٧\ ١٢\ ٢٠٢٠
مێژووی سۆشیالیزم
لە ئەمەریکا.
ریچارد ۆڵف
وەرگێڕانی لە
ئینگلیزییەوە:
عامر سابیر
VIDEO
تێبینی: پرۆفیسۆر ڕیچارد ۆڵف ئەم وتارەی لە سمینارێکدا لە ٢٢/٠٤/٢٠١٦
پێشکەش کرد. ڕێچارد ۆڵف لە ئەمەریکا دامەزرێنەری (ڕێکخراوی دیموکراسی
لە شوێنی کاردا)یە. ئەو پرۆفیسۆری ئیقتیساد و مارکسیستێکە کە خاوەنی
چەندین کتێبە و بڕوانامەی پی ھێچ دی و سێ ماستەری لە ئیقتیساد و
مێژوودا ھەیە. لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەرنامەیەکی ھەیە بە ناوی (ئیکۆنۆمیک
ئەپدەیت) کە لە ئێستادا ھەفتانە لە زیاتر لە ١٨٠ ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە
لە سەرتاسەری ئەمەریکادا بڵاوئەبێتەوە. بەردەوام کۆڕ و سمینار دەگێڕێ و
چاوپێکەوتنی بیستراو و بینراو ئەنجامئەدا بۆ بەرگری لە سۆشیالیزم. ئەو
بەرگریکارێکی سەرسەختی سۆشیالیزم و مارکسیزمە. بە بڕوای من ڕیچارد ۆڵف
یەکێکە لە بە ئیمکانترین و ڕۆشنترین مارکسیست و سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆی
دنیا. ئەمە وەرگێڕانی ناوەڕۆکی قسەکانێتی کە لەم کۆڕەدا پێشکەشی کردوە
(ئەم وەرگێڕانە بۆ سەر زمانی کوردی، چوارساڵ دواتر لە ٢٠٢٠دا
ئەنجامدراوە).
ئیشی ئەمڕۆی من کارێکی سەیرە ئەگەر بیری لێبکەیتەوە. من ئەمڕۆ باسی
مێژووی سۆشیالیزم ئەکەم. لە کوێوە ھاتووە و بۆ کوێ ئەڕوا. من باسی
سۆشیالیزم ئەکەم لێرە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. کە ئێمە ئێستا
تازە سەردەرئەکەین. ھەروەک چۆن ورچێک کە نزیک بە پەنجا ساڵ لە سڕبوون
بەخەبەر بێتەوە، پەنجا ساڵ کە تیایدا سوشیالیزم سەرکورتکراوە. کە بەھیچ
جۆرێک نەخویندراوە، قسەی لەبارەوە نەکراوە، موناقەشە نەکراوە،
شینەکراوەتەوە و ڕێز و ئیعتیباری بۆ دانەنراوە. بەڵکو تەحقیر کراوە و
وا حیساب کراوە کە ھەر نییە و کرابووە ژێر بەڕەوە.
ڕێگەم بدەن باسی تەجرەبەی شەخسی خۆم بکەم لەم بارەوە.ھەر چەندە لە
باکگراوندێکی سادەوە ھاتووم، بەڵام بە ھۆی ھەندێ ھۆکاری سەیر توانیومە
لە باڵاترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی ئێرە بخوێنم. سەرەتا لە زانکۆی
ھارڤەرد خوێندم، پاشان چووم بۆ زانکۆی ستانفۆرد بۆ خوێندنی ماستەر
پاشان دکتۆرام لە زانکۆی یەیڵ ھێنا لە ئیقتساد و مێژوودا. من کە لە
ھەموو ئەم زانکۆیانە خوێندوومە، ھەرگیز داوام لێنەکراوە کە تەنانەت یەک
وشە لە ڕەخنە و شیکردنەوەی ئابووری نووسەرێکی مەزنی وەک کارل مارکس
بخوێنمەوە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سەرمایەداری کە مامۆستاکانم
وایانداناوە کە شیدەکەنەوە بۆ من. ئەمە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە کە بۆم
باسکردن. وە ئەوە پیشان ئەدات کە ئێمە ئێستا بە ھێواشی لە چی خەفەقانێک
سەردەردێنێن.
ئەوە ھەڵسەنگاندنێکی خەتەرە ئەگەر لەوە تێنەگەی کە پەنجا بۆ شەست ساڵ
سەرکوتی سۆشیالیزم، چی برینێکی قوڵ، چی غیابێکی قوڵ، چی بۆشاییەکی قوڵی
بەجێھێشتووە. من دواتر لە قسەکانمدا ئەچمەوە سەر ئەمە و ئێوە تێبینی
ئەکەن. بەڵام ھیوادارم خۆتان ناڕەحەت نەکەن. چونکە خەتای ئێوە نییە.
ئێوە لە کۆمەڵگایەکدا ئەژین کە سۆشیالیزم تازە سەردەردێنێتەوە لە پاش
پەنجا ساڵ لە تابۆ. کە ڕەنگە تێبگەی کە بۆچی ھیچ کەسێک جورئەتی ئەوەی
نەبووە باسی بکا. چونکە بڕیاری بەتابۆ کردنی سوشیالیزم بڕیارێک نەبووە
کە پشتی بە زانست، یان ئیقتیساد یان زانیاری و ھەر شتێکی تر بەستبێت.
بەڵکو بڕیارێک بووە کە پشتی بە ترس بەستووە. پرۆفیسۆرەکان ترسیان لە
لەدەستدانی میھنەکانیان بووە. مامۆستا ترسی لە لەدەستدانی ئیشەکەی
ھەبووە. وە ھەموو کەسێکی تر ترسی لەوە ھەبووە کە بەڵایەکی خراپی
بەسەردێ ئەگەر ڕەخنە لە سەرمایەداری بگرێ.
ئێمە لێرە لە ئەمەریکا خاوەن کەلتورێکین لە ئیقتساددا، کە من خۆشم
بەشێکم لێی، کە ئەو کتێب و مەقالانە ئەوترێتەوە و ئەخوێندرێتەوە کە لە
لایەن ئەو کەسانەوە نووسراوە کە بەردەوام بە شان و باڵی سەرمایەداریدا
ھەڵیانداوە لە ھەموو دەورانەکانیدا.
ڕێگەم بدەن نمونەیەک بھێنمەوە. وادابنێ لەو شەقامەدا خێزانێک ئەژی کە
خاوەنی دوو مناڵن. یەکێک لە مناڵەکان پێی وایە کە ئەمە باشترین خێزانە
لەھەموو ڕوویەکەوە کە تیایدا ئەژی، وە بە پێچەوانەوە مناڵی دووەم پێی
وایە کە ئەم خێزانە زیندانێکە و ڕۆژانە ئەشکەنجەی تیادا ئەچێژێ.
وادابنێ کە تۆ ئەتەوێ لەم خێزانە تێ بگەی، جا بۆ ھەر ھۆکارێک بێت گرنگ
نییە. ئایا بۆ ئەوەی لەم خێزانە تێ بگەی، پێویستە گوێ لە ھەردوو
مناڵەکە بگری یان تەنھا یەکێکیان؟ ئایا پێویست نییە کە لەگەڵ ھەردوو
مناڵەکەدا دابنیشی و گوێبیستیان بێت؟ جا ئەنجامگیری و بۆچوونی خۆت
لەسەر ئەو خێزانە بدەی.
بۆیە ئەگەر ئەتانەوێ لە کەپیتالیزم بگەن، وەک ئەوە وایە کە لەو خێزانە
بگەن کە باسمان کرد. ئەتوانی گوێبگری لەو کەسانەی کە بە شان و باڵی
سەرمایەداریدا ھەڵئەدەن و شانازی پێوە ئەکەن و خۆشیان ئەوێت. ئەمە بکە،
کە ئەمە کارێکی سەخت نییە، چونکە ٩٩.٩٪ی ھەموو ئەو تێکستانەی نووسراوە،
لە لایەن ئەو کەسانەوە نووسراوە کە سەرمایەداریان خۆشئەوێت و بە شان و
باڵیدا ھەڵیانداوە. بەڵام پێویستە گفتووگۆ لەگەڵ ئەوکەسانەشدا بکەی کە
ڕەخنەیان لێی ھەیە. گوێبیستی قسەی ئەوانەش بی کە دژی سیستەمی
سەرمایەدارین. ئەگەر ئەمە نەکەی، ئەوا کەواتە لە ھیچ نەگەیشتووی. ئەمە
موشکیلەیەکی جدییە و ھەر وەک باسم کرد ئێمە تازە سەر دەرئەھێنین لێی.
بۆیە تکایە بە دیقەتەوە گوێبگرە و بزانە چی ئەڵێم.
لەسەرەتادا، ئەمەوێ ئەوە بەیان بکەم کە سوشیالیزم لە ئەمەریکادا لە
گەڕانەوەدایە زۆر بەخێرایی. لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کە سۆشیالیزم
کرابووە تابۆ، ئێمە لێرە لە ئەمەریکا پێمان وتراوە کە سۆشیالیزم تەنھا
پەیوەستە بە یەکێتی سۆڤییەت و چینەوە. وە ئەو وڵاتانە ترسناکن و
ھەڕەشەمان لێ ئەکەن و ئەیانەوێ ئازارمان بدەن. وە ئێمە پێویستە
بەرەنگاریان ببینەوە و تووڕەبین لێیان. وە یەکێک لەو ڕێگایانەی کە
تووڕەیی و جیاوازی و ناڕەزایەتی خۆمانیان پێ بڵێین، ئەوەیە کە کەمترین
شت بزانین دەربارەی ئەو بیروباوەڕ و تیۆرییەی کە ئیدیعای ئەکەن
بەکاریئەھێنن. لەم لێکدانەوە نادروستەدا ھەر لۆجیکێک ئەبینی، ئەوە
بەخیربێن بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ پەنجا ساڵ.
بەڵام بێ گومان لە ھەمانکاتدا سوشیالیزم مەوجود بووە. بەڵام خەڵکی
ئەمەریکا، میدیای ئەمەریکا، حکومەتی ئەمەریکا و کۆمەڵەی ئەکادیمی
ئەمەریکا، وایانداناوە کە وجودی نییە. بەڵام بەردەوام ھەبووە و
مەوجودبووە. بەلام بۆ پەنجا ساڵ نەتوانراوە قسەی لەبارەوە بکرێ.
تەنانەت لەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیانەی کە لە ناوخۆی ئەمەریکادا ھەبووە،
وەک بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، بۆ ئاشتی،
دژی ڕەگەسپەرستی، دژی ھەڵاواردنی جنسی و ...ھتد. ئەم بزوتنەوانەش بە
وریایییەوە دورخراونەتەوە و خۆیان بە دوورگرتووە لە ھەر پەیوەندییەک بە
مارکسیزمەوە، بە سۆشیالیزمەوە، بە کۆمۆنیزمەوە. تەنانەت لە کاتێکدا کە
بەرپرس و سەرۆکی ئەم ڕێکخراوانە مارکسیست و سۆشیالیستیش بووبێتن، ئەم
حەقیقەتەیان شاردۆتەوە. لەبەرئەوەی ترسناکبووە بۆ کەسانی تر لەو
ڕێکخراوانەدا کە ویستویانە ئەوەی ئەیانەوێ بیڵێن لەسەر ئەو موشکیلە
کۆمەڵایەتیانەی کە بۆی ھاتوونەتە مەیدان بەربەستی بۆ دروست نەکرێ بە
بیانووی ئەوەی ڕەخنە لە سیستەمی سەرمایەداری ئەگرن.
ئەم وەزعییەتە لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە درێژەی کێشا، تاپایزی
ساڵی ٢٠١١. تا کاتێک بزووتنەوەیەکی تازە سەریھەڵدا. کە بەردەوام
بزووتنەوەی تازە لێرە و لەوێ گەشە ئەکات و سەردەردێنێ. ئەم بزوتنەوەیە
ناوێکی سەیری ھەبوو " ئۆکیوپای ۆڵ ستریت- داگیرکردنی شەقامی ۆڵ". وە
لەمەش سەیرتر ئەوە بوو کە ئەمە بزوتنەوەیەک بوو کە گەنجان ڕێکیانخستبوو
کە زۆر دلێر و شۆڕشگێڕ و ھێڕشبەربوون و لە ناوەندی شاری نیویۆرکدا لە
پارکێک لە مانھاتن خێمەیان ھەڵدابوو. ئەم بزووتنەوەیە وەک ئاگری
دارستان پڕیشکی ھاویشت و بڵاوبۆوە، کە لە ماوەی سێ مانگدا لە ٣٥٠ شاری
ئەمەریکادا گەنجان ھەمان کاریان دووبارەکردەوە. ئەوەی لەم
بزووتنەوەیەدا خاڵی زۆر بەھێز بوو، ئەوە بوو کە ڕەخنەیان لە کەپیتالیزم
نەشاردەوە و ئەمانە کارێکیان کرد کە ھیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە
ماوەی پەنجاساڵی ڕابردوودا نەیوێرابوو بیکات لە ئەمەریکادا. شیعاری
سەرەکیان بریتی بوو لە ١٪ بەرانبەر ٩٩٪. کە ڕەخنەکەیان ھێندە بە سادەیی
و کارامەیی بەیان کرد لە دژی سەرمایەداری، تەنانەت سەرۆکی ئەمەریکاش لە
پاش دوومانگ ناچار بوو ھەمان شیعار لە وتاری خۆیدا بەکاربھێنێ.
ڕەخنەیان لە ئیقتسادی سیستەمی سەرمایەداری ئەوە بوو کە ئەم سیستەمە
کۆمەڵگا دابەشدەکات بە ١٪ کە دەسەڵات و سەروەتی زۆی ھەیە، وە لە
بەرانبەریشدا ٩٩٪ کە ھیچیانی نییە یان بەشێکی زۆر کەم لە ھەردوکیانی
ھەیە. ئەم بزووتنەوەیە زۆر درێژەی نەکێشا، بەڵام ئەمە پێویستە کەس
تووشی سەرسوڕمان نەکات. بزووتنەوەی لەم جۆرە ھەڵئەتۆقێ و ھەوڵئەدا
جێپێی خۆی بگرێ و زۆر جار لە ھەنگاوی یەکەمداسەرکەوتوونابێت.
