په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٨\٢٠١١

مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نیشتمانى کوردستان: (بعد وکت!!!).


هیوا ره‌ش    

 

یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە کۆبوونەوەیەکى عاجیباتیى مەکتەبى سیاسیى خۆیدا ڕایگەیاندووە کە: چیتر ئەو بارودۆخە تەحەمول ناکرێ، ئەم واژەیە هێندە دڵخۆشیى کردم خەریک بوو لە خۆشیدا شاگەشکە بم، پێم وابوو مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نیشتمانى کوردستان (خەونى شاعیرانە) بەرى داوە و چیتر تەحەمولى ئەو دەسدرێژى و داگیرکارییانەى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى دۆستیانى پێ لە ئەستۆ ناگیرێ و لەسەر ڕشتنى خوێنى بە خۆڕایى و بێخەتاى خەڵکى سڤیل و خەباتگێڕانى پژاک لە دەڤەرەکانى ژێر هێرش و پەلامارە ناڕەواکانى ئاخوندەکان بێدەنگیى لەخۆیەوە ناپێچێت و هیچ نەبێت نەرمە هەڕەشەیەکى دۆستانە لە ئاغایانى ئێرانیى دەکات! بەڵام کە لە ناوەڕۆکى ڕاگەیاندنەکەیان گەییشتم ، تەواوى هەڵوێستیانم بۆ ڕۆشن بۆوە ، بۆم دەرکەوت ، کەر لە لایەک کەوتووە و کوننە لە لایەک دڕاوە .

هەشت ساڵە حکومەتى ناوەندیى داگیرکارى بەغدا خەجاڵەتبارانە خۆى لە بڕگە دەستورییەکان دەدزێتەوە و چاوشارکێ لەگەڵ جێبەجێ کردنى ماددەى ١٤٠ى تایبەت بە یەکلایى کردنەوەى ناوچە بە قەولى سیاسییە سازشکارەکان (جێناکۆکەکان) دەکات و لە دیوەخانى مەکتەبى سیاسیى حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا بە فەرمیى خەبەر و باسێک ڕانەگەیەنراوە ، کەچى لە کۆبوونەوەیەکى پڕ و پڕتاو و کتوپڕ و پەلەپڕوزێ و ناکاودا ، یەکێتى نیشتمانیى کوردستان : ئەو بارودۆخەى ناوچەکانى سەعدیە و جەلەولا و قەرەتەپە وەک پیلانێکى تیرۆریستانە و (شۆفینیست) انە دایە قەڵەم و پەنجە ڕادەوەشێنێ : کە دەرەنجامەکەى چیتر تەحەمول ناکرێ، لێرەدا دەبێت بڵێین لە (بەخەبەران) کەشکەک سەڵاوات، چونکە هەشت ساڵ (عەیب نەبێت) تەحەمولتان کردووە، دەبا ئێستاش نەفەستان درێژ بێت و (ئینشاڵا) هەشت ساڵى دیکە تەواوى ناوچەکان لە دەستى خاوەنە ڕەسەنەکانیان (ئازاد) دەکرێت و کەرکوک و خانەقین و مەندەلى و تەلەعفەر و... هەموویان دەچنەوە بنباڵى گەرمى دۆستە کورسى بەخشەکانتان .

بێگومان مەگەر لێکزویربوون لەسەر بەرژەوەندیى تایبەت و کورسى و پارە بەرژەوەندیى باڵاى گەل بهێنێتە بەرباس و بیخاتە مەیدانى موزایەدەى سیاسیى سەرکردە و بنکردەکان، ئەگینا بۆچى تا دەنگۆى بە دادگایى کردنى (مام جەلال) لەسەر ئیمزا نەکردنى فەرمانى سێدارەى ئەنفالچییانى کورد و خوێنمژە بەعسییەکان نەهاتە ئاراوە، سیناریۆیەکى لەم بابەتەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نیشتمانى کوردستانیش نە باسى هەبوو نە خواس؟! و کێشەى ناوچە داگیرکراوەکانیش هێندە بە گەرمیى بۆنى هەڵاوى لێ هەڵنەدەستا ؟

پێم وایە لەسەر دۆسیەى واژۆ نەکردنى لەسێدارەدانى ئەنفالچییانى نەوەى عروبە و تاریکپەرستان ، داخوازیى لە بە دادگادانى سەرکردەیەکى کورد جگە لەوەى داوایەکى ڕەوایە (ئەگەر چیى مەرامى سیاسیى پەنهانى لە پشت بێت)، لە هەمان کاتدا سوکایەتییە بە شەهیدان ئەنفالکراوانى کوردستان، لە کۆتاییدا دەڵێم: ناهەقم مەگرن ئەگەر بڵێم ئەم ڕاگەیاندنەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نیشتمانى کوردستان قاچە کورسییەکى تێدایە!

دەبوایە کۆبوونەوەکەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نیشتمانیى کوردستان کە هاوکات بوو لەگەڵ جینۆسایدى بارزانییەکان، لە بنلێویشەوە بوایە وێستەیەکى لەسەر ئەو تاوانە بکردایە، چش لە پەلامارەکانى کەمالى و خومەینییەکان!

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک