(میر مەحمەلى) سەرۆکەکەى قادر بەگ و رەشید بەگن و 36 سى و شەش
گوندیان هەنە.
بەشى (میر یەسفى) سەرۆکیان ساڵح بەگ و خدر بەگ خاوەنى 28 بیست و هەشت
گوندن.
بەشى (پشت گەلى) سەرۆکیان ئەحمەد بەگە و 29 بیست و نۆ گوندى هەیە.
هێزى چەکدارى ئەو عەشیرەتە بە (1000) پیادە و سوارچاک مەزەندە دەکرێت.
هەموو ناوچەى شەقڵاوەیان داگیر کردووە کە گووندى زۆر دەوڵەمەند
دەگرێتەوە.عەشیرەتێکى دەوڵەمەندە و گرنگییەکى تایبەتى لە نێو
عەشیرەتەکاندا هەیە.
ئەو عەشیرەتە بە ئازایەتیێکى بێ وێنە وە لە دژى هێرشى رووسەکان لە
ساڵانى(1915-1916)دا لە ناوچەى رواندوز وەستانەوە، راگرتنى پێشکەوتنى
سووپاى رووس بۆ خۆڕاگریى و ئازایەتى ئەو عەشیرەتە دەگەڕێتەوە.)"18".
لەگەڵ هەڵگیرسانى شەڕى یەکەمى جیهانیدا و رووخانى عوسمانییەکان،
ئینگلیزەکان دەبنە سەردارى ئەو هەرێمە.
لە ساڵى (1919)دا، (دەبلیو ئاڕ هى) فەرماندارى سیاسى ئینگلیزى لە
هەولێر، دێتە (شەقڵاوە).لە پەرتووکەکەیدا، (یادگارییەکانى دەبڵیو ئاڕ
هی، فەرمانداریى سیاسیى هەولێر لە ساڵانى(1918-1920) سەبارەت بە
شەقڵاوە دەنووسێت: (کە گەیشتینە شەقڵاوە، تاریک داهاتبوو، (میرانى
رەشید بەگ) لە دەرەوەى شەقڵاوە دەگەڵ دوو لە کوڕەکانیى خوالێخۆشبوو (بایز
بەگ) واتە (عومەر و سلێمان) پێشوازیى لێکردین. (میرانى رەشید بەگ)
پیاوێکى باڵا بەرز و ردێن رەشە، زۆر قەڵەو نییە، بەڵام لە (قادر بەگ) "رەهوترە"
چاوەکانى خێلن. خوێندەوارییەکى چاکى هەیە، دەتوانێت بە تورکى و فارسى و
کەمێک عەرەبى قسە بکات، ئەمە جگە لە زمانى خۆى کوردى. لە کارى (موئامەرەکردندا)
زرنگتر و بە ئەزموونتر بوو، لە برایەکەى کە تا رادەیەک ئەقڵێکى
ساویلکەى هەبوو.کە قەت رۆژێکیش خۆشمنەویست. وەک پارێزرە (نۆبڵ)یش گووتى
ئەو زیاتر لە پارێزەرێک دەچوو.
هەموو دانیشتنەکەمان بە باسى بابەتى سەرۆکایەتى بردە سەر. (رەشید بەگ)
ددانى بە مافى نەیارەکەى دانا، کە برا گەورەیەتى، بەڵام کۆچى دوایى کرد.
هەر چۆنێک بێت.
بۆى روون کردمەوە کە دانیشتنى لە شەقڵاوەدا، بە ئامانجى پاراستنى موڵک
و ژنەکانى (رەحمەتى بایز بەگ)ە.جێگەیەک نەبووە شوێنێ هەردووکانى تێدا
ببێتەوە. دواتر کەوتە سەر چۆک و لەبەرم پاڕایەوە (چاوەکانى دەیانویست
لە عببرەتەکەى بدوێن، ئەگەر چاو بدوابایە) کە شتێک نەکەم ئەو و براکەى
لەیێکدى جوایەز بکەمەوە. منیش لەم کاتەدا گەیشتبوومە ئەو بڕیارەى کە (قادر
بەگ) بکەم بە فەرمانڕەوا، بۆیە پێویست بوو لە ناوەندى شوێنەکەى خۆیدا
بمێنێتەوە، بەڵام تا سپێدەى رۆژى دواتر نەمتوانى وا لە (رەشید بەگ)
بکەم کە ملکەچ و دەسبەردار بێت.دواى ئەوەى تەرتیبات کران، داوام کرد
ئەو و (قادربەگ) بچنە لاى مامى پیریان (عەزیز بەگ) لە بالیسانێ، بۆ
ئەوەى لە لاى ئەو سوێندێکى راستى دڵسۆزیى بۆ یەکترى بخۆن، بەڵام ئەمە
قەت نەکرا. ململانێى نێوانییان بەهۆى ئێرەیى بردنییان بە یەکدى،
بەردەوام بووە هۆى ناڕەحەتى فەرمانڕوا سیاسییە یارمەتیدەرە یەک
لەدوایەکەکانم لە کۆیەدا. پێش ئەوەى بڕۆم، (قادر بەگ)م بە فەرمى بە
فەرمانڕەواى (شەقڵاوە) دامەزراند، کە دەسەڵاتى بەسەر لقەکانى (خۆشناو)
و خێڵى (کۆڕێ) هەبێت. (رەشید بەگ) بووە فەرمانداریى فەرمى لقى (میر
مەحمەلى) و (ساڵح بەگ) فەرماندارى فەرمى لقى (میر یوسفى). بەگشتیش (قادر
بەگ) سەلماندى کە لە هەموو فەرماندارەکان سەرکەوتووترە.
لەم وتوێژانەدا (حاجى نەورۆز ئەفەندى) هاوکارم بوو، کە خەڵکى (رواندزە)
و بەڕێوەبەرى پێشووى شەقڵاوە بوو. بە رەگەز فارسییە. سەرى وە سەرى
عەلەشیشان دەچێت. لایەنێکى مەکرى رۆژهەڵاتییانەى هەبوو کە تێکەڵى
دوودڵیى و توڕەیى کردبوو. لەو ساتانەدا هەمووى دەگەڵم دا بوو. لە سەرى
سەرییەوە تا بنى پێى دەلەرزى. زمانى تۆزێک دەگیرا و ترترى بوو.دیاربوو
لەوە دەترسا نەوەک لە کارە خراپەکانى رابردووى بکۆڵمەوە. ئەو رۆژەى من
شەقڵاوەم بەجێهێشت. ئەو گەڕایەوە رواندوز. کە دواتر دەیبینمەوە.
لە سپێدەى (26)ى مانگدا، کاتم هەبوو بە گەڕان لەو دەوروبەردا بەسەرى
بەرم.
شەقڵاوە ، کە دانیشتووانى نزیکەى (3000) سێ هەزار کەسن و نیوەیان
مەسیحین. لە سنوورى باکوورى چیاى سەفین دایە. کە وەک باکگڕاوندێکى
بەردینیى سەربەرز دەورى شارۆچکەى داوە، ئێستا بە بەفر داپۆشراوە.
ماڵەکانى لەسەر یەکدى ئاواکراون. بۆیە دەبینى یەکێک لە دەرگەى
ماڵییانەوە دەچێتە سەربانى دراوسێکەى. لەسەر رێگەى سەرەکى هەندێ خانووى
جوان و بەرز هەن. ئەوە ماڵى (میران)ە. هەروەها مزگەوتێکى بچووکیش لەوێ
هەیە. زۆر کانى لە نێو شارۆچکەکەدا هەن.کە بەهاژەهاژ ئاویان پێدا دێتە
خوار. باخچە پان و بەرینەکانى کە دەگەڵ بنارى دۆڵەکە درێژ دەبنەوە بۆ
ماوەى چەند میلێک. دار ئەسپیندارى زۆرە. باخچەى سێو و هەرمێ و خۆخ و
مژمژە و هەنجیر و هەنار و شتى دیکەى هەیە و لەگەڵ دار گوێز و چنارەکان
تێکەڵن. ئەم باخچانە لە هاویناندا خۆش و دڵگیرن. بەڵام لە زستاندا زۆر
تاریک دەبن و بێزارکەرن. (حاجى نەورۆز) بۆ کۆشکى هاوینەى خوالێخۆشبوو (بایز
بەگ) دەستى گرتم. ئاواییەکەى بە گشتى سرنج راکێش نییە، بەڵام دوو دار (چنارى)
گەورەى تێدایە کە بەرزبوونەتەوە. زانیمان ئەو چنارانە ماوەى(500)
پێنچسەد ساڵە لەو شوێنەدا گەشە دەکەن. هەروەها کانییە ئاوێکى خۆشى
تێدایە کە بەم زووانە دۆزراوەتەوە.
دواتر چووینە (کەنیسە)هەرچەندە (حاجى نەورۆز) نەیدەویست بچین. دەیوت کە
شایانى دیتن نییە. کە گەیشتینە ئەوێ بینیم وێرانەیە، مێوژ و گەنمى تێدا
هەڵگیرابوو. کە بەشى حکومەت بوو لەو بەرووبوومانەدا و لە کەنیسە
عەمبارییان کردبوو.لێرە لە گۆڕەپانێکى کراوەدا، چوار (قەشە)م دیتن کە
بەبەرگى کەهەنوتى بوون، منداڵى زۆر پیس و پۆخ بوون. کۆمەڵێکى گەورەى
خەڵکیشى لێبوو. کە منیان دیت، دەنگى (مەزامیرێک) بڵند بوو، بەوە بێزار
بووم کە خەڵکەکە بە دوامدا بسووڕێنەوە و بەدەنگێکى گڕ بڵێن: "هللۆیا!"
کۆمەڵێ ژن دەورەیان لێدام - زۆربەیان پیر و ناشیرین بوون- دەست و
جلەکانییان ماچ دەکردم. ئەو هەژارە گوناهانە. سکم پێ سووتانەوە کە
هەستییان بە لە نێوچوونى خەونەکانییان کرد، لە رۆژانى داهاتوودا، ئەو
خەونانەى کە رێک لەو رەوشەدا دەیاندیت)"19"
خەونى شەقڵاوەیان، بە مەسیحى و موسڵمانەوە، هەمیشە لە بندەستى رژێمە
مرۆڤچەوسێنەرەکان، چ عوسمانییەکان و چ ئینگلیزەکان و چ رژێمە یەکلەدواى
یەکەکانى عێراق و سەربارى دەستەڵاتدارە نێوخۆییەکانى شەقڵاوە، چ
بەگزادەکان و چ میرەکان، بە شێوەى راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، خەڵکى
شەقڵاوەییان چەوساندۆتەوە.
بێگومان، بەڵگە و شایەتى مێژوویى زۆرن، لەسەر هەڵسوکەوتى داگیرکەران و
دەسەڵاتدارە نێوخۆییەکانیش کە تا چ رادەیەک خەڵکییان چەوساندۆتەوە. ئەو
خەڵکەش لە رووى جەستەیى و ماددى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى و سیاسى و
فەرهەنگى و رۆشنبیرییەوە چ قوربانییەکییان داوە.
_______________________________________________
ژێدەر و پەراوێزەکان:
-
الشيخ الامام شهاب الدين ابي عبدالله ياقوت بن عبدالله الحموي
الرومي البغدادي (ت 626 ه) المجلد الثالث س- ف طبعە جديدە مصححە و
منقحە قدم لها محمد عبالرحمن المرعشلى. دار احياء التراث العربي و
مؤسسە التاريخ العربي. بيروت – لبنان
-
العلامە المفضال معالى محمد أمين زكى بك الوزير العراقى، خلاصە
تاريخ الكرد و كردستان. سنە 1931 و نقلە الى العربيە وعلق عليه
الاستاذ
محمد على عونى 1936 مطبعە السعادە بجوار محافظە مصر سنە 1939ص 385
* لە پەرتووكى (خلاصە الكرد و كردستان / من اقدم العصور التاريخيە حتى
الان) ى (محەمەد ئەمين زەكى بەگ) كە (محەمەد عەلى عەونى) وەريگێرِاوەتە
سەر زبانى عەرەبى. لە ساڵى 1931 دا چاپكراوە. نووسەر،دەقى (مسالك
الابصار)ى نووسيوەتەوە وەرگێرِيش پەراوێزێكى بۆ نووسيوە. بەم شێوەيەى
خوارەوە:
وڵاتى (شعلاباد)* و (خفتيان)**لەگەڵ ئەو دەشتەى لە نێوانيياندايە.ئەوە
شوێنى تايەفەيەكە بە (شەهريە)*** ناسراون.دزيكەرن و ژمارەيان هەزار كەس
نابێت.چيايەكانييان سەختن.دەربەندييان لەنێوان دووچياى بەرزدايە.زابى
گەورە ئاوى دەدەات كە سىێ پردى لەسەرن، دوانييان لە بەرد و قورِ
دروستكراون.ناوەنجييەكەشيان لە دار وەك حەسير دروستكراوە.بەرزايى لەسەر
رووى ئاودا سەد باڵە. پردەكە لە نێوان هەردووك چيادا، درێژييەكەى پەنجا
باڵە و دووباڵيش بەرينە. چوارپەل بەبارەوە لەسەرى
دەپەرِنەوە.ئەسپەكانيش بە سوارەوە.بەرزو بڵند دەبێت. مەترسيدارە بۆ ئەو
كەسەى لەسەرى دەپەرِێتەوە.نۆبەتى لەسەر دەگرن. خەڵكى غەدر و فێڵن،
ميوان لەوىێ ناتوانێت بەرگرييان لێبكات. ميرێكى تايبەت بە خۆيان
هەيە.خاوەنەكەشى موكاتەبەى لەسەر دەرگەكانى سوڵتانييە هەيە لە ديارى
ميسردا.)
( * بێ گومان ئەوە خواركردنەوەى وشەى ( شەقلاباد- شەقڵاوە) ى ئێستايە
لە ليواى هەولێردا. كە ليوايێكە لە ليواكانى باكورى عێراق. ئەم
دەستەواژەيەى (المسالك) بەم شێوەيە: وڵاتى سەهريەى بەناوبانگ بە دزى و
جەردەيى، لە (بلاد- وڵاتى) (سەقڵاوە) يە. و (حەفتيان ئەبى عەلى) بە
(حەفتيانى گچكە) ش دەناسرێت. لەو نێوانەشدا دەشت و دەربەندى
گەورە.(وەرگێرِ)
** (خەفتيان) دەربەندە، (هەفتيانى ئێستا) لە نزيك رواندزدا. لەو
وڵاتانەدا. (دانەر)
*** لە (دائيرەى مەعارفى ئيسلامى)دا هاتووە مەبەست لە
(ئەلشەهريە)(ئەلسهريە) يە. ئانەكو (سۆران يان سەهران يان سەهرانييە
بەناوبانگەكانى كوردن.(وەرگێرِ)
(ئەحمەد عەبدولعەزيز مەحمود) لە كتێبەكەيدا (الامارە الهژبانيە
الكرديە) دەڵێت مەبەست لە(خەفتيان) (هەوديانا)ى ئێستايە.برِوانە( احمد
عبدالعزيز محمود، الامارە الهژبانيە الكرديە في آژربايجان و اربيل
والجزيرە الفراتيە من 293 – 656 ه / 905 – 1258م دراسە سياسيە حچاريە)
-
برِوانە العلامە المفضال معالى محمد أمين زكى بك الوزير العراقى،
خلاصە تاريخ الكرد و كردستان. سنە 1931 و نقلە الى العربيە وعلق
عليه الاستاژ محمد على عونى 1936 مطبعە السعادە بجوار محافظە مصر
سنە 1939ص 378
-
الشماس ميخائيل منصور كوسا الشقلاوى، تأريخ شقلاوا.المطبعە ماردين.
2000 اربيل.ص 11
-
مير شەرەف خانى بدليسى، شەرِەفنامە، مێژووى ماڵە ميرانى كوردستان.
وەرگێرِانى مامۆستا هەژار.بڵاوكراوەى ئاراس. ژمارە 410 چاپى سێهەم:
2006 لاپەرِە 340
-
جەلال جەرجيس شێر، چەپكێك لە كەلەپوورى مەسيحييەكانى شەقڵاوە.چاپى
يەكەم/ سەنتەرى ئەكەد بۆ چاپەمەنى. عينكاوە – هەولێر 2007لاپەرِە
14.
-
زرار عەبدولڵا حەمەد سەرتاش،ئينيسكلۆپيدياى هەولێر. بەرگى يەكەم،
جوگرافيا. چاپى يەكەم / (2009) لە بڵاوكراوەكانى (دەزگاى چاپ و
بڵاوكردنەوەى بەدرخان) لاپەرِە (340)
-
گيوى موكريانى، كوردستان. دەزگاى چاپ و بڵاوكردنەوەى ئاراس. چاپى
يەكەم. 1999 لاپەرِە 630
-
زرار عەبدولڵا حەمەد سەرتاش،ئينيسكلۆپيدياى هەولێر. بەرگى يەكەم،
جوگرافيا. چاپى يەكەم / (2009) لە بڵاوكراوەكانى (دەزگاى چاپ و
بڵاوكردنەوەى بەدرخان) لاپەرِە (340) كە ئەويش سەرچاوەكەى هەر
پەرتووكەكەى شەماشە ميخائێلە.
-
زبير بلال اسماعيل، اربيل في ادوارها التاريخيە. دراسە تاريخيە
عامە لاربيل و انمائها منذ اقدم العصور حتى الحرب العالميە الاولى.