ئیستا نزیک بە چوار ساڵ دوای ئەم بزووتنەوەیە، چاپتەری دووەم دەستی
پیکردووە و ئەیبینین.کە دیاردەی بێرنی ساندەرسە (کاندیدی حیزبی
دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا). ئایا وا نییە؟ کە ملیۆنان ملیۆن لە
خەڵکی ئەمەریکا گوێ نادات بەوەی کە ئەم کابرایە وشەی سۆشیالیستی
بەدواوەیە. وە ئەتوانێ خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی. نزیک بە نۆ مانگ
پێش ئێساتا ئەندامێکی زۆر باڵای حیزبی دیموکرات وتووێژی لەگەڵ کردم.
لەو گفتووگۆیەدا ئەو خانمە پێی وتم ئێمە نیگەرانین لە
بەرەوپێشچوونەکانی بێرنی ساندەرس. پێم وت، بەڕاستە؟ بۆچی؟ وتی
حیسابمانکردوە کە ئەو ئەتوانی ١٪ بۆ ٣٪ی دەنگەکان بەدەستبھێنێ لە
ھەڵبژاردنەسەرەتاییەکاندا. وتم جا بۆ نیگەرانن بەوە؟ وتی لە ھەندێ
ویلایەتدا ئەگەر ئەوەندە بەدەست بھێنێ و دواتر ئەوانەی دەنگیانداوە بە
ئەو دەنگ نەدەنەوە بە خانم کلینتۆن، ئەوا لەو ویلایەتانەدا ئێمە
ئەیدۆڕێنین چونکە دەنگەکانی دیموکرات و کۆمارییەکان نزیکن لێکەوە.
بزانە، ئەوەی کە حیزبی دیموکرات وای دانابوو کە بێرنی ساندەرس
کاندیدێکی لاوەکییە و ناتوانێ ھیچ بکات و بێ تەئسیرە، بەڵام ئێستا کە
گۆڕاوە بە ھەڕەشەیەکی گەورە و ملیۆنان لە خەڵکی ئەمەریکا دەنگی پێ
ئەدەن. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە حیزبی دیموکرات چەندە دوورە لە خەڵکەوە
و چەندە نائاگایە لەوەی کە خەڵکی ئەمەریکا چی ئەوێ.
بۆیە سۆشیالیزم لە گەڕانەوەدایە. سۆشیالیزم ئەگەڕێتەوە بە تۆکمەیی و
گەورەتر لەوەی زۆر کەس تەوەقوع ئەکات.چەوسانەوە ھەر ئەمێنێ تا ھۆکاری
چەوسانەوە باقی بێت. چەوسانەوە بەوە کۆتایی نایات کە تۆ وایدائەنێی کە
نایبینی.
بەڵێ، سۆشیالیزم لە گەڕانەوەدایە. ڕێگەم بدەن باسی تەجرەبە و ھەنگاوێکی
تری شەخسی بکەم. من لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ ەوە خانەنشین بوومە. بەڵام
ئێستا زۆر لەو کاتە سەرقاڵترم کە پرۆفیسۆری ئیکۆنۆمیک بووم لە زانکۆ.
ئێستا بەردەوام لە سەفەردام بۆ قسەکردن لەسەر ئەوەی؛ چی ھەڵەیە لە
کەپیتالیزمدا یان موشکیلەی کەپیتالیزم چییە؟ من ناتوانم فریای ھەموو
ئەو داواکاریی و دەعوەتانە بکەوم لە ویلایەتە جیاجیاکانی ئەمەریکاوە کە
داوام لێدەکەن لەسەر ئەم مەسەلەیە قسە بکەم. بە ھۆی کەمی کاتەوە دام
ناوە لە مانگێکدا تەنھا سێ سەفەر بکەم. من ئێستا ناوی ئەو شوێنانەتان
بۆ ئەڵێم کە لە چوار مانگی ڕابردوودا قسەم تیایدا کردووە. وە تەنھا
ناوی ئەو شوێنانە ئەھێنم کە زیاتر لە ٣٠٠ کەس تیایدا بەشداربووە.کە
ئەمانە ھەندێکیانە (تامپە فلۆریدا، سەن پیتەرسبێرگ فلۆریدا، یوستن
تەکساس، ئەیمس ئایاوا، سیاتڵ و بیڵنگھام لە واشنتن، لۆس ئەنجلیس،
سانفرانسیسکۆ، بێرکڵی، فرێزنۆ، بۆستن، سیریکیوز، وە ئیسیکە). ئەمە
تەنھا مشتێکە لە خەرواری ئەو داواکارییە زۆرەی لێم دەکرێ بۆ قسەکردن
لەسەر ئەم مەسەلەیە.ئەمەتان بۆ باس ئەکەم تا مەعلوماتێک وەرگرن کە چی
ئەگوزەرێ لە ئەمەریکادا. لەم سەفەر و کۆبونەوانەدا بەردەوام داوام
لێکراوە باسی ئەوە بکەم کە مشکیلە و ھەڵە لە سیستەمی سەررمایەداریدا
چییە؟ (وەتز ڕۆنگ وز کەپیتالیام؟).
ئەمە ھەرگیز پێشتر لە ژیانمدا ڕووی نەداوە. گۆڕانکارییەکی بنچیینەیی
ڕویداوە و بەڕێوەیە لە ئەمەریکادا.ھۆکاری ئەوەی کە باسی ئەمەتان بۆ
ئەکەم، چونکە ڕەنگە ئێوە ھەستان پێ نەکردبێ لێرە. ئەمە خەتای ھیچ کەس
نییە، شتەکان ئاوایە، لەھەموو شوێنێک وەک یەک گەشە ناکات. بەڵام
پێویستە ئاگاداربکرێنەوە و بیبیستن لە لایەن کەسێکی وەک منەوە کە ئەم
شتانە ئەگوزەرێ لە ئەمەریکادا. من لە مانھاتن ئەژیم، ڕۆژانە جارێک یان
دوو جار سەیارەیەکی لیمۆزین دێت بەدوامدا و لەبەردەم ماڵەکەم ھەڵم
ئەگرێ. دراوسێکانم ڕەنگە وابزانن من کەسێکی زۆر گرنگم. من ئەبەن بۆ
یەکێک لە ستیۆدیۆکانی تیڤی بۆ چاوپێکەوتن، کە بەم ڕێگەیە ئەتوانم بۆ
ملیۆنان کەس قسە بکەم. لەم چاوپێکەوتنانەدا زۆربەی کات پرسیاری ئەوەم
لێدەکەن کە پێمان بڵێ (وەتس ڕۆنگ وز کەپیتالیزم) موشکیلەی سەرمایەداری
چییە؟ زۆربەی کاتەکان ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئەوان لێم دەکەن. بەڵام لە
چاوپێکەوتنم لە گەڵ بیڵ ماھر لە بەرنامەی (لەیت نایت کۆمیدی شۆ) کە
دڵنیام ھەندێ لە ئێوە بینەری ئەو بەرنامەیەن.لەو چاوپێکەوتنەدا،
مارکسیزم ئەو بابەتە بوو کە ئەو نەک من، ھەڵیبژاردبوو بۆ گفتووگۆ. لەو
بەرنامەیەدا باسی مارکسیزممان کرد و وەڵامی پرسیارەکانیم دایەوە بۆ
بینەرەکانی کە ١٠ ملیۆن کەسە یان زیاتر. باشترین چاوپێکەوتن کە لە دوو
بۆ سێ ساڵی ڕابردوو کردبێتم، لە گەڵ بیڵ ماھیر بووە کە سێ بەرنامەی
درێژم لەگەڵدا کردووە. وەھەروەھا چاوپێکەوتنم لە گەڵ کریس ھەیز و ...ھتد
کردووە.
ئەمە ئەو شتانەیە کە ھەرگیز پێشتر ڕووینەداوە لە ئەمەریکادا. چونکە ئەو
کەسەی کە دژی کەپیتالیزمە، کە من ئەو کەسەم. کەسێک کە بەرھەمەکان و
خەباتی کارڵ مارکس بەرز ئەنرخێنێ و ئیلھامی لێ وەرئەگرێ، کە من ئەو
کەسەم. بۆیە ئاگاداربە کە بە دایک و باوکت نەڵێی کە ھاتووی بۆ ئەم کۆڕە،
چونکە ڕەنگە توورەیان بکەی! (بە پێکەنینەوە ئەڵێ) ھیوادارم من ھەڵەبم و
گاڵتە بکەم (پێکەنینی ئامادەبوون).
با بزانین سۆشیالیزم چی لێھات، لە کاتێکدا لێرە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی
ئەمەریکاداسەرکوتکرا و کرایە سووڕی سڕبوونەوە. بە پێچەوانەوە لە
وڵاتانی تر خەفە نەکرا و بزووتنەوەیەکی ئامادە و زیندوە. ھیچ وڵاتێک
لەسەر گۆی ئەم زەوییە نییە کە ڕێکخراوێکی سۆشیالیستی یان حیزبێکی
سۆشیالیستی یان نەقابەی کرێکاری سۆشیالیستی یان سۆشیالیست یونەڤێرستی
دیپارتمێنتی تیادا نەنێت، یان ھەر شتێکی تر تۆ ئەتوانی ناویبھێنی. ئەم
بزوتنەوەیە بە گەورەیی و خێرایی بڵاوبۆتەوە. وە تاکە تیۆری و
ئایدیۆلۆجی بنچینەیی ئەم بزووتنەوەیە لە ئاستی دنیادا مارکسیزم
بووە.واتەئەو بیروباوەڕەی کە لە کارل مارکسەوە ھاتووە، کە ڕەخنەی لە
ئیقتسادی سەرمایەداری گرتووە. ھەر وەک ئادەم سمیس و دەیڤید ڕیکاردۆ و (مارشاڵ
و کینز) کە ئەمان بە پێچەوانەوە بە شان و باڵی سەرمایەداریدا
ھەڵیانداوە و سەرمایەداریان خۆشویستووە.
بیرت نەچێ کە کارل مارکس تەنھا ١٥٠ ساڵێک لەمەو پێش مردووە، کە بە
پیوانەی مێژوویی کاتێکی زۆر کەمە. بەڵام لەم ماوەیەدا، لەو کاتەوەی کە
ئەو مردووە لە سەدەی نۆزدەدا، بیروباوەڕەکەی بە ھەموو دنیادا
بڵاوبۆتەوە. بۆ ناو ھەموو کەلتوورێک لەم دنیایەدا. بۆیە بیروباوەر
لەسەر مارکسیزم، لێکدانەوە و شیکردنەوەی مارکسیزم، تەنانەت پێناسەی
سۆشیالیزم زۆر ھەمەجۆرە. سۆشیالیزم توراسێکی گەورە و بەربڵاو و
ھەمەجۆرە کە ڕەخنەی لە سەرمایەداری ھەیە. سۆشیالیزم مۆدیلێکی ترە، ئەڵێ
ئەتوانین باشتر بکەین لە سەرمایەداری، بەڵام ئەوەی چۆن باشترئەکەین،
تەرکیز لەسەر چی ئەکەین، بە چی ڕێگەیەک وە چۆن و بەچی ڕیزبەستنێک. خەڵک
لەسەر ئەمانە جیاوازیان ھەیە.
بۆیە لەبیرت بێت، ئەگەر وتارێک یان کتێبێکت خوێندەوە لەسەری نووسرابوو
(زە سۆشیالیست ڤیو) یان (زە مارکسیست ڤیو) ئەوە کتێبەکە دابنێ، چونکە
گەمژەیەک کتێبەکەی نووسیوە. نابێت بنووسێ (زە). کەسێک ئاوا بڵێ یان
زانیاری نییە، یان مەبەستێکی تری ھەیە کەبەم شێوەیە ئەنووسێ. پێویستە
باوەڕت وابێت کە شێوەی جیاواز و بۆچوونی جیاواز ھەیە لەسەر سۆشیالیزم.
تۆ ئازادی کامەیان ھەڵئەبژێری و قسەی لەسەر ئەکەی، یان حەزت لە کامیانە
یان ڕەخنە لە کامیان ئەگری. بەڵام نابێت وا دابنێی کە ئەوەی تۆ تەنھا
بۆچوونە. بۆ نموونە ئەمە وەک ئەوە وایە کە ئەگەر من کۆرسێک دابنێم
لەسەر ئاین، وە لەو کۆرسەدا لە ڕۆژی یەکەمەوە تا کۆتایی دەربارەی ئاینی
(بەھایی) بێت. ئەگەر تۆ وادابنێی کە ئەمە ھەموو شتێکە دەربارەی ئاین.
ئەگەر بەم جۆرە بکەی،ئەوا ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە تۆ یان ساویلکەی
یانکەسێک پارەی داوەتێی بۆ مەبەستێکی تایبەت کە ئاوا بەو جۆرە قسە بکەی.
سۆشیالیزم خاوەنی فەرھەنگێکی گەورەی ھەمەجۆرە. بۆیە ھەندێ جار تەم و
مژاوی دەرئەکەوێ چونکە خەڵک بەم جۆرە ھەڵسوکەوت لەگەڵ ڕەخنە ئەکات و بە
ئاسانی وەری ناگرێ. ڕەنگە سەرنجتدابێ تەنانەت لە ژیانی تایبەتی خۆشتدا
کاتێک ھاوڕێیەکت ڕەخنەت لێ ئەگرێ، ئەگەر ھێشتا تەواو ئامادە نەبی بۆی،
ئەوا ناتەوێت گوێبیستی بیت و بەباشی وەریناگری. بەھەمانجۆر ئەمە لە
کۆمەڵگاشدا ھەر وایە.
ھەموو ئەو سیستەمە ئیقتیسادیانەی کە لە مێژووی مرۆڤاتەیتدا لەسەر گۆی
زەوی مەوجود بووە، تۆ ناویان بھێنە کۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی، بەردەوام
خەڵک ھەبووە خۆشیویستووە و خەڵک ھەبووە ڕەخنەی لێ ھەبووە و دژی بووە.
سەرمایەداریش بەھەمانجۆر. لە ڕاستیدا ئەوەی کە تۆ نەتزانیوە، یان
نەتبیستووە دەربارەی، یان کەس ئاشنای نەکردووی بەمە. ئەمە مانای ئەوە
نییە کە ڕەخنە لە سەرمایەداری و دژایەتیکردنی مەوجود نەبووە.
