٣٠\١١\٢٠١٢
مەلا
بەختیار لە روونکردنەوەکەیدا
نەھۆنینەوەی
ئەندێشەکانی ئەوسا و مەرامەکانی ئێستای خستۆتە ئەستۆی ئێمە!!
نەبیل وەهاب
تێبینیمان لەسەر (روونکردنەوەکەی ١٧/٩/٢٠١٢ی
"مەلا بەختیار" دەربارەی بەڵگەنامەکانی گۆڤاری "لڤین").
ئێمە سوپاسگوزارین لەو ڕووەوە کە بێئاگایی خۆی لە ووروژاندن و
بڵاوکردنەوەی ئەم دواییانەی ڕووداوی ووریا و بەڵگەنامەکانی (واتە
لەسەرەتایی ساڵی ٢٠٠٩ بە دواوە ) ڕاگەیاندووە ، کە گۆڤاری لڤین
بابەتەکەی پێ چەواشەکردوو بۆماوەی چەند ساڵێکش گۆڕەوشاریدا ئەمە
لەلایەک ، وەلەلاکەی ترەوە لە سەرجەمی روونکردنەوەکەیدا پێداگری
لەھەمان جیاوازی نێوانمان کردۆتەوە کە ئێمە لە پێشتردا لە نامە
دەستخەتەکەی ٢٥/٦/٢٠٠٩ ماندا ڕۆشنتر پەنجەمان بۆ ئەم جیاوازیە ڕاکێشاوە
لەسەر تێکەڵ کردنی ئەو دوو ھەڵوێستە دژبەیەکەی کە گۆڤاری لڤین لە
گفتوگۆکەیاندا لەگەڵ سالار عەزیز لە ژمارە ٩٣ گۆڤارەکەیاندا ئەنجامیان
دابوو! کە لە ٨/٩/٢٠١٢دا لەگەڵ نووسراوی (لە شەڕی جەلالی و مەلایی
ئەوساوە بۆ... .)دا، لە مالپەڕی (ئەمڕۆ)وە بڵاومان کردۆتەوە.
مەلا بەختیار لەپاڵ ڕونکردنەوەکەیدا بۆبەدرۆخستنەوەی ئەو دەنگۆیەیی کە
لە گۆڤاری لڤین و ماڵپەڕی کوردستانپۆست دا پەنجەی بۆڕاکێشراوە و
بڵاوبۆتەوە، کە مەلا بەختیار لەپشتی جوڵاندنی ڕووداوەکەی ووریا و
بەڵگەنامەکانەوەیە. لە چەند ڕستەو شوێنێکی نووسینەکەیدا ھێرشی کردۆتە
سەر ئەو کەسانەی کەلە ڕاستیدا جوڵێنەر و پاڵنەری ئەم یڵاوکردنەوەیە
بوون.
دەڵێ: (یان ناڕاستەوخۆ دزە بە بەڵگەنامە بکەم بۆ مەرامی تایبەتی. کاری
لەم جۆرە ، ھی ئەو کەسانەیە کەقەت توخنی ھەڵوێست ، لەکاتی خۆیدا
نەکەوتوون. ئێستاش مێژوو چەواشەدەکەن!!)، بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەو
ڕونکردنەوەیەکیشی لەسەر بدا...!!
لەم دەربڕینەیدا واپیشانیداوە کەلە کاتی خۆیدا ھەڵوێستمان نەبووە،
بەڵام ئەگەر بەو تووندڕەویی و ناجێگیریەوە بڕیاری نەدایە و بەووردیەکی
زیاترەوە ئاوڕێکی لە گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییانە بدایاتەوە، ئەو کاتە
لەگرنگی ئەو ھەڵوێستەی ئێمە تێئەگەیشت کە نەمان ھێشتووە بەڵگەنامەکان،
نە ئەوساش و نە ئەم دایانەش بەئاستێکی بەرچاوو دیار بکرێتە بازاڕی
کێبڕکێکانی نێوان ڕووە کانی دەستەڵات لەم پەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ.
لەوەش سەیرتر ئەم بۆچوونەیەتی کە بۆ ئێمەی کردووە بەبێ ھەڵوێستی و بۆ
خۆشی کردووە بە ھەڵوێست کە ئەڵێ: (وا بە ئاسانی بڕیار لەسەر بەڵگەنامە
ڕاستیەکانی مێژوو نادەم، ئەگەر نەزانم ..... سوودێک دەگەیەنێ، نەک
زیان)، وە دواتر دەڵێ: (..... کە ئەویش لە ھەلومەجی گونجاوی خۆیدا،
..... بەشی زۆری ڕاسییەکان بدرکێنم).
لای ھەمووان ڕۆشنە کە لەدوای تێکشکاندنی ھەرەمی بیروکراتیانەی دەسەڵاتی
٢٤ ساڵەی حزبی بەعسی فاشی لە لایەن ڕاپەڕینەوە و بەتایبەتی لە
کوردستاندا، بووە ھۆکاری خۆشکردنی زەمینەی ھەڵدانەوەی ھەموو ڕووداوە
شاردراوەو پەردە پۆشکراوەکان، باشترین نموونەش ئاوڕدانەوەیە لە
میدیاکان (بە بینراوو بیستراوەوە)، کەچی تازە مەلا بەختیار دەیەوێ
بەناوی (سوود و زیانی گەل و ...... چاوەڕێ کردنی ھەلومەرجی گونجاو ....
ڕاستیەکان بدرکێنێ)، قەرزاربارمان بکا.
