٥\٥\٢٠١٤
مەلا مستەفا
چی گوت؟
- وەڵامێک بۆ کاک مەشخەڵ کەوڵۆسی -

جەلال محەمەد
- بەشی سێیەم -
کاک مەشخەڵ هۆی هەڵکەندنی خەندەق دەگێڕێتەوە بۆ نا ئەمنی سنوورەکانی
باشووری کوردستان!!!
من هیچ کاتێک بەم دوعایە ناڵێم ئامین چونکە تەنها لە دوو حاڵەتدا نا
ئارامی لەو سنوورانەدا هەبووە و لە هیچ حاڵەتێکیشیاندا مەسعود بارزانی
خەندەقی لێ نەدا ، ئەو دوو حاڵەتەش بریتیبوون لە:
١- ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١، کە بە هۆی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە
تەواوی عێراق و باشووری کوردستان کەوتبوویە بەر مەترسی ئەو ئیسلامیە
تیرۆریستانەی کە لە ڕابردوودا بریتی بوون لە هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانی بەعس
و زۆربەی ئەو تیرۆریستانەش لە سوریاوە دەگەڕانەوە خاکی عێراق.
٢- ساڵی ٢٠١١ تا کۆتایی ٢٠١٣، کە زۆربەی ئەو سنوورانە بە دەست هێزە
تیرۆریستەکانی داعش و جەبهە النوسرەوە بوون و ئەو دوو هێزەش وەک دوژمن
لە کوردان دەڕوانن.
بەڵام لە کۆتایی ٢٠١٣دا کوردانی ڕۆژئاوا توانیان بە خۆڕاگری خۆیان و
گیانفیدایی یەکینەکانی پاراستنی گەل"یەپەگە" تەواوی ئەو سنوورانە لە
تیرۆریستەکان پاک بکەنەوە و ئێستا ئارامیەکی تەواو باڵی بەسەر ئەو
سنوورانەدا کێشاوە . کەچی لە کاتێکی وەک ئێستادا مەسعود بارزانی
خەندەقی ناپاکی لێ دەدات کە تەواو ئارامی لەو ناوچانەدا هەیە.
ئەی چۆنە تا ئەو کاتەی ئەو سنوورانە لە ژێر دەسەڵاتی بەعسیەکان و
پاشانیش داعش و جەبهە النوسرەدا بوون خەندەقێکی لەو جۆرە لێ نەدەدرا و
باسیش لە نائارامی هەرێمی کوردستان نەدەکرا ، بەڵام کاتێک ئەو سنوورانە
کەوتنە دەستی کوردان ئەو کات هەم خەندەقی خیانەت لێدرا و هەم باسی
نائارامی هەرێمیش کەوتە سەر زاری بارزانی؟
لە کۆتایدا کاک مەشخەڵ پارتی یەکێتی دیموکراتی "پەیەدە" بە تاک ڕەو
پێناسە دەکات و کۆمەڵێک هوتێل نشینی کۆنە بەعسیش بە هێزە سیاسیەکانی
دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان ناو دەبات.
بریا هەموو کەسێک پێنوسی بە دەستەوە نەگرتایە یان ئەگەر پێنوسیان بە
دەستەوە دەگرت ڕاستگۆیانە بەکاریان بێنایە و لانی کەم درۆیان لەگەڵ
ویژدانی خۆیاندا نەکردبایە ، چونکە باوەڕ ناکەم لە هەموو خۆرهەڵاتی
ناوەڕاستدا تاکڕەوێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هەبێت و
دیکتاتۆرێکی وەک مەسعود بارزانیش سەری هەڵدابێت ، ئایا لە لای کاک
مەشخەڵ پێناسەی دیکتاتۆر و تاکڕەو چییە؟
دیکتاتۆر بە کەسانێک دەگوترێت کە هەموو شتێک قۆرخ دەکەن بۆ خۆیان و
تاکو بشتوانن قۆرخ کاریەکەیان باش مسۆگەر ببێت هەوڵی هێنانە پێشەوەی
کەسە نزیکەکانی خۆیان دەدەن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات بەبێ ئەوەی کە هیچ
پێشینەیەکی ئەوتۆیان هەبێت ، کە تەواوی ئەم مەرجانەش لە مەسعود بارزانیدا
کۆبۆتەوە بە داسەپاندنی تەواوی خزمەکانی خۆی ، وەک نمونەیەکی زۆر
بچوکیش کە مشتێکە لە دەریایەک {مهسعود بارزانی سهرۆکی پارتی و له ههمان
کاتدا سهرۆکی ههرێمیشه ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و لە هەمان
کاتدا جێگری سەرۆکی پارتیشە ، مهسرور بارزانی سهرۆکی دهزگای پاراستن
و لە هەمان کاتدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتیشە ، هەروەها هەر یەک لە
سیداد بارزانی و یوسف بارزانی و سیروان سابیر بارزانی و ئهدههم
بارزانی و عبد المهیمن بارزانی و هۆشیار زێباری و نهزههت حالی
بارزانی و ئاراس حهسۆمیرخان بارزانی و دڵشاد وههاب بارزانی و چەندین
کەسی دیکەش کە ناوەکەیانم لە بیر نییە هەموویان برا و برازا و خاڵ و
ئامۆزای مەسعود بارزانین و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتین و چەندین
بەرپرسیارێتی دیکەشیان هەیە و هەر یەکەشیان لە بوارێکدا سەرۆکێکە}
هێشتاش مەسعود بارزانی ئەم دەسەڵاتانەی بنەماڵەکەی بە کەم دەزانێت و
دەڵێت بنەماڵەی بارزانی زیاتر لە هەزار پیاون.
ئەم کەسە نزیکانەش تاکو بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن سڵ لە هیچ
کردەوەیەکی نابەجێ ناکەنەوە و جوان بە ناشیرین و ناشیرین بە جوان
دەدەنە ناساندن ، وەک هەوڵدان بۆ جوان نیشاندانی ڕوخسارە ناشیرینەکەی
داگیرکەرانی کوردستان و هەوڵدانیش بۆ ناشیرین نیشاندانی ئازادیخوازانی
پارچەکانی دیکەی کوردستان ، دەنا کارەسات نییە کە مەسعود بارزانی و
نێچیرڤان بارزانی لە مانگێکدا چوار جار سەردانی تورکیا بکەن و وەک دوو
کارمەندی دەوڵەتی تورک پشتیوانی لە ئەردۆغانی داگیرکەر و دژە کورد بکەن
لە هەڵبژاردنەکاندا دژ بە لایەنێکی شۆڕشگێڕی کورد؟
بەڵام بە پێچەوانەی مەسعود بارزانیەوە هیچ کەسێک لە خزمەکانی ساڵح
موسلیمی هاوسەرۆکی پەیەدە بەدی ناکرێت کە بەرپرسیارێتیان هەبێت و
تەنانەت کوڕەکەشی وەک هەر جەنگاوەرێکی دیکەی پەیەدە لە پێشەوەی
بەرەکانی شەڕدا خەباتی دەکرد و شەهیدیش کرا ، کەچی کاک مەشخەڵ دەخوازێت
پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقمان لێ بکاتە دیموکرات و پارتێکی
شۆڕشگێڕی وەک پارتی یەکێتی دیموکراتی(پەیەدە)ش بە تاکڕەو پێناسە
بکات!!!!
مەزنترین مەترسی لەسەر دەسەڵاتدارانی پارتی ئازاد بیرکردنەوەی
مرۆڤەکانە ، ئایا هەر خودی کاک مەشخەڵ دەتوانێت لە شارێکی وەک هەولێردا
باس لە خۆی بکات و بڵێت وەک مرۆڤ بوونم هەیە!؟
لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا هەموو دەنگێکی ئازادیخوازانی کورد
خنکێنراوە و کەس ناتوانێت ئازادانە بیر بکاتەوە ، خۆ ئەگەر کەسێک کەمێک
ئازادانە بیر بکاتەوە ئەوا چارەنووسی لە چارەنووسی زەردەشت عوسمان
باشتر نابێت کە لەسەر خەو بینین تیرۆر کرا ، بەڵام لە هەمان کاتدا
هەولێر بۆتە لانکەی قاسم ئاغاکان و تەواوی بەعسی و مستەشارە
ئەنفالکەرەکانی دیکە و تەراتێنی میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێران و بەعسیە
هوتێل نشینەکانی سوریاش لەو لاوە بوەستێت.
دکتۆر مەحمود عوسمان کە پەرلەمانتاری عێراقە و سەرتاپای ژیانیشی لەگەڵ
بارزانیدا بەسەر بردووە ، نایشارێتەوە و دەڵێت لە پارتیدا
سەرکردایەتیەکی تاکڕەو و فاشل دەسەڵاتی قۆرخ کردووە ، بڕوانە ئەم
لینکەی خوارەوە:
https://www.facebook.com/groups/kurdish.members/permalink/669420213093512
لێرەدا پێویستە لە کاک مەشخەڵ بپرسین و بڵێین :- ئەو هوتێل نشینانەی کە
جەنابت بە شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوای کوردستانیان پێناسە دەکەیت ، چۆنە لە
کاتی داگیرکراوی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتدارێتی بەعسدا هەموویان سەربەستانە
لە ڕۆژئاوای کوردستان تەراتێنیان دەکرد بەڵام بە ئازادبوونی ڕۆژئاوای
کوردستان ملی هەولێریان گرتەبەر و نیوەی ڕێگەشیان بوویە ئەنقەرە؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر ئاشکرایە ، کە بە ئازادبوونی ڕۆژئاوای
کوردستان بنەو بارگەی بەعسیەکانیش پێچرایەوە ، ئەوەی توانای هەڵهاتنی
هەبوو خۆی گەیاندە دێمەشق و ئەوەی لە تواناشیدا نەبوو فەڕشی سووری
بارزانی بۆ ڕاخرا ، کە ئەم دیاردەیەش نامۆ نییە لەلای کاک مەشخەڵ ،
چونکە لە ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ی باشووری کوردستانیشدا بەعسیەکان گۆڕیان بزر
کرد ، ئەوەی توانای هەڵهاتنی هەبوو خۆی گەیاندە بەغدا و ئەوەی تواناشی
نەبوو فەڕشی سووری بارزانیان بۆ ڕاخرا و بوونە فەرماندە مەیدانیەکانی
پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق.
بۆ بیستنی تەواوەتی گوتەکانی دکتۆر مەحمود عوسمان کرتە لەسەر ئەم
لینکەی خوارەوە بکە کە زۆر نهێنی شاراوە ئاشکرا دەکات:
https://www.youtube.com/watch?v=EF1NiTsFbvA
____________________________________
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/melamistefacigut2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/melamistefacigut1.htm
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|