سۆشیالیزم بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و گەشەیکردووە. لە
دەورانی ڕابردوودا دووجۆر شێوازی تایبەتی سۆشیالیزم باڵادەستبووە. کە
شێوازیی تریش زۆرە و تەنھا ئەم دوو شێوازە نەبووە. بەڵام ئەم دوو
شێوازە بە ھۆی ھۆکاری مێژوویییەوەیە کە بەربڵاو و باڵادەست بوونە.
ڕێگەم بدەن وەسفی کەم بۆتان، دڵنیام ئاشنان پێیان.
بیروباوەڕی یەکەم؛ ئەوەیە کە سۆشیالیزم بریتییە لەوەی کە واز لە
خاوەندارێتی تایبەتی، بزنسی تایبەتی بھێنی و بە خاوەندارێتی دەوڵەتی و
بزنسی سەربە حکومەت جێی بگریتەوە. یانی ئەمە بیروباوەڕێکە کە ئەڵێ
سۆشیالیزم و کەپیتالیزم لەیەک جیاوازن بەوەی کە لە سەرمایەداریدا
خاوەندارێتی تایبەتی پرۆسەی بەرھەمھێنان و بزنس بەڕێوەئەبات و لە
سۆشیالیزمدا حکومەت ئەم کارە ئەکات. کە لەم بیرکردنەوەیەدا ھەموو شتێک
دەربارەی حکومەتە. حکومەت دێ کۆنترۆڵی ھەموو شتێک ئەکات و بەرھەمھێنان
ڕێکئەخات. ئەگەر ئەم شێوازە ئەوەیە کە تۆ ئاشنای پێی. ئەوا ڕێگەم بدە
ئامۆژگارییەکی بچوکت بکەم. ئەگەر ھەرچی کتێب و نووسینەکانی مارکسە
بگەڕێی، ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ و بە قووڵی ھەرچی کارەکانی مارکسە
بەسەربکەیتەوە، تەنانەت وشەیەکیش نادۆزیتەوە لەسەر ئەمە. مەشغەڵەی ئەو،
حکومەت نەبوو. ئەو ھەرگیز مەقالەیەک یان کتێبێکی نەنووسیوە لەسەر
حکومەت، ئەمە شتێکی لاوەکی بوو بۆ ئەو، ئەو شتی تر مەشغەڵەی بوو.
ھەروەھا جیاوازی نێوان خاوەندارێتی (ئینتەرپرایزی) تایبەتی و
خاوەندارێتی دەوڵەتیش، مەشغەڵەی ئەو نەبوو. ئەمانە ھیچی پەیوەندی بە
دیدگا و پرۆژەیەک کە ئەو باسی کردوە نییە.
ڕێگەی دووەم بۆ پێناسەکردنی سۆشیالیزم لە سەدەی نۆزدە و بیستدا؛ بەم
ڕێگەیەی خوارەوە بووە. لە جیاتی بازار، لە جیاتی ئەوەی ڕێگەبدەی بازاڕ
بڕیاربدا کە بەرھەمھێنان (کاڵا و خزمەتگوزاری) چۆن دابەشئەکات، لەجێگەی
ئەمە لە ڕێگەی سەنتەری پلاندانانی حکومەتەوە ئەکرێ،واتە لە حکومەتدا
کەسانێکھەیە پلان دائەنێنکە ھەر کەسەو چی بەرئەکەوێ.یان ئەتوانین
بەشێوەیەکی تر باسی بکەین بەمجۆرە؛ سەرمایەداری بازاڕە، کە بەم ڕێگەیە
دابەشی ئەکات وە سۆشیالیزم، پلاندانانە.
باشە، یانی ئێستا ڕوونبۆتەوە وسادە و ئاسانە بۆ ئەوەی لێک تێبگەین،
کاپیتالیزم واتە خاوەندارێتی تایبەتی و بازاڕ، وە سۆشیالیزم واتە
خاوەندارێتی دەوڵەتی و پلاندانانی حکومەت. وە ئەتوانین بڵێین کە یەکێتی
سۆڤییەت و چین ھەوڵیاندا بە ڕێگەی خۆیان کە ئەم پرۆجێکتە ببەنەپێشەوە.
شۆڕشیان بەرپا کرد، ١٩١٧ لە ڕوسیا و ١٩٤٩ لە چین. کە خاوەندارێتی
تایبەتیان گواستەوە بۆ خاوەندارێتی دەوڵەتی. وە جێگەی بازاڕیان بە
پلاندانانی حکومەت گرتەوە. لە ڕاستیدا ئەم شێوازە، ئەو ڕێگە
بەربڵاوەبووە کە سۆشیالیزمی پێ ناسراوە.
ڕێگەم بدەن تۆزێک باسی ئەمە بکەم؛ ئەم تەجرەبانە ڕێک بە خواستی ئەوانەی
شۆڕشیان کرد و ھیوایان بۆ خواست نەچووە پێشەوە و نەھاتەدی. ئایا ئەمە
مانای وایە کە ئەم تەجرەبانە ھەمووی شکستخواردوو بوون؟ بێ گومان
نەخێر.ڕەنگە ھەندێ لە ئێوە بەمجۆرە بیربکاتەوە، بەڵام ئەزانم مێشکە
زیرەکەکانتان باشتر ئەزانێ کە وانییە. چی سەرکەوتوو بوو لە یەکێتی
سۆڤییەت و چیندا؟ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان ئەوە بوو کە
کۆتاییان بەوە ھێنا کە ڕوسیا لە ١٩١٧ دا، وە چین بە دڵنێاییەوە لە ١٩٤٩دا
یەکێک لە ھەژارترین و دواکەوتووترین وڵاتانی دنیا بوون. تۆ ھەرچییەک
بخوێنێتەوە لەسەر ڕوسیا پێش ١٩١٧ بۆت دەرئەکەوێ کە یەکێکھەژارترین
ونەخوێنەوارترین و موتەخەلیفترین وڵاتی سەر گۆی زەوی بوو. وە ھەمان شت
ڕاسەتە بۆ چینیش لە پێش ١٩٤٩دا. لە ساڵانی دوای شۆڕشدا دوو شت ڕوویاندا
لەو دوو وڵاتە. گەورەترین گەشە و پێشکەوتنی پیشەسازیان بەخۆیانەوە بینی
کە تا ئەو کاتە لە ھیچ وڵاتێکی سەرمایەداریدا بەوجۆرە ڕووینەدابوو. کە
ئێستا تەواوبووە لە ڕوسیا، بەس ھێشتا تەواونەبووە لە چیندا. بۆ
ئەوانەتان کە زانیاریتان ھەیە لەسەر ئەمە، ئاگادارن کە نەتەوە
یەکگرتووەکان ساڵانە ڕێکۆری گەشەی ئابووری وڵاتان بڵاوئەکاتەوە، کە لە
٢٥ ساڵی ڕابردوودا یەکەم وڵات بۆ گەشەی ئابووری، کۆماری گەلی چین بووە.
بۆیە ئەگەر ئەتەوێ گەشەی خێرای پێشکەوتنی ئابووری بکەی، ئەوا بە
دڵنیاییەوە، شۆڕشی سۆشیالیستی، واتە ڕێگەیەک کە ڕوسیا و چین گرتیانە
بەر، ڕێگەیەکی زۆر گونجاوە بۆ ئەو مەبەستە. بۆ ھەندێ لە ئێوە کە
ئەیانەوێ ڕەخنە لەو کۆمەڵگایانە بگرن، ئەوا پیویستە ئاگاداربن کە چۆن
ڕەخنە ئەگرن، دەنا خۆت ئەکەیتە گێژاوێکی پڕ ناکۆکییەوە. لێرەدا پرسیار
ئەوەیە کە ئایا ئەوان جیھانێکی سۆشیالیستیان دامەزراند کە جێگەی
ڕەزامەندی ڕابەرەکانیان بووبێت؟ بێگومان نەخێر.
یەکێک لەو شتانەی لەو تەجرەبەیەدا دۆزرایەوە ئەوەیە کە ئەگەر دەسەڵاتی
پێویست بدەی بە حکومەت بۆ ئەنجامدانی گەشەی خێرای لەم جۆرە، وە
دەسەڵاتی پیویستی ئەوەی بەیتێ کە جێگەی بازاڕ بگرێتەوە بە پلانەکانی
خۆی. ئەوا دەرئەکەوێ کە تۆ حکومەتێکت ھەیە کە دەسەڵاتی ڕەھای ھەیە کە
ئەبێتە ھۆی سەرچاوەی مشکیلەی تر، کە ھەمان ئەو دەسەڵاتە لە ھەموو
شوێنێکیتری کۆمەڵگادا بەکارئەھێنێ. ئەم کارە لەو دوو کۆمەڵگایەدا (ڕوسیا
و چین) بە باشی نەھاتەدی.
کەواتە ئێستا چی؟ سۆشیالیستەکان ڕووبەڕووی شتێک بوونەتەوە، کە پێناسە و
تەجرەبەی نادرووستی سۆسیالیزمە. پێناسەی شۆشیالیزم بەو جۆرەی کە کراوە
و گوایە خاوەندارێتی دەوڵەتی و پلاندانانە، لە بەرانبەر کەپیتالیزمدا
کە خاوەندارێتی تایبەتی و بازاڕە. بۆیە سۆشیالیستەکان ڕەخنەیان دەربڕی
لەو جۆرە سۆشیالیزمە نادەقیقەی کە بەم جۆرە تەرجەمە و پێناسەکرابوو.
بۆیە ھەروەک چۆن کاتێک کەسێک ڕەخنەی لە شتێک ھەیە، ئەڵێن با بگەڕیینەوە
بۆ سەرچاوەی بیروباوەڕەکە، بۆ بنچینەی بیروباوەڕەکە. با بیدۆزینەوە
بزانین لە کوێدا ھەڵە کراوەو بە نادرووستی تەرجەمەکراوە. وە لە کوێدا
پیویستە کە بیگۆڕین و پرسیاری لەسەر دابنێین. کە لە نزیک بە ٢٥ ساڵی
ڕابردوودا سۆشیالیستەکان و مارکسیستەکان و کۆمۆنیستەکان ئەم کارەیان
کردووە. وە ئەوەی کە ئێستا من بۆتان باسئەکەم ڕاپۆرتێکە لەسەر ئەوەی کە
چی ڕوویدا و ئێستا چی ڕووئەدا و لە داھاتوودا بەرەوکوێ. بەڵام پێش
ئەوەی ئەمە بکەم، ڕێگەم بدەن لەوە دڵنیاببمەوە و بە کورتی دووبارەی
بکەمەوە کە ئایا ئێمە ھەموومان پێکەوە لامان ڕۆشنە کە باسی چی ئەکەین.
ئایا من ئەڵێم تەجرەبەی بنیاتنانی سۆشیالیزم کە لە وڵاتانی یەکێتی
سۆڤییەت و چین و ڤێتنام و ئەوروپای شەرقی و کوبا و ...ھتد، ئێستا
خراوەتە لاوە و باسی ئەڵتەرناتیڤێکی جیا لەمانە ئەکەم؟ ئایا باسی ئەو
دەرسانە ئەکەین کە لەو تەجرەبانەدا ڕوویداوە و فێربین لێیەوە و بزانین
چی باشە بیکەین و چی خراپە دووبارەی نەکەینەوە؟ بەڵێ، ئەمە بەتەواوی
ئەوەیە کە من ئەیڵێم. وە ئایا ئێستا ئاڕاستەیەکی نوێ گیراوەتە بەر،
بەڵێ من ئەوە ئەڵێم.
لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم کە ئەگەر پێت وایە کە ئەم بۆچوون و ڕەخنەیە
جێگەی پرسیارە. ئەوا ڕێگەم بدە ئەوەت بیربخەمەوە و پێت بڵێم کە
سەرمایەداریش لە سەرەتای ھاتنیدا بە ھەمان چەشنی سۆشیالیام بە تەجرەبەی
ئاوادا ڕۆیشتووە، ڕێک لە چەشنی ئەمەی لە ڕوسیا و چیندا ڕوویداوە.
سیستەمی ئیقتیسادی سەرمایەداریش بە یەکجار و لە پڕێکدا و بە پێرفێکتی (بێ
خەوشی) لە دایک نەبووە. بەڵکو لە پاش چەندین ھەوڵدان و تاقیکردنەوە جا
بەمەی ئێستا گەیشتووە. کە ھەندێجار ھەوڵەکانیان سەرکەوتوو بووە و ھەندێ
جار شکستی ھێناوە و ڕەخنەیان لێی گرتووە و دەرسی لێوەفێربوون و
ڕێگەیەکی تریان گرتۆتەبەر. بۆ سەرمایەداریش کەئێستا بووە بەم سیستەمەی
کە دنیای داگیرکردووە، لە سەرەتایدا بە ھەمانجۆر ھەوڵیانداوە و ھەڵەیان
کردووە، تەجرەبەیان کردووە و دەرسیان لێ وەرگرتووە تا ھەلومەرجی بۆ
لەباربووە و گەیشتووە بەم سیستەمە جیھانییەی ئێستا.
بۆیە کەواتە دۆزینەوەی ئەوەی کە تاقیکردنەوەکانی پێشووی سۆشیالیزم لە
سۆڤێت و چین و شوێنەکانی تر، سەرکەوتوو نەبوو، وە ھەموو مشکیلەکانی
چارەسەرنەکردوو و ڕاست دەرنەچووە، کارێکە کە پێویستە چاوەڕوانکراوبێت
بۆ ھەریەک لە ئێوە. نەک پێت وابێت کە ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە سۆشیالیزم
گونجاو نییە و پراکتیکەڵ نییە. چونکە ئەگەر ئەمە بۆچوونت بێت، ئەوە لە
باری مێژوویییەوە بۆچوون و ئەنجامگیرییەکی زۆر سەیر و نادروستە، لە
کاتێکدا ئەزانین کە ھەموو سیستەمەکانی تر چۆن ھاتوون و ڕۆیشتوون.