مطبعە النعمان – النجف الاشرف.ص 99
-
مشيحا زخا،كرونولوجيا اربيل ترجمە وتعليق عزيز عبدالاحد نباتي
2001 دار اراس للطباعە والنشر الگبعە الاولى اربيل ص 119-120
-
كلثومە جميل عبدالواحد، كردستان في عهد الساسانيين 224-630م دراسە
عن الحياە الدينيە والاجتماعيە والاقتصاديە هولير 2007 ص 80
-
(زرار سەرتاش بۆى گێرِامەوە:" لە (عەولا كۆرى شەقڵاوەيى)م بيستووە،
ئەم مزگەوتە لە كۆندا ئاتەشگەیەكى
زەردەشتى بووە"، هەرچەندە سەرچاوەى تر ئاماژە بەوە دەدەن كە
مزگەوتى گەورە (ميرانى مەحمود بەگ و بووك عەنبەر خاتوون) لە ساڵى
(1301كۆچى)دا ئاوايان كردووە. (برِوانە:كەمال خورشيد ميران، خۆشناو
خۆشناوەتى، مێژوو، جوگرافيا و ياداشت/ ئامادەكردن و پێشكەش كردنى:
سالار كەمال ميران 1985لاپەرِە 67)، بەڵام پێش ئەوە سەرچاوەى تر
هەيە لەوانە لە كتێبەكەى شەماشە ميخائيلدا باس لەوە دەكات:( كە
"مەلا عەزيز" ئيمامى مزگەوتى گەورە گوتويەتى پەرتووكى (عوامل
الجرجانى) لە ژێردار چنارى مزگەوتى شەقڵاوەدا نووسراوەتەوە لە
دەوروبەرى ساڵى 1293 زايينييدا) برِوانە ( تأريخ شقلاوە، شەماشە
ميخائيل لاپەرِە 69) لەبەر ئەوەى وڵاتى كوردان، كورد و كەلدانى و
ئاشورى و نەتەوەى تريش تێدا ژياوە، رێى تێدەچێت كە بە لاى كەمييەوە
بەشێكييان زەردەشتى بووبن. جگە لەمەش (ئەشكەوتى سەفين) كە مار ئادى
لەوێ بووە، دواتر لەسەدەى چوارەمدا، رەبەن بويا، لەوێ ژياوە و
دواتريش بۆتە شێخ وسو رەحمان. دوور نييە پێشتر ئەوێش شوێنێكى
زەردەشتى بووبێت. لەم بارەيەشەوە قسە هەيە. بەڵام وەك سەرچاوەيەكى
نووسراو هيچ دۆكيۆمێنتێكم دەست نەكەوتووە.هەروەك چۆن لە ساڵى
(1999)دا شوێنەوارى ساسانييەكان لە (گوندى ئاقوبان) دۆزراوەتەوە.
برِوانە پەرتووكى (الاب ازاد صبرى، مزارات و كنائس اربل لاپەرِە55)
-
( احمد عبدالعزيز محمود، الامارە الهذبانيە الكرديە في آذربايجان و
اربيل والجزيرە الفراتيە من 293 – 656 ه / 905 – 1258م دراسە
سياسيە حضاريە مكتب التفسير للنشر والاعلان اربيل 2006 ص 38)
-
مير شەرەف خانى بدليسى، شەرِەفنامە، مێژووى ماڵە ميرانى كوردستان.
وەرگێرِانى مامۆستا هەژار.بڵاوكراوەى ئاراس. ژمارە 410 چاپى سێهەم:
2006 لاپەرِە 355 هەژار ئەو زانييارييانەى لە (مەم) وەرگرتوون.
-
زبير بلال اسماعيل، اربيل في ادوارها التاريخيە. دراسە تاريخيە
عامە لاربيل و انمائها منذ اقدم العصور حتى الحرب العالميە الاولى.
مطبعە النعمان – النجف الاشرف.ص 24
-
جەمال نەبەز، الامير الكردي، مير محەمەد الرواندوزى الملقب ب "ميرى
كورە" ترجمها من الالمانيە الى العربيە فخري سلاحشور. من منشورات
الاكاديميە الكرديە للعلم والفن ستوكهولم 1994 ص 144
-
العشائر الكورديە، ترجمه و علق عليه فۆاد حمه خورشيد بغداد 1979 ص
58
-
مذكرات دبليو آر.هي/ حاكم اربيل السياسي في كردستان أيام الاحتلال
البريطاني 1918-1920 نقله الى العربيە فۆاد جميل / الدار العربيە
للموسوعات/ الطبعە الاولى 2008 بيروت.ص 180-182
ماڵپهڕی هۆشهنگ محهمهد
|