لەسەر خۆگێل کردن و چاو داخستنیشی لە ئاستی ئەو ڕستانەی کەلە
ڕونکردنەوەکەی "ھێمن باقر" جێگری سەرنووسەری گۆڤاری لڤین (کە ١١/٩/٢٠١٢
لە دەستپێکدا و توویەتی " لە سەرو بەندی ھەڵبژاردنەکانی ٢٥/٧/ ٢٠٠٩
..... ." یان لەڕستەکانی خوارەوەدا دەڵێ "خاڵێکی دیکەش ھەیە کە ڕەنگە
بۆ زۆرێک جێگەی سەرسامی بێت ئەویش ئەوەیە کە دواخستنی بڵاوکردنەوەی ئەم
بەڵگەنامانە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ ......") مەلا بەختیار ھاتووە بە
نێتی دڵ ئەم ڕستانەمان بۆ کورت ئەکاتەوەو دەڵێ: (بە سوپاسەوە "ھێمن
باقر" .....، لە دواھەمین وتاری دواژمارەی گۆڤارەکەدا*،
ڕۆشنیکردۆتەوە کە شەش مانگە بەڵگەنامەکانیان لایە و ......) لێرەدا جێی
خۆیەتی بپرسین ، کێ چەواشەکارە؟
قوت کردنەوەی واژەی "مەرامی تایبەت" لە ھەمان پەرەگرافدا، ئە ڵێین
بردنەوەی ڕووداو و بابەتەکان بۆ سەر مەرامی تایبەتی یا ناتایبەتی....
ھتد بەرھەمی سیستمی خاوەندارێتی و دەستەڵاتەکەیەتی، لای ئێمە مەرام ھەر
یەک مەرامە، ئەویش دەستگرتنە بە ژیانەوە بەمانا کۆمەڵایەتیەکەی
وەبەستنەوەی بەسەردەم و ناوچە و دەوروبەرەکەیەوە، وەتایبەتی کردنەوەی
بەرھەمی ئەو ھەرەمە قوچکەیەیە کە دەستەڵاتداران چەوساوەو کۆیلەکانی تیا
قەرزارباری خێرخوازان و دەسەڵاتداران و زانایان و... ھتد دەکەن. وەھەر
بەم شێوەیە مێژوویان بۆ نووسیوینەتەوە، نامۆیان کردوین لەگێڕانەوەی
بەسەرھات و ڕووداوەکانی خۆمان و دەووروبەرەکەمان وە دەست بۆ بردنیشی
بەکاری دزێو و چەواشەکار ناودەبەن.
بۆ گەڕانەوە سەر ئەو دەربڕینەشی کە کردوێتی
بەھەڵوێست بەسەرمانەوە دەڵێ: (وابە ئاسانی بڕیار لەسەر بەڵگەنامە
ڕاستیەکانی مێژوو نادەم، ئەگەر نەزانم بۆ ئەم قۆناغە و بۆ ئایندەی
گەلەکەشمان ، سوودێک دەگەیەنێ، نەک زیان.) ئێمەش دەڵێین : کام قۆناغ؟
وەکام ئایندەی گەل؟ کە ھەموو ئەبینین و دەزانین، لەسایەی بازاڕی ئازاد
و عولەمەدا؛ دنیا ئەوەندە بچووک بۆتەوە! نەک شیرازەی قۆناغ و
گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکانی شێواندوە، بەڵکو لەواقیعدا شتێکی نەھێشتووە
بە ناوی گەل و نیشتیمان، سنورەکان لەم بازاڕەدا تەنھا بووە بە ناو،
لەبەرئەوە باس کردن لەزیان و سوودی گەل بووە بە بەشێک لەو بازرگانیەی
کە لە رێی بەرپرسان و سیاسەتمەدارانەوە بەستراوەتەوە بەسیستمی
بەڕیوەبردنی (بۆرسە و بانقە) جیھانیەکانەوە، واتە لەکرداردا شتێک
نەماوە لە باڵادەستی بازاڕو دەستەڵاتەکەی بەولاوە ببێتە دەربڕین
بۆسەربەخۆیی گەل ونیشتیمان. دەست لێنەبوونەوە و ووتنەوەی ئەو ڕستانە
لەباشترین حاڵەتدا ھی ئەو کەسانەیە کە خۆیان سەرحاڵ کردوە لە نێوانی
ئەو داڕشتن و کێبڕکێیانەی کە ڕووە سەردەمیەکەی دەسەڵات لە بازاڕی ئازاد
و پێچەوانەکەی، تیرۆر و دژەکەی... ھتد دا، کە بۆ چەواشەکردنی شەڕە
بنچینەییەکە بەرھەمیان ھێناوە کە ئەویش لەنێوانی خاوەندارێتی تایبەت و
کۆمەڵ دایە.
لە کۆتایدا دەڵێین: دواکەوتنمان لەم نووسینەدا، پەیوەندی بەو
بۆچوونەمانەوە ھەیە کە ھیچ بابەتێکمان نییە بۆ بەشدارییکردن لە
کێبڕکێکانی دونیای دەسەڵاتداراندا؛ وەئەوەشی پێچەوانەی دەکەینەوە،
رووبەڕووبوونەوەمانە لەگەڵ درێژکردنەوەی ھەمان ھەڕەمی چینایەتی لە ناو
فۆرمی جۆراوجۆردا. ھەر لێرەشەوەیە بۆچوونەکانمان دەبێتەوە بە وەڵام بۆ
شێواندن و گۆڕەوشارکردنی مێژوو و رووداوەکانی.
_______________________________
*
مەبەستی لە گۆڤاری (لڤین)ی ژمارە (٢٠٨)ە.
n.wahab@live.de
|