کەواتە با پوختی بکەینەوە و بپرسین کە ئایا ئێستا چی ڕەخنەیەک لە نێوان
سۆشیالیست و مارکسیست و کۆمۆنیستەکانەوە گەڵاڵە کراوە دەربارەی ئەوەی
لە یەکێتی سۆڤییەت و چیندا ڕویدا. چی ئەکەن و چی دەرس و
ئەنجامگیرییەکیان ھەڵھێنجاوە لێی. دووبارە ھیوادارم کە لە کۆتایدا لە
پرسیار و وەڵامەکاندا بچیینەوە سەر ئەمە. بەڵام ئێستا ڕێگەم بدەن کورتە
ڕاپۆرتێکتان بدەمێ لەسەر ئەمە. ڕەخنەکە ئەمەیە؛ کە ئەوان لە یەکێتی
سۆڤییەتدا ڕەخنەی مارکس لە ئیقتیسادی سەرمایەداریان تەنھا لەوەدا
کورتکردبۆوە و بەوە تەرجەمەیانکردووە کە تەرکیزی لەسەر ئەوەیە کە
دەوڵەت بێ و خاوەندارێتی پرۆسەی بەرھەمھێنان بەدەست بھێنێ، وە لە جیاتی
بازاڕ، پلاندانان جێیبگرێتەوە. ئەم شتانە زۆر (ڕێگەم بدەن لێرەدا
زاراوەیەکی ئیقتیسادی بەکاربھێنم، تکایە تووڕە مەبن) ئەم شێوازە زۆر (ماکرۆ-ئیکۆنۆمیک)ە،
کە تەرکیز ئەکاتە سەر شتە گەورەکان، کێ خاوەنی شتەکانە، کێ دابەشکردن
دیاری ئەکات. بەڵام ھیچ گرنگی نادات بە مایکرۆ-ئیکۆنۆمیک (لە ئاستی
مایکرۆدا)، ھیچ گرنگی نەداوە بەتایبەت بەوەی کە لە شوێنی کاردا چی
ئەگوزەرێ. بە شێوەیەک کاریان کردووە وەک ئەوەی کە ئەمە ھەر مەسەلە
نەبێت.
ئەوان بەشێوەیەک کاریان کردووە کە ئەگەر حکومەت بێت و دەست بەسەر
پرۆسەی بەرھەمھێناندا بگرێت و پلاندانەرەکانی دابنێ تا بەرھەم دابەش
بکەن، ئیتر ئەمە سۆشیالیزمە! واتە لە یەکێتی سۆڤییەت و چیندا وایان
بیرکردبۆوە کە ئەوەی بەربەستە لەبەردەم سۆشیالیزمدا ھەبوونی
خاوەندارێتی تایبەتی و ھەبوونی بازارە وەک موئەسەسەیەک. ئەوەی سەرنج
ڕاکێشە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم بۆچوونە نادروستە لەسەر سۆشیالیزم کە
ئێستا ڕەتکراوەتەوە لەلایەن سۆشیالیستەکانەوە، بەڵام ڕەتنەکراوەتەوە بۆ
نمونە لە لایەن (نیو یۆرک تایمز)ەوە. بۆ نیو یۆرک تایمز سەرمایەداری
واتە بازاڕی ئازاد و خاوەندارێتی تایبەتی، وە شۆشیالیزم و کۆمۆنیزم
واتە خاوەندارێتی دەوڵەت و پلاندانان. واتە تا ئێستا نیو یۆرک تایمز
ئەو پیناسەیە بۆ شۆشیالیزم بەکارئەھێنێ کە ئەوە ٢٥ ساڵە سۆشیالیستەکان
خۆیان ڕەفزیان کردۆتەوە. ئاخر شتی ئاوا ڕووئەدات ئەگەر تۆ موناقەشە و
ڕاگۆڕینەوە (دیسکۆرس) لەسەر سۆشیالیزم سەرکوتکەی لە کۆمەڵگادا وەک
ئەوەی ئێمە ھەمانبووە لێرە لە ئەمەریکا.
بەڕاستی ئەوان زۆر لەدواوەن. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئێمە سۆشیالیستەکان
ئێستا ئەڵێین، ئا بوەستن، با بزانین کە ئایا کارل مارکس ئەگەر تەرکیزی
نەکردبێتە سەر پلاندانان، ئایا تەرکیزی کردۆتە سەر چی؟ لە کارەکانی
مارکسدا ھیچ ئارکیومینتێک نادۆزرێتەوە لەسەر پلاندانان، ھەرگیز ھیچ
ئارگیومێنتێکی بەردەوام نادۆزیتەوە. بەھەمانجۆر ھەرگیز ئارگیمێنتی
بەردەوام (سەستەین ئارگیومێنت) نادۆزرێتەوە لەسەر خاوەندارێتی گشتی
لەبەرانبەر خاوەندارێتی تایبەتیدا. واتە ئەو شتانەی لەلایەن مارکسیست و
سۆشیالیستەکانەوە ھەڵگیراوە و تەتبیق کراوە لە سۆڤییەت و چین، ئەو
شتانە نییە کە مارکس خۆی تەرکیزی لەسەر کردووە.
ئایا مارکس تەرکیزی لەسەر چی کردبوو؟ وەڵامی ئەمە بەڵگەمان ئەداتێ
لەسەر تەرجەمەکردنی سۆشیالیزم بە ڕێگەیەکی تر. بەڵێ مارکس تەرکیزی
لەسەر شتێکی تر کردبوو، وە بەڵێ بەڵگەمان ئەداتێ بۆ ئەمە. وە ئێستا من
پێتان ئەڵێم کە چییە.
ئەوەی مارکس تەرکیزی لەسەر کردووە، پرۆسەی بەرھەمھێنانە، کە ئایا چی
لەناو ئەم پرۆسێسەدا ڕووئەدا؟ چی لەو شوێنەدا ڕووئەدا کە تۆ ھەفتەی
پێنج ڕۆژ و ڕۆژانە لە سەعات نۆ تا پێنجی ئێوارە کارئەکەی تیایدا. ئایا
کاتێک کە ئەچی بۆ ئیش، لە شوێنی کارەکەت و لە پرۆسەی کارکردنتدا چی
ئەگوزەرێ و چۆن کەسەکان کارلێکردن ئەکەن (بەریەکئەکەون) لەو شوێنەدا.
ئەمە ئەو شتە بوو کە مەشغەڵەی مارکس بوو. سێ بەرگی کتێبی کەپیتاڵ (سەرمایە)
کە یەکێکە لە دەسکەوتە گرنگەکانی، لەسەر ئەمەیە. ئەو بەرھەمی گرنگی
تریشی زۆرە، بەڵام ئەمە مەزنترین کارەکانێتی. چۆن پرۆسەی بەرھەمھێنان
ئیش ئەکات و چی ئەگوزەرێ لەوێدا؟ بەڵێ، ئەمە ئەو شتە بوو کە ئەو گرنگی
پێدابوو. وە ئەو ڕەخنەی قوڵی ھەیە لەم شێوە بەرھەمھێنانەی سیستەمی
سەرمایەداری و بە دڵنیاییەوە ئەڵتەرناتیڤی بۆ تەرحکردووە.
کەواتە مانای وایە ئێستا سۆشیالیزم ئەگەڕێتەوە بۆ مارکس و لەودا ئەم
گفتووگۆیە ئەدۆزێتەوە لەسەر پرۆسەی بەرھەمھێنان و دووبارە پێناسەی
سۆشیالیزم ئەکاتەوە کە چییە؟ وە ھیوادارم کەگرنگی و ئاگایی پێ بدەن،
چونکە ئەمە پێناسەی شۆشیالیزمە بۆ ھەموو ژیانت، سۆشیالیزمی سەدەی بیست
و یەکە کە جیاوازە لە سۆشیالیزمی سەدەی نۆزدە و سۆشیالیزمی سەدەی بیست.
با دەستپێبکەین، ڕەخنەی مارکس بە باشترین شێوە ئەتواندرێ پیشانبدرێ بەم
شێوەیەی خوارەوە؛ تکایە ناڕەحەت مەبن ئامادەبوان. من ئێستا ھاوکێشە و
ماتماتیکی ئیقتیسادی بەکارئەھێنم. ئەزانم ھەندێ کەس ھەیە کە بە
شێوەیەکی دیاریکراو ڕاھێنراون، کە خەتای خۆیان نییە. ئەمە بۆ زۆر کەس
ناڕەحەتیە و ھەیە کە ماتماتیک ئەبینێ چاو وەرئەگێڕێ بۆ شوێنێکی تر و
مێشکی ئەڕوا بە لایەکی تردا. تکایە مەترسن، زۆر ئاسانە و بە سادەیی
شەرحی ئەکەین.
کەپیتالیزم زۆر بە سادەیی بەم شێوە تێگەیشتنەی خوارەوە نوێنەرایەتی
کراوە لە بیرکردنەوەی مارکسدا. پرۆسەی بەرھەمھێنان چییە؟ وە لەبەرئەوەی
مارکس گرنگی زۆری بە مرۆڤ داوە و ئینسان بنچینەبووە لە لای. ئەوەی زۆر
بەلاوە گرنگ بووە کە ئینسانەکان چۆن پەیوەندیان پیکەوە بەستراوە. ئەو
گرنگی زۆری بەمە داوە و شیئەکاتەوە کە چی بەسەر (کار) دا دێت لە پرۆسەی
بەرھەمھێناندا؟ لەو شوێنەدا کە خەڵک ئەچێت بۆ ئیش، پەیوەندی ئینسانەکان
چۆنە کاتێک شتەکانی ناو سروشت ئەگۆڕن بۆ کاڵاو خزمەتگوزاری؛ بۆ نمونە
کورسی، بەرنامەی سۆفتوێ، سەرچاکردن، یان ھەرشتێکی تر.
بەم جۆرەی خوارەوە دەستپێئەکەین: بۆ دروستکردنی ھەر کاڵایەک پێویستمان
بە ھەندێ ئەدەوات (تووڵس & ئیکویپمێنت)، و ھەندێ ماتریاڵی خاو (سەرەتایی)
و...ھتد ھەیە. بۆ نمونە با بڵێین کورسییەک دروست ئەکەین، یان ئەتوانی
ھەر کاڵایەکی تر بە نمونە بھێنیەوە. بۆ دروستکردنی کورسییەک پێویستمان
بە ھەندێ تەختە و ھەندێ کەتیرە و بزمار و چەکوش ھەیە، وە ھەموو ئەم
شتانە کە ئێستا بەکاریئەھێنین لە بەرھەمھێنانی ئەم کورسییەدا، پێشتر
ئەم شتانە ئامادەکراوە لەلایەن کارکردنی کەسانی ترەوە کە ئێستا
ئامادەیە بۆ ئێمە کە شتی نوێی لێدروست بکەین. ماوەیەک لەمەوپێش کەسێک
کاری کردووە و چەکوشی دروستکردووە کە ئێستا ئێمە بەکاریئەھێنین.
ماوەیەک لەمەوپێش کەسێک کاریکردووە و چی پێویست بووە کردوویەتی بۆ
ئامادەکردنی کەتیرە کە ئێمە ئێستا بەکاریئەھێنین. ماوەیەک لەمەوپێش
کەسێک کاریکردووە و داری بڕیوەتەوە و تەختەی دروستکردووە کە ئێمە ئێستا
بەکاریئەھێنین. ئەم کارەی کە پێشتر بەکارھاتووە بۆ ئامادەکردنی ئەم
شتانە (چەکوش، بزمار، تەختە، کەتیرە) پێی ئەوترێ کاری بەرجەستەبوو (ئیمبۆدید
لەیبە). لە ھەموو بەرھەمھێنانێکدا بەکارھێنانی کاری بەرجەستەبوو (ئەو
کارەی پێشتر بەکارھاتووە بۆ دروستکردنی شتێک کە ئێمە ئێستا لە
بەکارھێنانی شتێکی تردا بەکاریئەھێنین).
ھەموو بەرھەمھێنانێکی تازە (دروستکردنی شتی نوێ) پێویستی بەوەیە کە
کاری بەرجەستەبووی تیادا بەکاربێ. واتە ئەو کارەی کە پێشتر کراوە و
بەرجەستەبووە لەو شتانەی کە ئێمە ئێستا بۆ دروستکردنی کورسییەک بەکاری
ئەھێنین، وەک (تەختە، بزمار، کەتیرە، چەکوش).
واتە ئێستا بۆ گۆڕینی ئەم ئەدەوات و ماتریاڵە خاوانە (تەختە و بزمار و
کەتیرە و چەکوش) کە پێمان وت (کاری بەرجەستەبوو). ئێستا پێویستمان بە
کارێکی تر ھەیە بۆ ئەوەی ئەمانە بگۆڕین بە کورسییەک. ئەم کارە
ناوئەنێین کاری زیندوو (لیڤینگ لەیبە)، واتە کرێکار، واتە من، تۆ، ئەو،
واتە ئەو کەسەی کە ئیش ئەکات.
یانی ئێستا بە کاری بەرجەستەبوو لە گەڵ کاری زیندوودا ئەتوانین بڵێین
تێکڕای کار (تۆتەڵ لەیبە). با ئەمەی سەرەوە لەم ھاوکێشانەی خوارەوەدا
پیشانبدەین.
Embodied Labour (EL) + Living Labour (LL) = Total Labour (TT).
کاری بەرجەستەبوو + کاری زیندوو (کرێکار) = تێکڕای کار.
(تەختەو بزمار و کەتیرە و چەکوش) + ماندووبوون و ئیشکردنی کرێکار =
بەرھەمی کۆتایی (کورسی).
ئەدەوات و ماتریاڵە سەرەتاییەکان + بە ھێزی کرێکار = ئەگۆڕدرێ بە
بەرھەمی کۆتایی (جا ھەر شتێک بێت، ئێمە کورسیمان بە نمونە ھێناوەتەوە
لێرەدا).
با بزانین لیرەدا سەرمایەداری یانی چی؟ لە پرۆسێسێکدا کاری بەرجەستەبوو،
واتە ئەو کارەی کە لە ڕابردوودا کراوە، ( واتە ئەوەی لە ڕابردوودا
کڕێکار ئیشی کردووە و داری بڕیوەتەوە و تەختەی دروستکردووە، ھەروەھا
کاری کردووە و بزمار و چەکوش و کەتیرەی دروستکردووە)، ئێستا ئەمانە (کاری
بەرجەستەکراو) بووە بە موڵکی تایبەتی کەسێکی تر، کە پێی ئەوترێ
خاوەنکار. ئەوان (خاوەنکارەکان) ڕەنجیان لەگەڵدا نەکێشاوە، بە
دڵنیاییەوە نەخێر. کەسی تر (کرێکار) ڕەنجی لەگەڵدا کێشاوە، بەڵام
کرێکارەکان نەبوونە بە خاوەنی ئەوەی کە بەرھەمیان ھێناوە. کرێکار
بەرھەمی ھێناوە، بەڵام لەژێر دەستیان دەرکراوە و بووە بە موڵکی تایبەتی
کەسێکی تر. بووە بە موڵکی سەرمایەدار. لە کۆتایدا ئەتوانین لەسەر ئەمە
زیاتر قسە بکەین، بەڵام بۆ ئێستا با باسی پرۆسەی بەرھەمھێانن بکەین کە
چی تیادا ئەگوزەرێ.
بۆ ناو پرۆسەی بەرھەمھێنان سەرمایەدار کاری بەرجەستەبوو ئەھێنێ. لەم
نمونەیەی باسی ئەکەین بۆ دروستکردنی کورسییەک، سەرمایەدارەکە (تەختە و
بزمار و چەکوش و کەتیرە) ئەھێنێ. بۆ ئەوەی حیساباتەکە ئاسان بکەینەوە،
وادابنێ شتەکانی ھێناوێتی (کاری بەرجەستەبوو) بایی ١٠٠. ( گرنگ نییە
ئەم ١٠٠ چییە، ھەرچییەک بێت موشکیلە نییە). ئێستا کرێکار (کاری زیندوو)
ئیش لەسەر ئەم ماتریاڵانە (تەختە، بزمار، چەکوش، کەتیرە) ئەکات و
ئەیانگۆڕێ بۆ کاڵایەکی نوێ. کورسییەک دروست ئەکات. یان ئەتوانی ھەر
شتێکی تر بە نمونە بھێنیتەوە، مێزێک، یان ھەر کاڵایەکی تر. کرێکار بە
گۆڕینی ماتریاڵە خاو و موادە سەرەتاییەکان (تەختە و بزمار و چەکوش و
کەتیرە) بۆ ئەو بەرھەمە نوێیەی دروستی کردووە (کورسی)، بەھای ئەو شتە
زیاد ئەکات کە دروستی کردووە. بۆ ئەوەی ئاسانی کەینەوە با وادابنێین
ئیشی کرێکارەکەش (کاری زیندوو) بەھای ١٠٠ی زیاد کرد بۆ ئەو کاڵایەی کە
بەرھەم ھاتووە (کورسییەکە). واتە بەھای کوسییەکە ئێستا ٢٠٠.
من پێم وتن کە حیساباتەکە ئاسانە، بزانن ١٠٠ + ١٠٠ = ٢٠٠.
ئیکۆنۆمیستەکان پێیان وایە کە ئەمە لێرەدا دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە.
بەڵام زۆر لە ئێوە ڕەنگە وابیرنەکەنەوە. حیساباتەکە ئاسانە. ئیستا با
دوای لۆجیک بکەوین، ھەر وەک مارکس کردی.
ئەمەی لەخوارەوە باسی ئەکەم، ئەو شتەیە کە سەرمایەدار ئەیکات.
سەرمایەدار بۆ ناو پرۆسەی بەرھەمھێنانەکە ١٠٠ ئەھێنێ لەوەی کە بووە بە
خاوەنی و دەستیبەسەردا گرتووە و ئێستا موڵکێتی، واتە (کاری بەرجەستەبوو).
جا سەرمایەدارەکە چۆن بووە بە خاوەنی ئەمە؟ نازانین چۆن. ئایا ئێمە
ھەرگیز پرسیار لە سەرمایەدار ئەکەین کە چۆنی بەدەستھێناوە؟ بێگومان
نەخێر. لە ڕاستیدا تەنھا ئەوە مەسەلەیە کە ئایا تۆ ھەتە یان نیتە و
نەتتوانیوە ببی بە خاوەنی. ئەگەر ھەتبێ ئەوە ئەتوانی ببی بە خاوەنکار،
وە ئەگەر نەوبێ ئەوە ناتوانی. لە ڕاستیدا ئەوەی سەرمایەدار بووە بە
خاوەنی بە بێ ئەوەی ڕەنجی لەگەڵدا کێشابێ، موشکیلەیەکە کە بەردەوام لە
دووبارەبوونەوەدایە. کە پێمان باشترە پرسیاری نەکەین. بەڵام
ئەگەڕێینەوە سەر ئەمە.
تۆ ئەوە ئەزانی کە ناتوانی خاوەنکار بیت، لەبەرئەوەی کە تۆبەدەستت
نەھێناوە، بەڵکو کەسێکی تر بەدەستی ھێناوە و دەستی بەسەردا
گرتووە.کەواتە سەرمایەدارەکە ١٠٠ەکەی خۆی ئەھێنێ. کە لە پرۆسەی
دروستکردنی کورسییەکەدا بەکاریھێناوە، ئەمە ئەدەواتەکان بوو کە
بەکارھات (تەختە و چەکوش و بزمار و کەتیرە). کە ئەم ١٠٠ ە ئەکاتە نیوەی
بەھای کورسییەکە کە ٢٠٠ تە. واتە بەھای کورسییەکە کە دروستکراوە ٢٠٠.لەبەرئەوەی
لەگەڵ ئەم ١٠٠ ەتەی کە ھی شتەکان بوو ١٠٠ی ترلە لایەن کرێکارەکانەوە (بە
ئیشی کرێکارەکان) زیادکرا بۆ بەھای کورسییەکە کە ئێستا بەھاکەی بووە بە
٢٠٠.
لەمەدا مارکس ئەڵێ، وە تۆش لەگەڵ مندا ئەیڵییتەوە، چونکە ئێستا لێی تێ
ئەگەی. مارکس ئەڵێ کە سەرمایەدارەکە ئەیەوێت ئەو ١٠٠ەی خۆی وەربگرێتەوە
کە داینابوو. کەپیتالیستەکە ١٠٠ی خستبووە پرۆسەی بەرھەمھێنانەکەوە.
کاتێک کە کورسییەکە ئەفرۆشێ بە ٢٠٠ ئەو ١٠٠ی خۆی ھەڵئەگرێتەوە لەبری
ئەو ماتریاڵە سەرەتاییانەی (تەختە و چەکوش و بزمار و کەتیرە) کە
بەکارھێنرا لە دروستکردنی کورسییەکەدا. بەم ڕێگەیەیە کە بەرھەمھێنان
درێرەی پێ ئەدرێ لە سەرمایەداریدا. بەم ڕێگەیەیە کە کورسییەکە چۆتە ژێر
دەستی کەپیتالیستەکە. سەرمایەدارەکە ئەبێت ئەوە ھەڵبگرێتەوە کە
کردبوویە ناو پرۆسەی بەرھەمھێنانەکەوە کە بریتی بوو لە ئەدەواتە
سەرەتایی و ماتریاڵە خاوەکان.
ئایا وانییە؟ بەڵێ وایە. کەپیتالیستەکە ئەوەی داینابوو بۆ دروستکردنی
کوردسییەکە ھەڵیئەگرێتەوە.
با ئێستا سەیرکەین، کەپیتالیستەکە ١٠٠ی خۆی ھەڵگرتەوەلەو دووسەدەی کە
بەھای کورسییەکە بوو. کەواتە ئێستا ١٠٠ی ماوە. ئایا ئەم سەدەی کە ماوە
چی لێ ئەکەین.؟ لێرەدا دیقەت بدەن ئەمە گرینگترین مەسەلەیە لێرەدا.
ئەم ١٠٠ەی کە ماوە، پێویستە بدرێ بە کرێکارەکە. چونکە لە ئەنجامدا ئەوە
ئیشکردنی کرێکارەکە بوو، ھێزی کاری کرێکارەکە بوو کە موادە
سەرەتاییەکانی گۆڕی و کورسییەکی دروست کرد کە بەھاکەی بووە بە ٢٠٠ .
ئەتوانی ئەمە بکەی. ئەو سەدەی تر بدەی بە کرێکارەکە. ئایا وا نییە؟ وە
لۆجیکیش وا ئەڵێ. چونکە ئەوە کارکردنی کرێکارەکە بوو، کە بەھای ١٠٠ی بۆ
کورسییەکە زیاد کرد. کرێکارەکە بوو کە کورسییەکەی دروستکرد.
کرێکارەکەبوو کە کورسییەکەی بەرھەم ھێنا. کەواتە ئەبێت ئەو ١٠٠ەی ماوە
وەربگرێتەوە. ئەمیش ١٠٠ەکەی خۆی ھەڵبگرێتەوە.
ئایا باوەڕت وایە کە ئەمە ڕوو ئەدات لە سیستەمی سەرمایەداریدا؟ نا
باوەڕت وانییە.
لە سیستەمی سەرمایەداریدا ئەو بەھایەی کە کرێکار زیادی ئەکات بۆ
بەرھەمەکە،ھەرگێز نادرێتەوە بە کرێکارەکە. ئەمە ئەو ڕێگەیە نییە کە
سەرمایەداری کاری پێ ئەکات. ئێوە ھەموو ئەمە ئەزانن کە کرێکارەکە ئەو
بەھایەی زیادی کردووە وەرناگرێتەوە. ئەوەی من کردوومە لێرەدا تەنھا
ئەوەیە کە بە گەورەیی و پوختەیی خستومەتە بەرچاوتان تا بزانن کە
سەرمایەداری چی ئەکات.
سەرمایەدارەکە ئەو ١٠٠ی کە ماوە ئەکات بە دووبەشەوە. بە شێکیان ئەوەیە
کە ئەدرێ بە کرێکارەکە. با من لێرەدا زۆر سەخی و دڵفراوان بم و بڵێم
٥٠ی ئەدات بە کرێکارەکە. ئەھا،،، ئێستا لێی تێ گەیشتی؟
ئەگەر تۆ کورسییەک دروستبکەی و بیفرۆشی بە ٢٠٠. وە ١٠٠ ی ئەمە
سەرمایادارەکە ھەڵیبگریتەوە لەبری ئەو ماتریاڵە خاو و ئەدەواتە
سەرەتاییانەی کە بەکارھێنرا لە دروستکردنیدا. وە ٥٠ بدەی بە کرێکارەکە.
کەواتە ئێستا ٥٠ی ماوەتەوە. حیساباتێکی گرنگە لە ئیکۆنۆمیدا. وە مارکس
ئەمە (٥٠ کەی کە ماوەتەوە) ناو ئەنێ زێدەبایی (سێرپڵەس). ئەمە ئەوەیە
کە سەرمایەدارەکە بۆی ئەمێنێتەوە پاش ئەوەی ١٠٠ ئەدات بە خۆی لە بری
ئەو ماتریاڵە سەرەتایی و ئەدەواتەکان کە بەکارھێنرا لە دروستکردنی
کورسییەکەدا. وە ٥٠ی لێ ئەدات بە کرێکارەکان. وە ئەبێت ئەمە بدات بە
کرێکارەکان. چونکە ئەگەر ئەمە نەکات ئەوە کرێکارەکان نایەنەوە، وە
کارکردن و یارییەکە تەواو ئەبێت.
بۆیە، بۆ ئەوەی ئەمە بەردەوام بێت، سەرمایەدارەکە پێویستە ئەوەی خۆی
ھەڵبگرێتەوە کە ھێنابوویە ناو پرۆسەی بەرھەمھێنانەکەوە (ئەدەوات و
ماتریاڵە سەرەتاییەکان). وە ھەروەھا پێویستە کە پارەی ئیشی
کرێکارەکانیش بدات. بەڵام پارەیەکی (کرێیەکی) کەمتر لەوەی کە
کرێکارەکان زیادیان کردووە بۆ بەھای کورسییەکە. با لێرەدا وشەیەکی
تیکنیکەڵ بە کاربھێنم کە ئیکۆنۆمیستەکان حەزیلێئەکەن، سەرمایەدارەکە
کرێکارەکان ئەڕوتێنێتەوە (ڕیپ زە ۆرکەرس ئۆف). سەرمایەدارەکە دزی لە
کرێکارەکان ئەکاتو ئەو بەھایەی زیادیان کردووە بۆ بەرھەمەکە ناداتەوە
بە کرێکارەکان.
دەرسێک کە لەمە وەرئەگیرێ ئەوەیە کە ئەگەر وا خەیاڵبکەی کە دوای
تەخەروجت ئەو ئیشەی وەریئەگری، یان ئەو کارەی کە تۆ لێی قبوڵ ئەبی،
ئەمە ئەو ئیشەیە کە ئەوەندەت کرێ ئەداتێ کە تۆ شایان و مستەحەقی. بزانە
کە ئەمە ھەرگیز لە سەرمایەداریدا ڕوونادات. شوێن و ڕێی وەرگرتنی کارت،
ھەلومەرجی دامەزراندنت ئەوەیە کە بە ھێزی کارت (بە ھێزی بیرت یان
بازووت) تۆ بەھایەکی زیاتر لەو کرێیەی کە وەری ئەگری بەرھەم ئەھێنی بۆ
خاوەنکارەکەت.
بەخێربێی بۆ سیستەمی سەرمایەداری. سیستەمی سەرمایەداری بەم شێوەیەیە کە
ئیش ئەکات و ئەچەرخێ. ئەمەی لیرەدایە (٥٠ ەکەی ماوەتەوە) زێدەباییە.
ئەمە قازانجە. ئەمە قازانجی پرۆسەی بەرھەمھێنانە.
باشترین ڕێگە بۆ پێناسەکردنی ئەو کارەی کە تۆ لە سیستەمی بەرھەمھێنانی
سەرمایەداریدا ئەیکەی. ئەوەیە کە تۆ زێدەبایی ئەدەی بە خاوەنکارەکەت،
نەک خاوەنکارەکەت ئیش ئەدات بە تۆ.ئەوەی وەریئەگرێ و ئەوەی ئەیدات بە
پێچەوانەوە دانراوە و تەعبیر لە زمانی ئاخاوتن ناکات و پێچەوانەکەیەتی.
تۆ بەوەی زێدەبایی دروستئەکەی، کارێکی زۆر پڕ بایەخ ئەکەی بۆ
خاوەنکارەکەت. وە خاوەنکار تۆ لەو ئیشەدا ئەھێڵیتەوە تا ئەو جێگەیەی تۆ
زێدەبایی بۆ بەرھەم بھێنی و پێویستی پێت بێ و مانەوەت گونجاو بێ بۆی.
باشە. ئەمەی سەرەوە کە باسم کرد، ھەنگاوی یەکەم بوو. وە بەرگی یەکەمی
سەرمایە باسی ھەموو ئەمانە ئەکات بە درێژی.
بۆ ئەوانەتان کە پێشتر ھەرگیز ئەمەتان نەبینییەوە. ئایا ھەرگیز
پێشترھیچ کەس ئەمەی بۆ باس نەکردوون؟ کە زۆر ئاسانە، تەنھا پێنج خولەکی
خایاند کە باسی بکەم بۆتان. بۆیە ھەر وەک لە سەرەتاوە بۆم باسکردن،
ئێستا ھەست بەو سەرکوتە ئەکەی کە لە ئەمەریکادا بەرقەراربووە. ئاخر
ئەمە لە کۆمەڵگادا ڕووئەدا کاتێک ڕێگەنەدرێ بەم شێوەیە بیربکەیتەوە و
ھەموو باسێکی لەسەر سۆشیالیزم تیادا قەدەغەکرابێ. بۆیە بۆ ھەندێ لە
ئێوە ڕەنگە ئەمە یەکەم جاربێ کەسێک باسی ئەمەتان بۆ بکات.
با بەردەوام بین.
ئایا سەرمایەدارەکە چی لەم (زێدەبایی)یەئەکات و چۆن بەکاریئەھێنێ؟
سەرمایەدارەکە شتی زۆر ئەکات بەم زێدەبایییە. زۆر شتی پێ ئەکات و زۆر
سەرنجڕاکێشانە بە شێوەیک بەکاریئەھێنێ کە ھەموو سیستەمی ئیقتیسادی پێ
لەقالب ئەدا تا لەبەرژەوەندی خۆیدا بێت.
سەرمایەدارەکە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و دەسەڵاتی بەردەوام بێت. ئەم ٥٠ یەی
کە زێدەباییە. ئەم ٥٠ یەی کە کرێکارەکان بەرھەمیان ھێنا و ئێستا ئەم
دەستی بەسەردا گرتووە. ئەبێت بە شێوەیەک دابەشی بکات و بەکاریبھێنێ لە
کۆمەڵگادا تا باڵادەستی خۆی پێ فەراھەم بکات و درێژە بە دەسەڵاتی خۆی
بدات و بەردەوامێتی بە سیستەمی سەرمایەداری بدات. پێویستە ھەموو ئەو
ھەنگاوانە فەراھەم بکات تا بەردەوام ئەم بەرھەمھێنانی زێدەباییە، ئەم
چەوسانەوەیە درێژەی ھەبێت و دووبارە ببێتەوە لە کۆمەڵگادا.
ڕەنگە بە خەیاڵتدا بێت و بڵێی سەرمایەدارەکە بە ئەم ٥٠ یە کە زێدەباییە
ئەچێت لە ناوەندی شاردا ئێوارەیەکی خۆشی پێ بەڕێ ئەکات و
ئەچێتەڕیستۆڕانێکی گرانبەھایان ئەچێت سەیری شانۆگەرییەکی نایابی پێ
ئەکات و پاشان ئەچێت سەفەرێکی بەھامەس (دورگەیەکی گەشتیارییە
لەڕۆژھەڵاتی کالیفۆڕنیا) ئەکات. نا نا، سەرمایەدارەکە شتی وا ناکات.
ئەو ئەگەر ئاوا بکات و بە شەوێک زێدەباییەکەی سەرف بکات. ئەوا ماوەیەکی
زۆر وەک سەرمایەدار نامێنێتەوە. ئەو ئەبێت لەوە دڵنیابێت کە ھەموو شتێک
لە بەرژەوەندی خۆیدا ئەچەرخێ لە کۆمەڵگادا. با نموونەیەکتان بۆ
بھێنمەوە. لەوانەیە ئەم کرێکارانە،یاڕێگەم بدەن با بە شێوەیەکی سادەتر
باسی بکەم. کەسانی وەک ئێوە کە ئیش ئەکەنڕەنگە تووشی کەسانی وەک من بن
لە شوێنی وەک ئیرەیان لە پۆلی قوتابخانەدا و ئەم قسانە ببیستن. کەڕۆژی
دواتر کە ئەچنەوە سەر کار، بیروبۆچوونتڕەنگە گۆڕابێ و خەریکە لەوە
تێگەیشتووی و لە کۆتاییڕۆژەکەدا کە لەو بینایەی کاریلێدەکەی دێیتە
دەرەوە ھەستێکی سەیرت ھەیە و لە گەڵ کرێکارەکەی پەنا دەستدا قسەوباس
ئەکەی و ھەستئەکەیکە بە شێوەیەکی نادیار دزیت لێ ئەکرێ. زۆر ڕاستە،
وایە.حەقیقەتەکەت درک پێ کردووە و ھەستەکەت لە جێگەی خۆیدایە.
ھۆکاری ئەوەی کە ھەستێکی لەم جۆرەت ھەیە، واتە ئەوەی کە ھەست ئەکەی
دزیت لێ ئەکرێ،ئەوەیە کە لە ڕاسیتدا ھۆشت داوەتێ. بەشی زۆری خەڵک لە
سیستەمی سەرمایەداریدا ئەم ھەستەی ھەیە. کە بە ڕاستەوخۆیی لە زمانی
ئاخاوتندا دەرناکەوێ، بەڵکو پێویستە بەشێوەی تر بیدۆزینەوە، سەرنجبدەن؛
با نموونەیەک بھێنینەوە، لە دوای کارکردن ئێوارە کە ئەڕۆیتەوە بەرەو
ماڵەوە لە شوێنێک ئەوەستی و دائەنیشی تا شتێکبخۆیتەوە، ناوی ئەم شتەی
ئەیکەی لە فەرھەنگی ئێمەدا پێی ئەڵێن سەعاتی شادی (ھەپی ئاوە) [پێکەنینی
ئامادەبوانی ھۆڵەکە] ئەمە بۆ ئەوەیە تا تێبگەی کە ئەو سەعاتانەی پێشتر
کە کارت کردووە پێچەوانەکەیەتی. ئەم سەعاتەی تیایدا ئەخۆیتەوە کاتی
شادیتە لەبەرئەوەی ئەو ھەشت سەعاتەی پێشتر کە کارت
کردووەوانەبووە.ئەگەر زارەوەیەکی تر بۆ ئەو ھەشت سەعاتە بەکاربھێنین (ساک)
واتە شادی بەخش نەییە، چەوسانەوەیە، ڕووتانەوەیە. بزانن لە
فەرھەنگەکەدا ھەستی پێ ئەکرێ و بە ناڕاستەوخۆیی دەردەبڕدرێ و
ئەناسرێتەوە، تەنھا تۆزێک لێکدانەوەی ئەوێ تا تەرجەمەبکرێ.
کەواتە (زێدەبایی)یەکە لە لایەن سەرمایەدارەکەوە دەستی بەسەردا ئەگیرێ
و بە شێوەیەک کە سەرمایەدارەکە ئەیەوێ بەکارئەھێندرێ و دابەشئەکرێ.با
باسی چەند نمونەیەک بکەین کە سەرمایەدارەکە ئیحتیمالە زێدەبایییەکە
بەکاربھێنێ بۆ یارمەتیدانی چەندین دامەزراوەی جیا جیا. لەوانە بۆ نمونە
لە زۆربەی وڵاتانی سەرمایەداریدا سەرمایەدارەکان ساپۆرت و پاڵپشتی
کڵێسای گەرەکی خۆیان ئەکەن.ئە ھا بزانن؛ لێرەداپرسیار ئەوەیە کە بۆچی
سەرمایەدارەکان ئەم کارە ئەکەن؟ لەبەر ئەوەی لە کەنیسەدا ئەو شتەی فێری
خەڵکی ئەکەن ھیچ باسی ئەم شتانەی تیادا نییە کە من بۆم باسکردن. یان
سەرمایەدارەکان ڕەنگە کۆمەکی زانکۆیەکی پێ بکەن. یان ڕەنگە بەشێک لە
زێدەباییەکە بەکاربھێنن و بینایەکی جوانی وەک ئەمەی لێ دروستبکەن کە
ئێستا ئێمەی تیاداین. وە دووبارە پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ئەم کارە ئەکەن.
لە بەرئەوەی لە زانکۆش ھەر وەک کڵێسا چیرۆکێکی بە تەوای پێچەوانەی
ئەمەی کە من بۆم باسکردن ئەوترێتەوە. ڕێگەم بدەن نمونەیەکتان بۆ
بھێنمەوە.
لە سەرمایەداریدا بەم شێوەیەی خوارەوە باسی ئیقتیساد و بەرھەمھێنان
ئەکرێ و فێری خەڵکی ئەکەن.
ئەڵێن، بەرھەمھێنان، ھاوکاری و ھەمەئاھەنگییەکی ئاشتیانە و نایابە. کە
تیایدا کرێکار ھێزی کاری ئەھێنێ. خاوەن زەوی پارچە زەویەکەی ئەھێنێ. وە
سەرمایەداریش پارە و کارگە و ئەدەوات ئەھێنێ. وە ئەمانە ھەموویان
ھاوکاری یەکتر ئەکەن و کاڵا بەرھەم ئەھێنن. وە لە کۆتایدا ئەو قازانج و
بەرھەمەی پێکھاتووە لە نێوخۆیاندا دابەشی ئەکەن ھەر کەسە و بە گوێرەی
ئەو ڕێژەیەی کە پێشکەشی پرۆسەی بەرھەمھێنمانەکەی کردووە، بەری ئەکەوێ.
سەرمایەداری ئەمە ناوئەنێت عەدالەتخوازی و ئەڵێ ئەمە سیستەمێکی
ئیقتیسادییە کە ھەر کەس بە دادپەروەری موعامەلەی لەگەڵ ئەکرێ و بەشێوەک
باسی یەکسانی و دادپەروەری ئەکەن بۆت، کە وات لێ ئەکەن کە موەکانی لەشت
ڕاست بێتەوە و سەمای شادی و خۆشی بکەن.
بەم شێوەیەیە کە ئێمە ئیقتیساد ئەخوێنین و ئەیڵێینەوە لە وڵاتە
یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا. من ئەمە ئەزانم چونکە خۆم بۆ ٥٠ ساڵ ئەمەم
کردووە. ئەمە ئەوەیە کە ئێمە ئەیڵێنەوە چونکە ئەمە فێرکراوین. وە ئەمە
ڕێکەوت نییە چونکە ئەم شێوە باسکردنە بەتەواوی جیاوازە لەوەی کە من بۆم
باسکردن لەسەرەوە. لەم پرۆسەی بەرھەمھێنانەی کە سەرمایەداری باسی ئەکات
و ئەڵێن دادپەروەرانەیە و ھەموو کەس بە گوێرەی ڕێژەی بەشداریکردنەکەی
وەرئەگرێتەوە. ھیچ باسێک نییە لە زێدەبایی! ھیچ باسی رووتانەوە و
چەوسانەوەی تیادا نییە! تۆ پێویست ناکات لە ھیچ کەس تووڕەبیت! ئەگەر تۆ
سەروەتێکی زیاترت نییە لەوەی کە ئەتەوێ، ئەوە موشکیلەی خۆت و خەتای
خۆتە. تۆ کە شتێکی زیاترت نەبوو بیکەیتە پرۆسەی بەرھەمھێنانەوە کەواتە
داوای زیاتریش مەکە. سەرمایەداری وەسفی ئەم پرۆسەی بەرھەمھێنانەی خۆی
بە نایاب ئەکات و پێمان ئەڵێ کە جوان و ئارام بەخشە. وەک ئەوە وایە کە
بزانی سەرمایەداری کەسێکە لەو سەرەوە، کە سەرەڕای ھەر شتێک تۆی زۆر خۆش
ئەوێت لە کاتێکدا کە ڕەنگە ھاوڕێ نزیکەکەت ھێندەی خۆش نەوێی! (پێکەنینی
ئامادەبووان).
ئۆکەی، ئەمە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە.
ئێستا با باسی چەند مەسەلەیەکی تریش بکەین کە ڕەنگە چۆن سەرمایەدارەکە
زێدەباییەکە بەکاربھێنێ.
لەوانەیە ئەم کرێکارانە بە ھەر ھۆکارێک بێت ئەوەیان ھەست پێکردبێ و
حەزیان لەم جۆرە ڕێکخستن و شێوە بەرھەمھێنانە نەبێت. ڕەنگە ڕۆژێک
بڕیاربدەن و بچنە لای خاوەنکارەکەیان و پێی بڵێن ھەرچەندە تۆ کەسێکی
باشی بەڵام لەمەودوا ئێمە بەم شێوەیە کارناکەین، چونکە تۆ ئەتەوێ ئێمە
ئیش بکەین و بەھای ١٠٠ زیاد بکەین بۆ بەھای کاڵاکە، کەواتە ئەو ١٠٠ی
خۆمان ئەوێت کە زیادمانکردووە. وە لەم کاتەدا خاوەنکارەکە ئەڵێ نەخێر،
وە کێشمەکێش و ناکۆکی لەنێوانیاندا دروست ئەبێت. لەم ساتەدا
خاوەنکارەکە ھەڵبژاردەیەکی ھەیە، ھەڵبژاردەیەکی زۆر سەیر! خاوەنکارەکە
ئەتوانێت بڕوا و تەلەفۆنێک بکات بۆ شوێنێک لە ناوەندی شار و ئەڵێ
فریامبکەون، ھەڕەشەم لەسەرە و ئەترسم. پاش ئەم تەلەفۆنە زۆر بەخێرایی
شتێکی سەنجڕاکێش ڕووئەدات. سەیارەیەک یان ڤانێک کە پڕە لە خەڵک و جلی
شینی تۆخیان لەبەردایە، لە ناوەندی شارەوە بەڕێئەکەون و دێن بۆ شوێنی
کارەکەت. کە قامچی و داردەستیان پێیە و ئەکەونە لێدانی ئەم کرێکارانە
تا یارمەتیان بدەنبیروڕایان بگۆڕن. ئەمانە کە جلی شینی تۆخیان
لەبەردایە، پێیان ئەوترێ پۆلیس.سەرمایەداران بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتیان
ھەبێ و بەردەوامێتی بەم ڕوتانەوە و چەوسانەوەیە بدەن، ئەوا پێویستیان
بەو تەلەفۆنە ھەیە، پێویستە ئەو سەیارەیە ئامادەبێ. پێویستە ئەو کۆمەڵە
خەڵکەیکە جلی شینی تۆخیان لەبەردایە، بەردەوام لە ئامادەباشیدابن
وئۆفیسیان ھەبێت. وە ھەموو ئەمانە پارەی ئەوێ. تۆ پێت وایە لە کوێوە
ئەو پارەیە دێت؟ سەرمایەدارەکە بەشێک لە زێدەباییەکەبۆ ئەم مەبەستە
بەکاردێنێ. ئەھا بزانن!
ڕێگەم بدەن چەند نموونەیەکی تریش بھێنینەوە و باسی بکەین کە سەرمایەدار
زێدەبایییەکە چۆن بەکارئەھێنێ؛ سەرمایەدار بۆ ئەوەی سەرمایە کەڵەکە
بکات و ئەم ١٠٠ لە لایەن کرێکارەکانەوە بەردەوام زیاد بکرێ بۆ بەھای
کاڵاکە. ئەوا ئەبێت لەوە دڵنیابێت کە ئەم کرێکارانە شارەزان لە
کارەکەیاندا و ئەزانن چی ئەکەن وە ھەروەھا ئەو کرێکارانەی کە لە
ئایندەشدا پێویستی پێیان ئەبێت سەرمایەدارەکە ئەبێت دڵنیابێت لەوەی کە
کرێکاری ماھیرن و ئەزانن بخوێننەوە و داواکان جێبەجێ بکەن و ئیشەکان
ڕاپەڕێنن.بە کورتی پێویستە بچن بۆ قوتابخانە و زانکۆ تا فێربن
ئیشەکانیان چۆن ئەکەن. وە ھەروەھا سەرمایەدار ئەوە ئەزانێ کە پێویستە
بەشداریبکات لە بەردەوامێتی سیستەمی خوێندندا. بۆیە بەشێک لە
زێدەباییەکە وەک باج ئەدات بە حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان تا
کرێکاری ماھیر بەرھەمبھێندرێ کە بتوانێ لە سبەی ڕۆژی کارکردنیدا بەھای
کاڵا زیاد بکات و زێدەبایی بەرھەمبھێنێ بۆ سەرمایەداران.
زێدەباییەکە پێویستە دابەشکرێ. بەڵام لە سیستەمی سەرمایەداریدا بە
شێوەیەک دابەشئەکرێ تا درێژە بە بەردەوامێتی سیستەمەکە بدات.
بۆ ئاگاداریتان مارکس ھەموو ئەمانە باس ئەکات.
ئێستا تۆ تێگەیشتووی ھەروەک مارکس باسی ئەکات؛ خاوەنکارکە زێدەباییەکەی
چۆتە ژێر دەستەوە بە شێوەیەک زێدەباییەکە بەکارئەھێنێ تا خۆی ھەر لە
لوتکەدا بێت و بە بەڵا دەستی بمێنێتەوە ودرێژە بە بەردەوامێتی سیستەمی
سەرمایەداری بدات. کە ئەوە بۆ نزیکەی ٢٠٠ ساڵە کارێکی زۆر
باشلەبەرژەوەندی خۆیان ئەکەن.
ئایا ئەنجامگیرییەک کە لەمەئەکرێ بۆ شۆشیالیزم چییە؟ ئایا بە
ڕەچاوکردنی ئەوەی من بۆم باسکردوون لێرەدا سۆشیالیزم یانی چی؟ من ئێستا
وەڵامی ئەم پرسیارە ئەدەمەوە. وە تۆ ئێستا ئەیبینی کە چۆن سۆشیالیزم بە
ڕێگەیەکی تەواو جیاوازدا ئەڕوات لەگەڵ ئەوەی کە لە پێشودا ھەبووە.
سۆشیالیزم ئێستا یانی ئەم زێدەبایییە. بەڵام ئێستا ئەم زێدەباییە لە
جیاتی ئەوەی لە گرۆپێک خەڵکەوە (کرێکارەکان) بچێت بۆ گروپێکی تر (خاوەنکارەکان)ئەمە
تەواوبووە ئیتر.
ئەنجامگیرییەک کە لە تیۆری مارکس لێرەدا ھەڵئەھێنجرێ بەم جۆرەیە، لە
کۆمەڵگایەکی جیاواز و نوێدا، کرێکاران ھەر وەک ئێستا ئەچن بۆ ئیش، وە
بەھەمان جۆر بەھای ١٠٠ زیاد ئەکەن بۆ ئەو کاڵایەی دروستی ئەکەن، وە
ھەروەھا ٥٠ی لێ ھەڵئەگرن بۆ خۆیان وەک کرێ و موچەی خۆیان. بەڵام ئەو ٥٠
یەی تریش کە زێدەباییە (سێرپڵەس) ھەر بۆ خۆیانە، نایدەن بە ھیچ کەسێکی
تر. خۆیان ھەموو پێکەوە بە ھاوبەشی و بە دیموکراتیانە بڕیارئەدەن کە چی
لەم ٥٠ واتە لەم زێدەباییە ئەکەن، کە ھەمویان پێکەوە بەرھەمیان ھێناوەو
بەشداربوونە تیایدا. سۆشیالیزم واتە ئەمە. واتە ئەو زێدەبایییەی کە
کرێکاران بە ھاوبەشی بەرھەمی ئەھێنن، ھەر خۆشیان بە ھاوبەشی بڕیار
ئەدەن کە چی لێ ئەکەن. ئەمە واتە کۆتایی سەرمایەداری. ئەمە واتە
سەرمایەداری تەواوبوو.کرێکارەکان کە ئەم زێدەبایییەیان بەرھەم ھێناوە،
کە بە ھێزی بازوو و ھێزی مێشکی ھەریەکەیان بەرھەم ھاتووە، ھەموویان
پێکەوە و بە شێوەیەکی دیموکراتیانە بڕیارئەدەن کە چی لەم زێدەباییە
ئەکەن کە خۆیان دروستکەری بوونە و بەرھەمیان ھێناوە.
یانی وەک ئەوەی لە ئەمەریکادا باوە و خەڵک زۆر بەکاریدێنێ ئەوان خۆیان
بوونە بە خاوەنکاری خۆیان(زەی بیکەم زێر ئۆون بۆس). ئایا وانییە؟ لە
ڕاستیدا ئەمە تەنھا ڕێگەیە کە ئامادەیە بۆ کرێکاران تا لە ڕێگەیەوە بە
ھەرەوەزی (ھەموو پێکەوە) ببن بە خاوەنکاری خۆیان.
ئایا ئەو زاراوە سادەیەی کە لە ئەمەریکادا ھەموو ئەمەی تیادا بەرجەستە
ئەبێت چییە؟ ھەرەوەزی کرێکارییە (ۆرکەر کۆ-ئۆپ) (ۆرکەر کۆئۆپەرەیشن).
Worker co-op = Worker cooperation
ھەرەوەزی کرێکاری مێژوویەکی زۆر کۆنی ھەیە. تۆ پێویستت بە شتێکی نوێ،
یان تەنانەت بە مارکسیزمیش نییە بۆ ئەمە. ھەموو ئەوەی مارکسیزم ئەیکات
لێرەدا ئەوەیە کە لۆجیک و نەخشەڕێگەمان پیشان ئەدا کە ئەمانگێڕێتەوە بۆ
بینینی ئەوەی کە چۆن خەڵک بە درێژایی مێژوو بڕیاریداوە کە کارکردن بە
ھەرەوەزی، دامەزراندنی ھەرەوەزی کرێکاری، ڕێگەیەکیسەرنجڕاکێش بووە بۆ
ڕێکخستن و بەڕێوەبردن. ڕێگەیەکی دروست بووە بۆ ئەوەی پەیڕەوبکرێ. بۆیە
نموونەی زۆرمان ھەیە لە ھەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە، لە سەدان ساڵ
لەمەوپێشەوە، وە لە ئێستا و لەم کاتەشدا. بەڵام ئیتر ئێستا جارێکی تر
دەستپێئەکاتەوە، چونکە ھەرەوەزی کرێکاری چیتر شتێکی سەیر و دەگمەن و
نامۆ نییە. بەڵکۆ ئاڕاستەیەکی نوێیە.
ڕێگەم بدەن ئەنجامگیری بکەم و ئەوەی بۆم باسکردن بەم شێوەیەی خوارەوە
بەکورتی بیڵێم.
گۆڕانکاری بنچینەیی بۆ سۆشیالیزم واتە گۆڕانکاری لە شوێنی کار. واتە
گۆڕینی پەیوەندییەکان لە شۆێنی کار. ئەو ھەڵەیەی کە ڕوویدا لە یەکێتی
سۆڤییەت و چیندا ئەوە بوو کە ھیچ گۆڕانکارییان لە شوێنی کاردا
دروستنەکرد. ھەرگیز ئەوەیان نەڕەخسان کە کرێکاران لە شوێنی کاردا بە
دیموکراتیانە بڕیاری ھاوبەش بدەن. ئەوەی کردیان ئەوە بوو خاوەندارێتی
تایبەتی بزنسەکانیان لادا و کاربەدەستانی حکومەتیان لە جێگەیان دانا.
کە ئەم جێگۆڕکێیە بۆ کرێکارێکی ئاسایی ھیچ جیاوازییەکی وای نییە. ئەوان
ئەوەیان فەراھەم نەکرد تا کرێکاران خۆیان بەھەرەوەزی بڕیاربدەن کە چی
لەو زێدەباییە ئەکەن کە خۆیان دروستیان کردووە و بەرھەمیان ھێناوە.
ئەوان لە یەکێتی سۆڤییەت و چین بازاڕیان لادا و بە پلاندانان
جێیانگرتەوە. خاوەندارێتی تایبەتیان لادا و بە خاوەندارێتی گشتی (دەوڵەتی)
جێیانگرتەوە. بەڵام لە پەیوەندی و ڕێکخستنی ئاستی مایکرۆدا ھیچ
گۆڕانکارییەکیان ئەنجام نەدا.
لێرەدا لەسەر ھەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەرس کۆ ئۆپ) ئەتوانین ئەوە بڵێین کە
ھەرەوەزی کرێکارینوێنەرایەتی ئەو ڕەخنەیە لە سیستەمی سەرمایەداری ئەکات
کە خوازیاری دیموکراتیزەکردنی پەیوەندییەکانی شوێنی کارە. واتە
دابینکردنی دیموکراسی لە شوێنی کاردا.
ئێستا لەم پێنچ دەقەیەی کۆتایدا کە کاتمان ماوە، با پێکەوە بیربکەینەوە
وئەوە بڵێین؛ کە ئێمە لێرە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە
کۆمەڵگایەکدا ئەژین کە گوایە دیموکراسی تیادایە و لەسەر ئەمەھەڵایەکی
زۆریان ناوەتەوە و مێشکیان بردوین و ئیدیعای دیموکراسی ئەکەن. بەڵام
سەرەتایترین مانای دیموکراسی ئەوەیە کە ئەگەر ھەر بڕیارێک کاریگەری
لەسەر تۆ و ژیانی تۆ دابنێ ئەوا مافی تۆیە کە بەشداربی لە دانی ئەو
بڕیارەدا.
بۆیە، بۆ نمونە بە دەنگدان شارەوانی شار ھەڵئەبژێرین، چونکە شارەوانی
ئەو شارەی تیایدا ئەژین ئەو بریارانەی کە ئەیدا کاریکەری لەسەر ئێمە
ھەیە، بۆیە پێویستە دەور و کاریگەریمان ھەبێت لە دانی ئەو بڕیارانەدا.
تۆ ئەگەر باوەڕت بە دیموکراسی ھەیە. کەواتە یەکەم شوێنێک کە پێویستە
دیموکراسی تیادا پراکتیزە بکرێ و جێبەجێبکرێ، شوێنی کارە. بۆچی؟ چونکە
تۆ زۆربەی ژیانی گەنجێتیت لە شوێنی کار بەسەرئەبەی. پێنج ڕۆژ لە
ھەفتەدا لەو کاتەوەی بوویتە بە گەنجێکی پێگەیشتوو ژیانت لە کارکردندا
بەسەر ئەبەی. وە سەعات و ڕۆژەکانی تریش یان بە ئاگادێیتەوە لەو سەعاتی
شادییەی کە دوای کار بەسەرتبردووە یان ناچاری پشووبدەی تا ھێزت بۆ
بگەڕێتەوە و بتوانی ڕۆژی دواتر بچیتەوە سەرکار. بۆیە ئەگەر باوەڕت بە
دیموکراسی ھەیە ئەوا شوێنی کار یەکەم جێگەیە کە پێویستە تیایدا
دیموکراسی پەیڕەوبکرێ.
بەڵام تۆ لە کۆمەڵگایەکدا ئەژی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە کە
تیایدا ھەرگیز دیموکراسی تیادا جێبەجێنەکراوە لە شوێنی کاردا. ئەو
کۆمپانیایەی کە تۆ ئەمڕۆ ئیشی تیایدا ئەکەی، گروپێکی پانزە کەسی لە
سەرەوەیدا وەستاوە کە پێیان ئەوترێ (بۆرد ئۆف دایرێکتەرس) واتە بۆردی
بەڕێوەبردن کە ئەمانە ھەموو بڕیارێک خۆیان ئەیدەن بە بێ ئەوەی کرێکاران
ھیچ دەورێکیان لەو بڕیارانەدا ھەبێت. بۆ نمونە ئەوان بڕیار ئەدەن کە
ئەبێ چی دروستبکرێ، چۆن دروستبکرێ، لە کوێ دروست بکرێ، وە چی لەو
قازانجە واتە (زێدەبایییە) ئەکرێ کە تۆ بەرھەمت ھێناوە و کرێکاران
ڕەنجیان لەگەڵدا کێشاوە. دەوری کرێکاران لە ھەموو ئەم بڕیارە گرنگانەدا
یەکسانە بە سفر. کرێکاران ھیچ کاریگەرییەکیان نییە لەم بڕیارە چارەنووس
سازانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی خۆیانەوە ھەیە.
لە ئەمەریکادا دیموکراسی نییە لە شوێنی کاردا. تۆ لە وڵاتێکدا ئەژی کە
ئەڕوا بۆ ئەوسەری دنیا شەر بەرپا ئەکات و کوشتارگا ئەخوڵقێنێ و گوایە
دیموکراسی ئەبات بۆ ئەو وڵاتانە. لە کاتێکدا کە ئێمە خۆمان لێرە نیمانە.
بۆیە ڕەنگە بەبیرتدابێت و بپرسی کە بۆچی ئەوان ڕەخنەیان لە ئێمە ھەیە.
دیموکراتیزەکردنی شوێنی کار، واتە ھەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەر کۆ-ئۆپ)،
ڕێگەیەکی دیموکراتیانەیە بۆ بڕیاردانلەسەر ئەو زێدەبایییەی کە ھەموو
بەشداربوونە لە بەرھەمھێنانیدا تا بڕیاربدەن چی لێ بکرێ.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەگەر بەم جۆرە بوایە، واتە کرێکاران
بڕیاریان لەسەر چۆنییەتی سەرفکردنی زێدەباییەکە بدایە، ئایا گۆڕانکاری
ڕووی ئەدا؟ بێگومان گۆڕانکاری زۆر ڕوویئەدا و کۆمەڵگایەکی تەواو
جیاوازمان ئەبوو لەمەی ئێستا. با لێرەدا چەند نمونەیەک بھێنینەوە بۆ
کۆتایھێنان بەم باسە.
وادابنێ ئەوەی ئەیبینین لە چل ساڵی ڕابردوودا کە ئەم وڵاتە ئاوا ھەلا
ھەلا بووە و قڵشتی تێکەوتووە ھەروەک لە ئێستادا لە ھەڵبژاردنی
سەرۆکایەتی و ھەمووشتێکی تردا ئەیبینین.بۆ نمونە گواستنەوەی بەشێکی زۆر
لە کۆمپانیاکان بۆ دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەبەرئەوەی کە
لەوێ لە ئاسیا و وڵاتانی تر، کەسانی تر بەپارەیەکی زۆر کەمتر ئەو کارە
ئەکەن.
بۆ ئاگادارتان شاری دیترۆید نمونەیەکی بەرجەستەی دڕندەیی سەرمایەدارییە
لە ئەمەریکادا. کە لە ساڵی حەفتاکاندا دوو ملیۆن کەسی تیادا ئەژیا
بەڵام ئێستا بۆتە وێرانەو تەنھا حەوتسەد ھەزار کەسی تیادا ماوە. بەشی
زۆری خەڵکەکەی ئیشەکانیان لەدەستدا و لە ماڵەکانیان و لە کەنیسەکانیان
و لە قوتابخانەکانیان وەدەرنران. ئەم شارەئێستا ئەڵێی کەلاوەیە. ئەگەر
تا ئێستا سەردانت نەکردووە؟ ئەوە بڕۆ سەردانی بکە و بە چاوی خۆت
دیترۆید ببینە. ھەرچی من بیڵێم ھێندەی ئەوە نییە بڕۆی دوو سەعات سەیارە
بەم شارەدا لێبخوڕی و بە چاوی خۆت بیبینی.
تەسەورکە، ئەگەر بڕیاری ئەوەی کە لە کوێ بەرھەم و کاڵا دروستئەکەی،
ئەگەر لە جیاتی بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان، کە بۆ قازانجی زیاتر
کارگەکان دائەخەن و ئەیانگوێزنەوە. ئەگەر کرێکاران خۆیان ھەموو پیکەوە
و بە دیموکراتیانە بڕیاریان لەسەر شوێنی دروستکردنی بەرھەم و کاڵا
بدایە. ئایا باوەڕت وایە کە کرێکارەکان ئیشەکانی خۆیان ھەڵئەوەشاندەوە
و کارگەکانیان دائەخستو ئەو کۆمەڵگایەی کە خۆیان تیایدا ئەژین وێران
ئەکرد؟ نا ئەگەر بڕیار بەدەست کرێکارەکان بوایە ئەوا ھەرگیز ئەمە ڕووی
نەئەدا و مێژووی ئەم وڵاتەش بە شێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵ جیاواز ئەبوو.
با نمونەیەکی تر بھێنینەوە. لە کۆتای ساڵدا ھەر کۆمپانیایەک سەیری ئەو
قازانجە ئەکات کە لەبەردەستیایەتی. سەیری ئەو زێدەباییە ئەکات کە بە
توانای بیر و بازووی کرێکارەکانی کەڵەکەی کردووە لەو ساڵەدا. وە
ھەروەھا لە کۆتایی ساڵدا ھەر کۆمپانیایەک ئاھەنگی کریسمەس بۆ
کرێکارەکانی ڕێک ئەخات. ئەمە کاتێکی سەرنجڕاکێشە کە لێی ڕابمێنی. لە
کۆتایی ئەم ئاھەنگەدا بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە کە نیمچە سەرخۆشە، ئەچێتە
سەر مێزێکی لەق و بە کرێکارەکان ئەڵێ سوپاسی زۆری ماندووبونتان ئەکەین
کە ئەمساڵتان کرد بە ساڵێکی پڕ بەرھەم و قازانج بۆ کۆمپانیاکە.
بەڕێوەبەر و خاوەنکار سوپاسی کرێکارەکان ئەکات کە کاری سەختیان کردووە
و قازانجیان (زێدەباییان) بۆ کۆمپانیاکە بەرھەم ھێناوە. بەڵام
بەشداریکردن لە بڕیاردانی ئەوەی کە ئەم زێدەباییە (قازانجە) چی لێ بکرێ
و چۆن سەرف بکرێ. ئەوا کرێکاران ھیچ دەرێکیان لەو بڕیارانەدا نییە و
بەتەوای بەدەرنراون لە بەشداریکردن لەم بڕیارە گرنگەدا.
بۆ ڕۆژی داوتر ئەو خاوەنکارە لە گەڵ بەڕێوەبەر و خاوەنکارەکانی تردا
کۆئەبنەوە و ھەموو بڕیارێک ئەدەن دەربارەی ئەو کۆمپانیایە و لە
نێویشیدا بڕیار دەربارەی ئەو زێدەباییەی کە تۆ بەرھەمت ھێناوە و
ماندووبووی پێوەی. ئەوان سوپاسی تۆ ئەکەن بۆ ئەوەی بەرھەمت ھێناوە،
بەڵام بەشداریکردن لە بڕیاری ئەوەی کە چی لێبکرێ و چۆن سەرفبکرێ، نا نا
ئەمایان ئیشی تۆ نییە و تۆ ناتوانی بەشداربی تیایدا. جا ئەگەر یڕیاری
ئەوان ئەوە بێت کە کارگەکە دابخرێ و تۆ ئیشەکەت لەدەستبدەی. یان ئەگەر
ڕێگری بکەن لە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و ئەمەش ببێتە ھۆی پیسبوونی
ھەوای ئەو ژینگەیەی کە منداڵەکانتان ھەڵیئەمژن. ئەوا تۆ لە ھەموو ئەم
بڕیارە چارەنووسسازانەدا ھیچ بەشداری و کاریگەرییەکت نییە. ڕەنگە ئەم
نیگەرانیانە بۆ ھەندێک لە ئێوە جێگەی سەرسوڕمان بێ.
لە چل ساڵی ڕابردوودا ئەم کۆمپانیایانە بە ھۆی کاری تۆوە قازانجی
سەرسوڕھێنەر و سەرمایەی خەیاڵیان کەڵەکە کردووە. ئەوانەی ھەموو بڕیارێک
ئەدەنبریتین لە بۆردی بەڕێوەبردن و ئەو کەسانەی کە خاوەنیپشکی (شەیە)ی
زۆرن لە کۆمپانیاکەدا.کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەمانە تەنھا ٢٠ بۆ ٣٠
کەس ئەبن. ھەموو ئەمانە لە سەر مێزێک کۆئەبنەوە و ھەموو بڕیارێک خۆیان
ئەیدەن دەربارەی کۆمپانیاکە و ئەو قازانجەی بەرھەم ھاتووە. جێگەی سەرنج
ئەوەیە کە بەشی ھەرە زۆری ئەم قازانجە ئەدەن بە خۆیان لە شێوەی مووچەی
زۆر و خەیاڵیدا یان بە ڕێگەی دیڤیدێنت [ئەو پارەیەیە (ئەو قازانجەیە)
کە لە بری ھەر سەھمێک (شەیەیەک) لە کۆمپانیاکەدا بە خۆیانی ئەدەن]. لە
ھەر کۆمپانیایەکدا ئەوانەی کە خاوەنی ملیۆنان پشکن و ھەموو بڕیارێک
ئەدەن، لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەرناکات.
بۆیە تا دێت نایەکسانی لە داھاتدا لە ھەڵکشاندایە لەم وڵاتەدا.ھیچ شتێک
شاراوە نییە لێرەدا. ئەم نایەکسانی و جیاوازی داھاتە ھیچ پەیوەندی بە
پلەی خوێندن و تەکنەلۆژیاوە نییە. بەڵکو ئەمە پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە
ئێمە ڕێگەمانداوە گروپێکی زۆر بچوک لە سەرەوەبڕیار بدەن کە چی لەو
زێدەبایییە بکرێ کە ھەموومان بەشداربووینە لە پێکھێنان و
بەرھەمھێنانیدا. ئەوان کە نزیک بە ھەموو زێدەباییەکە بۆ خۆیان ئەبەن،
لە ئەنجامدا ئەمە ئەبینین کە کۆمەڵگا بەم جۆرە دابەشبووە کە لە
جەمسەرێکدا گروپێکی زۆر بچوک ھەیە کە تا خەیاڵ بڕ بکات سەرمایەیان
کەڵەکە کردووە و داھاتیان ھەیە.وە لە جەمسەرەکەی تردا یەکەم نەوەی
کرێکاران ئەبینیین کە قوتابین لە زانکۆکانی ئەمەریکادا کە بۆ ئەوەی
زانکۆ تەواو بکەن ناچارن قەرزی بۆ بکەن و بکەونە ژێر باری دەیان ھەزار
دۆلار قەرزەوە.
لێرەدا، ئەوە کرێکارە، ئەوە تۆی کە ئەچەوسێنرێیتەوە و ئەڕوتێنرێیتەوە.
بۆیە مارکسیزم و سۆشیالیزم بەردەوام ڕوو بەکرێکاران بووە. ڕووی لەوانە
بووە کە قوربانی سیستەمی سەرمایەدارین. کرێکاران بە تێگەیشتن لەمە
ئەتوانن بڵێن کە ئێمە ئەتوانین باشتر بکەین لە سیستەمی سەرمایەداری.
دامەزراندنی ھەرەوەزییە کرێکارییەکان ھەنگاوی یەکەمە لەم ئاڕاستە
نوێیەدا.
ھەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەرس کۆ-ئۆپ) لە ژێرەوە و لە نیو کرێکارانەوە دەست
پێ ئەکات و ئاراستەیەکی نوێ بۆ سۆشیالیزم نوێنەرایەتی ئەکات. ئێستا
ئەبینین کە لە پلاتفۆرمی ئیقتیسادی (بێرنی ساندەرس)دا شتێکی کەم ھەیە
دەربارەی ھەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەرس کۆ-ئۆپ) شتێکی زۆر نییە بەڵام
دەستپێکێکی باشە. ئەگەر نمونەی سیاسییەکی ئەمڕۆت ئەوێ کە زۆر زیاتر لە
بێرنی ساندەرس واوەتر چووە، ئەوە (جێرمی کۆربین)ە لە بەریتانیا، لیدەری
حیزبی کرێکاران. ئەمەی باسی ئەکەم سەرنجڕاکێشە بۆ ئەوانەتان کە
موتابەعەی سیاسەت ئەکەن. ئەوان پێشکەوتووترین تێگەیشتنیان ھەیە لە سەر
پێویستی دامەزراندنی بەشی ھەرەوەزی کرێکاری (ۆرکەر کۆ-ئۆپ)ی سۆشیالیستی
کە بە جیا و ھاوشانی سەرمایەداری مەوجود بێت، ئەمە سەریدەرھێناوە لە
بەریتانیا لە ژێر ڕابەری حیزبی کرێکاران بە ڕابەری لیدەرە نوێیەکەی
(جێرمی کۆربین) کە سیاسەتێکی کۆنکرێتی لەم بارەوە ڕاگەیاندووە. کە
ئەگەر حەز بکەی ئەتوانم بە درێژی بۆتان باس بکەم لە بەشی پرسیار و
وەڵامدا و کاتێک کە ئەم قسەوباسانەمان تەواو بوو.
ئێستا سۆشیالیزم سەریدەرھێناوەتەوە، گەڕاوەتەوە بە ئاڕاستەیەکی نوێ و
پێناسەیەکی تازەوە. وە یەکێک لەو شتە سەرنجڕاکێشانەی کە لە ساڵانی
ئایندەی ژیانتا دیقەتی بەیتێ سەرکەوتنی ئەم سۆشیالیزمەیە بەم جۆرەی کە
باسمانکرد. وە ئەمە بەشێکی بە ھۆی ئەوەوەیە کە تەواوی ئەو بەرەیەی کە
دژ بە سۆشیالیزمە، تەرکیزیان کردۆتە سەر شتێک کە چیتر سۆشیالیزم نییە و
بە تەواوی نائامادەن و ناتوانن ھەڵکەن لە گەڵ ئەوەی کە سۆشیالیزم یانی
چی لە ئێستادا. ئەمە یەکێک لەو ئەنجامە خراپانەیەکە سەرکوتی ئایدیۆلۆژی
بەرانبەرت (ئەڵتەرناتیڤت) بکەی وەک ئەوەی ئەیبینین کە بۆ زیاتر لە ٥٠
ساڵ پەیڕەوکرابوو لە ئەمەریکادا.
ڕێگەم بدەن لێرەدا کۆتایی پێ بھێنم. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.
تێبینی: ھەموو ئەم قسەوباسەی سەرەوەی پرۆفیسۆر ڕیچارد ۆڵف، یەک سەعاتی
ڕێکی خایاند. بەدوای ئەمەدا ٣٨ خولەکی تریش بەشی پرسیار و وەڵامە کە لە
لایەن ئامادەبووانی ھۆڵەکەوە پرسیاری لێ ئەکرا و زۆر لایەن و گۆشەی ئەم
باسەی کردوویەتی بە درێژتر شیکردۆتەوە. بەداخەوە لە ئێستادا نەتوانرا
بەشی پرسیار و وەڵامەکانیش وەرگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی.
ماڵپهڕی عامر سابیر